کەی چارەنووسی بێسەرو شوێنکراوان دیاریدەکرێت
عەلی مەحمود
5 ساڵ لەمەوپێش
عەلی مەحمود محەمەد
بۆ ئەنفالەکان 15 ساڵ چاوەڕوانیمان کرد, تا وردە وردە روفاتی بەشێکی بچوکیان هاتەوە, لە قۆناغی بێسەروشوێنییەوە چوونە قۆناغی شەهادەت, بارزانیەکان 20 ساڵ , فەیلیەکان 23 ساڵ, وەلێ بێسەروشوێنانی شەڕی ناوخۆیی هەموو لایەنەکان 23 بۆ 25 ساڵی خۆی تێپەڕاند,کە پشکی زۆریان دیلی جەنگ بوونە و دەبوایا بە پێی رێکەوتنامەی جنێفی 12ی ئابی 1949 مامەڵەیان لە گەڵدا بکرابایا و مافەکانیان پارێزراوبایاو لە گەڵ رێکەوتنی لایەنە بەشەڕ هاتووەکان ئازاد بکرانایا, چ وەک جەستە وە چ وەک چارەنوس, تا ئێستا دایک و خوشک و هاوسەرو منداڵەکان لە گەڵ هەر هەواڵێکدا دڵیان رادەچەڵەکێت» هەرچەندە بێسەروشوێنکردن مێژوویەکی کۆنتری لە کوردستاندا هەیە» کەسوکارەکانیان عەوداڵی خەبەری نوێن , پارچە قوماشێکن, گۆڕێکن, چیرۆکێکن, هاوکاری و قەرەبوو و داوای لێبوردن و مۆنمێنتێکن, چاوەڕوانی رۆژێکن تیایدا پڕ بە دڵ بدەن لە قوڵپەی گریان, بەدیار گۆڕێکەوە بگرێن , چاوەڕوانی پێشەنگێکن وەک دایکانی شەمەی ئەستەمبوڵ و دایکانی پلازا دی مایۆی بۆینس ئێرسن, لە رۆژێکدا وێنەی خۆشەویستەکانیان هەڵبگرن و بۆ چەند چرکەیەک بە ئازیزانیان شاد بنەوە, لە گەڵ گریاندا رق و داواکانی خۆیان بەتاڵ بکەنەوە, ئەوەی لە ناخیاندا قوڵپە دا بیهێننە قسەو رق و ئازارەکانیان بەتاڵ بکەنەوە.
بێسەروشوێنکردن تاوانێکی زەقی مافی مرۆڤ و یاسای نێو دەوڵەتی و جاڕنامەی گەردونی مافی مرۆڤ و یاسای مرۆیی نێونەتەوەیی و رێکەوتنامەی جنێف و رێکەوتنامەی نێونەتەوەیی دژ بە بێسەروشوێنکردن و دادگای تاوانی نیودەوڵەتی و ... ە, بەپێی پەیماننامەی رۆما دەچێتە چوارچێوەی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیەوە, واتا تاوانێکی زەق و گەورەی جیهانیەو کات و شوێن تاوانکار لە سزا ناپارێزێت, هیچ دەسەڵات و گروپێک مافی بێسەروشوێنکردنی هاووڵاتیانیان نییە, بە هیچ بەهانەیەک, کە تاوانکار بە پێی یاسای نێودەوڵەتی نابێت لە سزا رزگاری بێت.
بە بێسەروشوێنکردن پێشێلی مافی ژیان, مافی داکۆکی لە خۆ, مافی ئەشکەنجە نەکردن, مافی چارەسەری پزیشکی, مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە, مافی ناسنامە, مافی وتنی راستیەکان, مافی قەرەبووکردنەوەو داوای لێبوردنکردن , مافی رێزگرتن لە تەرمی قوربانییەکان.....ی قوربانی پێشێلکراوە, هاوکات بێسەروشوێنکردن پێشێلی مافی بنەماڵەکانیشیانە لە دابین نەکردنی ئاسایش , مافی ئابووری بۆ ژیان, مافی خوێندن,چارەسەری تەندروستی و مافی دەرخستنی راستیەکان و نە شاردنەوەی حەقیقەتەکانە.
بێسەروشوێنکراوان بارمتەی پارتە بەشەڕ هاتووەکانن نەک کەس و گروپ, بۆیە دیاریکردنی چارەنووسیان ئەرکی پارت و لایەنەکان و سەرکردەی لایەنەکانە نەک دەزگایەکی دی.
لەم یادەدا, 25 ساڵ چاوەڕوانی کەم نییە, پێویستە دەسەڵاتدارانی کوردستان چارەنووسی بێسەروشوێنکراوانی کوردستان دیاریبکەن و لیژنەیەک بە بەشداری رێکخراوە نێودەوڵەتییە تایبەتمەندەکان پێک بهێنن, بۆ دەرخستنی راستییەکان و قەرەبووی قوربانییەکان لە روی « ئابووری, داوای لێبوردن کردن, وتنی راستیەکان, دیاریکردنی چارەنووس, دروستکردنی مۆنمێنتی یادەوەری و دیاریکردنی رۆژێک بۆ بێسەروشوێنکراوان. ....».
وەک پشتیوانیکەرێکی هەمیشەیی بنەماڵەی بێسەروشوێنکراوان, تەنها دەتوانم بڵێم دڵم لە گەڵ دڵی دایکانیانە، بۆیە هەمیشە تاکە کەس بوومە لە گەڵتان بەڵام ئازارم وەک ئێوە نەبووە, بەڵکە خەمی ئێوە خەمی منیش بووە.