عێراق لە هەوڵی چڕدایە بۆ جێگرەوەی غازى ئێران

17 كاتژمێر لەمەوپێش



کاربەدەستێکی حکومەتی عێراق دەڵێت، بەغدا هەوڵی دۆزینەوەی جێگرەوەیەک دەدات لەبری هاوردەکردنی گاز لە ئێران، لەوانە بژاردەی وڵاتانی کەنداو.

بەرپرسەکە ئەوەشی خستەڕوو کە هەوڵەکان بە مەبەستی کەمکردنەوەی پشتبەستنە بە گازی سروشتی ئێران، پاش ئەوەی ئەمەریکا کۆتایی بە لێخۆشبوونەکان هێنا بۆ هاوردەکردنی گاز لە ئێران.

سەعد جاسم بەڕێوەبەری بەشی سووتەمەنی لە وەزارەتی کارەبای عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند" هەتا ئێستا هاوردەکردنی غازی ئێرانمان ڕانەگرتووە. "

ئەمە لە کاتێکدایە ئەندامی کۆماری ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا جۆ وێڵسن لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس دەنوسێت " بەرپرسانی عێراقی کە بە ئاشکرا شانازی بەوە دەکەن، هێشتا دەتوانن گاز لە ئێرانەوە هاوردە بکەن، پێویستە خۆیان بە هۆشدار بزانن، کۆتایی هێنان بە لێخۆشبوونی هاوردەکردنی گاز تەنها سەرەتایەکە، سزاکان بەڕێوەن."

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران زیادیان کردووە، دوای ئەوەی ئێران پێشنیاری ئەمەریکای بۆ وتووێژ لەسەر بەرنامە ناوکیەکەی ڕەتکردەوە.

بەڕێوبەرایەتی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لەم هەفتەیەدا بڕیاری کۆتایی هێنان بە لێخۆشبوونی سزاکانی ڕاگەیاند کە ڕێگە بە عێراق دەدات کارەبا لە ئێران بکڕێت.

دیپلۆماتکارێکی ئەمەریکایی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند "بەڕێوبەرایەتییەکە بۆ حکومەتی عێراقی ڕوونی کردووەتەوە کە پێویستە پێشکەوتنی خێرا بەدەست بهێنێت لە هەڵوەشاندنەوەی هەموو کڕینەکانی گازی سروشتی لە ئێران."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار