ئەمریکا و رووسیا لە سعودیە لەبارەی ئۆکراینا کۆدەبنەوە

4 ڕۆژ لەمەوپێش
ئەمڕۆ جارێکی دیکە بەرپرسانی ئەمریکا و روسیا لە سعودیە چاویان بەیەک دەکەوێت، لەبارەی ئاگربەستی کاتیی ئۆکراین دانوستان دەکەن.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوەیە جەنگی سێ ساڵەی ئۆکراین رابگرێت، هیواش دەخوازێت بەردەوامی دانوستانەکان لە سعودیە رێگایەک بێت بۆ کۆتاییهێنان بەم جەنگە.
دانوستانەکە دوای ئەوەدێت شەوی رابردوو تیمی ئۆکراین بە سەرۆکایەتیی وەزیری بەرگریی وڵاتەکە لەگەڵ ئەمریکییەکان لەسەر هەمان پرس کۆبوونەوە، دوای کۆبوونەوەکە وەزیری بەرگریی ئۆکراین گوتی، وڵاتەکەی کار بۆ بەدیهێنانی ئامانجی خۆی لە ئاشتی دادپەروەرانە و هەمیشەیی دەکات.
دواتر ستیڤ ویتکۆف نێردەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند، گەشبینە بەوەی هەر رێککەوتنێک بکرێت رێگا خۆش دەکات لەبەردەم ئەوەی ئاگربەستی تەواوەتی بێتەئاراوە.
بەپێی راپۆرتێکی نیویۆرک تایمز-ی ئەمەریکی، ڤلادمیر پوتن گفتوگۆکانی روسیا و ئەمەریکا سەبارەت بە ئاگربەست وەکو هەلێک دەبینیت بۆ بەدەستهێنانی ئامانجی فراوانتری جیوپۆڵەتیک و ئابووری. ئامانجێکی دیکەی کریملن ئەوەیە کە ئەمەریکا گەرەنتی بکات ئۆکراینا نابێتە بەشێک لە هاوپەیمانی ناتۆ.
وەک لە راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمزدا هاتووە، روسیا بەنیازە خواستی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئاشتی و ئاگربەست بەکاربهێنێت بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی روسیا و ئەمەریکا لە پێناو سوککردنی سزاکانی سەر روسیا و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا.
بەرپرسانی روسیا رایانگەیاندووە پرسی پەیوەندییەکانی واشنتن و کریملن بەجیاواز گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و پاکیجێکی جیاوازە لە پرسی ئاگربەست و شەڕی ئۆکراینا، چونکە کاری لە پێشینەی پوتن لەئێستادا باشترکردنی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵاتە، لە هەمانکاتدا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای روسیا بۆ سەر ئۆکراینا بەردەوامە.
روسیا هیواخوازە خواستی ترەمپ بۆ بەرژەوەندیی ئابووری بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی رێککەوتنێکی باش بکات و ئامانجی زیاتر بەدەستبهێنێت. بەڵام نادڵنیایی هەیە کە ئایا ترەمپ دەتوانرێت بەکاربهێنرێت و رێککەوتنەکە ئاڵۆز بکرێت.
بەپێی راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز، ترەمپ دەیەوێت رێککەوتنەکان بە خێرایی بکات، بەڵام ئەگەر ببینێت جیاوازی گەورە هەیە لە رێککەوتنەکاندا، رەنگ نائومێد بێت و کاردانەوەی چاوەڕواننەکراوی دەبێت.
