تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان چڕتر دەکاتەوە

18 كاتژمێر لەمەوپێش



 

هاوکات لەگەڵ رێککەوتنی نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع، تورکیا بەردەوامە لە هێرش و پەلامارەکانی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و تەنها شەوی رابردوو زیاتر لە 70 موشەکی ئاڕاستەی دەوروبەری پردی قەرەقۆزاخ و بەنداوی تشرین کردووە.

ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات بڵاوی کردەوە: هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاخ چڕتربوەتەوە و لە رێگەی فڕۆکەی جەنگی و بێفڕۆکەوان و تانک و تۆپەوە بە چڕیی ناوچەکە بۆردومان دەکات.

لە بەرەی قەرەقۆزاخ، سوپای تورکیا کۆمەڵکوژییەکی لە گوندی جەرافی سەر بە شارۆچکەی سیرین ئەنجامداوە و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا ماڵی هاوڵاتییەکی مەدەنیان کردوەتە ئامانج و بەهۆیەوە منداڵێک گیانی لەدەستداوە و دوو منداڵی دیکەش برینداربوون، هاوکات لە رێگەی تۆپخانەکانییەوە، هەشت گوندی سنوری قەرەقۆزاخی کردوەتە ئامانج.

هەسەدە ئاشکرای کردووە؛ تورکیا لە رێگەی تۆپخانە و تانکەکانی و بە چەکی قورس و هاوەن و تۆپهاوێژەوە بە هەڕەمەکی بەردەوام بووە لە بۆردومانکردنی ناوچەکە و لایەنی کەم 70 موشەک لە ناوچەکە کەوتوەتەوە و زیانێکی زۆری ماڵی بەر دانیشتوانی ناوچەکە کەوتووە.

لەبەرەی بەنداوی تشرینیش، تورکیا بەبەردەوامی بۆردومان و تۆپبارانی باشور و باکوری بەنداوی تشرینی کردووە و بە درێژایی شەوی رابردوو بەردەوام بووە لە هێرشەکانی و بەهۆیەوە ئاگر لە ماڵی چەند هوڵاتییەک کەوتوەتەوە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیاش چەند جارێک ناوەندی بەنداوی تشرینیان بۆردوکان کردووە.

بەپێی راگەیەندراوی هەسەدە، شەوی رابردوو دووبارە فڕۆکە جەنگی و بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا و تۆپخانەکانی، شوێنی کرێکارانی بەنداوی تشرینیان بۆردومان کردووە و زیانێکی زۆریان پێگەیاندوون.

ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە راگەیەندراوەکەیدا بڵاوی کردوەتەوە، فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا بەبەردەوامی لەسەر ئاسمانی کۆبانێ و عەین عیسا و سیرین و ناوچەکانی دەوروبەری دەسوڕێنەوە و ناوچەکە بەجێناهێڵن.

ئەوە لەکاتێکدایە شەوی رابردوو (10ی ئازاری 2025) مەزڵوم عەبدى فەرماندەى گشتى هێزەکانى سوریاى دیموکرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع سەرۆکى قۆناغی راگوزەری سوریا رێککەوتنێکى هەشت خاڵیان واژۆکرد، کە تێیدا جەخت لە تێکەڵکردنى دامەزراوە مەدەنى و سەربازییەکانى ئیدارەى خۆسەر لە گەڵ دیمەشق کراوەتەوە..

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار