ململانێی تورکیا و کورد (واقیع، فێڵ، پرسی متمانە)

د. کامەران محەمەد
2 ڕۆژ لەمەوپێش
د. کامەران محەمەد
زیاتر لە سەدەیەکە دەوڵەتی تورک سیاسەتێکی سیستماتیکی سەرکوتکردن لە دژی کورد پەیڕەو دەکات، ئەو سیاسەتەش تەواوی لایەنە سیاسی و کەلتووریی و زمانەوانیی و... تاد گرتووەتەوە. سەرەڕای گۆڕانی حکومەتەکان و گۆڕانە جیۆپۆلەتیکییەکان، نکوڵیکردنی تەواو لە مافەکانی کورد بە بەردەوامی لە سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکیادا وەک ڕەگەزێکی نەگۆڕ ماوەتەوە. ئێستا لەگەڵ ڕوخانی حکومەتی سوریا و لاوازبوونی نفوزی ناوچەیی ئێران، تورکیا خۆی لەبەردەم واقیعێکی ستراتیژی نوێدا دەبینێتەوە: ئەویش بریتییە لە بەرزبوونەوەی بەرچاوی کاریگەریی کورد. لە بەرامبەر ئەم واقیعەدا، ئەنقەرە پەنای بۆ تاکتیکێکی کۆن بەڵام ئاشنا (بە ئێمەی کورد) بردووە، ئەویش سەرلەنوێ قسەکردن دەربارەی عەبدوڵڵا ئۆجالان و زەقکردنەوەی بیرۆکەی (مێژووی هاوبەش) و (برایەتی نێوان تورک و کورد)ە.
دوایین پەیامی ئۆجەلان لە زیندانەوە بڵاوکرایەوە، کە تیایدا داوای لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کرد، چەک دابنێن و ئەوەی گووت کە "بەرپرسیارێتی مێژوویی" تەواوی ئەو چەکدانانە لەئەستۆ دەگرێت، ئەمەش پرسیارگەلێکی بنەڕەتی دەربارەی ڕاستگۆیی و نیازپاکی تورکیا دەوروژێنێت. ئایا دەکرێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ کوردا متمانە بە دەوڵەتی تورکیا بکرێت؟ ئایا ئەمە هەنگاوێکی ڕاستەقینەیە بەرەو ئاشتی، یان تەنها مانۆڕێکی تاکتیکی نوێیە بۆ لاوازکردنی ئامادەیی سیاسی کورد، بەتایبەت لە سوریا؟ ئەگەر پەکەکە چەک دابنێت، ئەوا تورکیا لە بەرامبەردا چ پابەندبوونێک لە ئەستۆ دەگرێت؟
نەخشی مێژوویی فریودان:
لەمێژە پەیوەندی تورکیا لەگەڵ کورد بە (سەرکوتکردن) و (بەڵێنی درۆ) و (مانۆڕی ستراتیجی) دەناسرێتەوە. لە پەیمانی سیڤەر لە ساڵی (1920) دان بە مافی خۆبەڕێوەبەریی کورددا نرا، بەڵام هەر زوو بە پەیمانی لۆزان لە ساڵی (1923) هەڵوەشێنرایەوە و سەدەیەک سیاسەتی نکوڵیکردنی لێکەوتەوە. ڕووداوەکانی وەک سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی شێخ سەعید ساڵی (1925) و کۆمەڵکوژی دەرسیم لە ساڵانی (1937-1938) و قەدەغەکردنی زمان و ناسنامەی کوردی بەدرێژایی سەدەی بیستەم، ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە، کە هەرگیز ستراتیژی تورکیا بە مەبەستی گەیشتن بە ئاشتی نەبووە، بەڵکو ئامانجی سڕینەوەی ناسنامەی کورد بووە.
لە چەندەھا دەیەی پێشوودا، تورکیا چەندین جار گفتوگۆی ئاشتی لەگەڵ پەکەکە وەک (ئامرازێکی سیاسی) بەکارهێناوە، (نەک هەوڵی جددی) بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکیەکان. بۆ نموونە پرۆسەی ئاشتی ساڵانی 2013-2015 کە بە دانوستانەکانی نێوان حکومەتی تورکیا و ئۆجالان دەستی پێکرد، لەناکاو کۆتایی هات، کاتێک ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا بۆی دەرکەوت، کە دەستپێکردنەوەی ململانێ و هەڵمەتە سەربازیەکان خزمەت بە بەرژەوەندییە سیاسییەکانی دەکات. نەخشەکە ڕوونە: هەر جارێک نفوزی کورد زیاتر بێت، تورکیا ئارەزووی خۆی بۆ گفتوگۆکردن نیشان دەدات، بەڵام کاتێک مەترسییەکان کاڵ دەبنەوە، ئەوا سەرلەنوێ بۆ سەرکوتکردن دەگەڕێتەوە.
گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکی و ستراتیژییە نوێیەکانی تورکیا:
دیارە گۆڕانکارییە سیاسییەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، هاوسەنگی هێزی نێوان تورکیا و کوردی گۆڕیوە. لەگەڵ پەرتبوونی سوریا و لاوازبوونی نفوزی ئێران، هێزە کوردییەکان- بەتایبەت لە سوریا- پلەیەک لە ئۆتۆنۆمی و پشتگیریکردنی نێودەوڵەتییان بەدەستهێناوە، بەتایبەت لە ڕێگەی ئەو ڕۆڵەیانەوە کە لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا گێڕایان. ئەمەش تورکیای خستە دۆخێکی سەختەوە، چونکە دەستدرێژی سەربازی ڕاستەوخۆ بۆ سەر کورد لە سوریا سنووردارە، واتە لەسایەی ئەو هاوپەیمانێتییەی دەوڵەتانی خۆرئاوا لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) هەیانە. هاوکات بەردەوامی هەڵمەتە سەربازیی و پێکداکێشانەکانی لەگەڵ پەکەکە تێچووی ئابووری و سیاسی بەرچاوی بۆ تورکیا هەیە.
لەم چوارچێوەیەدا زیندووکردنەوەی قسەکردن دەربارەی (ئۆجالان) و برەودان بە بیرۆکەی (برایەتی مێژوویی) نیشانەی نیەتپاکی نییە، بەڵکو هەنگاوێکی حیسابکراو بە ئامانجی لاوازکردنی دەستکەوتە سیاسییەکانی کوردە. ئامانجەکە ڕوونە: بێلایەنکردن و چەککردنی پەکەکە و تێکدانی بەرخۆدانی کورد لە سوریا و کۆنترۆڵکردنەوەی پرسی کورد بە مەرجی تورکی ڕووت!
ئاشتی ڕاستەقینە چی دەوێت؟
ئەگەر تورکیا لەم هەوڵەیدا بۆ بەدیهێنانی ئاشتی جددیی بێت، ئەوە بە تەنها داماڵینی چەک بەس نییە. بەڵکو ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە و هاوسەنگ پێویستی بە هەنگاوی بەرجەستەی دەوڵەتی تورکیا هەیە، لەوانە:
1. دانپێدانان بە شوناسی کورد: واتە پێویستە دەستووری تورکیا هەموار بکرێتەوە، بۆ ئەوەی کورد وەک پێکهاتەیەکی خاوەن شوناسی نەتەوەیی سەربەخۆ و خاوەن مافی کەلتووریی و زمانەوانی بناسرێت، کە تا ئێستاش بە ئاشکرا هەوڵێکی لەوشێوەیە لە ئارادا نیە.
2. بەشداریی سیاسی: دەبێت ڕێگە بە کورد بدرێت، کە بەشدارییەکی تەواو لە ژیانی دیموکراسیدا بکات، واتە بەبێ چەوساندنەوەی سیاسی، جا لە ئێستادا داخستنی پارتە کوردییەکان و دەستبەسەرکردنی سیاسەتمەدارانی کورد بەتەواوی دژایەتی هەر بانگەشەیەکی ئاشتەوایی دەکات.
3. ئۆتۆنۆمی و لامەرکەزی: پێویستە ناوچە کوردنشینەکانی تورکیا پلەیەک لە ئۆتۆنۆمی سیاسی و کارگێڕییان پێبدرێت، هاوشێوەی ئەوەی دەوڵەتە فرەنەتەوەکان کردوویانە، کە لە چارەسەرکردنی ململانێ نەژادیی و نەتەوەییەکانیاندا سەرکەوتوو بوون.
4. لێبوردن و تێکەڵبوونەوە: پێویستە دەرفەت بە چەکدارانی پێشووی پەکەکە بدرێت، بۆ ئەوەی بچنەوە ناو کۆمەڵگە، وەک ئەوەی لە زۆرێک لە ململانێکانی جیهاندا ڕوویداوە.
5. گەرەنتی ئەمنی: هەر ڕێککەوتنێک دەبێت گەرەنتی نێودەوڵەتی هەبێت، ئەوەش بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی دەوڵەت بۆ سەرکوتکردن دوای چەکداماڵینی پەکەکە.
بەبێ ئەم مەرجانە، هەر بانگەوازێک بۆ داماڵینی چەک دەبێتە (تەڵە)، ئامانجی تەنها لاوازکردنی بەرخۆدانی کورد دەبێت، واتە بەبێ ئەوەی هیچ چارەسەرێکی ڕاستەقینە پێشکەش بکات.
ڕەهەندی نێودەوڵەتی: ئایا کورد پشتیوانی هەیە؟
پێگەی نێودەوڵەتی کورد باشتر بووە، بەڵام تا ئێستاش بە ناجێگیری ماوەتەوە. وڵاتانی خۆرئاوا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش هاوپەیمانی هێزە کوردییەکانیان لە سووریا کردووە، بەڵام گرنگییەکی ڕاستەقینەی کەمیان بۆ مافە سیاسییەکانی کورد نیشانداوە. تا ئێستاش ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا پەیوەندییەکی بەهێزی ئابووری و سەربازییان لەگەڵ تورکیا هەیە، ئەمەش وایکردووە، دوودڵ بن و هیچ فشارێکی جددی لەسەر ئەنقەرە سەبارەت بە پرسی کورد دروست نەکەن.
جگە لەوەش، تورکیا پێگەی جیۆپۆلەتیکی خۆی بە سەرکەوتوویی قۆستەوە، خاوەنی دووەم گەورەترین سوپایە لە ناتۆ و ڕۆڵی سەرەکی لە سەقامگیرکردنی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگێڕێت، ئەوەش بە مەبەستی ڕێگریکردن لە زلهێزەکانی خۆرئاوا، کە پشتیوانی لە خواستەکانی کورد بۆ سەربەخۆیی سیاسی بکەن. هەرچەندە هاوسۆزیی خۆرئاوایی بۆ دۆزی کورد هەیە، بەڵام هێشتا بۆ پابەندبوونێکی ڕاستەقینە بۆ پشتیوانیکردن لە چارەنووسی کورد نەگۆڕاوە.
تەڵە نەک چارەسەر:
پەیامەکەی ئۆجەلان- چ (خۆویستانە) یان (لەژێر فشار)دا بێت، پێویستە بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. مێژووی فریودانی تورکیا، لەگەڵ بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ئێستا، ئەوەمان بۆ دەردەخەن، کە ئەمە هەنگاوێکی دڵسۆزانە بەرەو ئاشتی نییە، بەڵکو تەنیا مانۆڕێکی تاکتیکی نوێیە بۆ لاوازکردنی بزووتنەوەی کورد لە ساتێکی گرینگدا.
هەتا تورکیا بە چاکسازی سیاسی ڕاستەقینەوە پابەند نەبێت و هەتا گەرەنتی نێودەوڵەتی ڕوون نەبێت، هەر بانگەوازێک بۆ داماڵینی چەک لە کوردەکان، تەنها هەنگاوێکی دیکە دەبێت لە زنجیرە فێڵە بەردەوامەکانی تورکیا. کورد سەدەیەک بەدەست بەڵێنی درۆوە ناڵاندوویەتی و باجێکی قورسیشی داوە، بۆیە ئەمڕۆ دەبێت بە وریاییەوە سەیری ئەم پێشهاتانە بکات. ئەو پرسیارە بنچینەییەی کە دێتە ئاراوە ئەوەیە: ئەگەر پەکەکە چەک دابنێت، ئایا تورکیا دواجار دان بە مافەکانی کورددا دەنێت، یان ئەم هەنگاوە بۆ بەهێزکردنی سەرکوتکاریی گێمی دووەمی خۆی بەکاردەهێنێت؟ بە وردبوونەوە لە مێژوو، وەڵامەکە دڵنیاکەرەوە نییە!
