کونسوڵى ئەڵمانیا: کاردەکەین گەنجانى هەرێم بەیاسایی بگەنە وڵاتەکەمان

3 كاتژمێر لەمەوپێش
کونسوڵی ئەڵمانیا لەهەرێمى کوردستان ڕایدەگەیەنێت وڵاتەکەى پێویستی بە دەستی کاری کارامە هەیەو لەم ڕوانگەیەوە، پلانیان هەیە بۆ هاوکاریکردنی گەنجانی کورد، بۆ ئەم مەبەستە، ناوەندی هەماهەنگیی قەیرانەکان (JCC) و پرۆگرامی گەشەپێدانی کۆچ، بە هاوکاریی هەرێمی کوردستان کار دەکەن بۆ ئەوەی هاوکاریی گەنجان بکەن تا بە ڕێگەیەکی یاسایی بگەنە ئەڵمانیا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ـی ئۆکتۆبەری 2025، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، ستایشی پەیوەندییە مێژوویی و پتەوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیای کرد و جەختی لەسەر گرنگیی هاوکاریی و پشتیوانییەکانی ئەو وڵاتە لە کاتە سەختەکاندا کردەوە. هاوکات، واژۆکردنی یاداشتێکی لێکگەیشتنی نوێی لەگەڵ ڕێکخراوی GIZـی ئەڵمانی ڕاگەیاند.
وەزیری ناوخۆ گوتی: "ئێمە ڕابردوویەکی دوور و درێژ و پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ ئەڵمانیا هەیە و جێگەی خۆیەتی هەمیشە سوپاسی پاڵپشتی و هەماهەنگیی وڵاتی ئەڵمانیا و کونسوڵخانەکەیان لە کوردستان بکەین، کە ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبووە لە ڕۆژانی سەختدا."
هەروەها ئاماژەی بە هاوکارییە سەربازی و مرۆییەکانی ئەڵمانیا کرد لە شەڕی دژی داعش، کە بە هاوکارییەکی "ڕاستەوخۆ و کاریگەر" وەسفی کرد بۆ پاراستنی کوردستان، پێشمەرگە و مرۆڤایەتی لە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان.
ڕێبەر ئەحمەد باسی لە پەیوەندیی پتەو و پێشکەوتووی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوە ئەڵمانییەکانی وەک GIZ و THW کرد، کە لە بوارەکانی پەرەپێدانی توانای مرۆیی، هاوکاریکردنی ئاوارە و پەنابەران، و پشتیوانیکردنی کەرتەکانی پەروەردە و تەندروستی ڕۆڵێکی گرنگیان بینیوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم ڕێکخراوانە لە ڕێگەی "ناوەندی هەماهەنگیی قەیرانەکان" (JCC)ـەوە چەندان پڕۆژەی گرنگیان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان جێبەجێ کردووە، وەک پڕۆگرامەکانی "قودرە" و "کاش فۆر وۆرک" (پارە بەرامبەر کار)، کە جێگەی دەستخۆشییە.
خاڵی هەرە گرنگی کۆنفرانسەکە، ڕاگەیاندنی واژۆکردنی یاداشتێکی لێکگەیشتنی نوێ بوو. وەزیری ناوخۆ گوتی: "ئەمڕۆ جارێکی دیکە لێکگەیشتنێکی دیکە واژۆ کرا، کە بۆ یەکەمجارە ڕێکخراوی GIZ یاداشتێکی لەم شێوەیە لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ واژۆ دەکات،" ئەمەش وەک نیشانەیەک بۆ قووڵکردنەوەی زیاتری پەیوەندییەکان.
لای خۆیەوە کونسوڵی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا جەختی لەسەر پتەویی پەیوەندییە ئابووری، ئەمنیی و کۆمەڵایەتییەکانی نێوان ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان کردەوە و ڕایگەیاند، وڵاتەکەی کار دەکات بۆ کردنەوەی ڕێگەی یاسایی بۆ ئەو گەنجە کارامانەی دەیانەوێت بچنە ئەڵمانیا، هاوکات هاوکاریی ئەو کەسانەش دەکەن کە بە ئارەزووی خۆیان دەگەڕێنەوە.
کونسوڵی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەدا "ئەڵمانیا پێویستی بە دەستی کاری کارامە هەیە" و لەم ڕوانگەیەوە، پلانیان هەیە بۆ هاوکاریکردنی گەنجانی کورد. گوتیشی: "بۆ ئەم مەبەستە، ناوەندی هەماهەنگیی قەیرانەکان (JCC) و پرۆگرامی گەشەپێدانی کۆچ، بە هاوکاریی هەرێمی کوردستان کار دەکەن بۆ ئەوەی هاوکاریی گەنجان بکەن تا بە ڕێگەیەکی یاسایی بگەنە ئەڵمانیا."
لە لایەکی دیکەوە، کونسوڵی ئەڵمانیا تیشکی خستە سەر پرۆگرامی پشتیوانیکردنی ئەو کەسانەی کە بە خواستی خۆیان لە ئەڵمانیاوە دەگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان و گوتی: "ئێمە هاوکاریی ئەو کەسانە دەکەین بە ئارەزووی خۆیان دەگەڕێنەوە. لێرە، لە ڕێگەی ئاژانسی پەرەپێدانی ئەڵمانیا (GIZ)، یارمەتییان دەدەین بۆ ئەوەی دووبارە ئاوێتەی کۆمەڵگە ببنەوە و هەلی کاریان بۆ دابین بکەین."
بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆگرامە، ناوبراو ئاشکرای کرد، ناوەندیی تایبەتیان لە شارەکانی هەڵەبجە، ئیدارەی ڕاپەڕین و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کردووەتەوە.
