هاوڵاتى بیستەمین مۆمی تەمەنی دادەگیرسێنێت

5 ساڵ لەمەوپێش



 

ستافی هاوڵاتى

رۆژنامەی هاوڵاتى وەک یەکەمین رۆژنامەی ئەهلی لەباشووری کوردستان لەڕۆژی 5/11/2000 دا یەکەم ژمارەی لێ دەرچوو، ١٩ ساڵی تەمەنی سەربەرزانە بەڕێکردو ١٩ مۆمی کوژاندەوە. ئەمڕۆش مۆمی بیستەمی دادەگیرسێنێت، ئەوەش لەکاتێکدایە کە گەلەکەمان لە رۆژاڤا رووبەڕووی پەلامارو هێرشی دڕندانەی تورکیا بۆتەوە، کە هاوڵاتی ئەو پرسەی کردۆتە جێی بایەخی خۆی.

رۆژنامەی  هاوڵاتى لە رۆژی 27-2-2016 راگیرا دوای ئەوەی قەیرانی دارایی لەکوردستان کەوتە قۆناغێکی قووڵەوە، هاوڵاتى بۆ ماوەی دوو ساڵ راوەستا، بەڵام دوای ماوەی دوو ساڵ و دوو مانگ و بەدیاریکراوی لە ٤ی مانگی نیسانی ٢٠١٨ەوە دەستی بەدەرچوون کردەوە، لەوکاتەوە تا ئێستا هەفتانە بڵاوبۆتەوە. قورسی ئەو قۆناغە هیچ کەمتر نەبوو لە قۆناغی سەرەتاکانی دەرکردنی هاوڵاتى لەساڵی ٢٠٠٠دا.

هاوڵاتى لەسەرەتادا هەفتەی جارێک بڵاودەکرایەوە، پاشان کرا بەهەفتەی دووجارو دواتر کرایە رۆژنامەیەکی رۆژانە.

ئێمە لە  هاوڵاتى کەساڵی رابردوو بڕیارماندا رۆژنامەکە هەفتانە دەربکەینەوە، بڕیارمان دابوو وەکو سەرەتای دامەزراندنی بکرێتەوە بە هەفتەی دووجارو پاشان بکرێتەوە بە رۆژانە.

کاتێک  هاوڵاتى لەساڵی ٢٠٠٠ بڕیاریدا هەفتانە دەربچێت هەر لەسەرەتاوە هەوڵیدا تاوەکو قەڵەمە جدییەکان لەدەوری خۆی کۆبکاتەوەو هەروەها وەرگری کوردیش بپارێزێت لەبەردەم هەژموونی میدیای حزبیی، ئێستاش وا هەستەدەکەین ئەم بۆشاییەی کە دروست بووە هەر بە  هاوڵاتى پڕ دەبێتەوە. لەکاتێکدا هەژموونی میدیای حزبی و تاکەکەسی ناو حزبەکان بەشێوازێکی نوێ پانتاییەکی گەورەیان لەنێو میدیای کوردی داگیرکردووە.

دوای ١٩ ساڵ لەدەرچوونی یەکەم ژمارەی هاوڵاتی، لەسەر هەمان ئەو بنەمایانە کاردەکات کە هاولاتی لە پێناویدا دەرچوە، کەئەویش دروستکردنی رای گشتی و پێدانی زانیاری دروستە دوور لە دەرەوەی هەژموونی میدیای حزبی کە لەئێستادا پانتاییەکی فراوانی داگیرکردووە بەهۆی پاڵپشتیکردنی حزبەکانەوە.

ئەرکی هاوڵاتى لەئێستادا وەکو میدیای جدی و پرۆفیشناڵ ئەوەیە وەرگری کورد بپاریزێت لەهەواڵی ساختەو چەواشەکارو بەلاڕێدابەر، ئەگەرچی ئەم کارە ئاسان نیە و ماندوبوونی زۆر دەوێت، بەڵام مەحاڵیش نیە بۆ کەسانی خاوەن ئیرادە

هاوڵاتى بەوپێیەی پێشتر ئەم ئەزموونەی تاقیکردۆتەوە، هەوڵدەدات قۆناغی داهاتووش تێپەڕێنێت و وەکو ناوێکی زیندوو بمێنێتەوە. پێشمانوایە ئەرکی ئێمە وەکو میدیایەک پیشەیی قورستر بووە، چونکە خوێنەر کەوتۆتە بەر لێشاوێکی چڕی هەژموونی جۆراوجۆری میدیا کەئاسان نییە بتوانێت سەرچاوەی هەواڵ و زانیاری راستەقینە بدۆزێتەوە ئەگەر کەسێکی بەئاگا نەبێت.

ئێمە لەو روانگەیەوە ئەم ئەرکە دەخەینە سەرشانی خۆمان کەهەست بەبۆشاییەکی گەورە دەکەین، بەتایبەتی کاتێک دەبینین رووداوێک لەکوردستان روودەدات میدیا ئاڕاستەکراوەکان هەریەکەو بەپێی بەرژەوەندی خۆیان رووداوەکە نیشانی بینەرو بیسەرو خوێنەر دەدەن و دابەشبوونێکی کۆمەڵایەتیان لەناو خەڵکیدا دروستکردووە.

بەناوی ستافی هاوڵاتى-یەوە پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی سەرجەم خوێنەرانمان دەکەین و بڕیاری بەردوامبوون دەدەین لەسەر هەمان ئەو ئامانجەی کە هاوڵاتی لە پێناویدا دەرچووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار