چۆن بوو قەیووم لە شوێنی ئیمام ئۆغلو دانەنرا؟

ھیوا سەید سەلیم
3 ڕۆژ لەمەوپێش
ھیوا سەید سەلیم
ئەکرەم ئیمام ئۆغلو، لە ھەڵبژاردنی ئاداری 2024ی شارەوانییەکانی تورکیا بۆ جاری دووەم بە سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبۆل ھەڵبژێردرایەوە، ئەو بۆیەکەمین جار ساڵی 2019 لە ھەڵبژاردنی شارەوانی ئەستەنبۆل بەرامبەر کاندیدی ئەکەپە بردبوویەوە.
ئیمام ئۆغلو، جاری سێیەمی بوو بە ئەردۆگان بڵێت:" بەڵێ ڕاستە ئەوەی ئەستەنبۆل بباتەوە وەک ئەوە وایە تەواوی تورکیای بردبێتەوە". ئەو قسەیە کە لە ئەساسدا قسەی ئەردۆگان بوو ئیمام بە بیرھێناوەی زۆر سەرۆککۆماری ھێشاند، تەنانەت لە ھەڵبژاردنی یەکەم ئەردۆگان نەچووە ژێرباری قەبوولکردنی ئەنجامەکان و ھەڵبژاردنی دووبارە کردەوە، بەڵام بە دووبارەکردنەوەی ھەڵبژاردنیش دەنگەکانی ئیمام ئۆغلو زۆر زیاتر بوون بە بەراورد بە کاندیدەکەی ئەکەپە.
شایانی باسە، لەو ڕۆژەوەی ئەکرەم ئیمام ئۆغلو بۆتەوە بەسەرۆک شارەوانی، ئەردۆگان و پارتەکەی لێ کەوتونەتە بۆسە تا کارێک بکەن ئەو تا سەر لەو پۆستە نەمێنێتەوە، بۆ ئەم بەمەستە ھەفتانە پشکنەری وەزارەتی ناوخۆ و شارەوانییەکان چۆتە شارەوانی ئەستنبۆل تا بەدواداچوون بۆ کارەکانی ئیمام ئۆغلو بکەن.
ترسی ئەردۆگان لە مانەوەی ئیمام ئۆغلو لە پۆستی سەرۆکایەتی شارەوانی ئەستەنبۆل لەوە سەرچاوەی گرتبوو کە ئیمام ئۆغلو بە ھەمان ئەزموونی ئەردۆگان تێپەڕێت (لە سەرۆک شارەوانی ئەستەنبۆل بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری). بە تایبەت کاتێک پارتی گەلی کۆماری جەھەپە ڕایگەیاندبوو کە کاندیدیان بۆ ھەڵبژاردنی 2028ی سەرۆکایەتی تورکیا ئیمام ئۆغلو دەبێ.
رۆژێک دوای ئەوەی بڕوانامەکەی ئیمام ئۆغلو ڕەتکرایەوە لە بەرەبەیانێکی زوو پۆلیس گەمارۆ ماڵەکەی دەدەن، ئەو دەیزانی لە ئەو دیوی دەرگای ماڵەکەی چی دەگوزەرێت.
ئەوە دووبارەکردنەوەی ھەمان سیناریۆی دەستگیرکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش بوو، خاڵی ھاوبەشیشیان ئەوەیە کە یەکەمیان ڕکابەری بووە و دووەمیان ویستوویەتی ڕکابەری بێت.
بە پێی یاسا، سیستەمی شارەوانییەکان لە تورکیا دەچێتە چوارچێوەی دابەشکردنی دەسەڵاتەکان واتا شارەوانیەکان لە سیستەمی حوکمڕانی تورکیا گرنگی زۆریان ھەیە، بە تایبەت بۆ شارەوانیەکی وەک ئەستەنبۆل کە ناوەندێکی گرنگی گەشتیاری و ئابووری و تەنانەت سیاسیشە لەسەر ئاستی تەواوی تورکیا، بۆیە لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەردۆگان و ئاک پارتی ھەر سەرۆک شارەوانیەک کە بە دڵی دەسەڵات کاری نەکرد بێت بە تایبەت لە شارەوانیە کوردییەکان دەسەڵات لایداون و قەیووم لە شوێنیان سەپێندراوە، لەم خوولەی ھەڵبژاردنی شارەوانیەکان کە ساڵێکی بەسەر تێدەپەڕێت 14 سەرۆک شارەوانی قەیووم بەسەریان سەپێندراوە کە زۆرینەیان لە شارە کوردیەکانن لە ناویاندا گەورە شارەوانی ماردین و وان ھەیە.
چەند ڕۆژێکە ئیمام ئۆغلو بە تۆمەتەکانی ( گومان لە ىروانامەکەی و گەندەڵی و تیرۆر) لەسەر کارەکەی لادراوە و خراوەتە زیندان، ھەر زووش برایە بەردەم دادوەر، بەڵام تەنیا لەسەر گەندەڵی سزا درا.
تا ئێستا تۆمەتەکانی دیکەی لەسەر ساخ نەبوونەتەوە، ھەر بۆیە نەتواندرا لە شوێنی ئەو قەیووم بسەپێندرێت، بگرە لە لایەن ئەنجومەنی شارەوانی ئەستەنبۆل لە پڕۆسەیکی ھەڵبژاردنی ناوخۆیدا نوری ئەسڵان کە ئەویش سەر بە جەھەپەیە بە سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبۆل ھەڵبژێردرا.
زانیاریەکان باس لەوە دەکەن کە ئەردۆگان لەبەر دوو ھۆکارە نەیویست بێ ئیمام ئۆغلو بە تۆمەتی تیرۆر دادگای بکات.
یەکەمیان بۆ ھێورکردنەوەی ناڕەزایە جەماوەریەکانی لایەنگرانی جەھەپە بووە، بە تایبەت دوای ئەوەی ھەڵبژاردن دەکرێ دەبێت خۆپیشاندەران گەمارۆی سەر شارەوانی ھەڵگرن چونکە سەرۆکە تازەکەش لە خۆیانە.
دووەمیش بۆ ئەوە بووە کە لایەنگرانی دەم پارتی لەسەر پرسی دادگایکردنی ئیمام ئۆغلو بێلایەن بن، کە لە حاڵەتی ئاڕاستەکردنی تۆمەتی لایەنگیری بۆ پەکەکە ئاسان نەدەبوو ئەوان بێلایەنی ھەڵبژێرن.
