ئەردۆغان و ئیمامئۆغلوو؛ کامیان شکست بەوەی دیکەیان دەهێنێت؟

خۆگر کەمال

3 ڕۆژ لەمەوپێش



خۆگر کەمال

دوای ڕووخانی سووریای ئەسەد، گۆڕانکارییەکان خێراتر دەبن. هاتنی ترامپیش بۆ دەسەڵات، ئەوەندەیتر ڕەنگی گۆڕانکارییەکان زیاتر دیار دەبێت. دەسەڵاتی تورکیا ترسی زۆریان لە هەژموونی ئیسرائیل لە ناوچەکە هەیە، بۆیە بەهەر نرخێک بێ دەیانەوێت خۆیان لەم تەوژمەی ئیسرائیل – ئەمریکایە ڕزگاربکەن. بۆ ئەمەش لە ماوەی سێ مانگدا دوو هەنگاوی چاوەڕوانکراویان هاویشت؛

یەکەم، دەستپێشخەری بۆ کێشەی کورد و ڕاستەوخۆ بەبنەما گرتنی ڕێبەر ئاپۆ

دووەم، ئۆپەراسیۆن لە دژی جەهەپە و ڕاستەوخۆ بەئامانج گرتنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو

لەبەر ئەوەی گەلی کورد و تەڤگەرە شۆڕشگێڕەکەی بە ڕێبەرایەتی ڕێبەر ئاپۆ، ماوەی ٥٢ ساڵە دەست و پەنجە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا نەرم دەکات، بۆیە نەکەوتە ژێرباریان و بە پرۆژە پیلانێک وەڵامی دەستپێشخەرییەکەی دەسەڵاتی دایەوە و تۆپەکەی فڕێدایەوە گۆڕەپانی دەوڵەتی تورکیا. لەلایەکیتریش ئەردۆغان چیتر ناتوانێت لەپشت شەڕکردن دژ بە کورد کە ئەو ناوی ناوە تیرۆر، ستەمکاری و گەندەڵی و ڕێکارە نایاساییەکانی خۆی بشارێتەوە.

ئەوەی لێرە زیاتر دەمانەوێت ڕاوەستەی لەسەر بکەین ئەویش خاڵی دووەمە، چونکە لەکاتێکدا دەسەڵات لە تورکیا بانگەوازیی ئاشتیی ناوخۆی و ئازادیی سیاسی و دیموکراتی دەکات، لەم کاتەدا ئۆپەراسیۆن بۆ سەر گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆن و دەستگیرکردنی سەرۆکی گەورە شارەوانی ئەستەنبوڵ و کاندیدی ئەو حزبە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری ساڵی ٢٠٢٨ دەکات، ئەمە مشتومڕێکی زۆر هەڵدەگرێت.

جەهەپە و سەرجەم لایەنەکانی تری دەرەوەی دەسەڵات لە تورکیا، ئەو ئۆپەراسیۆنەی دەسەڵات بۆ سەرخۆیان، بە کودەتا بەناو دەکەن. ئەویش لە ١٩-٣-٢٠٢٥ بەبڕیاری دادوەر، پۆلیس چوونە سەر ماڵی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و دەسگیریان کرد. دوای ڕاگرتنی بۆ ماوەی چوار ڕۆژ، دواتر بڕیاری زیندانی کردنی بەسەردا سەپێنرا.

ئەوەی جێی سەرنجە، دەسەڵاتی دادوەری تورکیا دوای ٣٠ ساڵ لە بەدەستهێنانی، بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماجستێری ئیمامئۆغڵوی پووچەڵ کردووە، گوایە ساختەن!! ئەمەش ئەوەندەیتر شەقامی توڕە کرد. چونکە ئیمامئۆغڵو دوو خولە لەسەر یەکتر، دەبێتە سەرۆک شارەوانی ئەستەنبوڵ کە بە ملیۆنان کەس دەنگی پێداوە. دیسان لەماوەی ئەو ٣٠ ساڵەدا، بەردەوام لەناو کاری بیرۆکراتی دەوڵەت و کارسازیدا شوێنی گرتووە، بەڵام ڕۆژێک کەسێک نەبوو باسی ساختەکاری بڕوانامەی ئیمامئۆغڵو بکات!!

کرۆکی مەسەلەکە چیە؟

ئەردۆغان بۆ ئەم ئۆپەراسیۆنە مەترسیدارەی دەستپێکردووە؟

دوای ئۆپەراسیۆنی لە دژی کۆمەڵەی گولەنییەکان لە ١٥-٧-٢٠١٦، ئەوا دووەم ئۆپەراسیۆنە ئەردۆغان لەناو خۆی تورکیا دەستپێدەکات، لە ئۆپەراسیۆنی دژی گولەنییەکان بەسەرکەوتنی خۆی تەواو بوو، بەڵام هێشتا دیار نییە ئەمەیان چۆن تەواو دەبێت؟؟

دەسەڵاتی کۆنەپارێز لە تورکیا (ئەکەپە-مەهەپە) خۆیان بەخاوەنی دەوڵەت دەزانن و بەشێکی دەوڵەتی قووڵیشیان لەگەڵدایە. بەهەمانشێوە ئۆپۆزسیۆنی عەلمانی و دامەزرێنەری کۆماریش، خۆی بەخاوەن دەوڵەت دەزانێت و بەشێکی دەوڵەتی قووڵیش لە پشت ئەوانە. ئەردۆغان دوو ترسی گەورەی هەیە لەسەر دەسەڵاتەکەی، یەکەم لایەنی کوردییە کە پەکەکە پێشەنگایەتی دەکات، دووەم ئۆپۆزسیۆنە کە جەهەپە پێشەنگایەتی دەکات.

 

باری شلۆقی تورکیا کە ٢٣ ساڵە لەلایەن یەک حزب و یەک کەسەوە فەرمانڕەوای دەکرێت، بەدەست چەندین قەیران دەتڵێتەوە. بۆیە بەردەوام کردنی تورکیا بەحاڵی ئێستای ئەستەمە، دەبێت گۆڕانکاری بکرێت. ئەردۆغان-باخچەلی لە مەسەلەی کورد دەستپێشخەرییان کرد، بەڵام پەتەکەیان لە قاچی خۆیان گیربووە و هەنگاوی دووەمیان بۆ ناهاوێژرێت. ئیسرائیل و ئەمریکاش پێداگرییان لە فرەوانخوازی ناوچەکە زیاتر بووە، بەتایبەت دوای گورز لێدانەوە لە حوسییەکان و لە حەماس و نامە هەڕەشە ئامێزەکەی ترامپ بۆ خامنەیی. تاکە هیوای دەسەڵاتی تورکیا، دەسەڵاتەکەی جۆلانی و گرووپە چەتەکانی سوورییان، ئەوانیش هێشتا سەرئەنجامیان دیارنییە بەکوێ دەگەن.

ئەردۆغان و باخچەلی دەیانەوێت مەسەلەی کورد لەدەستخۆیان دابێت و نەبێتە کارتێک بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا، گۆڕانکارییەکانی ناوخۆش لە تەوەری ئەواندا بسوڕێتەوە. بۆئەمەش پێویستە ئۆپۆزسیۆن چاوترسێن بکرێت و کاندیدە بەهێزەکەی سەرۆککۆماریشیان کە ئیمامئۆغڵووە، لە کونجی زیندان توند بکرێت.

ئەردۆغان لەو ٢٣ ساڵەی تەمەنی دەسەڵاتیدا زۆر کەسایەتی سیاسی و سەربازیی خستە کونجی زیندانەکان، بە واتایەکیتر چەکوشی دادگا لە دەستی ئەردۆغاندایە و بە ئارەزووی خۆی بەسەری نەیارەکانیدا دەکێشێت. وەک ئەوەی ترسی ئەردۆغان لە شەقام نەبێت و هەندێک پشتگیریشی بۆ مانەوەی لە دەسەڵات زامن کردبێت!

ئۆپۆزسیۆن لەبەر ئەوەی دەسەڵات بە یاسا و دادگا هێرشی کردووەتە سەر، بۆیە هاواری خۆی گەیاندووەتە شەقام. جورئەتی ئەوەیان پەیدا کردووە ڕووبەڕووی دەسەڵاتی ئەکەپە ببنەوە و ماوەی حەفتەیەکیشە شەقام باش دەجوڵێنن، بەڵام ئایا دەتوانن بە شەقام فشارەکانیان زیاتر بکەن و ئیمامئۆغڵو ڕزگار بکەن و چۆک بە ئەردۆغان دابدەن؟ یان وەک ئەردۆغان دەڵێت، چەند ڕۆژێکە و سارد دەبنەوە و دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان!!

ئۆپۆزسیۆن دەڵێت، کودەتام بەسەردا کراوە، دەسەڵاتیش دەڵێت کەس لە سەرووی یاساوە نییە، هەر کەسێک تۆمەتی بەسەردا ساغ ببێتەوە، دەبێ بچێتە بەردەم دادوەر و سزای خۆی وەربگرێت!! بەڵام لە باکووری کوردستان بە دەیان ملیۆن لیرەی تورکی، گەندەڵی بەسەر سەرۆک شارەوانی و قەیووەمەکانی ئەردۆغان ساغ بوویەوە، بەڵام کەسیان دادگایی نەکران و ڕاپێچی زیندانەکان نەکران!!

ئەردۆغان دەیەوێ هیچ کارتێک نەهێڵێتەوە بۆ ئەوەی هێزە هەژموونگەراکان لە تورکیا یاری پێبکەن، بۆیە ڕۆژانە بەناوی ڕووبەڕوو بوونەوەی ئیمپریالیزم و زایۆنیزم، پڕوپاگەندە دەکات. ڕاستییەک هەیە کە ئۆپۆزسیۆنی ئێستای تورکیا، ئەورووپا و ئەمریکا تەوەرە، بۆیە ڕاستەوخۆبێت یان ناڕاستەوخۆ، پشتیوانی لەوان وەردەگرن.

هەرچەند لایەنی کوردی، لەگەڵ ئەوەی دەرفەتی هەیە بە سێ لایەنی ئەمەریکا-ئیسرائیل، ئێران-ڕووسیا، تورکیا جموجۆڵی سیاسی بکات، بەڵام لەبەر ئەوەی بڕیاردەر و نوێنەری دانوستانەکانی کورد ڕێبەر ئاپۆیە، ئەویش ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەوەرە، بەڵام هەمانکات گرنگیش دەدا بە کارتەکانی تریش و ئەوانیش پشتگوێ ناخات. بۆیە تائاستێک لایەنی کوردی، تورکیای دڵنیا کردووەتەوە کە دەمانەوێت کێشەکان پێکەوە چارەسەر بکەین، نەک ببینە هۆکار بۆ دەستێوەردانی دەرەوە، بانگەوازییەکەی ٢٧ـی شووباتیش ئەمەی باش تیا دەبینرا.

ئەردۆغان وەک سوڵتان و دیکتاتۆر، دەیەوێ کۆسپەکانی بەردەمی نەهێڵێت و تاکە بڕیاردەر خۆی بێت. بۆیەش وای بۆ دەچێ بە زیندانی کردنی ئیمامئۆغڵو، ئیتر چانسی بردنەوەی ئۆپۆزسیۆن لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نامێنێت، هەمانکات ئەگەر بتوانێت لە دانانی قەیووم لەسەر گەورە شارەوانی ئەستەنبوڵ سەرکەوتوبێت، ئەوا سیاسەتی قەیووم دەکاتە سیاسەتی سەرەکی بەڕێوەبردنی تورکیا. واتا شارەوانییەکانی دەستی کورد و ئۆپۆزسیۆن بە هیچ دەژمێرێت و کەی حەز بکات قەیوومی دادەنێتە سەر.

بۆ جەهەپە کۆتا دەرفەتە، ئەگەر نەتوانێت دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە بنخات، ئەوا بۆ سەدەیەکیتر دەگەڕێتەوە دواوە. دیسان نەک تەنها بێ هیوا دەبێت، مانەوەی جەهەپەش وەک پارتییەکی سەربەخۆ دەبێتە جێگەی گومان. دیار نییە ئەردۆغان قەیووم بۆ جەهەپەش دانەنێت!! چونکە ئەردۆغان دەڵێت، پێویستە ئۆپۆزسیۆن بەڕێکخستن بکرێتەوە و دایبڕێژینەوە. واتا ئەردۆغان خۆی بەخاوەن جەهەپەش دەزانێت و دەیەوێ ئەو بڕیاردەری جەهەپە بێت.

دەکرێ هۆکارەکانی ئۆپەراسیۆن لە دژی جەهەپە لە دووخاڵ کۆبکەینەوە؛

١- ئەردۆغان نایەوێت پەرلەمان کۆببێتەوە و یاسای چارەسەری کێشەی کورد و مافی هیوا دەربخەن، چونکە جەهەپە و پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی دیکە و پارتی دەم و مەهەپەش، توانستی تێپەڕاندنی هەردوو یاسایان هەیە.

 

٢- ڕێبەر ئاپۆ جەهەپەی بە موخاتەب گرت و نامەی تایبەتی بۆ ناردن، گوتبووی (ئاشتی و چارەسەری کێشەی کورد، تەنها کاری حکومەت نییە، بەڵکو دەبێت ئۆپۆزسیۆنیش ڕۆڵی کارای خۆی ببینێت).

 

وادیارە ئەردۆغان-باخچەلی، وەک یەک پاکێج مەسەلەی کورد و ئۆپۆزسیۆنیان بەدەست گرتووە، بۆیە تاکو لە هەوڵەکانیان لە بەرانبەر ئۆپۆزسیۆن نەگەنە ئەنجام، وەڵامی لایەنی کورد و بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ نەدەنەوە.

ئەردۆغان، فیدان و گولەر، دەیانەوێ دەسەڵات ئەوانبن و یاری بە چارەنووسی کورد و گۆڕانکارییەکانی تورکیاش بکەن. تا ئێستا لە دەرەوەی شەڕ و کوشتن و گرتن، هیچ نیازێکیان نییە بۆ ئەوەی ئەو بانگێشانەی سەبارەت بە چارەسەری دەیکەن بیکەن بە کردار، بەڵکو زیاتر دەیانەوێ لەلایەک گورزی چەکداری و سەربازی بووەشێنن، لەلایەکیش گورزی سیاسی و یاسای بوەشێنن و قۆناغەکەی پێ تێپەڕێنن.

لایەنی کوردی لەگەڵ بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ، هەموو هەنگاوەکانی تا پیرۆزباییەکانی نەورۆزیش، هێز و ئیرادە و یەکبوونێکی شکۆداریان نیشانداوە، بۆیە ئەردۆغانیش دەزانێت لایەنی کوردی پاروێکی هەروا ئاسان نییە، بەڵام دەیەوێت سیاسەتی هیلاک کردن و کات بەسەر بردن پیادە بکات، بۆ ئەوەی فشارەکانی کەم بکاتەوە. هەمانکات لایەن ئۆپۆزسیۆنیش نەبێتە هاوبەش لە بەڕێوەبردنی چارەسەری پرسی کورد، بۆیە دەیەوێت ئۆپۆزسیۆن لە پەلوپۆ بخات.

هێشتا یارییەکە بەهەموو هێزی خۆی بەردەوامە، کامەیان بنکەوێت ئیتر دەبێتە کۆتا دەرفەتی. دیارنییە هێشتا ئایا ئەورووپا و ئەمریکا و ئیسرائیل، وەک کودەتاکەی گولەنییەکان، ڕێگە دەدەن ئەردۆغان بەگوێرەی ئارەزووی خۆی ئەم کودەتایەش بگەێنێتە ئەنجام؟ یان جەهەپە بەهێزی شەقام دەتوانێت بڕیاری کۆتایی بدات و کۆتایی بەتەمەنی سیاسی ئەردۆغان بێنێت؟؟ ئەمەش پەیوەستە بەپشوو درێژی و هێشتنەوەی دەسەڵات لە قاوغێکی تەنکدا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار