هاوڵاتی کێشەکانی نێوان یەکێتی و پارتی لەوەزارەتی پێشمەرگە گەشتوونەتە ئاستێکی «بنبەست» بەجۆرێک هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بیرلەوە دەکاتەوە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکە نوێ نەکاتەوە. جەنەرال ماتیۆ ماركفارلن، فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانان لەعێراق و سوریا باسی لەوە کردووە، «چاوەڕوانین هەرێمی كوردستان ویستی سیاسی نیشان بدات بۆ جێبەجێكردنی چاكسازییەكان پێش راپۆرتی پێداچوونەوەو هەڵسەنگاندنی ساڵانەی پنتاگۆن» كە لەمانگی ئەیلولی ئەمساڵدا دەكرێت. ماتیۆ ماركفارلن بە روونی بە نێچیرڤان بارزانی، فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی وتووە، هاوپەیمانان دەیانەوێت لەماوەی یەك مانگدا، پارتی‌ و یەكێتیی كێشەی نێوانیان لەبارەی چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە چارەسەر بكەن‌، بەتایبەت كە كێشەی ئەو دوو حزبە لەوەزارەتی پێشمەرگە گەیشتووەتە بنبەست و پەیوەندی نێوان تیمی یەكێتی ‌و پارتی لەناو ئەو وەزارەتە پچڕاوە. سەرچاوەیەكی ئاگادار لەوەزارەتی پێشمەرگە بە رۆژنامەی هاوڵاتی وت، کە ماتیۆ ماکفارلن لەسەردانەكەی بۆ هەولێر چانسێكی كەمیداوە بەلێپرسراوانی باڵای هەرێمی كوردستان سەبارەت بە بەردەوامی هاوكارییە داراییەكانی ئەمریكا بۆ پێشمەرگە و هۆشداری ئەوەیداوە «ئەگەری زۆرە ئەمساڵ ئەو لێكتێگەیشتنەی نێوان واشنتۆن و وەزارەتی پێشمەرگە نوێنەكرێتەوە، بە تایبەت كە راوێژكارانی سەربازی پنتاگۆن لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیان بۆ كۆنگرێس رونیانكردووەتەوە، سەرەرای پاڵپشتی ماددی و لۆجستی، بەڵام هێزەكانی پێشمەرگە بەرەوپێشچوونی زۆری بەخۆوە نەبینیوە». زانیاری زیاتر سەبارەت بە کێشەکانی ناو وەزارەتی پێشمەرگەو ئەگەری بڕینی هاوكارییە داراییەكانی ئەمریكا بۆ پێشمەرگە لەم ڕاپۆرتەی ڕۆژنامەی هاوڵاتی بخوێنەرەوە:  هاوپەیمانان هۆشدارییان داوە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە نوێ ناکەنەوە  

هاوڵاتی ھەپەگە رایگەیاند، لە ٤٨ سەعاتی رابردوودا ٣١ سەربازی تورکیا کوژراون. ناوەندی راگەیاندنی ھێزەکانی پاراستنی گەل"ھەپەگە"رایگەیاند، لە چالاکییەکدا لە چیای جودی لە باکوری کوردستان ٣١ سەربازی تورکیا کوژران، ٧ سەربازیش برینداربوون. راشیگەیاندوە، سوپای تورکیا ھەوڵی زۆریداوە بە ھانای سەربازەکانەوە بچێت، بەڵام بەھۆی رووبەڕووبونەوەی گەریلاکانەوە نەیانتوانیوە ھێز رەوانەی ناوچەکە بکەن و بەھانای سەربازەکانیانەوە بڕۆن.

هاوڵاتی   ئێوارەی ئەمڕۆ مێرمنداڵێکی تەمەن 16 ساڵ لە رووباری خابوور لە نزیک گوندی دولا لە زاخۆ خنکا. دوای رووداوەکە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی تەرمەکەیان دەرهێنا. لەسەر ڕوداوەکە ئەڤیندار عزەت، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەرگری شارستانی زاخۆ بە هاوڵاتی وت" ڕوداوەکە کاتژمێر4 و20 خولەکی ئەمڕۆ ڕویداو دوای ئاگادارکردنەوەمان دەستبەجێ تیمەکانمان گەیشتنە شوێنی روداوەکە". وتیشی، " ئەو مێرمنداڵەی گیانی لەدەستداوە تەمەنی  16ساڵە و  کاتژمێرشەشی ئێوارە  توانیمان تەرمەکەی لەژێر ئاوەکەدا دەربهێنین و لە ئێستادا  رەوانەی پزیشکی دادی زاخۆ کراوە". ئەو مێرمنداڵەی خنکاوە ناوی ساڵح سەربەست رەمەزانە و تەمەنی 16 ساڵ بووە، دانیشتووی گوندی ئاڤا بووە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و بەگوتەی بەرگریی شارستانیی شارەکە، لەگەڵ کەسوکارەکەی بۆ گەشت چووبوونە ئەو شوێنە.  

هاوڵاتی   وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ بە گەرمترین رۆژی ساڵ دادەنرێت و لە خانەقین 53 پلەی سیلیزی تۆماركراوە. وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێم بڵاویكردەوە، 11ی ئاب واتە ئەمڕۆ بە گەرمترین رۆژی ئەمساڵ دادەنرێت، بە تایبەت لە گەرمیان و هەولێر و كەركوك و دەوروبەری. لە خانەقین پلەی گەرمی 53 پلەی سیلیزی تۆماركراوە، لە كەركوكیش 51 و هەڵەبجە 46 و هەولێر 48 و دهۆك 45 و سلێمانی 44 پلەی سیلیزی تۆماركراوە. نزمترین پلەش لە حاجی ئۆمەران بووە كە 35 پلەی سیلیزی بووە. كەشناسی هەرێم لە راگەیەندراوێكیشدا بڵاویكردبووەوە، پلەكانی گەرما لە هەرێمی كوردستان روو لە دابەزین دەكات و لە سبەینێوە پلەكانی گرەما یەك تا دوو پلە دادەبەزێت.

هاوڵاتی ئۆتۆمبێلێک لەسنوری ناحیەی ناڵپارێز لە پێنجوێن لەلایەن درۆنێکەوە کرایە ئامانج و رووداوەکەش قوربانی لێکەوتووەتەوە. ئەمڕۆ 11ی ئابی 2023، ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا-کامری لە نزیک ناحیەی ناڵپارێز لە پێنجوێن لەلایەن درۆنێکەوە کرایە ئامانج و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان سێ کەس گیانیان لەدەستداوە.  هێمن ئیبراهیم، بەڕێوەبەری ناحیەی ناڵپارێز دەڵێت، قوربانییەکان ناسنامەیان دیار نییە و ناتوانرێت بزانرێت کە ژنن یان پیاو چونکە بەتەواوی جەستەیان سووتاوە. چەند رۆژێک لەمەوبەریش ئۆتۆمبێلێکی دیکە لە قەزای دوکان بە درۆن کرایە ئامانج و تێیدا کەسێک گیانی لەدەستدا.

هاوڵاتی هەڵمەتێکی فراوان بۆ ئازادکردنی شێروان شێروانی لە هەرێمی کوردستان و دەرەوەی وڵات بە هاشتاگی #ئازادی_بۆ_شێروانی #الحریة_لشیروانی #freedom_for_sherwani دەستیپێکردووە بەمەبەستی فشارخستەنەسەر سەر دادگا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ماوەی سزای رۆژنامەنوسەکە. ژمارەیەک لە چالاکوان، رۆژنامەنوسان و نوسەران لە هەرێمی کوردستان و دەرەوەی وڵات هەڵمەتەکەیان دەستپێکردووە بە ئامانجی ئەوەی فشار لەسەر دادگای تەمیز دروست بکەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەی زیندانیکردنی شێروانی لەلایەن دادگای هەولێرەوە. لە 20ی مانگی رابردوو شێروان شێروانی بە تۆمەتی ساختەکاری سزای چوار ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا. بڕیارەکە کاردانەوەیەکی گەورەی بەدوایخۆیدا هێنا و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و رۆژنامەنوسان و چالاکوانان بە "نادادپەروەرانە" وەسفیان کرد کە بەپێی تۆمەتەکە شێروان شێروانی لەبری هاوڕێکانی پەنجەمۆری ساختەی کردووە. ئەم بڕیارە وایکرد کە شێروان شێروانی ماوەی زیندانییەکەی درێژببێتەوە بەوپێیەی دەبوو مانگی داهاتوو ئازاد بکرایە. لە مانگی ئابی 2020 شێروان شێروانی و چەندین رۆژنامەنوس و مامۆستا لە پارێزگای دهۆک بەتۆمەتی سیخوڕیکردن سزای شەش ساڵ زیندانییان بەسەردا سەپێنرا. ئەو هەڵمەتە فراوانەی دروست بووە مەبەست لێی ئەوەیە تەواوی نوسەران و ئازادیخوازان و چالاکوانان لە بڵاوکردنەوە و بەرفراوانکردنیدا بەشداربن بۆ ئەوەی فشارێکی ڕاستەقینە دروست ببێت و دەسەڵاتی دادوەریی پێداچوونەوەی جدی بە دۆسیەکەی شێروان شێروانیدا بکات.  

هاوڵاتی وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند شەش سەربازیان لە هێرشێکی پەکەکەدا کوژراون لە ناوچەی زاپ کە تێێدا ئۆپەراسیۆنی چنگ-قوفڵ بەڕێوەدەچێت. وەزارەتی بەرگری تورکیا لە تویتەری فەرمی خۆی لە رۆژی پێنجشەممە 10ی ئابی 2023  کوژرانی پێنج سەربازی راگەیاند و ئەمڕۆش هەیینی کوژرانی سەربازیكی تری راگەیاند کە لە ناوچەی زاپ لە هێرشێکی پەکەکەدا کوژراون. لەکاتێکدا تورکیا تەنها کوژرانی ئەم شەش سەربازەی راگەیاندووە، بەڵام پەکەکە بڵاویکردەوە کە 32 سەربازی تورکیا بەدەستی گەریلاکانی پەکەکە کوژراون و حەوتی تریش بریندارکراون لەماوەی 48 کاتژمێری رابردوودا.

هاوڵاتی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە ئەو کەسەی تۆمەتبارە بە کوشتنی سێ ئەندامی یەک خێزان لەلایەن ئاسایشی پارێزگای سلێمانییەوە دەستگیرکراوە.  لە راگەیاندراوێکدا دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بەرێوبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش تۆمەتباری روداوی کوشتنی سێ هاوڵاتی یەک خانەوادە و بریندارکردنی دوو کەسی دیکەی دەستگیرکرد." بەپێێ وتەی بەکر عەبدولکەریم، بەرێوبەری ناحیەی پیرەمەگرون، تۆمەتبارەکە لە نزیک گوندێکی ناحیەی پیرەمەگرون دەستگیرکراوە و رادەستی پۆلیس دەکرێت تا ئەوەی بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.  ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە کەسێک بە چەک سێ ئەندامی یەک خێزانی لە ناحیەی پیرەمەگرونی سەر بە قەزای دوکان کوشت. ئەو کەسانەی لە روداوەکەدا کوژران دوو برا و کوڕی یەکێک لە براکان بوون.

کاکەلاو عەبدوڵا لەکاتێکدا کەئێستا مەترسی گروپی ڤاگنەر لەسەر روسیا نەماوە، بەڵام ڤلادمیر پوتن، سەرۆکی وڵاتەکە، هێشتا ترسی دانەمرکاوەتەوەو دەستیکردووە بە بەهێزکردنی پاسەوانی نیشتمانی وڵاتەکەی، ئەو هێزە سەربازیەی بەرپرسە لەپاراستنی دەسەڵاتی وڵات، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ئەو راپۆرتە جیهانیانەی باس لەوە دەکەن گروپی ڤاگنەر هەزار خێمەی وەک ئامادەکاری لەنزیک سنوری ئۆکرانیا هەڵداوە. کاتێك یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گروپی ڤاگنەر لەمانگی حوزەیرانی ئەمساڵ کردەیەکی «یاخیبوونی» دژی روسیا ئەنجامدا، رەوانەی بیلاڕوسیا کراو لەگەڵ خۆی شەڕکەرەکانی ڤاگنەری برد، بەڵام وادیارە گروپەکە دەستیانکردووەتەوە بە خۆئامادەکردنەوە و لەنزیک سنوری ئۆکرانیا بەشێکیان جێگیربوون. بەپێی راپۆرتی میدیا جیهانییەکان، گروپەکە شارێکی خێمەیی دروستکردووە بۆ نزیکەی هەزار شەڕکەر لەفرۆکەخانەی سەربازی زیابرۆڤکا لە بیلاڕوسیا کە تەنها ٢٠ کیلۆمەتر لە سنوری ئۆکرانیاوە دوورە. ئەم هەواڵە سەرەتا لەناوەندی بەرەنگاری نیشتمانی ئۆکرانیاوە بڵاوکرایەوە کە بەپێی ناوەندەکە ئەو کەمپە بۆ «کاروچالاکی تێکدەرانە» بەکاردەهێنرێت لەهەرێمی چێرنهیڤ، کە ناوچەیەکە لەژێر کۆنترۆڵی سوپای ئۆکرانیادایە. پەیمانگەی لێكۆلێنەوەی جەنگ، کە رێکخراوێکی ناحکومی ئەمریکییە، دەڵێت گروپی ڤاگنەر چەندین را‌هێنانی سەربازی لەنزیک شاری برێست لە بیلاڕوسیا ئەنجامداوە. لەسەروبەندی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، ڤلادمیر پوتن، سەرۆکی روسیا، بەنیازە هێزی پاسەوانی نیشتمانی روسیا بەچەکی قورس پڕچەک بکات بەمەبەستی «پتەوکردنی ئاسایشی رژێمەکەی.» بەپێی راپۆرتێکی وەزارەتی بەرگری بەریتانیا، لەهەفتەی رابردوودا سەرۆکی روسیا پرۆژەیاسایەکی واژۆکردووە بۆ زیاتر پڕچەکردنی هێزی پاسەوانی نیشتمانی. وەزارەتی بەرگری بەریتانیا ئاشکرایکردووە کە پڕچەککردنەکە خۆی دەبینێتەوە لەپێدانی چەکی قورسی وەک تۆپهاوێژو هەلیکۆپتەری هێرشکەر.  وەزارەتی بەرگری بەریتانیا لەوبارەیەوە دەڵێت، «ئەم هەنگاوەی [پوتن] بەهێزکردنی سەرچاوەکانی پاسەوانی نیشتمانی روسیایە تا زامنی ئاسایشی رژێمەکەی بکات.» هێزی پاسەوانی نیشتمانی روسیا لە زیاتر لە ٢٠٠ هەزار سەرباز پێکهاتووەو بڕیاری بەهێزکردن و پڕچەککردنیان دوای ئەو هەوڵەی ڤاگنەر دەگەڕێتەوە لەمانگی حوزەیرانی ئەمساڵ کەهەوڵیاندا سەرکردایەتی پوتن لاواز بکەن و بوونە هەڕەشەیەکی مەترسیدارو جددی بۆ سەر دەسەڵاتی سەرۆکی وڵات. هەزارەها چەکدار بەسەرکردایەتی یەڤگینی پریگۆژین لە سنوری ئۆکرانیاوە گەیشتنە سنوری روسیا و بەرەو مۆسکۆی پایتەخت رۆشتن و داوای ئەوەیان دەکرد بەرپرسە سەربازییە باڵاکانی وڵات لاببرێن بەهۆی شکستیان لە جەنگی ئۆکرانیادا. چەندین چاودێرو ناوەندی لێکۆڵینەوەی جیهانی باس لەوە دەکەن کە هەرچەندە هەوڵی «کودەتاکە» زۆری نەخایاندو لەسەرەتای ساتەکانی ئەنجامدانیدا شکستیهێنا، بەڵام بووە هۆی ئەوەی دەسەڵاتی پوتن بە لاواز ببینرێت و گومان دروستبکات لە سەرکردایەتی سەرۆکی وڵاتەکە. لەکاتی پشێویەکەدا، ڤیکتۆر زۆڵۆتۆڤ، سەرکردەی پاسەوانی نیشتمانی روسیاو پاسەوانی پێشووی تایبەتی پوتن رایگەیاند، هێزەکەی بەشێوەیەکی «نایاب» لەبەرامبەر «یاخیبوانی» ڤاگنەردا وەستاوەتەوە بەڵام وەزارەتی بەرگری بەریتانیا لەمدواییانەدا ئاشکرایکرد کە «هیچ بەڵگەیەک نییە» هێزەکەی زۆڵۆتۆڤ کردەی سەربازیی کاریگەری ئەنجامدابێت. بەپێی راپۆرتی میدیا جیهانییەکان، لەئێستادا وادەردەکەوێت کە شەڕکەرانی ڤاگنەر بۆ کارو چالاکی و ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی روسیاو بیلاڕوسیا بەکاربهێنرێن بۆ فشار خستنەسەر وڵاتانی ئەوروپا. باسیش لەوە دەکرێت ئەم هەڵمەتە بۆ ئەوەیە کە فشار دروستبکرێت لەسەر وڵاتانی ئەوروپا تا هاوکاری و هەماهەنگییەکانیان بۆ ئۆکرانیا بوەستێنن. لەلایەکی ترەوە، جگە لە ئامادەکاری و پتەوکردنی هێزی پاسەوانی نیشتمانی لەلایەن ڤلادمیر پوتنەوە، چەند مانگێکە زۆرێک راپۆرتی جیهانی باس لەوە دەکەن سەرۆکی روسیا لەوە دەترسێت بکوژرێت. ئالان میندۆزا، دامەزرێنەری رێکخراوی هێنری جاکسن لەبارەی ترسی پوتنەوە دەڵێت، «پێموایە ئەگەر وەک پوتن بۆ ئەو هەموو ساڵە لەدەسەڵاتدا بمێنیتەوە، دۆخی ئاساییت لەژیاندا بێمتمانەیی و گومانی زۆر دەبێت.» «زۆربەی کاتەکان هیچ کەس نازانێت پوتن لەکوێیەو لەکاتی کۆبوونەوەکانیشدا لەگەڵ راوێژکار و سەرکردە باڵاکانی سەربازی لە دوورەوە دادەنیشێت، ئەمەش هەستێک دەردەخات کە کەسانێک هەبن بیانەوێت بیکوژن، ئەمەش هەمیشە لەمێشکی پوتندایە،» میندۆزا وا دەڵێت. هاوکات دەیڤد لویز، شارەزا لەسیاسەتی جیهانی لەزانکۆی ئێکستەری بەریتانیا بە سکای نیوزی بەریتانی راگەیاندووە، کە «رەنگە هەندێک کەس هەبن بیانەوێت بیکوژن، دوای 25 ساڵ لەدەسەڵات، دوژمنێکی زۆرت بۆ دروستدەبێت، بەڵام بەشێکیشی تەنها خەیاڵە.» «پوتن هەمیشە هەسێکی بەهێزی نائارامی هەبووە کە رەنگە لەباکگراوندی خۆیەوە سەریهەڵدابێت کاتێک لەدەزگای سیخوری کەی جی بی سۆڤیەتی جاران بووە یان لە داڕوخانی یەکێتی سۆڤیەتی جارانەوە سەریهەڵدابێت،» لویز وا دەڵێت. پرۆفیسۆرەکەی زانکۆی ئێکستەر دەشڵێت، سەرۆکی روسیا بڕوایوایە کە ئەوە ئەرکی خۆیەتی «هەژمونی رۆژئاوا لەسیاسەتی نێودەوڵەتی تێکبشکینێت و روسیا گەورە بکاتەوە»، بۆیە سەرسوڕهێنەر نییە کە باوەڕی وابێت دەزگا ئاسایشییەکانی رۆژئاوا، دەزگای هەوڵگری ئۆکرانیاو تەنانەت رکابەرەکانی لە روسیاش پیلانی ئەوەیان هەبێت کە دژی ئەو کاربکەن و بیانەوێت بیکوژن. هاوکات مارک گالیۆتی، بەڕێوەبەری رێکخراوی مایاک ئینتێلەجنس، دەڵێت کە رەنگە ئەو ترسەی پوتن لەوەوە سەرچاوەی گرتبێت کە رووخانی یان کوژرانی پوتن «ئەنجامی حەتمی هەموو دەسەڵاتێکی رەها و سیستەمێکی خۆخۆرییە.»  

هاوڵاتی ئەمشەو لەناحیەی پیرەمەگرونی شاری سلێمانی لەڕوداوێكی تەقەكردندا سێ كەس كوژران كە ئەندامی یەك خێزانن و كەسێكی دیكەش لەڕوداوەكە برینداربو. بە پێی زانیارییەکان ، لەڕوداوێكی تەقەكردندا لە ماڵێكی ناحیەی پیرەمەگرون، سێ كەس كوژراون كە هەرسێكیان ئەندامی یەك خێزانن و کوژراوەکان دوو برا و کوڕی یەکێک لە براکانن و ژنێکی ماڵەکەیە کە بریندارە. هاوکات تۆمەتبارەکە ئەندامی ئەو خێزانە نییە و هەڵهاتووە  وتەرمی کوژراوەکان گەیەندراوەتە پزیشکی دادی سلێمانی و بریندارەکەش رەوانەی نەخۆشخانەی شار کراوە. لە ئێستادا هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەکان دەستیپێکردووە بۆ دۆزینەوەی تەقەکەرەکە و دەستگیرکردنی.

نیگار عومەر لەسنوری گەرمیاندا تائێستا نزیکەی 3500 یەکە تەواوبوون و رادەستی خاوەنەکانیان کراوەتەوەو نزیکەی 12هەزار یەکەی دیکە لەبواری جێبەجێکردندایەو لەداهاتوشدا مۆڵەت بۆ نزیکەی 10 هەزار یەکەی دیکە دەکرێت هەندێکیان کارەکانیان بەرەو تەواوبون دەچێت، بەڵام بەشداربوانی پرۆژەکان ناڕازین لەیەکەکان و چەندین جار لەبەر جێبەجێنەکردنی کارەکانی کۆمپانیادا گردبونەتەوەو باس لەوە دەکەن کۆمپانیاکان بەگوێرەی گرێبەستەکان کارناکەن. یەک لەو پرۆژانەی کە تەواوبووە پرۆژەی نیشتەجێبوونی لانە ستی-یە کە لەلایەن کۆمپانیای روناکیەوە جێبەجێدەکرێت پێش تەواوکردنی کارەکانی یەکەکانی جێهێشت و بەشداربوان یەکەکانیان وەرگرتوە، بێ تەواوکردنی هەندێ لەخزمەتگوزرایەکانی وەک قوتابخانە و داینگە، رەوزەو ئاوەڕۆ بۆ پرۆژەکە، جگە لەوەش پرۆژەی بان ستی  یەکێکی دیکەیە لەپرۆژە تەواوبوەکان خاوەنی یەکەکان ئاماژە بەوەدەکەن کە کۆمپانیا دیسانەوە بەشێکی خزمەتگوزاریەکانی تەواو نەکردووە. مامۆستایەکی بەشداربوی پرۆژەکان ئاماژە بەوە دەکات کۆمپانیاکان لەبەرژەوەندی خۆیان کاردەکەن نەک هاووڵاتی سنورەکەو بۆ خەڵکی کەمدەرامەت سودی لێ نابینێت. سەباح حوسێن، بەشداربوی پرۆژەی لانە ستی بۆ هاوڵاتی وتی،» ئەو کومپانیایەی کە کاری یەکەکانی بەدەست بوو پێش تەواوکردنی کارەکانی یەکەکانی جێهێشت و رۆشت بەشداربوانی پرۆژەکان بێ رادەستکردنی کلیلی یەکەکان هاتن بۆ ناو خانوەکان، بەبێ ئەوەی بەشێکی خزمەتگوزاریەکان تەواوبکات وەک داینگە و قوتابخانە رەوزە و ئاوەڕۆ، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئەو کارانەی کەکردویەتی بۆ خانوەکان هەموو مەواد و پێداویستی خانوەکان شتی خراپن و کوالیتی باش نیە». وتیشی،» ئێمه سەدا 60ی پارەی یەکەکانمان رادەست کردوە کە پرۆژەکەی ئێمە بەپرۆژەی  نیشتەجێبون لەقەڵەمدەدرێت دەبێ سەدا پەنجای بۆ کۆمپانیا بێ و سەدا پەنجای بۆ حکومەت،  سەرەڕای ئەوەی سەدا 60 پارەمان داوە، کۆمپانیا دیسان داوای پارەمان لێ دەکات لەبەشداربوان و شکاتی لێکردوین لەدادگا، دوو جارمن چووم بۆ دادگا پێیانم وتووم خاوەن کۆمپانیا هەقی لای ئێمە نەماوەو وەبەرهێنانی گەرمیانیش دەڵێ ئەو بڕە پارەی کە ماوە دەبێ بۆ حکومەت بێ نەک کۆمپانیا». ئەوەش دەڵێ،» نەک هەر ئەم پرۆژەیە، پرۆژەکانی دیکەش بەتەنیشتی لانە ستیەوە بان ستی هەیە کەکەسی خۆم وەریگرتوە  دیسان ئەویش گرفتی خزەتگوزاری هەیەو بەشێکی کارەکانی تەواونەکردوە، لایەنی پەیوەندیداری ئێرەش کە سەردان دەکەین دەڵێن ئێمە چاری کۆمپانیامان پێناکرێ «. مامۆستا کاروان بەشداربوی بەهەشتی شار کە بە پرۆژەی مامۆستایان ناسراوە بۆ هاوڵاتی وتی ، «ئەم پرۆژەیە لەساڵی 2018ەوە دەستکراوە بەکارکردن تێیدا بڕیار بوو لەساڵی 2022 تەواوبکرێت بەڵام تائێستا 67 کارەکانی تەواو بووەو بەکۆمەڵێ بیانوو ماوەی تەواوکردنەکەی بۆ درێژکراوەتەوە و بۆ ساڵی 2024  هەرچەندە نائومێد بووین لەو کارەش بەڵام جگە لەوەش دیسان دوای کات زیادکردنیان کردووە بۆ ساڵێکی دیکە کە دەبوایە بۆ ساڵی2022 تەواوبوایە ئێمەش زۆر ناڕازین لەم پرۆژەیە چونکە دەستی دەستیکردنە بەمامۆستا». وتیشی، «لەسەر ئەم کارە هیچ لایەنێکی دیکە بەرگری لەچینی مامۆستا ناکات بۆیە کۆمپانیا بەدڵی خۆی کاردەکات، چەندین جار سەردانی لایەنی پەیوەنیدار کردوە هیچ کەس خۆی بەخاوەنی نازانێت و شێوازی پارەدانیش زیاتر دراوە لەکارکردن، زۆر جار یەکەکان نرخیان زۆرەو بۆ خەڵکی کەم دەرامەت نابێت«. هونەر مەحمود بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی گەرمیان بۆ هاوڵاتی وتی،»نزیکەی 20هەزار یەکە لەدروستکردندایە یان مۆڵەتی بۆ وەگیراوە وە سێ هەزارو 500 یەکەش تەواو بوونەو یەکەکان بۆ بەشێکی زۆری هەموو چین و توێژێک سودی لێوەگرتوە نرخی یەکەکان لە پێنج دەفتەرەوە دەستپێدەکات تا 35دەفتەر ئەمەش بەگوێرەی شوێن و کوالێتی یەکەکان دەکەوێت». ئەوەشی وت،» هەر کۆمپانیایەک کەدێت بۆ داواکردنی زەوی بۆ یەکەی نیشتەجێبون بەگوێرەی یاسای وەبەرهێنان زەوی پێدەدرێت و ئێمەش چاودێری کارەکانیان دەبیت و  پێویستە بەگوێرەی گرێبەستەکەی کارەکانی تەواو بکات و ئەو کۆمپانیایانەی کەکارەکانیان بەباشی نەکردوە ئێمە ئیجرائاتمان لەگەڵیان کردوە، سەبارەت بەگرفتی لانە ستی کێشەکەیان چووەتە دادگاو ئێمەش قسەی خۆمان کردوە لەداگاو داواشمان لەکومپانیا کردوە هەر خزمەتگوزاریەک لەسەر ئەوە جێبەجێ بکات،  سەبارەت بەگرفتی بان ستی بەهەمان شێوە دەبێ کۆمپانیا هەرچ خزمەتگوزاریەکی نەکردبێت جێبەجێ بکات». وتیشی، « هەر کۆمپانیایەک کارەکانی وەک خۆی جێبەجێ نەکات کارەکانی رادەگرین و ئیجرائاتیشمان لەگەڵیان کرد، سەبارەت بەگرفتی پرۆژەی مامۆستایان درێژکردنەوەی ماوەکەی بەگوێرەی ئەوە بوە کە رۆژانی پشوو بەگوێرەی گرێبەستی کارکردن بووە کەڕۆژانی پشوو قەرەبوکراونەتەوە جگە لەوە هیچی دیکە نەبووە «.

شەنای فاتیح لەكاتێكدا خوێندكارانی زانكۆو پەیمانگەكان كێشەی دەرماڵەو دانەمەزراندنیان هەیە بەڵام وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێم بەردەوامە لەكردنەوەی بەشی نوێ لەزانكۆكان، سەرەڕای ئەوەی زانكۆ ئەهلیەكانیش خەریكە لەژمارەدا پێش زانكۆ حكومیەكان دەكەون. بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی کوردستان عێراق بەشی (زانستی هەنگ) لەپەیمانگای تەکنیکی بەکرەجۆ سەر بەزانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی دەکرێتەوە ئەویش بەوتەی وەزارەتی خوێندنی باڵا بەئامانجی پەرەپێدان و پێشخستنی پیشەسازی هەنگ لەناوچەکەدا. زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لەشەش کۆلێژو هەشت پەیمانگاو ٧١ بەش پێکدێت، بەڵام بۆ ساڵی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ ژمارەکە بۆ پێنج کۆلێژو حەوت پەیمانگاو ٦٣ بەش کەمدەبێتەوە بەهۆی کردنەوەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان، ١٤ هەزارو ٩٠٥ خوێندکار لەسەرجەم قۆناغەکاندا لەزانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی دەخوێنن. ئیبراهیم مەجید، سەرۆکی بەشی زانستی هەنگ لەپەیمانگای تەکنیکی بەکرەجۆ لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: بەشی زانستی هەنگ بۆ ساڵی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ کارا دەبێت و خوێندکار وەردەگرێت و بڕیاردراوە کە ٦٠ خوێندکار وەربگیرێت کە ٤٠یان لەسەر دەوڵەت و ٢٠یشیان بەشێوازی پارالێڵ بن. وتیشی ئەو خوێندکارانەشی لەم بەشەدا وەدەگیرێن مەرجە دەرچووی بەشی زانستی بن و خوێندکارە یەکەمەکانی ئامادەیی کشتوکاڵێش وەردەگیرێن. وتیشی: ئامانج لەکردنەوەی ئەم بەشە بەزانستی کردنی بواری هەنگە کە لەوڵاتاندا پشتی پێدەبەسترێت و بەرهەمی باشی لێبەرهەم دەهێندرێت بەو هیوایەی بتوانرێت کوردستان بگەینە ئەو ئاستە بەبەکارهێنانی زانستە پێشکەوتووەکان لەو بوارەدا. «دەرچووانی ئەم بەشە ناونیشانی رابەری کشتوکاڵی و رابەری زانستی هەنگ و رابەری پەروەردەکردنی هەنگ وەردەگرن، هەروەها دەتوانن هەنگ پەروەردە بکەن و هەنگوین بەرهەمبهێنن لەگەڵ بەرهەمهێنانی شانەو پورەی هەنگ، دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان و دوژمنانی هەنگ و کۆنترۆڵکردنیان و بەشداریکردن لەدامەزراندنی هەنگەڵان و دروستکردن و چاککردنی پێداویستییەکانی هەنگەوانی» سەرۆکی بەشی زانستی هەنگ لەپەیمانگای تەکنیکی بەکرەجۆ وای وت. بەپێی بەدواداچوونی هاوڵاتی تێچووی کردنەوەی بەشی نوێ لەزانکۆیەکەوە بۆ زانکۆیەکی دیکە دەگۆڕێت بەڵام بەشێوەیەکی گشتی نزیکەی ٥٠ ملیۆن دینار رسوماتی پێویستە، ئەمە لەکاتێکداتە تێچووی کردنەوەی بەشی نوێ لەزانکۆ یایبەتەکاندا زیاترە لەزانکۆ حکومییەکان.  لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا هەشت بەشی نوێ لەزانکۆو پەیمانگاکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانیدا کراونەتەوە ئەوانیش بەشەکانی (زانستی تاقیگەی پزیشکی و پڕۆژە کشتوکاڵییەکان لەکۆلێژی زانستە پراکتیکییەکانی هەڵەبجە، تەکنەلۆجیای زانیاری لەپەیمانگای تەکنیکی دوکان، پڕۆژە کشتوکاڵییەکان لەپەیمانگای تەکنیکی کەلار، میکانیک و تەندروستی گشتی لەپەیمانگای تەکنیکی سلێمانی، تەکنەلۆجیای زانیاری لەپەیمانگای تەکنیکی هەڵەبجە، زانستی هەنگ لەپەیمانگای تەکنیکی بەکرەجۆ). د.بەختیار شەریف، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لەپلانیدایە بەپێی بازاڕی کار بەشی نوێ بکاتەوە تابتوانرێت دەستی کاری ناوخۆیی بەرهەم بهێندرێت، زانکۆمان لەپلانیدایە دبلۆمی تەکنیکی پیشەیی یەک ساڵی بکاتەوە. وتیشی: ئامانج لەم جۆرە خوێندنە و پێدانی ئەم بڕوانامەیە دروستکردنی کادری کارامەو شارەزا لەبوارە جیاجیاکاندا کە بازاڕی کاری کوردستان پێویستی پێیەتی و دروستکردنی دەستی کاری پێویست و کادری ناوەندیە لەبازاڕی کاری کوردستاندا ئەم بڕوانامەیە بەهیچ شێوەیەک بەکارناهێنرێت بۆ تەواوکردنی خوێندنی سەرووتر یان باڵاتر بەڵکو تەنها بۆ فێربوون و شارەزاییە. سەبارەت بەکێشەکانی زانکۆ بەختیار شەریف باسی لەوەشکرد کە گیروگرفتەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی خۆی لەکەمی بیناو  هۆڵی خوێندن  تاقیگەی زانستی  و کۆنی کەمپی خوێندن و کەمی بینای تایبەت بە بەشەناوخۆییەکان، کەمی ستافی ئەکادیمی وانە وتنەوە دەبینێتەوە  بە بەراورد بەزۆری ژمارەی خوێندکار لەزانکۆدا. بەپێی ئامارێكی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، لەهەرێمی كوردستان 18 زانكۆی حكومی و 18 زانكۆی ئەهلی بوونیان هەیە. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری كارگێڕی و دارایی لەوەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: ساڵانە بەشی نوێ لەزانكۆو پەیمانگەكان دەكرێنەوە یاخود دادەخرێن، داخرانەكان بەهۆی ئەوەیە كەخوێندكار یان بازاڕی کاری کەمە. وتیشی: هیچ ئامارێكی وردەمان لانییە سەبارەت بەوەی چەند بەشی نوێ كراونەتەوە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا یاخود داخراون بەڵام هیچ بەشێك دانەخراوە مەگەر خوێندكاری نەبووبێت وەكو پێویست. سەبارەت بەدەرماڵەش بۆ ساڵی نوێی خوێندن هیچ خوێندكارێكی زانكۆ كێشەی دەرماڵەی نابێت چونكە لەئەنجومەنی وەزیرانەوە رەزامەندی دراوە كە بۆ خوێندنی 2023 -2024 دەرماڵەی خوێندكاران خەرج بكرێت و وەزارەت مانگانە پێویستی بەنزیکەی پێنج ملیار دینار هەیە بۆ دابینکردنی دەرماڵەی خوێندکاران.توانا نەجەف وای وت.

هاوڵاتی مەلاکەریم شکور ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند بە پلانێکی بۆ دارێژراو دوو گەنج لیی نزیک بوونەتەوە بەمەبەستی بانگێشتکردنی بۆ جێیەک بەڵام دواتر بە دەمانچە تەقەیان کردووە و سێ فیشەکیان رووبەرووی تەقاندووە.  مەلاکەریم شکور دەڵێت، لە کاتژمیر 1:00ی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دوای کۆبونەوەیەک لە مەڵبەندی حەمرین لە دووزخورماتوو هاتووەتەوە دەرەوە و دوو گەنج نزیکی بونەتەوە، پاشان بانگێشتیان کردووە بۆ کردنەوەی مەڵبەندێک و ئەو پێی راگەیاندوون کە ناتوانێت بێت، بۆیە بووەتە دەمەقاڵێیان و دوو گەنجەکە سێ فیشەکیان رووبەرووی تەقاندووە.  مەلاکەریم باس لەوەش دەکات، گەنجەکان تەمەنیان کەم بوو، دوای ئەوەی "من رەتم کردەوە بچم لەگەڵیان کە نەمدەنایسن، دواتر ئەوان چوونە دواوە و دەمانەچەیان راکێشا و سێ فیشەکیان نزیک من تەقاند بەڵام پاسەوانەکانم نەیانهێشت و دەمانچەکانیان لیوەرگرتن." ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکێتی ئاماژە بەوە دەکات، ئەم کردەوەیە بە "موئامارە دەزانم و لێی بێدەنگ نابم چونکە کارێکی پلان بۆدارێژراو بووە و رێکاری یاسایی دەگرمەبەر." لە ئێستادا هێزە ئەمنییەكان دەستیان بە لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە كردووە و هەوڵی دەستگیركردنی تۆمەتباران دەدەن کە یەکێکیان بریندارە.  

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، ژنێک لە ماڵی باوکیدا لە قەڵادزێ لەلایەن براکەیەوە بە سێ فیشەک کوژراوە و لەدوای روداوەکەش تۆمەتبار خۆی رادەستی پۆلیس کردووە. پۆلیسی ڕاپەڕین لە راگەیاندراوێکدا دەڵێت، بەیانی ئەمڕۆ تەرمی ژنێک کە لەدایکبوی ساڵی 1991، گەیەندرایە نەخۆشخانە کە شوێنەواری سێ فیشەکی جۆری دەمانچە بەسەر جەستەیەوە هەبووە و بەپێی زانیارییەکان لەلایەن براکەیەوە کوژراوە. پۆلیسی راپەڕین باسی لەوەش کردووە ژنە تەمەن ٣٢ ساڵەکە لە ماڵی باوکیدا لەلایەن براکەیەوە کوژراوە و هەر دوای روداوەکەش تۆمەتبار خۆی رادەستی هێزەکانی پۆلیس کردووە. ئاماژە بەوەشکراوە کە تۆمەتبار بە بڕیاری دادوەر راگیراوە و دەستیش گیراوە بەسەر چەکەکەیدا.

هاوڵاتی  سەرجەم گەشتەکانی هێڵی ئاسمانی عێراقی راگیران بەهۆی ئەوەی کارمەندەکانی هێڵەكە ماوەی دوو مانگە موچەیان وەرنەگرتووە و ئەمڕۆ مانگرتنیان راگەیاند. بەهۆی مانگرتنەکەوە، ژمارەیەک گەشتی ناوخۆیی لە فرۆکەخانەی بەغداد هەڵوەشاونەتەوە و کارمەندەکانی هێڵەکە داوای شایستە داراییەکانیان دەکەن.