مەسرور بارزانى: ئیدارەی ترەمپ پشتیوانی لەگرێبەستەکانمان دەکەن

2 مانگ لەمەوپێش
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، گوێمان لە ئیدارەی سەرۆك ترامپ بوو ئەوان ئامادەبوون پشتیوانی لەم گرێبەستانەو درێژە پێدانی پەیوەندییەكانمان بدەن، ئێمە وەكو هاوپەیمانێكی ستراتیژی لەگەڵ ئەمریكا رێزمان لێدەگیرێت.
دوای کۆتاییهاتنی پانێڵەکەی، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد لەبارەی سەردانەکەی، کۆبوونەوەکانی و ئەو گرێبەستانەی واژۆکراون.
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزیری وزەی ئەمریکا، مەسرور بارزانی رایگەیاند، "کۆبوونەوەیەکی زۆر باشمان هەبوو، قسەی زۆر باشیش کرا، گوێمان لە پشتیوانیی ئیدارەی سەرۆک ترەمپ بوو کە ئەوان ئامادەن پشتگیری هەم لەم گرێبەستانە بکەن، هەم لە درێژەپێدانی پەیوەندییەکان بکەن لە هەموو ئاستێکدا."
مەسرور بارزانی، وتیشى: ئێمە هاوپەیمانێكی راستەقینەی ئەمریكا بووین، دوپاتمانكردووەو كە هاوپەیمانی جێی متمانەی ئەمریكا بین، ئەو گرێبەستانەی لە ئەمریكا كردومانە لەبەرژەوەندی هەموو عێراق و هەرێمی كوردستانە، بۆیە پێویست ناكات كەس نیگەران بێت.
کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ مەسرور بارزانی بە رووداوی راگەیاند: "کۆبوونەوەیەکی باشمان هەبوو."
لەکاتی پانێڵەکەیشدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە کە پاڵپشتیی تەواوی روانگە و ئەجێندای سەرۆک ترەمپ دەکەن، "بۆ ئەوەش هاتووینەتە ئێرە کە بە ئەمریکای پێشان بدەین ئێمە تەنیا لە شەڕی دژی تیرۆر بەتوانا نین، بەڵکو دەتوانین هاوپەیمانی دروستبکەین بۆ خۆشگوزەرانیی خەڵک."
کریس ڕایت، وەزیری وزەی ئەمەریکا لە چوارچێوەی کۆنفرانسی وزە لە واشنتۆنی پایتەخی ئەمەریکا وتی: ناتوانێت ژیانێكی خۆشت هەبێت ئەگەر كارەبایەكی بەردەوامت نەبێت، بۆیە كارەبا و ووزە زۆر گرنگە.
ناوبراو جەختى کردەوە کە وا دەكەین لە رێگەی هەرێمی كوردستانەوە كارەبا بگەیەنینە شوێنەكانی ترو دراوسێكان، ئەمە ئەجێندای سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانەو ئەجێندای ئێمەیە وەكو ئەمریكا.
لە سەرەتای سەردانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گرێبەستێک بە بەهای زیاتر لە 100 ملیار لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمریکی واژۆکران بۆ پەرەپێدان لە کێڵگە نەوتی و گازییەکانی هەرێمی کوردستان، دواتر بەغدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو گرێبەستانە یاسایی نین. وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانیش وەڵامی دابوونەوە کە نوێ نین و دەستوورین.
