زەرەر لەنیوەی بگەڕێتەوە

14 كاتژمێر لەمەوپێش



 

فەرەیدون پێنجوێنی

بۆ هەرێمی کوردستان ، نەوت گرنگترین شت نییە ، شتی لە نەوت گرنگتر چوارچێوە سیاسیەکەیە کە دەبێ دەستی پێوە بگیرێ !

هەرێمی کوردستان وەکو قەوارەیەکی سیاسی ، سی و چوار ساڵە شوناسی نەتەوەیی خەڵکی کوردستانی عێراق بەرجەستە دەکات (بە باش و بە خراپ) ...

شۆڕشەکانی گەلی کورد دژی رژێمەکانی حوکم لە ئێران و عێراق و تورکیا و سوریا ، بۆ داکۆکیکردن بون لە شوناسی نەتەوەیی کورد نەک بۆ نەوت ! 

داخوازیی کورد لەڕژێمەکان بەدرێژایی حەفتا هەشتا ساڵی رابوردو ، کەلتوری بوە بەرلەوەی ئابوری بێت ! 

ناڵێم کوردی عێراق تەنها شوناسە نەتەوەییەکەی (کە لە قەوارەی هەرێمی کوردستاندا بەرجەستە بوە) پارێزراوبێ بەسیەتی ! بەڵام لەناو ئەم هەڵڵا و ئاشوبەدا کە ناوچەکەی گرتۆتەوە ، بتوانرێ پارێزگاری لە شوناسە نەتەوەییەکەی بکرێ دەستکەوتێکی کەم نییە 

کوردی عێراق ، لەچوارچێوەی قەوارە سیاسیەکەی هەرێمی کوردستاندا ، بەزیادەوە شوناسە نەتەوەییەکەی پارێزراوە  ، نابێ ئەو قەوارە سیاسیە بخرێتە گرەوی مان و نەمانەوە لەبەرخاتریی نەوت ! کام نەوتیش ؟ ئەوەی کە لەجیاتیی سود و داهات ، دەیان  ملیار دۆلار قەرزی هێناوەتە ئەستۆی هەرێمەکە !

قەوارەی هەرێم (وەکو زێد و نیشتیمان) بۆ هەمو خەڵکە ، بەڵام نەوتەکە تا ئێستا بۆ بەشێک لە خەڵکە !

هەن دەڵێن :
🔴 مانەوە و نەمانەوەی قەوارەکە وەکو یەک وایە ، پێویست ناکا خەمی لێ بخورێت ، با هەڵبوەشێتەوە ، قیر بەقەرەج !

🔵 لەڕاستیدا مانەوە و نەمانەوەی قەوارەکە وەکو یەک نییە :

🌍 بەهۆی بەردەوامیی قەوارەی هەرێم ەوە ، تا رادەیەک بەڕە لەژێر پێی ئەو وڵاتە هەرێمی و نێودەوڵەتیانە دەرهاتوە کە خوازیارن دۆزی کورد لە عێراق و لە وڵاتەکانی تریش هەمیشە بەهەڵپەسێردراوی بمێنێتەوە بۆ ئەوەی هەتا هەتایە وەکو کارتی سیاسی لەدەستیاندا بێت و بتوانن لەکاتی پێویستدا بەکاریبهێنن .

🌍 قەوارەی هەرێم لەسەرەتای دروستبونیەوە تا ئەم  چرکەساتە ، نەک هەر جێگای ئیعجاب و ئومێدی زۆرینەی خەڵکی هەرێمەکە نەبوە و نییە ، بەڵکو جێگای سەرزەنشتیانە ! مانەوەی ئەم هەرێمە بەم ناپەسەندی و  کۆڵەوارییە ، مایەی خۆشحاڵی نییە ، بەڵام کەڵکی ئەوەی هەیە خەیاڵدانی مرۆڤی کوردی لەو کوردایەتییە تۆباوییە بەتاڵ کردۆتەوە کە چەندین نەوە بەشدارییان لە بنیاتنانیدا کرد : 

(تێدەکۆشاین بۆ کوردستانی ئازاد ! ئەوە نمونەیەک لە کوردستانی ئازاد ! ئەوە ئەو بەهەشتەی خەونمان پێوە دەبینی !)

ئەمەش دەستکەوتێکی کەم نییە (رزگاربونی خەیاڵدانی میللەتێک لە تۆباویەت و خەیاڵسازی دەستکەوتێکی کەم نییە) !

🌍 گلۆربونەوەی ئەم هەرێمە ، زەمینە دەڕەخسێنێ بۆ :

🔸 زیندوبونەوەی کوردایەتییە تۆباویەکە لەزەینی نەوەکانی داهاتودا !

🔹 سەرهەڵدانەوەی کێشە (یان دۆز)ی کوردی عێراق لە شێوەی کارتی سیاسیدا بەدەست ئەم وڵات و ئەو  وڵاتەوە !

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار