لیژنەی نەوت و غاز: سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە كافێیەك گرێبەستەكانی واژۆ كردووە

7 كاتژمێر لەمەوپێش
عەلا حەیدەری، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: ئەو گرێبەستانەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکیەکان لە واشنتۆن ئەنجامی داوە، پوچەڵ و پێشێلکردنی دەستوری عێراقە.
ڕۆژی دووشەممە 19ـی ئایاری 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ ئەمەریکا، لە ڕێورەسمێکدا لە ژووری بازرگانیی ئەمەریکا لە واشنتن، سەرپەرشتی و چاودێريی ڕێوڕەسمی ئیمزاکردنی دوو ڕێککەوتننامەی گرنگ لە بواری وزەدا کرد.
حەیدەری، لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی "العهد" رایگەیاند: بەپێی یاسا قەدەغەیە هەرێمی كوردستان هیچ گرێبەستێکی دەرەکی بەبێ راوێژکردن بە حکومەتی فیدراڵی واژۆبكات.
ئاماژەی بەوەشکرد: رێککەوتنی غازی ئەم دواییەی نێوان هەولێر و واشنتۆن هیچ بەهایەكی یاسایی نییە، گرێبەستەکە پەیوەندی بە کێڵگەیەکی غازی کەرکوکەوە هەیە، كە لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمەوە لە کافێیەک واژۆکراوە.
جەختیشكرد: بەرپرسی کوردی مافی ئەوەی نییە گەشت بکات یان گرێبەست واژۆ بکات بەبێ رەزامەندی بەغداد.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ڕێککەوتنەکانی دوێنێ لە بەرژەوەندیی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان و عێراقیشە، بەڵام هەر کەسێک دژایەتی هەوڵەکان بکات، ئەوا پرۆژەیەکی سیاسییە و نایەوێت هەرێمەکە پیادەی دەسەڵاتی دەستووریی خۆی بکات لە پێشخستنی کەرتی وزە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا: کاتی ئەوەیە بەیەکەوە بتوانین کارێک بکەین زیاتر ئاشتی و بووژانەوەی ئابووری لە وڵاتەکەمان هەبێت، کە لە بەرژەوەندیی هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستانە.
وتیشى: بە داخەوە ئاراستەیەکی دیکە لەنێو خودی عێراق، هەندێک لێکدانەوەی بۆ ڕێککەوتنەکانی دوێنێ کرد، ئەو کارانەش بە هیچ جۆرێک ڕەوا نییە، ئەوەی هەرێمی کوردستان کردوویەتی دەگونجێت لەگەڵ ئەو مافە دەستوورییانەی کە دەستووری فیدراڵی عێراق بە هەرێمەکەی داوە.
