حەجی مەسیحیەکان لە ئیسپانیایە
مەزارگەی "جەیمسی پیرۆز"، ناوچەیەی بەگالیسیا لەئیسپانیا
7 ساڵ لەمەوپێش
ساڵانە هەزاراها هاوڵاتی مەسیحی سەردانی مەزارگەی "جەیمسی پیرۆز" دەکەن لەئیسپانیا کە بەحەج ناوی دەبەن.
هاوڵاتی
هاوشێوەی جیهانی موسڵمانان، مەسیحیەکانیش شوێنێك شك دەبەن تاکۆ بتوانن لەڕێیەوە خۆیان لەگوناحەکانیان پاكبکەنەوە، مەزارگەی کامینۆ دێ سانتیاگۆ یان "جەیمسی پیرۆز"ی وڵاتی ئیسپانیا رۆڵی کەعبەی موسڵمانان بۆ مەسیحیەکان دەبینێت.
مەزاری جەیمسی پیرۆز دەکەوێتە باکوری رۆژئاوای ئیسپانیا لەو ناوچەیەی بەگالیسیا ناسراوەو ساڵانە هەزاران هاوڵاتی مەسیحی سەردانی دەکەن کە بەحەجی مەسیحیەکان ناسراوە.
ناوی "جەیمسی پیرۆز" کە لەو مەزارگەیە نراوە بەپێی شوێنکەوتوانی ئاینی مەسیحی یەکێكە لە ١٢ هاوەڵەکەی مەسیح "عیسا"و بەیەکەم "شەهید"ئ رێبازەکەی دادەنرێت.
ماڵپەری نیویۆڕك تامیزی ئەمریکی لەڕاپۆرتێکدا ئەو سودە ئابوریەی ئاشکرا کردوە کە ئیسپانیا ساڵانە بەهۆی ئەو مەزارگەیەوە دەستی دەکەوێت ئەوەش لەڕێگەی زۆربونی سەردانکەرانیەوە کە وەك دابونەریتێکی ئاینی لێهاتوە.
سەردانکەران بەشێوەی گروپ و تیم گەشتێکی یەك مانگی بۆ ئەو مەزارگەیە ئەنجامدەدەن، کۆڵە پشت و جانتای گەورە هاوەڵی سەردانکەرانن، بەنەریتکردنی ئەم جۆرە گەشتە، کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی سەدەی نۆزدە، جگە لە بەجێهێنانی ئەرکێکی ئاینی و رۆحی توانیویەتی کەرتی گەشتیاریش وڵاتی ئیسپانیا گەشە پێبدات، تەنانەت لەو کاتانەی کە ئابوری ئەو وڵاتە و جیهانی توشی قەیران دەبن، ئەم جۆرە حەجکردنە داهات و سەرمایە زۆرەکەی هەر بەردەوام دەبێت.
"لەپڕ خۆت دەبینیت بەماندویی لەگەڵ خەڵکانێک رێ دەکەن کە وەك ئەوەی بۆ ئاهەنگ یان پەرکیک هاتبن، بەشەوقن، ئەم گەشتە وەكو ژیان وایە، تێکەڵە لەئەزمونی دڵخۆشکەرو خەمۆکی"، ئەمە وتەکانی ماریایە بۆ رۆژنامەی نیۆیۆرك تامیز کە یەکێکە لە سەردانکەران و لەوێسگەیەکی رادیۆ لەپاریس کاردەکات و نزیکەی ٤٨٠ میل رێگەی لەوڵاتەکەیەوە بڕێوە تا بگاتە مەزارگەی جێمسی پیرۆز.
جیا لە مەزارگەکەی جەیمس، خەڵکێکی زۆر ساڵانە بەمەبەستی پەرستن و نوێژکردن سەردانی کۆشکی "ڤێرن مێری" دەکەن کە پەریکەرێکی کۆنی عیسا و مەریەمی دایکی تێدایە.
شارەوانی ئەو ناوچەیە لەسەرەتای ئەمساڵدا رایگەیاند کە ئەوان ئیتر باجی ژینگەی لەسەردانکەرانی ئەو شوێنە پیرۆزانە وەردەگرین ئەوەش بەوە دەبێت کە گەشتیارەکان ئەوە خاشاکە کۆبکەنەوە کە دوای خۆیان بەجێیدەهێڵن.
بەدەیان کۆمپانیای حکومی و تایبەتی ئیسپانیا لەئێستادا هەوڵ بۆ وەرگرتنی تەندەرو پڕۆژە دەدەن وەك دروستکردنی رێگایەکی نوێ بۆ ئەو پێگە ئاینیە تا بتوانن زۆرترین هادات لەڕێگەی گەشتیارانەوە قازانج بکەن.
بەپێی ئامارە رەسمیەکانی حکومەتی مەدرید لەساڵی ١٩٨٤دا تەنها ٤٢٣ هاوڵاتی ئیسپانیا بڕوانامەی بەحاجیبونیان لەمەزارگەی جەیمس وەرگرتبوو، مەرجی سەرەکیش بۆ پێدانی ئەو بڕوانامەیە ئەوەیە دەبێت ١٠٠ کیلۆن مەتر بەپێ ببڕن لەو ناوچەیەدا.
دوو لە کەسایەتیە جیهانیەکان کە تائێستا سەردانی مەزاری "جەیمسی پیرۆز"یان کردوە هەریەک لەئەنجیلا مێرکلی راوێژکاری ئەڵمانیاو ماریۆ راژۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیایە.
لەکاتی سەردانەکەی مێرکڵ، ئۆگستن هێرناندز سەرۆکی شارەوانی گالیسیا کە مەزارگەکەی لێیە رەخنەی لە کەمی ئەو پارەیە گرت کە تەرخانکراوە بۆ ئاسانکردنی گەشتنی گەشتیاران لەمەزارگەکەو داوای لە مێرکڵ کرد کە هەوڵبدات حکومەتی ئیسپانیا قایل بکات بۆ یارمەتیدانی شارەکەی.
تائێستا
هۆکاری زیادبونی سەردانکەرانی ئەو ناوچەیە بەتەواوی رون نیە، بەڵام کڵێسای رۆمان کاسۆلیکی ئەو ناوچەیە هۆکارەکە بۆ زۆربونی رێژەی مەسیءیەت دەزانێت.
بەگوێرەی بەدواداچونێکی پەیمانگەیەکی حکومەتی ئیسپانیا کە کار لەسەر کایەکانی کۆمەڵگا دەکات رێژەی گەشتیاران بۆ ئەو ناوچەیە بە بەراورد بەساڵی رابردوو لەسەدا ٧،٥ زیادیکردوە.
بەڵام بەپێی راپۆرتەکەی نیویۆرك تایمز بەرزی رێژەی بێکاری لەئیسپانیا و هەبونی کاتێکی زۆری زیادە لەژیانی هاوڵاتیانیدا یەکێکە لە هۆکارەکانی زۆربونی سەردانکەرانی مەزاری جەیمسی پیرۆز کە وایکردوە کە خەڵکی زیاتر خوو بدەنە گەشتکردن .
لیجیا ژانگ نوسەری ئیسپانی، بۆ نیویۆرك تایمزی وتوە "پێویستە دەسەڵاتدارانی ئیسپانیا چەند گرنگی دەدەن بە گەشتیاری ئەوەندەش گرنگی بدەن بەشوێنە پیرۆزەکانی ئەو ناوچەیە".
زۆرێك لەگەشتیاران دەزانن و رەخنەش لەکەمی خزمەتگوزاری گشتی دەگرن و بەوتەی دانیشتوانی ناوچەکەش زۆری گەشتیاران بۆتە هۆی کردنەوەی هۆتێل و شوێنی گەشتیاری و ئەمەش رێژەی بێکاری لەو ناوچەیە کەمکردۆتەوە.
"پێنج ساڵ بوو بێکاربوم، بەڵام دوای کردنەوەی میوانخانەیەکی ٤٠ ژوری ئێستا کاردەکەم،زۆربونی ژمارەی گەشتیاران هۆکارێکە بۆ دەستکەوتنی کار لێرە"، ئەمە وتەی کۆنچای دانیشتوی شاری گالیسیا بوو بۆ نیویۆرك تایمز.