ئایا خەڵکى ئێمە بیر لەکۆچکردن بکاتەوە؟

5 ساڵ لەمەوپێش



شوان سدیق

 

تەنیا خەڵکى ئێمە وەک قومارکردن لەکۆچ دەڕوانێت، ئەگینا گەلانی تر بەپێچەوانەوە. ئەمەش تێڕوانینێکی هەڵەی کوردە چونکە کۆچکردن تەنیا گەشتکردن نییە، جێهێشتنی رابردوویەکە، پاشان هەڵگرتنی خەم و ئەرکێکی قورسترە، بوونە پلە دوویی و هەڵکردنە بەشاخێکی سەختدا!

خێزانێکی ئۆکرانى هێندەى یەک گەنجى کورد پارە نادات بەقاچاخچى. تەنانەت ئەفریقاییەکان وەکو کورد قومار ناکەن کەگەیشتنە رۆژئاوا بەبوون و نەبوون رازى دەبن، بەڵام خەڵکى ئێمە کەهاتنە ئێرە، بەدوای شوێنی راقی و سەیارەو گرفتی سەرەکیشیان خواردن و شوێن و هەڵکردنە لەگەڵ خەڵکی تر.

پاشان کوردەکان چاویان لەشتێکە لەدونیای کۆچ و پەنابەریدا ئاسان نییە وەک شوێنی نیشتەجێبوون، هەروەها پابەندنەبوون بەکات و سیستەمی کەمپ و ناوەندی پەنابەری. گرفتێکی سەرەکیانە!

من ئەمە بۆ ئەوە دەگەڕێنمەوە، خەڵکی ئێمە لەدەست هەژارى راناکەن، ئەوان لەدڵنیانەبوونى ژیانیان هەڵدێن، بەشێکیشیان چاولێکەرى دەکەن!

کۆچبەرى کورد هەیە، خانووى لەکوردستان فرۆشتووەو ماوەى چوار ساڵە مافى پەنابەرى وەرنەگرتووە، کەسێکیش مافى پەنابەرى نەبێ مافى خوێندن و کارى نییەو ژیانى ئاسایى لێ یاساغ و سنووردار دەکرێ.

کۆچبەریش هەیە بەدوو ملیۆن دینارى عیراقى خۆى گەیاندوەتە ئەڵمانیا هەرزوو چیرۆکیکى داتاشراوى پێشکەشکردوەو ئێستا مافى پەنابەرى هەیە. ئەو کار دەکات، شەوو رۆژى خستوەتە سەریەک ئامانجى تەنیا پەیداکردنى پارەیە هیچ بۆى گرنگ نییە لەئەڵمانیا چیش دەگوزەرێ ئەوەى گرنگە بۆ ئەو کاربکاو تۆزە پارەیەکى هەبێ!

نموونەى تریش، خیزانى کورد هاتووەتە دەرەوە بەناوى ژیانیکى باشتر سەرلەبەرى ئەندامانیان لەیەک هەڵوەشاوەتەوە. ئەوان تازە لەدەست یەک چوون و هیچ شتیک نایان گەڕێنێتەوە، سەردەمى کوردستان!

کەوایە لیرەدا وەڵامى پرسیارەکەمان بۆ روون دەبێتەوە، ئایا بەکۆچکردن مرۆڤ دەگات بەئامانجى خۆشبەختى و ژیانێکى باشتر؟ ئایا ئێمە بیر لەکۆچکردن بکەینەوە؟

هەڵبەت کەئەم کۆچە دەستیپێکرد هەموو ئیحتیمالات و ئەگەرێک چاوەڕێى لێدەکرێ کۆچکردن قومارێکە گەر ئەنجامى بدەیت، خۆت و چانسى ئەو کۆچبەرەیە من باسى کوردى خۆمان دەکەم!

ئەوروپا ئەمڕۆ بۆتە بەهەشت و دۆزەخى پەنابەرانیش، من واى دەبینم گرفتەکان زیاترن تا خۆشبەختى و ژیانیکى باشتر، چونکە بەتایبەتى لەم سەردەمەدا کۆچبەر هیندە زۆر بووەو رۆژبەڕۆژیش عەقڵیەتى راسیستى گەشە دەکات، خەریکە شتێک نامێنێ بەناوى ماف!

کۆچبەریش کە رووى لەم وڵاتانە کرد سەرتاپا ژیانى دەگەڕێتەوە، بۆ خاڵى دەستپێک و پێویستە ئەو خەریکى فێربوونى زمان و تێگەیشتن بیت، لەکۆمەڵگاو کەلتوور و یاساکان. هەربۆیە ئەم کۆچبەە کەدەکەوێتە نێو ئەم زەمەنە نوێیە زۆرجار ئامانجەکانى رابردووى لەبیر دەکات، کەکۆچى بۆی کردووە، چونکە هەموو خەون و خولیایەکى ئەو سەرەتا لەفێربوونى زمان و راهاتن لەگەڵ ئەم کەلتوورە جیاوازو فرەڕەنگەدا کۆدەبێتەوە. کاتەکانیش لەدونیاى کۆچبەریدا ئەوەندە بەخێرایى دەگوزەرێن، کابراى کۆچبەر هیشتا مافى پەنابەرى وەرنەگرتووە چەند ساڵێک لەتەمەنى رۆیشتووە..

ئێمە لەنێو شوێنى لەدایکبوونمان، زۆرتر گوێ بەکات و تەمەن و تەنانەت فێربوونیش نادەین، بەڵام لێرە بۆ ئێمە شتەکان پێچەوانە دەبنەوە، کەسێک بیست ساڵیش تەمەنى بێت بگاتە ئەوروپا تاخۆى دەدۆزێتەوە تەمەنى دەگاتە بیست و حەوت ساڵ ئەگەر ئەوکەسەش سى ساڵان بێ ئەرکى قورستر دەبێ، یان دەبێت گوێ بەهیچ شتێکى ژیان نەدات، وەک هەندێ لەوکەسانەى بەتەمەنێکى گەورە هاتوونەتە ئەوروپاو پێیانوایە تازە فێرى زمان و هەندێ شت نابن، بەناچارى و لەگەڵ گرفتەکان ژیانى رۆژانەی خۆیان دەگونجێنن!

هەڵبەت ئەم گرفت و بەربەستانە پاش وەرگرتنى مافى پەنابەریە ئەگەر هات و کەسێکیش مافى پەنابەرێتى رەتبکریتەوە، رووبەڕووى چەندان گرفتى ژیان و کارى قورس و ئاستەنگ دەبێتەوە. کۆچبەر هەیە ١٠ ساڵە مافى پەنابەرى نییە، ئەو چۆن دەژى؟

هەموو ژیانى بەڕەشە هەمووکاتیک ترسى لەدەستگیرکردن هەیە، هەموو مافە سەرەتاییەکانى لێ قەدەغەکراوە، پاشان لەڕووى کۆمەڵایەتیشەوە هەست بەنامۆبوون دەکات، ئازاد نییەو ناچارە کارى قورس بکات بۆ پەیداکردنى بژێوى. خێزانى کورد هەیە منداڵیشیان لێرە لەدایک بووە، بەڵام تەواوى خێزانەکە داواى مافى پەنابەرییان رەتکراوەتەوە، ئەم گرفتە تەواوى ئەوروپاى گرتوەتەوە تەنیا پەیوەندى بەیەک وڵاتەوە نییە.

زۆر خێزانیش هەیە چانسى ژیانیان باشتربووە، پاش وەرگرتنى مافى پەنابەرى ئێستا ژن و منداڵ و پیاوەکەش ژیانێکى ئاسایى دەبەنە سەر، من کەباسى هەردوو لاى رووداوەکانى کۆچ دەکەم مەبەستمە بڵێم ئەمڕۆ لەتەواوى ئەوروپادا رەتکردنەوەى داواى مافى پەنابەرێتى زیاترە لەقبووڵکردن!.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار