ئۆجەلان بەتەمای چییە؟

15 كاتژمێر لەمەوپێش



 

کەمال چۆمانی

ئەو کۆمەڵگا سۆشیالیستییەی ئۆجەلان باسیدەکات؛ کۆمەڵگای دیموکراتیک و یەکسانیخوازە لەسەر چەند بنەمایەک دامەزراوە، هەندێکیان باس دەکەم:

کۆنفیدرالیزمی دیموکراسی

واتا، سیستەمێک کە دەوڵەت رەنگڕێژی سیاسەتی لۆکاڵ نەکات، ئەو رژێمە سیاسییەی هەیە تەنها پشتیوان دەبێ. واتا دیموکراسییەکی بێدەوڵەت. ئامەد پێویستی بەوە نییە پارێزگارێکی لەلایەن دەوڵەتەوە بۆ دروستبکرێ. دەستەڵاتدارێتی لامەرکەزییە. لەبری ئەوەی سەنتەر بڕیار بدات ئامەد پێویستی بە بنکەی تەندروستییە یان یاریگایەکی منداڵان، خەڵک لەڕێی ئەنجومەنە دیموکراسییەکانەوە بڕیاردەدەن. کۆمەڵگا لە خوارەوەڕا خۆی رێکدەخات، نەک لەسەرەوەڕا. 

ئێمە لە باشوری کوردستان زۆر باسی فیدرالیزم دەکەین و دەمانەوێ بچەسپێ، بەڵام حکومەتی هەرێم لە حکومەتی بەغداد مەرکەزیترە. ئەو مەرکەزییەتە بەسەرچوە. بە مۆدێل و فۆرمی تر، ئەوەی لە ئەوروپا هەیە زیاتر ئەو کۆنفیدرالیزمە دیموکراسییە نزیکە  نەک ئەو مەرکەزییەتەی حکومەتی هەرێم و حکومەتی بەغداد. عێراق وەک سیستەمە سیاسییەکەی فیدرالییە، بەڵام ئەو فیدرالیزمە پەرەیپێنەدراوە و تەفسیر نەکراوە و پێڕەو کردنەکەی تەنها لەسەر ئاستی هەرێم بوە. 

سۆشیالیزمی فێمینیست

ئۆجەلان پێیوایە ئازادی ژن بنەڕەتی راستەقینەی سۆشیالیزمە. بێ ئازادیی ژن، کۆمەڵگا ئازاد نابێ. ئەو سیستەمی دەوڵەتەی هەیە، دەوڵەتێکی پیاوسالارە کە بنەڕەتی پلەبەندییە کۆمەڵایەتییەکانە. 

ئەو پلەبەندییە کۆمەڵایەتییانە وا دەکات سەرۆک عەشیرەتێک کە توندوتیژە یا سەرۆک حیزبێک کە هەموان وەک کۆیلە دەبینێ و خۆی بەسەر کۆمەڵگا سەپاندوە، لەناو کۆمەڵگادا پلەی باڵاتریان هەبێ لە ژنان و خەڵکی ئاسایی. ئێستا ببینن دونیا چۆن بە دەست، وەک گاردیەن لەبارەی شەڕی ئیسرائیل و ئێران نوسیبوی، بە دەست سێ پیاوی پیرەوە خەریکە بەرەو جەنگێکی ماڵوێرانکەری هەرێمیی دەچێ. ببینن هێشتا بەشێک لە کۆمەڵگای ئێمە هێشتا ژنان تەنها وەک بوکەڵەی سێکسی یا سیاسی و کۆمەڵایەتی تەماشادەکرێ. ئەو سیستەمەی ئۆجەلان داوای دەکات، یەکسانکردنی ژن و پیاوە بێئەوەی ئەویان ببێتە ئەم و ئەمیان ببێتە ئەو.

ئیکۆلۆژی

عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە ئەگەر خەمی نەخورێ، لە چەند دەیەی داهاتودا بەشێکی بە کەڵکی ژیان نایەت. هەندێک راپۆرت باسیان لەوە دەکرد کە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە باشوری عێراق وای کرد بەشێک لە خەڵک بێکار و بێماڵ و حاڵ بێ. کە دێنە شارەکان ژیان و کار نییە. دەقۆزرێنەوە لەلایەن توندڕەوە تیرۆریستەکانەوە. ئۆجەلان ئەو دڕندایەتییەی پیشەسازیی کاپیتالیزم بەرانبەر سروشت دەیکا، بە یەکێک لە مەترسییەکانی سەر گەردونی دەبینێ. مرۆڤ خۆی بە سەنتەر دەزانێ. ئێمە بە هۆی شەڕەکانەوە زیاتر لە زۆر گەلی دونیا بینیومانە چۆن سروشتمان وێران بوە. بۆیە ئۆجەلان داوای پاراستی سروشت دەکا، داوادەکات ئەو ئابورییەی پێشدەخرێ، بگونجێ لەگەڵ جڤاکدا. کاتێک کۆمپانیایەکی نەوت دەیەوێ نەوت دەربهێنێ و حیساب بۆ گوند و دارستانەکان ناکا، ئەوە دەبێ رابوەستێنرێ. لای کۆمپانیاکان قازانج سەنتەرە. سروشت دەبێ سەنتەر بێ. 

ئەو سروشتە تەنها هی ئێمە نییە. ٢٠٢١ سەرۆکی پێشوی عێراق بەرهەم ساڵح پڕۆژەیەکی گەورەی راگەیاند بۆ روبەڕوبونەوەی گۆڕانەکانی کەشوهەوا لە عێراقدا، بەڵام عێراقییەکان زیاتر خەریکی بەرخۆریزم و ململانێی تائیفی و ئێتنیکی و سیاسین. ئێستا هاوینان پلەی گەرمی دەگاتە ٥٠ی سیلیزی، هەمووان گلەیی دەکەن، یان بەدوای ئەوەدا دەگەڕێن چۆن سپلیت و کارەبای باشتریان هەبێ. راپۆرتێکی حکومەتی هەرێم و نەتەوە یەکگرتوەکان لە ٢٠١٨ ئەوەی دەرخست کە هەرێمی کوردستان لە ١٩٩٩ بۆ ٢٠١٨ سەدا ٤٧ی سەوزایی لەدەستداوە. ئایا بیرتان لەوە کردۆتەوە خۆڵبارین ژیان لە کۆمەڵگا تاڵ دەکات؟ ئەی پاڵاوگە نایاسایییەکان، نابینن چۆن خەڵکی توشی دەیان نەخۆشیی کردوە؟ بنەڕەتی چارەسەرییەکان سیاسەتێکە بۆ ئیکۆلۆژی. 

ئابوری هەرەوەزی
ئابوری لە سۆشیالیزمی ئۆجەلاندا، ئابورییەکی کۆئۆپەرەتیڤە، واتا هەرەوەزییە، نە ئابورییەکی رەیعییە نە ئابورییەکی نیۆلیبرال. ئەو ئابورییە لەلایەن جڤاکەوە خاوەندارێتیی دەکرێ نەک نوخبەیەکی چاوبرسی کە لەسەر حیسابی خەڵک و سروشت دەبنە ملیارلێر. ئابوری لای ئۆجەلان لە کۆمەڵگا جیاناکرێتەوە، دەکەوێتە خزمەتی کۆمەڵگا و سروشت نەک کۆمەڵگا و سروشت ببنە مەکینەی وەگەڕخستنی سەرمایە بۆ گروپێکی چاوبرسی و گەندەڵ.  

دژایەتیکردنی نەتەوە-دەوڵەت
نەتەوە-دەوڵەت لە باشترین حالەتەکەیدا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، تورکیا و ئیسرائیل بون وەک دو دەوڵەتی دامەزراو کە لیبرەل دیموکراسی تێیاندا بنەما بوە. هەردوکیان دو دەوڵەتی جینۆسایدکارن. واز لە دەوڵەتەکانی تر دەهێنین چونکە لە ئێرانەوە بۆ تونس، شکستخوارد و فاشیلن. توندوتیژ و خوێنڕێژن. لەڕوی ئابوریشەوە بێکەڵک و بێکاریگەر. 

چارەسەر چییە؟ لای ئۆجەلان، کە شتێک نییە تەنها ئۆجەلان دۆزیبێتیەوە، نەتەوە-دەوڵەت فاشیزم بەرهەمدێنێ. بۆیە پێویستان بە جۆرێکی تر رێکخستنی سیاسیی کۆمەڵایەتی و ئێتنیکی هەیە. ئەو رێکخستنە دیموکراتیزەکردنی دەوڵەتە. تەماشای هیندوستان بکەن. لەوێ ٢٨ ویلایەت هەن، ٢٢ زمانی رەسمیی هەن لەناو ویلایەتەکان. زمانی نەتەوەیی نییە. زمانێکی رەسمیی هەیە بۆ هەموان کە ئینگلیزییە. هیندوستان نەتەوە دەوڵەت نییە، بەڵکو نەتەوە-دەوڵەتەکانە. واتا هیندوستانێک هەیە و دەیان دەوڵەت\ویلایەتی تری تێدا دەژیێت. لە کەنەدا هەروا. تەنها نەتەوەیەک نییە، بەڵام دەوڵەتەکە دیموکراتیکە. 

بۆیە، پێویست ناکا کورد دەوڵەتی هەبێ، بەڵکو پێویستە ئەو دەوڵەتانەی کوردیان تێدایە دیموکراتیک بن. کورد دەتوانن ئەوکات حوکمی وڵاتەکە بکەن. ئێستا لە عێراقدا -واز لە فاشیلی سەرکردایەتیی کورد و شیعە و سونە- بێنن کە نەیانتوانیوە وڵاتێکی دیموکراتیک و خۆشگوزەران دروستبکەن، هیچ رێگرییەک نییە لەوەی کوردێک سەرۆک وەزیران بێ. چیتر عێراق عێراقەکەی گروپێک نییە. خۆ ئەگەر بڕیار وایە کورد جیاواز بێ، دەبوایە لە ١٩٩١ەوە ئەو نەتەوە-دەوڵەتەی ئێمە بە ناوی هەرێمی کوردستان هەمانە، سەرکەوتو بوایە. بەڵام نا، کێشەکە هەبونی ئەو شتە نییە کە پێی دەگوترێ سنور و ئاڵا، بەڵکو جەوهەرەکەیە. 

بۆیە لای ئۆجەلان پلورالیزمی کەلتوری و ئێتنیکی بۆ ئەو وڵاتانەی کە فرەنەتەوە و دینن، چارەسەرە. ببینن، مامەڵەی کورد لەگەڵ ئێزیدییەکان بە هۆی ئەوەی ئێزیدییەکان موسڵمانی سونە نین، یان مامەڵەی کورد لەگەڵ کوردی شیعە و فەیلی، مامەڵەیەکی زۆر ناتەندروست بوە. ناسیۆنالیزمی کوردی دۆخێکی دروستکردوە کە وەک بڵێی هەموو کورد سونەی موسڵمانە لە کاتێکدا لەناو کورد و کوردستاندا شیعە و عەلەوی و یارسان و گروپی ئاینی و ئێتنیکی دیکە هەن. 

ئۆجەلان بەتەمایە بەردی بناغەی کۆمەڵگایەک دابنێ کە بۆ سەدان ساڵ و بگرە هەزاران ساڵیش گەلی کورد و گەلانی ناوچەکە لەسەر ئەو بنەمایانە بتوانن پێکەوە بژین و خۆشبەخت بن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار