نزار زێوێیى به‌ڕێوه‌به‌رى گروپى میوزیکى لوڕ: فێستیڤاڵی بابل تێڕوانینی من و گروپهکهمانی ده‌رباره‌ى عه‌ره‌ب گۆڕی
6 ساڵ لەمەوپێش
سازدانى: شاناز حه‌سه‌ن
نزار زێوێیى به‌ڕێوه‌به‌رى گروپى میوزیکى لوڕ رایده‌گه‌یه‌نێت، پێشوازی گەرمیان لێکراوە لە فێستیڤاڵی بابل، ئەوەش بیر‌و ڕاى خۆی و گروپەکەی لەبارەی عەرەبەوە گۆڕیوە.
نزار زێوێیى له‌م چاوپێکه‌وتنه‌دا له‌گه‌ڵ هاوڵاتی باس له‌وه‌ده‌کات، که‌مته‌رخه‌مى حکومه‌ت و په‌روه‌رده‌یه که هونه‌ر و میوزیک پشتگوێخراوه.
هاوڵاتی: گروپى میوزیکى لوڕ که‌ى دامه‌زراوه‌و چه‌ند ئه‌ندامى هه‌یه؟
نزار زێوێیى: گروپى میوزیکى لوڕ له ساڵى 2008وه دامه‌زراوه، هه‌شت ئه‌نداممان هه‌یه. بیرۆکه‌که‌ى جه‌بار یاوه‌ره و له‌گه‌ڵ مندا باسیکرد و به خۆشحاڵییه‌وه به‌ده‌م ئه‌و پرۆژه‌یه‌وه چووم، که به‌شێک بوو له سه‌نته‌رى هاوبه‌شى لوڕ، به‌ڵام ئێستا گروپه‌که سه‌ربه‌خۆیه و ئیداره و کارکردنى خۆى جیاوازه.
هاوڵاتی: ئامانجى کارکردنى ئه‌م گروپه چییه؟
نزار زێوێیى: ئامانجمان زیندوو ڕاگرتنى میوزیک و گۆرانى کوردى و پاراستن و گه‌شه‌پێدانى هونه‌رى میللى کوردییه.
هاوڵاتی: چه‌ند ئه‌ندامى گروپه‌که‌تان خه‌ڵکى رۆژهه‌ڵاتى کوردستانن و پارچه‌کانى تر‌ى کوردستانن؟
نزار زێوێیى: ئه‌ندامه‌کانى ئێمه زیاتر خه‌ڵکى باشورن و رۆژههڵاتیشمان تێدایه. سیستمى ئه‌ندام وه‌رگرتنى ئێمه وایه هه‌موو که‌سێکى به ئه‌زمون و لێهاتوو وه‌رده‌گرین، ناشیبهستینهوه به گروپه‌که‌ى خۆمانه‌وه که ته‌نها کار له‌گه‌ڵ ئێمه بکات، ئه‌نداممان هه‌یه له چه‌ند گروپێکى تریش کارده‌کات.
هاوڵاتی: بۆچى ناوى لوڕتان له گروپه‌که‌تان ناوه ئایا ئیش له‌سه‌ر فۆلکلۆرى لوڕ ده‌که‌ن؟
نزار زێوێیى: ویستومانه ئه‌و پێکهاته‌ى سهرهکییهى کورد که لوڕه به‌شێکى که‌وتۆته باشورى ڕۆژهه‌ڵاتى کوردستان و به‌شێکیشى که‌وتۆته کوردستانى باشورى خۆمانه‌وه، ئه‌مانه به‌چه‌ند هۆکارێک له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته جیاوازه‌کانه‌وه، دورخراونه‌ته‌وه و به‌ش به‌ش کراون. بۆیه ئامانجمان ئه‌وه بووه، جارێکى تر ئه‌م ناوه زیندوو بکه‌ینه‌وه، بۆ ئه‌و نه‌وه‌ى نوێیه‌ى که پێ ده‌گات که‌متر خۆشه‌ویستى و دڵسۆزى بۆ خاک و وڵات مابێت. ورده ورده له‌و ڕێگه‌یه‌وه بتوانین ئهبدهیتى ئه‌و ناوه بکه‌ینه‌وه و به زیندوویى ڕایبگرین وه‌ک پێکهاته‌کانى تر.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناوه‌که‌مان وه‌ک تایتڵ هه‌ڵبژاردووه و پاراستنى و گه‌شه‌پێدانى هونه‌ر و میوزیکى کوردى، پاراستنى هه‌ریه‌ک له‌و پێکهاتانه ئامانجى کارکردنمانه.
هاوڵاتی: له‌م 11ساڵه‌ى ماوه‌ى کارکردنى گروپى میوزیکى لوڕ کاره‌کانتان چین که کردوتانه؟
نزار زێوێیى: له‌ماوه‌ى ئه‌و یانزه ساڵه‌دا 10 ئهلبوممان تۆمار کردووه تایبه‌ت به گروپه‌که‌مان، نزیکه‌ى 30 ڤیدیۆ کلیپمان هه‌یه، له زۆربه‌ى وڵاتانى ئه‌وروپا ئیسپانیا و فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا و نه‌مسا داوا کراوین و کۆنسێرتمان هه‌بووه. له وڵاتانى دراوسێ ئێران و تورکیا کارمان کردووه و به‌شداریمان کردووه، له بۆنه نه‌ته‌وه‌یى و نیشتیمانیه‌کان، به‌رده‌وام به‌شداریمان کردووه، چالاکترین گروپ بوین به‌تایبه‌ت له‌کاتى قه‌یرانه‌کان و شه‌ڕى داعش، به‌شێکى زۆرى گروپه‌کان کۆتای‌یان پێهات، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه گروپه‌که‌ى ئێمه زۆر چالاک‌تر بوو.
هاوڵاتی: هیچکات هه‌بووه ده‌عوه‌ت کرێین و نه‌توانن بڕۆنه ده‌ره‌وه؟
نزار زێوێیى: به‌هۆى قه‌یرانه‌کانه‌وه له‌م ساڵانه‌دا زۆرجار ده‌عوه‌ت کراوین، به‌ڵام به‌داخه‌وه نه‌مانتوانیوه بچین، چونکه له وه‌زاره‌تى ڕۆشنبیریه‌وه بودجه‌مان نه‌ماوه.
هاوڵاتی: له ماوه‌ى ڕابردوودا به‌شدارى هه‌شته‌مین فێستیڤاڵى بابلتان کرد؟ پیشوازى جه‌ماوه‌رى ئه‌وێ چۆن بوو؟
نزار زێوێیى: له‌لایه‌ن سه‌رپه‌رشتیارى فێستیڤاڵه‌که‌وه ده‌عوه‌ت کراوین و له ڕۆژى دووى ئایار به‌شداریمان کرد له‌و فێستیڤاڵه و ئه‌وه یه‌که‌مجاره که له‌سه‌ر ئاستى عێراق، گروپێکى کوردى ده‌عوه‌ت کرێت و به‌و شێوازه گه‌رمه پێشوازى مان لێ‌کرا که بیر‌و ڕاى من و گروپهکهشى ده‌رباره‌ى عه‌ره‌ب گۆڕى.
من پێموایه ئێمه خۆمان به‌ناهه‌ق ئه‌و بیره‌مان لاى خۆمان چه‌سپاندووه که هه‌رێمى کوردستان ته‌نها سێ پارێزگایه، ئه‌و هه‌ژده پارێزگایه هى ئێمه نییه، به‌ڵکو ئه‌و پێشوازییه گه‌رمه ئه‌وه‌ى سه‌لماند که کوردیان خۆش ده‌وێت و ئیمه هه‌موومان یه‌کین و ئیمه‌ش په‌یامى برایه‌تى و خۆشه‌ویستیى کوردمان پێگه‌یاندن. به ئاڵا و جلى کوردى، به‌شداریمان کرد. پیشوازییهکى زۆر گه‌رمتر و جیاواز ترمان لێ‌کرا.
هاوڵاتی: ئه‌و ئامێرانه‌ى له کار و چالاکیهکانتاندا به‌کارى دەهێنن، چین؟
نزار زێوێیى: گروپه‌که‌مان گروپێکى رۆژهه‌ڵاتییه، ئامێره‌کانمان کۆمه‌ڵێک ئامێرى رۆژهه‌ڵاتین، وه‌ک ئامێرى تار و سه‌نتور و عود و ده‌ف و زه‌ڕب و نهى و تارباس ...وه خۆشبه‌ختانه هونه‌رمه‌ندى وامان هه‌یه که ئاماده‌باشى پیشانداوه که له هه‌ر شوێنێک، پێویستمان به ئامێره‌که‌ى بوو، پێمان ده‌دات.
هاوڵاتی: گروپه‌که‌تان هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م شێوازى کارکردنه به‌رده‌وام ده‌بێت؟
نزار زێوێیى: ستایلى گروپه‌که به‌م شێوازه ده‌مێنێته‌وه، به‌رده‌وام ده‌بین، چونکه په‌یڕه‌وى پرۆگرامه‌که وایه.
هاوڵاتی: ئایا بڕیارتان نه‌داوه کار له‌سه‌ر ستایله‌کانى تر‌ى میوزیک بکه‌ن، وه‌کو پۆپ و جاز و ستایله رۆژئاواییه‌کانى تر؟
نزار زێوێیى: هه‌موو شتێک و هه‌موو کارێکمان پێ جوانه، به‌ڵام ئه‌م کاره‌ى ئێمه ئیشى ده‌سته و ئه‌مه کلتوره نابێت فه‌رامۆشى بکه‌ین، خۆمان به نوێنه‌رى کلتورى کورد ده‌زانین، بڕیارمان نه‌داوه گۆڕانکارى له ستایله‌کان بکه‌ین، چونکه ئه‌مه بۆته ستایلى کارکردنى ئێمه و به موزیک و ئالهتهکانهوه ده‌ناسرێینه‌وه.
هاوڵاتی: چۆن کارى گۆرانیبێژه تازه‌کان هه‌ڵده‌سه‌نگێنن که زیاتر به ستایلى رۆژئاوایى کارده‌که‌ن؟
نزار زێوێیى: ئێمه هه‌موو کارێکى هونه‌ریمان پێ جوانه، به‌ڵام شێواز و ئامانجى کاره‌کان جیاوازه، به‌شێک له هونه‌رمه‌ند هونه‌ریان کردۆته بازرگانى و بۆ خۆشى خۆیان کار ده‌که‌ن، ئێمه ئه‌رکمان پاراستنى هونه‌رى میللى نه‌ته‌وه‌ى کوردییه، بۆیه کاره‌که‌مان جیاوازه.
هاوڵاتی: ئێوه وه‌ک گروپه‌که‌تان کار له‌گه‌ڵ کام له هونه‌رمه‌ندان ده‌که‌ن؟
نزار زێوێیى: ناتوانم هونه‌رمه‌ندێک بهێنم که ستایلهکهى له‌گه‌ڵ ئێمه نه‌گونجێت، به‌ده‌ر له‌وه کار له‌گه‌ڵ هه‌موو هونه‌رمه‌ندان ده‌که‌ین که له‌گه‌ڵ ستایلى گروپه‌که بگونجێت له ڕ‌وى میوزیکه‌وه.
هاوڵاتی: کێ پشتیوانى دارایى گروپه‌که‌تان ده‌کات؟
نزار زێوێیى: جه‌بار یاوه‌ر ئه‌شقێکى بۆ هونه‌ر و نه‌ته‌وه و نیشتیمان هه‌یه. له قۆناغى یه‌که‌مى هێنانه سه‌رپێى گروپه‌که، هه‌موو هه‌وڵێکى داوه، له‌ڕێگه‌ى په‌یوه‌ندى تایبه‌تى خۆیه‌وه هه‌وڵى داوه، به‌ڵام تائێستا به بچوکترین وشه ده‌ستى له کاره‌که‌مان وه‌رنه‌داوه و دواى ئه‌وه تا چوار ساڵ له حکومه‌ته‌وه پشتیوانى ده‌کراین و بودجه‌مان هه‌بوو، دواتر به‌هۆى قه‌یرانه‌وه بڕاو گروپه‌که توانى به هه‌وڵ و تواناى خۆى خۆى بسه‌پێنێت و بۆئه‌وه‌ى بتوانین به‌رده‌وام بین، یه‌کێتى پشگیرى کردین و تائێستاش که‌سێک نه‌هاتووه که بڵێت ناومان بهێنن له‌کاتێکدا که حکومه‌ت پشگیرى بکردینایه ده‌بوایه هه‌موو رۆژێک ناوى بهێنین و بچین مۆسیقایان بۆ بژه‌نین.
هاوڵاتی: داواکاریتان له حکومه‌ت چییه که بۆ هونه‌ر و بوارى هونه‌ریى بکات؟
نزار زێوێیى: پێویسته له هه‌رێمى کوردستاندا با ئێمه‌ش فێستیڤاڵ یان یادکردنهوهیهکمان هه‌بێت، وه‌ک ئه‌وه‌ى بابل، کۆکردنه‌وه‌ى پارچه‌کانى تر یاخود وڵاتانى دراوسێ، واته قه‌تیس نه‌بین له‌م دوو سێ شاره‌دا، بۆئه‌وه‌ى وامان لێبێت که چوینه شوێنێکى تر نه‌زانین چۆن هه‌ڵسوکه‌وت ده‌که‌ین، ئه‌م چالاکیانه بۆ گۆڕینه‌وه‌ى هونه‌ر بکه‌ین تاببێته هۆى پێشکه‌وتنمان.
که‌مته‌رخه‌مى حکومه‌ت و په‌روه‌رده‌یه که هونه‌ر و میوزیک پشتگوێخراوه و منداڵه‌کانمان فێر ناکرێن وه‌ک په‌روه‌رده میوزیک بخوێنرێت بۆیه که کۆنسێرتێک ده‌کرێت ژماره‌یه‌کى که‌م خه‌ڵک ئاماده ده‌بێت، له‌کاتێکدا که ناوى ده‌نێیت ئاهه‌نگ به پاره‌یه‌کى زیاتر خه‌ڵکانێکى زۆر زیاتر ئاماده ده‌بن.