موفتی تیرۆر و تاوان کرایە موفتی سوریا

ئارام ڕەفعەت

2 ڕۆژ لەمەوپێش



ئارام ڕەفعەت

جۆلانی ئوسامە ئەلرافعی، سەرۆکی لیژنەی فەتوای چەتە سورییەکانی کردە موفتی سوریا. ئوسامە لە  ٢٦ی شوباتی ٢٠١٨ و لە گەرمەی هێرشی تورکەکان بۆ سەر عەفرین فتوای جیهادی دژی شەڕڤانان دەرکرد.

بنەمای فەتواکەی ئوسامە، جوداخوازی شەڕڤانان و  هەوڵدانیانە بۆ دابەشکردنی خاکی موسوڵمانان وە دەست تێکەڵ کردنییانە لەگەڵ ئەمەریکا و ئەسەد.

ئەم فەتوای جیهادە دژی کورد، لە ئەستەنبۆڵ دەرکراوە و واژۆی ١٣ فەتواچی تر لە لیژنەی فەتوای سوریەکانی  لەسەرە. فەتواکە یەکێکە لە مەترسیدارترین ئەو فەتوایانەی کە تا ئێستا دژی کورد و جوڵانەوە رزگاریخوازییەکەی دەرکراون.

زۆر مەترسیدارترە لە فەتوای جیهادی خومەینی دژی کورد لە ١٩٨٠. لە فەتواکەی خومەینیدا، سەربڕینی دیل، سەربڕینی بریندار، داگیرکردنی مڵک و ماڵی کورد و بەسەبایە بردنی ژنانی شەڕکەری تێدا نەبوو، لەوەی ئوسامە هەموویان هەیە.

بۆ نموونە، لە خاڵی دووەمی فەتواکەدا، ئوسامە فەتوا دەدات کە جەنگ کەگەڵ شەڕڤان جیهاد فی سبیل اللە یە.

لە خاڵی چوارەمدا فەتوای سەربڕینی دیلی شەڕڤان و لە خاڵی  پێنجەمیشدا سەربڕینی بریندارە دیلەکانیان دەدات. ژنە شەڕڤان، مامەڵەی دیلی شەڕی لەگەڵ دەکرێت، واتە یان سەربڕین یان بە سەبایە کردن.

 لە خاڵی شەشەمدا فەتوای دەستگرتن بەسەر موڵک و ماڵی شەڕڤان داوە. خاڵی حەوتەمی فەتواکەی ئوسامە، مەترسیدارترین فەتوا بوو .فەتواکە شەرعییەتی دینی دەداتە هێرشی تورکەکان بۆ سەر عەفرین و لەگەڵ فەتوای پەیوەستبوونی موجاهیدە سورییەکانیش بە شەڕکردن دژی کورد شانبەشانی  سوپای تورکەکان.

 ئەوسا ٣٦ رۆژی رێک بوو شەڕڤان هەموو هێرشێکی تورکەکانیان بۆ سەر عەفرین تێک دەشکاند.

تورکەکان کەوتبوونە دۆخی ئیحراجی و دۆشداماوی و دەگوترا دووەم هێزی ناتۆ لەبەردەم شەڕڤان شکستی هێناوە .فشار و نارەزایەتییەکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش بۆ وەستاندنی شەڕ تا دەهات زیاتر دەبوو.

 

لەم دۆخەدا، تورکەکان دەبوایە خاڵی لاوازی شەڕڤانی کورد بزانن و شەڕەکە یەکلا بکەنەوە. تورکیا دەبوایە تاوانی جەنگ و کۆمەڵکوژی و دەستدرێژی نامووس دژی خەڵکی عەفرینی ئەنجام دابوایە، ئەمەش خاڵە لاوازەکەی شەڕڤان بوو. تورکیا وەک دەوڵەت و بەهۆی یاسا نێودەوڵەتیەکان نەیدەتوانی خۆی تاوانەکان بکات، پێویستی بە میلیشیا سورییەکان بوو.

ئوسامە و باندەکەی فریای تورکەکان کەوتن و بە فەتواکەی ٢٦ی شوباتی ٢٠١٨، دەستی چەتە تیرۆستە سورییەکانیان ئاوەڵا کرد. فەتواکە هەموو ئەو مەرج و خواستانەی تێدابوو کە تیرۆریستەکان دەیانویست، لەوانەش سەربڕینی دیل، بەسەبایەکردنی ژنان، دزی و تاڵانی.

لە  دوای فەتواکە، چەتە موجاهیدە تیرۆریستەکان پەیوەست بوون بە جەنگەکەوە و تاوانی گەورەیان ئەنجام دا. شەڕڤانان لە  دۆخە تازەکە گەییشتن و  لە ١٨ی ئازاری ٢٠١٨ خۆیان و خەڵکەکەیان بۆ تەل رەفعەت پاشەکشەیان کرد.

 

لەوساوە و لەسای فەتواکەی ئوسامەی موفتیدا، عەفرین کرایە سەرزەمینی تاوان، لە کوشتن و دزین و ئیغتیسابکردن و رفاندن و داگیرکردنی مڵک و ماڵی کورد. بۆ نموونە، لە یادی چوار ساڵەی داگیرکردنی عەفرین و لە ١٨ی ئازاری ٢٠٢٢ روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ راپۆرتێکی لەسەر تاوانەکانی دژی کورد لە عەفرین بڵاو کردەوە، کە بەم جۆرەیە:

 ٣١٠ هەزار کورد ئاوارە بوون.

٧٢٠٠ کورد رفێنراون

٢٣٠٠ کورد زیندانی کراون،

٦٣٩ مەدەنی کورد شەهید کراون.

٤٥٠٠ خێزانی عاڕەب هاتوونەتە سەر ماڵ و حاڵی کوردان.

زۆربەی شوێنەواری شارستانی حۆرییەکان، باو و باپیرانی کورد دزراون.

هەر  بەگوێرەی  چالاکوانان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەم حەوت ساڵەدا: سەدان ژنی کورد ئیغتیساب کراون و دەیان هەزار داری زەیتوون بڕاون یان لە ریشە دەرکراون.

بەر لە تورکەکان و چەتە سورییەکان، ئۆباڵی یەک بەیەکی ئەم تاوانانە لە ملی ئەم موفتییەی خوێنرێکی و تیرۆر و تاوان و ئیغتیسابی ژنانی کوردە.

کورد گەلێکی زیندوو بوایە، نەک هەر ئێستا کە بۆتە موفتی جۆلانی، لە ناو گۆڕیشدا بێت هەق و حیساب لەگەڵ ئەم گەماڵەی فەتوا و تاوان و تیرۆرەدا دەکات.

ئافەرین جۆلانی بۆ خۆت و باندەکانت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار