هاوڵاتی رێکخراوی CPTی ئەمریکی رایگەیاند، لەمساڵدا تورکیا زیاد لە 80 شوێنی لە هەرێمی کوردستان بۆردومان کردووە و هەشت هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە، دەشڵێت لەساڵی 2015ەوە 147 کەس لە هێرش و ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا کوژراون. بەپێی وتەی کامەران عوسمان، ئەندامێکی رێکخراوەکە، تورکیا تەنها لەمساڵدا 82 شوێنی لە هەرێمی کوردستان بۆردومان کردووە کە بەهۆیانەوە هەشت هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە و سێیانی تریش برینداربوون. ئەندامەکەی CPTی دەشڵێت، "لەو هەشت کەسەی کوژراون، چواریان لە پارێزگای دهۆک و چواریان لە سلێمانی بوون، ئەو سێ کەسەی برینداریش بوون، دووانیان لە پارێزگای دهۆک و یەکێکیان لە پارێزگای سلێمانی بوون." کامەران عوسمان ئەوەشی خستوەتەڕوو کە لەساڵی 2015ەوە تا ئێستا، 147 کەس لە هێرش و بۆردومان و ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا کوژراون و 219 کەسی تریش برینداربوون، ئەمە جگە لەوەی 158 گوند چۆڵکراون و 600 گوندیش مەترسی چؤڵکردنیان لەسەرە.
هاوڵاتی ساڵح موسلیم لەبارەی هێرشەکانی تورکیاوە بۆ سەر خاکی هەرێم و بەئامانجگرتنی خەڵکی مەدەنی رەخنەی توند لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەگرێت و دەڵێت، "پارتی رۆڵێکی خراپ دەگێڕێت." ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە)، لە لێدوانێکدا رایگەیاند، "حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە سەرۆکایەتی دەکرێت ئێستا بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا بێ دەنگە لەکاتێدا دەزانێت ئەو هێرشانە بۆ سەر خەڵکی سڤیلن و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج." هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێم لە ماوەی رابردوودا زیادی کردووە و تەنها لە چوار رۆژی رابردوودا، تورکیا بە درۆن سێ ئۆتۆمبێلی لە ناحیەی ناڵپارێز و خەلەکان و قەزای ماوەتی سەر بە پارێزگای سلێمانی کردووەتە ئامانج. لە هێرشەکانی خەلەکان و ناڵپارێز تەنها کەسانی سڤیل بوونەتە قوربانی. لەدوای هێرشەکان دژەتیرۆری کوردستان، کە پارتی دیموکراتی کوردستان ئاراستەی دەکات، رایگەیاند، لە هێرشەکاندا "چەکدارانی پەکەکە" و "بەرپرسی باڵای پەکەکە کوژراون." سەبارەت بە هەڵوێستی پارتی، سەرۆکی پەیەدە رایگەیاند، "ئێستا ئەو حزبە ڕۆڵێکی خراپ لەو هێرشانەدا دەگێڕێت و نایەوێت بێتە ئەو بەرەیەی کە دژی هێرش و داگیرکارییەکانی سەر خاکی کوردستان دروست بووە."
هاوڵاتی کۆمپانیای ئاسیاسێڵ بڵاویکردەوە یەکێک لەو سێ کەسەی کە لە هێرشە درۆنییەکەی دوێنیی ناحیەی ناڵپارێز گیانی لەدەستدا کارمەندی ئەوان بووە، دەشڵێت، ئەو کەسە بەرەگەز عەرەب بووە و دانیشتووی دهۆک بووە. لە راگەیاندراویكدا کۆمپانیای ئاسیاسێڵ بڵاویکردەوە، شۆفیری ئەو ئۆتۆمبێلەی لە هێرشە درۆنییەکەی تورکیا لە ناحیەی ناڵپارێزی سەر بە پێجوێن لە رۆژی هەییندا بووە قوربانی، کارمەندی ئەوان بووە. ئاسیاسێڵ دەڵێت، قوربانییەکە ناوی "حەسەن ئەحمەد كەشمولەیە و عەرەبی موسڵاویە، هاتبوو سەردانی كچەكەی بكات لە سنوری باشماخ كە خوێندكارە لە كۆلیجی پزیشكی شاری سنە و بیهێنێتەوە بۆ موسڵ." ئەوەش هاتووە، "دوو كەسەكەی تریان باوك و كچێك بوون بەناوی زیاد مستەفا خدر و كچەكەی لە دایكبووی 2006 بوو دانیشتووی رەشیدیەی موسڵە بۆ هەمان مەبەستی حەسەن كەشمولە كە دراوسێیان بوو وە بۆ هێنانەوەی كچەكەیان بۆ موسڵ" لەگەڵی بوون. لەکۆتایی راگەیاندراوەکەدا ئەوە هاتووە کە سەرجەمیان خەڵکی موسڵن و بەرەگەز عەرەبن، "بەهۆی باری ناهێمنی موسڵەوە" روویان کردووەتە دهۆک.
هاوڵاتی بەپێی هەواڵێکی میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان، لە ناوچەی جندرێس لە کانتۆنی عەفرین دوو بەرپرسی خۆجێی کچێکی کوردیان رفاندووە و دەستدرێژیان کردووەتەسەری وەک میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان باسیانکردووە، ئەو دوو بەرپرسەی گروپە توندڕەوەکان کە سەر بە ئەنجومەنی خۆجێی جندرێسن، لەبەرچاو کەسوکارەکەی کچێکی کوردیان رفاندووە و کە تەمەنی 14 ساڵە و پاشان هەڕەشەی کوشتنیان لە کەسوکارەکەی کردووە ئەگەر نارەزایی دەرببڕن. بەپێی زانیارییەکان، ئەو دوو بەرپرسە سەر بە گروپی توندڕەوی سوڵتان سلێمانن کە دەستیان بەسەر چەند ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستاندا گرتووە بە پشتیوانی تورکیا، پاش رفاندنی ئەو کچەش دەستدرێژی سێکسیان کردووەتەسەر، روداوەکەش لە ناوەندیك کە ئەو گروپە وەک کەمپی خۆیان بەکاری دەهێنن رویداوە. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژئاوای کوردستان دەڵێن، ئەو ناوەندە و چەندین ناوەندی دیکە کە کە گروپە توندڕەوەکان بەکاری دەهێنن، وەک شوێنێک بۆ کۆکردنەوەی کچان و ژنان دروستکراون و ئەو ژنە و کچە کوردانەش کە دەرفرێندرێن لەو ناوەندەدا دەستدرێژیان دەکرێتەسەر و چەکدارەکان وەک "شوێنی رابواردن"ی خۆیان بەکاریدەهێنن.
هاوڵاتی نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند بودجەی هەرێم بەتەواوی نەنیردێت تا کۆتایی ئەم مانگە، وەزیری دارای عێراق بانگێشتی پەرلەمان دەکەین، دەشڵێت، لە 18 بۆ 25 مانگدا بدجەی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت. نەرمین مەعروف لە چاوپێکەوتنیکدا رایگەیاند، وادەی خەرجكردنی بودجەی هەرێمی كوردستان لە نێوان 18 بۆ25ی مانگدا دەبێت، لەو ماوەیەدا لیستی موچەی فەرمانبەران لە عێراق خەرج دەكرێت، بۆیە بەگەیشتنی پارەش دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 7ی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەکرێت. ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق وتیشی، "خواستی ئێمەیە تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە پشکی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای بودجەی نوێ بنێردرێت." نەرمین مەعروف لەسەر ئەگەر نەناردنی پشکی هەرێم باس لەوە دەکات کە "ئەگەر دوای دەرچوونی رێنماییەکانیش بەشە بودجەکە بە تەواوی نەگات، نەک تەنیا بانگهێشتکردنی وەزیری دارایی بۆ پەرلەمان و پرساندنی دەکرێت، بەڵکو کۆمەڵێک رێکاری دیکەش دەگیرینەبەر."
هاوڵاتی دوای 47 ساڵ لە هەڵدانی دواین کەشتیی ئاسمانی بۆ سەر مانگ، رووسیا کەشتیی لونا 25ی بە مووشەکی پێشکەوتووی سۆیوز 2 بۆ نیشتنەوە لەسەر مانگ هەڵدا. بڕیارە تاوەکو 16ی ئەم مانگە کەشتییەکەی رۆسکۆزمۆس، ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی رووسیا بگاتە خولگەی مانگ. دوای مانەوەی 5 بۆ 7 رۆژ لە خولگەی مانگ، لە 21 یان 23ی ئاب لەسەر مانگ دەنیشێتەوە. ئامانجی سەرەکیی ناردنی کەشتییەکە، نیشتنەوەیەتی لە جەمسەری باشووری مانگ و دۆزینەوەی ئاوە تێیدا. ئەمەش دوای ئەوەی ناسا لە 2020 بوونی ئاوی لەو جەمسەرە پشتڕاستکردەوە. رکابەریی نێوان چین و ئەمریکا لە دۆزینەوەی ئاوی سەر مانگ زیاتر دیارە بەڵام ئەمە هەموو بابەتەکە نییە. ئامانجەکە رکابەریی سیاسییە لە نێوان وڵاتانی زلهێزی و وڵاتانی دیکە کە دەیانەوێت ناسناوی 'زلهێزی بۆشایی ئاسمان' وەرگرن؛ لەوانە رووسیا، هیندستان و ژاپۆن". کەشتییەکەی رۆسکۆزمۆس 1.8 تۆنە و 31 کیلۆگرام کەرەستەی زانستی تێدایە. ئەگەر ناردنەکە بە گوێرەی پلان بڕوات، کەشتییەکە یەک ساڵ لەسەر مانگ دەمێنێتەوە. دڕێڵێکیش کە توانای کونکردنی 41 سانتیمەتر قووڵی هەیە، نموونەی بەرد و خۆڵی سەر مانگ دەگەڕێنێتەوە سەر زەوی.
هاوڵاتی وەزارەتی دارایی عێراق رەتیکردەوە مانگانە بڕی هەزار دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندیی بەهەر هاوڵاتییەکی شاری بەغدا بفرۆشێت . ئەمڕۆ شەممە، عێراق ژمارەیەک ڕێکاری جیاجیای گرتۆتە بەر بۆ جێگیرکردنی بەهای دۆلار لە بازاڕەکاندا ولەم پەیوەندەدالە میدیاکانی عێراق بەناوی نوسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی دارایی عێراق بڵاویانکردەوە کە وەزارەتی دارایی بڕیاری داوە؛ مانگانە بڕى 1000 دۆلار بەنرخی بانکی ناوەندی بەهاوڵاتییانی شاری بەغداد دەفرۆشرێت . وەزارەت دارایی عێراق لە راگەیەنراوێکیدا رەتیکردوەتەوە کە تاوەکو ئێستا رێنمایی لەو جۆرەیان لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پێگەیشتبێت. ئەمەشلەکاتێکدایە کە تەنها لە ماوەی هەفتەى رابردودا، بانکى ناوەندى زیاتر لە ملیارێک دۆلارى خستوەتە بازاڕەکانەوە زۆرترین بڕیش کە خستویەتییەڕو زیاتر لە 212 ملیۆن دۆلار بوە. تا ئێستاش بەهاى دۆلار لە بازاڕەکانى ئاڵوگۆڕى دراو لە عێراق و هەرێمى کوردستان بە ناجێگیریی و بەرزى ماوەتەوە و لە سەروى 150 هەزار دینارەوە مامەڵەى پێوە دەکرێت و بۆ ئەمڕۆش بەهاى 100 دۆلارى ئەمەریکى لە بازاڕەکانى هەرێمى کوردستان بەرامبەر بە 152.550 هەزار دینارە.
هاوڵاتی ئەو ئوتومبێلەی دوێنێ هەینی لەسنوری ناحیەی ناڵپارێز لە پێنجوێن لەلایەن درۆنێکەوە کرایە ئامانج و تیایدا سێ کەس بوونە قوربانی، هاوڵاتی مەدەنی بوون . دوێنێ هەینی 11/8/2023 ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا-کامری لە نزیک ناحیەی ناڵپارێز لە پێنجوێن لەلایەن درۆنێکەوە کرایە ئامانج و تیایدا سێکەس بوونە قوربانی. چەند سەرچاوەیەک بڵاویانکردۆتەوە کە ئەو هاوڵاتییانەی لە ئۆتۆمبێلەکەی دوێنێدا بوون كارمەندی ئاسیاسێڵ بوون هاوکات بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوانە ئەو كارمەندانەی ئاسیاسێڵ کەسێکیان لەئێران بووە و چوون بەدوایدا لەرێگا كراونەتە ئامانجی ئەو هێرشە و ناشزانرێت بۆچی كراونەتە ئامانج. ئەمەش لەكاتێكدایە بەپێی راگەیەندراوێكی دەزگای دژەتیرۆری كوردستان لەبۆردومانەكەی دوێنێی پێنجوێن بەرپرسێكی پەكەكە و پاسەوانێكی و شۆفێرەكەی گیانیان لەدەستداوە. لە ماوەی رۆژانی رابردوودا ناوچەكانی دوكان و شارباژێڕ و پێنجوێن لەسنووری پارێزگای سلێمانی رووبەڕووی هێرشی درۆنی بوونەوە و بەهۆیەوە ژمارەیەك كەس گیانیانلەدەستداوە و برینداربوون.
هاوڵاتی جێگری سەرۆک کۆماری ئێران لە تویتێکدا دوێنی هەینی سەبارەت بە ئازادکردنی زیندانییە ئەمەریکییەکانی لە ئێران دەستبەسەرن ڕایگەیاند، تاکۆی پارە دەستبەسەرکراوەکانی ئێران ئازاد نەکرێن ئەو زیندانییانە لە ئێران دەمێننەوە. محەممەد جەمشیدی جێگری سیاسی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران،دوێنێ هەینی ١١ی ئاب، لە تویتێکدا ڕایگەیاند: " رەوتی ئازاد کردنی کۆی سەرمایەی ئێران لە کۆریای باشووریش دەستی پێکردوە. تا کۆی پارەکە نەگاتە دەستمان ئەو زیندانیانەی ئەمریکا مەبەستیەتی لە ئیران دەمێننەوە." هەر لەم بارەیەوە دوو ڕۆژ پێش ئێستا ( ١٠ی ئاب)، لە لایەن بەرپرسانی ئەمریکاوە هەوڵی جدی بۆ ئازادکردنی ئەوپێنج هاوڵاتییە ئەمەریکییە دەستی پێکردووەولە ئێستادا گواستراونەتەوە بۆ هۆتێلێک، هەرچەندە ناوی هۆتێلەکە ئاشکرا نەکراوە. بە پێی ئەو زانیارییانەی بڵاو کراونەتەوە، ئێران لە بەرامبەر ئازاد کردنی ئەو پێنج هاوڵاتییە ئەمریکییە جگە لە ئازاد کردنی چەند هاوڵاتییەکی ئێرانی کە لە ئەمریکا دەستبەسەرن بە هۆی ئەوەی لە کاتی گەمارۆکاندا کاریان بۆ سیستەمی سیاسی- ئەمنییەتی ئێران کردووە، داوای ئازاد کردنی ٦ میلیارد دۆلاری ئێران ئەکات کە بە هۆی گەمارۆکانەوە لە کۆریای باشوور دەستی بەسەردا گیراوە. لەو پێنج هاوڵاتییە ئەمریکییە کە لە ئێران دەستبەسەرن ناوی سیانیان ئاشکرا بووە کە بریتین لە " سیامەک نەمازی"، "موراد تاقباز" و "عیماد شەرقی" و ناوی دوو هاوڵاتییەکەی دیکە نەزانراوە یادرین ڤاتسۆن، وتەبێژی کۆشکی سپی، هەواڵی گواستنەوەی ئەو پێنج زیندانییەی بۆ هۆتێلێک بە هەنگاوێکی باش وەسف کرد. جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە حکومەتەکەی جۆ بایدن، لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە ئەکات و تا سەرجەم ئەو هاوڵاتییە ئەمریکیانە نەگەڕێنەوە وڵاتەکەیان بەردەوامدەبن لە هەوڵەکانیان هەر لەم پەیوەندەدا، مایک پەمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی سەردەمی دۆناڵدترامپ لە لیستی کۆمارییەکان، ئەم مامەڵەیەی بە مامەڵەیەکی زۆر خراپ و ترسناک ناوبرد و لە تویتێکدا نووسی :" ئازادکردنی شەش میلیارد دۆلار تەنها بۆ ئەوەی " بارمتەگیراوە" ئەمەریکییەکان بچنە جۆرێکیتر لە زیندان، " مامەڵەیەکی ترسناکە" و نابێ ڕێگەبدرێت ئێران هاوڵاتیانی ئەمریکی بەکاربهێنێت بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی. جیم ریش، ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا لە سەر لیستی کۆمارییەکان خۆشحاڵی خۆی بۆ ئازاد کردنی ئەو هاوڵاتییە ئەمرییکیانە کە بە شێوەی نایاسایی لە ئێران دەستبەسەرکراون دەربڕی، بەڵام ئازادکردنی شەش میلیارد دۆلاری بە شتێکی مەترسیدار ناوبرد . ئەو سێناتۆرە نووسیویەتی:" جۆبایدن و دەوڵەتەکەی ئەبوایە سزای ئەو کەسانەیان بدایەت کە هاوڵاتییە ئەمریکییەکان بە بارمتە ئەگرن بە مەبەستی کەڵکی سیاسی و ئابووری بۆ ئەوەی بەردەوام نەبن لەم کارەیان". حوسێن عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، رۆژی چوارشەممە ٩ی ئاب،رایگەیاند:" ماوەی چەند مانگێکە لە رێگای قەتەر و عوممانەوە پەیوەندیمان لەگەڵ ئەمریکاییەکان هەیە و لە گفتوگۆین لەگەڵیان دەربارەی گۆڕینەوەی زیندانییەکان. " وەزیری دەرەوەی ئیران رایگەیاند:" پرسی ئازاد کردنی زیندانییەکان پرسێکی ئینسانییە و ئێمە هیچ مەرجێکمان نییە بۆ ئازادکردنی زیندانییەکان،بە قەتەر و عوممانمان راگەیاندووە لە چوارچێوە رێکەتنەکاندا ئامادەین بۆ گۆڕینەوە زیندانییەکان."
هاوڵاتی تەرمی سێ گەنجی پارێزگای دهۆک و سلێمانی کە مانگی رابردوو لە دارستانەکانی بولگاریا گیانیان لەدەستدابوو گەیشتنەوە هەرێمی کوردستان. تەرمی هەر یەک لە دیندار دلێر محەممەد (لەدایکبووی ساڵی 2005) و رێکەوت عەبدولباقی فەتحی (لەدایکبووی ساڵی 2000) کە هەردووکیان خەڵکی سنووری پارێزگای دهۆکن، لەگەڵ زانیار عەلی کەریم (لەدایکبووی ساڵی 2005) خەڵکی سنووری پارێزگای سلێمانی لە رێگەی فڕۆکەخانەی هەولێرەوە گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان. ئەو سێ گەنجە مانگی رابردوو لەگەڵ ژمارەیەک گەنجیدیکە کۆچیانکرد بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا، دواتر پەیوەندییان لەگەڵ کەسوکاریان پچڕا و لە دارستانەکانی بولگاریا تەرمەکانیان دۆزرایەوەو ئەمشەو گەڕێننرانەوە هەرێمی کوردستان. پەیامنێری هاوڵاتی لە شاری سلێمانی ڕایگەیاند تەرمی زانیار عەلی کەریم (لەدایکبووی ساڵی 2005) کاتژمێر دوانزە دەگاتەوە سلێمانی. هاوکات برقی رێکانی، رۆژنامەنوسە لەناحیەی شیلادزێ بە هاوڵاتی وت" ئەو دوو گەنجەی کە تەرمەکانیان هێندراونەتەوەو خەڵکی شیلادزێن هەر ئەمشەو لە شیلادزێ بەخاک دەسپێردرێن ."
هاوڵاتی کێشەکانی نێوان یەکێتی و پارتی لەوەزارەتی پێشمەرگە گەشتوونەتە ئاستێکی «بنبەست» بەجۆرێک هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بیرلەوە دەکاتەوە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکە نوێ نەکاتەوە. جەنەرال ماتیۆ ماركفارلن، فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانان لەعێراق و سوریا باسی لەوە کردووە، «چاوەڕوانین هەرێمی كوردستان ویستی سیاسی نیشان بدات بۆ جێبەجێكردنی چاكسازییەكان پێش راپۆرتی پێداچوونەوەو هەڵسەنگاندنی ساڵانەی پنتاگۆن» كە لەمانگی ئەیلولی ئەمساڵدا دەكرێت. ماتیۆ ماركفارلن بە روونی بە نێچیرڤان بارزانی، فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی وتووە، هاوپەیمانان دەیانەوێت لەماوەی یەك مانگدا، پارتی و یەكێتیی كێشەی نێوانیان لەبارەی چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە چارەسەر بكەن، بەتایبەت كە كێشەی ئەو دوو حزبە لەوەزارەتی پێشمەرگە گەیشتووەتە بنبەست و پەیوەندی نێوان تیمی یەكێتی و پارتی لەناو ئەو وەزارەتە پچڕاوە. سەرچاوەیەكی ئاگادار لەوەزارەتی پێشمەرگە بە رۆژنامەی هاوڵاتی وت، کە ماتیۆ ماکفارلن لەسەردانەكەی بۆ هەولێر چانسێكی كەمیداوە بەلێپرسراوانی باڵای هەرێمی كوردستان سەبارەت بە بەردەوامی هاوكارییە داراییەكانی ئەمریكا بۆ پێشمەرگە و هۆشداری ئەوەیداوە «ئەگەری زۆرە ئەمساڵ ئەو لێكتێگەیشتنەی نێوان واشنتۆن و وەزارەتی پێشمەرگە نوێنەكرێتەوە، بە تایبەت كە راوێژكارانی سەربازی پنتاگۆن لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیان بۆ كۆنگرێس رونیانكردووەتەوە، سەرەرای پاڵپشتی ماددی و لۆجستی، بەڵام هێزەكانی پێشمەرگە بەرەوپێشچوونی زۆری بەخۆوە نەبینیوە». زانیاری زیاتر سەبارەت بە کێشەکانی ناو وەزارەتی پێشمەرگەو ئەگەری بڕینی هاوكارییە داراییەكانی ئەمریكا بۆ پێشمەرگە لەم ڕاپۆرتەی ڕۆژنامەی هاوڵاتی بخوێنەرەوە: هاوپەیمانان هۆشدارییان داوە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە نوێ ناکەنەوە
هاوڵاتی ھەپەگە رایگەیاند، لە ٤٨ سەعاتی رابردوودا ٣١ سەربازی تورکیا کوژراون. ناوەندی راگەیاندنی ھێزەکانی پاراستنی گەل"ھەپەگە"رایگەیاند، لە چالاکییەکدا لە چیای جودی لە باکوری کوردستان ٣١ سەربازی تورکیا کوژران، ٧ سەربازیش برینداربوون. راشیگەیاندوە، سوپای تورکیا ھەوڵی زۆریداوە بە ھانای سەربازەکانەوە بچێت، بەڵام بەھۆی رووبەڕووبونەوەی گەریلاکانەوە نەیانتوانیوە ھێز رەوانەی ناوچەکە بکەن و بەھانای سەربازەکانیانەوە بڕۆن.
هاوڵاتی ئێوارەی ئەمڕۆ مێرمنداڵێکی تەمەن 16 ساڵ لە رووباری خابوور لە نزیک گوندی دولا لە زاخۆ خنکا. دوای رووداوەکە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی تەرمەکەیان دەرهێنا. لەسەر ڕوداوەکە ئەڤیندار عزەت، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەرگری شارستانی زاخۆ بە هاوڵاتی وت" ڕوداوەکە کاتژمێر4 و20 خولەکی ئەمڕۆ ڕویداو دوای ئاگادارکردنەوەمان دەستبەجێ تیمەکانمان گەیشتنە شوێنی روداوەکە". وتیشی، " ئەو مێرمنداڵەی گیانی لەدەستداوە تەمەنی 16ساڵە و کاتژمێرشەشی ئێوارە توانیمان تەرمەکەی لەژێر ئاوەکەدا دەربهێنین و لە ئێستادا رەوانەی پزیشکی دادی زاخۆ کراوە". ئەو مێرمنداڵەی خنکاوە ناوی ساڵح سەربەست رەمەزانە و تەمەنی 16 ساڵ بووە، دانیشتووی گوندی ئاڤا بووە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و بەگوتەی بەرگریی شارستانیی شارەکە، لەگەڵ کەسوکارەکەی بۆ گەشت چووبوونە ئەو شوێنە.
هاوڵاتی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ بە گەرمترین رۆژی ساڵ دادەنرێت و لە خانەقین 53 پلەی سیلیزی تۆماركراوە. وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێم بڵاویكردەوە، 11ی ئاب واتە ئەمڕۆ بە گەرمترین رۆژی ئەمساڵ دادەنرێت، بە تایبەت لە گەرمیان و هەولێر و كەركوك و دەوروبەری. لە خانەقین پلەی گەرمی 53 پلەی سیلیزی تۆماركراوە، لە كەركوكیش 51 و هەڵەبجە 46 و هەولێر 48 و دهۆك 45 و سلێمانی 44 پلەی سیلیزی تۆماركراوە. نزمترین پلەش لە حاجی ئۆمەران بووە كە 35 پلەی سیلیزی بووە. كەشناسی هەرێم لە راگەیەندراوێكیشدا بڵاویكردبووەوە، پلەكانی گەرما لە هەرێمی كوردستان روو لە دابەزین دەكات و لە سبەینێوە پلەكانی گرەما یەك تا دوو پلە دادەبەزێت.
هاوڵاتی ئۆتۆمبێلێک لەسنوری ناحیەی ناڵپارێز لە پێنجوێن لەلایەن درۆنێکەوە کرایە ئامانج و رووداوەکەش قوربانی لێکەوتووەتەوە. ئەمڕۆ 11ی ئابی 2023، ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا-کامری لە نزیک ناحیەی ناڵپارێز لە پێنجوێن لەلایەن درۆنێکەوە کرایە ئامانج و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان سێ کەس گیانیان لەدەستداوە. هێمن ئیبراهیم، بەڕێوەبەری ناحیەی ناڵپارێز دەڵێت، قوربانییەکان ناسنامەیان دیار نییە و ناتوانرێت بزانرێت کە ژنن یان پیاو چونکە بەتەواوی جەستەیان سووتاوە. چەند رۆژێک لەمەوبەریش ئۆتۆمبێلێکی دیکە لە قەزای دوکان بە درۆن کرایە ئامانج و تێیدا کەسێک گیانی لەدەستدا.
