هاوڵاتی پرسی سووتانی دارستانەكانی زاگرۆس و لەوانە دارستانەكانی مەریوان بووە بەپرسێكی گرنگی ژینگەیی، هەموو ساڵێك سەدان هێكتار لەدارستان و پووش و پاوانەكانی مەریوان و دەرووبەری دەسووتێن. تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ڕاپۆرتێکدا باس لە سوتانی دارستانەکانی مەریوان و دەوروبەری و شەونخونی ژینگە پارێزانی ناوچەکە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە دەکات و دەڵێت گومان لەوەدا نییە کە ئاگرکەوتنەوەکان دەستی مرۆڤیان تێدایە. سەبارەت بە سوتانی دارستانەکان ژینگە پارێزێک بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وتووە، "«قسەکانی هەندێ لە کاربەدەستان و ڕاگەیاندنە نێودەوڵەتییەکان  سەبارەت بە سەرچاوەی ئاگرکەوتنەوەکانی ئەمساڵ کە تەنها بە بەرهەمی گۆڕانکاریی کەشوهەوای لە قەڵەم دەدەن، نەک تەنها پێچەوانەی راستییەکانە بەڵکوو لەگەڵ ئەوەی کە ئێمە لە خودی شوێنەکەدا دەیبینن دژایەتیی هەیە». و دەشڵێت"  نزیکەی ١٠ ڕۆژ لەمەوپێش  ئاگرێکی گەورە دوو ناوچەی نزیک لە یەکی گرتەوە؛ دارستانەکانی گوندی «کانی میران» کە بەرەو گوندی «ساوا»یش کشا، لەوبەری زرێباریشەوە دارستانەکانی گوندی «سێف» کە بەرەو دارستانەکانی دەوروبەری خۆی تەشەنەی سەند. بەپێی مەزەندەی ئەنجومەنی سەوزی چیا، لە ئەنجامی ئەم ڕووداوەدا بە گشتی نزیکەی ٤٤٠ هێکتار لە دارستانەکانی ئەم دوو شوێنە لە ئاگردا سووتاوە. هاوکات ئەو ژینگە پارێزە باسی لەوەشکردووە کە" لە سەرەتای ئەم مانگەشەوە لە دارستانەکانی گوندی «ئاسنەوە» لەسەر سنووری هەرێمی کوردستان ئاگر کەوتەوەو  ئاگرەکە زۆر خێرا بەرەو گوندەکانی تریش تەشەنەی سەند، بەڵام لەبەر بوونی ژمارەیەکی زۆری مین (ئەڵغام)ی پاشماوەی شەڕی ئێران و ئێراق لە شاخەکانی ناوچەکەدا، هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە تا ٣ ڕۆژ دوا کەوت هەر بۆیە ئاگرەکە ناوچەیەکی زۆر گەورەی گرتەوە." هاوکات  گەورەترین ئاگرکەوتنەوەی ئەمساڵ کاتژمێر ١١ی ڕۆژی ١٢ی گەلاوێژ (٣ی مانگی هەشت) ئەمجار لە دارستانەکانی گوندی «دەرەوەران» لە باکووری شاری مەریوانەوە دەستی پێ کرد، ئاگرێکی هێندە گەورە کە ئەنجومەنی سەوزی چیای ناچار کرد داوای یارمەتی لە ئەنجومەن و چالاکانی شارەکانی تری کوردستان بکات. بە وتەی ئەم ژینگە پارێزە : «لە ماوەی ١٦ ساڵی ڕابردوودا کە ئەنجومەنی سەوزی چیا لە بواری کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکاندا چالاک بووە، قەت ئاوا ئاگرێکی گەورە و دژوارمان نەبینیبوو. دارستانەکانی گوندی دەرەوەران و گوندە نزیکەکانی تری، لە ڕیزی چڕترین دارستانەکانی کوردستاندان و هەر ئەمەیش کاری کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەی زۆر سەختتر کردەوە». سەبارەت بە یارمەتییەکان لەلایەن حکومەتی ناوچەکەوە ژینگە پارێزان دەڵێن، یارمەتییەکان لە ئاستی قەیرانەکاندا نەبوون و تەنها دوای گوشاری ڕای گشتی چەند هاوکارییەک کراون کە لە ئاستی پێویستدا نەبووە. لە زنجیرە ئاگرکەوتنەوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی مەریواندا تا ئێستا ٢٠ ژینگە پارێز بریندار بوون کە برینی دوو کەسیان سەختبووە  و ئەوانی تریان هەر لە شوێنی ڕووداوەکاندا چارەسەریان بۆ کراوە. هاوکات ئەنجومەنی سەوزی چیا بۆ یەکەم جار کامپی دیاریکراوی لە هەندێ خالی نزیک لە شوێنی ئاگرکەوتنەوەکان کردووەتەوە و ڕێکخستنی تیمەکان لەم کامپانەوە جێبەجێ دەکات. ئەم ئەنجومەنە لە بانگەوازەکانی خۆیدا داوای لە خەڵک کردووە کە جیا لە دابینکردنی کاڵا و خۆراک، یارمەتیی بە پارە بۆ حسابی بانقیی ئەنجومەن بنێرن، چونکە هەندێ لە کەرەستە و پێویستەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگر لە بازاڕدا نادۆزرێنەوە و دەبێ بە تایبەتی داوای دروستکردنیان بکرێت. ژمارەی حسابی بانقیی ئەنجومەنی سەوزی چیا بۆ وەرگرتنی یارمەتییەکان : 6104337913074793 سەبارەت بە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکانی ئاگر لە دارستانەکانی مەریوان ئەم ڕاپۆرتەی ڕۆژنامەی هاوڵاتی بخوێنەرەوە: دارستانەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەناودەبرێن  

هاوڵاتی بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رۆژی دووشەممە ٧ی ئاب، لە دیدارێکدا لەگەڵ وەفدێک لە ئەندامانی  پەرلەمانی ئەمریکا، جارێکیتر داواکاری خۆی بۆ هەڕەشەی سەربازی لە ئێران بە مەبەستی ڕێگەگردن بە دەستپێڕاگەشتنی کۆماری ئیسلامی ئێران بە چەکی ناوکی دووبارە کردەوە. نێتانیاهوو رایگەیاند :" گرینگترین بابەت ئەوەیە هەڕەشەی سەربازی جیددی لە ئێران بکرێت. دەشڵێت،  "ئێمە نامانەوێ جیهانێک ببینین کەتیایدا ئێران بتوانێت هەڕەشەی سڕینەوەی نیۆیۆرک، واشنگتۆن، یان لۆسانجلێس یان هەر شوێنێکی دیکە بکات بە چەکی ”ناوکی". سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەوەشی ڕونکردەوە کە ئەوان بەگری لە خۆیان دەکەن بە بوونی ڕەزامەندی ئەمریکا یان نەبونی . ئەم وتانەی لە کاتێکدایە  کە بە پێی دوایین هەڵسەنگاندنەکانی ئەمریکا، ئێران لە ئێستادا چالاکییەکانی بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی ڕاگرتووە ،لە کاتێکدا پەرەی بە چالاکییە ناوکییەکانی داوە. نووسینگەی بەڕێوەبەرایەتی زانیارییەکانی ئەمریکا رۆژی ٩ی تەمووز کۆمەڵێک زانیاری لە سەر چالاکییە ناوکییەکانی ئێران بڵاو کردەوەو وتی :" ئێران لە ساڵی ٢٠٢٠ هەوڵی داوە ئاستی بەرهەمهێنانی خۆی بۆ دروستکردنی چەکی ناوکی باشتر بکات، بەڵام دەستی نەکردووە بە دروستکردنی چەکی ناوکی".  

هاوڵاتی بەریتانیا ڕۆژی دووشەممە دەستی کرد بە گواستنەوەی ژمارەیەک کۆچبەر بۆ کەشتییەکی  گەورەی نیشتەجێبوون لە کەناراوەکانی باشوری وڵاتەکە وەک بەشێک لە پلانەکانی بۆ پاشەکەوتکردنی پارە و لابردنی ئەو فشارەی لەسەر هۆتێلەکانە بە هۆی وەرگرتنی ئەو پەنابەرانەی بە قاچاخ دەچنە وڵاتەکەوە.   میدیاکانى بەریتانیا بڵاویانکردەوە، ئێوارەى دوێنێ بەریتانیا بڕیارێکی دژی پەنابەران خستە بواری جێبەجێکردنەوە و یەکەم کاروانى پەنابەرانى گواستەوە بۆ ناو کەشتی بیبی ستۆکهۆڵم، کە لەناو دەریادا دەمێنێتەوە وا بڕیارە تا داواى مافی مانەوەیان لەو وڵاتە یەکلایی نەکرێتەوە ئەوا نەتوانن بگەڕێنەوە بەریتانیا. لە ئێستادا 15 کۆچبەر نیشتەجێکراون لە بەلەمی بیبی ستۆکهۆڵمدا هاوکات  شێرڵ ئاڤێری، بەڕێوەبەری شوێنی نیشتەجێبوونی پەنابەران لە وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند  لە هەفتەکانی داهاتوودا ژمارەیەکی زیاتر پەنابەر نیشتەجێی بەلەمەکە دەکرێت. هاوکات وەزیری ناوخۆی بەریتانیا سارا داینس بە سکای نیوزی ڕاگەیاندوە کەشتییەکە پەیامێک دەنێرێت کە بەریتانیا " شوێنی نیشتەجێبوونی گونجاو پێشکەش دەکات بەڵام شاهانە نییە." وتیشی،  چاوەڕوان دەکرێت کۆچبەران بۆ ماوەی سێ بۆ نۆ مانگ لە بەلەمەکەدا نیشتەجێبن تا کاتی یەکلابونەوەی داوای پەنابەریتییان لەو وڵاتە. یەکێکی تر لە ڕێوشوێنەکانی بەریتانیا بۆ ڕێگریکردن لە کۆچی نایاسای بۆ وڵاتەکەی ئەوەیە  کۆچبەران دەگوازێتەوە بۆ شوێنە سەربازییە بەکارنەهێنراوەکان و بەلەمەکانی وەک بیبی ستۆکهۆڵمی سێ نهۆمی خۆڵەمێشی لە پۆرتلاند کە دەتوانێت نزیکەی 500 کەس بگرێت و  زیاتر لە 200 ژووری نوستنی تێدایە. ئاماژە بەوەشکراوە، لە ئێستاشدا بەریتانیا لەگەڵ پێنج وڵاتى ئەفریقا لە دانوستاندان بە مەبەستى دیپۆرتکردنەوەى پەنابەرانیان، کە ڕوویان لە بەریتانیا کردووە. بە گوێرەی ئامارەکان زیاتر لە 50 هەزار پەنابەر لە هۆتێلەکاندا دەژین حکومەتی بەریتانیا دەڵێت دەڵێت  خەرجی هۆتێلەکان ڕۆژانە زیاترە لە 6 ملیۆن پاوەند (7.6 ملیۆن دۆلار) .    

هاوڵاتی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان، فۆڕمی دابەشكردنی نۆ هەزار یەكەی نیشتەجێبونی راگەیاند و بەپێی پرۆژەكەش، بەبێ پێشەكی و بەقیستی 25 ساڵ ئەو یەكانە دەدرێنە هاوڵاتیان. دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن ئەمڕۆ سێشەممە لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەو یەكانە بەبێ پێشەكی بە قیستی 25 ساڵ دەدرێن بە كەمدەرامەتان. وەزیری ئاوەدانکردنەوە روونیکردەوە، ئەو یەکانە بەبێ پێشەکی بە قیستی 25 ساڵ دەدرێن بە هاووڵاتییانی کەمدەرات. گوتیشی: "لە ئەمڕۆوە ئەو هاووڵاتییانەی خۆیان بە شایستە دەزانن بۆ وەرگرتنی ئەو یەکانە دەتوانن فۆڕمەکانیان پڕبکەنەوە و زانیارییەکان بخەنەڕوو، کە بەشێوەیەکی زانستی و بەهاوکاری کۆمەڵەی کرێنشینان فۆڕمەکان ئامادەکراوە". سەبارەت بە چۆنییەتی پێشکەشکردن بۆ بەدەستهێنانی ئەم یەکانە دانا عەبدولكەریم دەڵێت : "لە ماوەی سێ مانگدا هاووڵاتییان دەتوان فۆڕمەکانیان پێشکەش بکەن" ئەوەشیخستەڕو، "دوای پڕكردنەوەی فۆڕمەكان لەلایەن هاوڵاتیانەوە، لیژنەی تایبەت لە سنوری ناحیە و قەزا و ئیدارە سەربەخۆكان پێكدەهێنرێت بۆ دیاریكردن و هەڵسەنگاندنی خاڵەكان، یەكێك لە مەرجە سەرەكییەكانیش ئەوەیە ئەو كەسەی فۆڕمی بۆ وەرگرتنی یەكەی نیشتەجێبون پڕدەكاتەوە دەبێت تەمەنی لە سەروی 18 ساڵ و خێزاندار بێت".  

هاوڵاتی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، ناوی ئەو زانکۆ و پەیمانگە تایبەتانە بڵاودەکاتەوە کە مۆڵەتیان هەیە و دەڵێت، لە هەرێمی کوردستاندا 17 زانکۆ و 12 پەیمانگەی تایبەت هەن کە لەلایەن وەزارەتەوە مۆڵەتیان هەیە. وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاندوە "جگە لەم زانكۆ و پەیمانگە تایبەتانەی لە لیستی هاوپێچدا هاتون و پابەندی مەرج و ڕێنماییەكانی وەزارەتن، هیچ زانكۆ و پەیمانگە و كۆلێژ و زانكۆیەكی تر، لە لایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، مۆڵەتیان پێ نەدراوە و باوەڕپێكراو نین". بەگوێرەی ئەو لیستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا بڵاویکردووەتەوە، لە پارێزگای هەولێر هەشت زانکۆ و شەش پەیمانگەی تایبەت هەن؛ لە پارێزگای سلێمانی حەوت زانکۆ و سێ پەیمانگەی تایبەت هەن و لە پارێزگای دهۆکیش دوو زانکۆ و سێ پەیمانگەی تایبەت هەن.   زانکۆ تایبەتەکان لە سنوری هەولێر: زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك زانكۆی جیهان - هەولێر زانكۆی لوبنانیی فڕەنسی زانكۆی نۆلج زانكۆی بەیان زانكۆی ئەربیلی نێودەوڵەتی زانكۆی كاسۆلیك كۆلێژی قەڵای زانكۆیی بۆ دیراساتی ئایینی   زانکۆ تایبەتەکان سنوری سلێمانی: زانكۆی ئەمریكی لە عێراق/ سلێمانی زانكۆی كۆمار بۆ زانست و تەكنەلۆجیا زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی زانكۆی جیهان - سلێمانی زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك/ لقی سلێمانی زانكۆی قەیوانی نێودەوڵەتی كۆلێژی گۆیژەی زانكۆیی بۆ دیراساتی ئایینی   زانکۆ تایبەتەکانی سنوری دهۆک: زانكۆی جیهان - دهۆك زانكۆی نەورۆز   پەیمانگا تایبەتەکانی سنوری هەولێر:   پەیمانگەی تەكنیكیی تایبەتی ڕواندز پەیمانگەی نۆبڵی تایبەت پەیمانگەی تەكنیكیی پایتەخت پەیمانگەی تەكنیكیی تایبەتی ئایندە پەیمانگەی تەكنیكیی هەیبەتسوڵتان پەیمانگەی تەكنیكیی گەشەی تایبەت   پەیمانگا تایبەتەکانی سنوری سلێمانی: پەیمانگەی تەكنیكیی كوردستان پەیمانگەی تەكنیكیی تایبەت لە كەلار پەیمانگەی تەكنیكیی ناشناڵ بۆ تەكنەلۆجیا   پەیمانگا تایبەتەکانی سنوری دهۆک: پەیمانگەی تەكنیكیی دهۆكی تایبەت پەیمانگەی تەكنیكیی ئاراراتی تایبەت پەیمانگەی تەكنیكیی تایبەتی ڕواندز - لقی زاخۆ  

هاوڵاتی بە پێی هەواڵێک کە ئەمڕۆ سێ شەممە ٨ی ئاب،  لە ماڵپەڕ و رۆژنامە ناوخۆییەکانی ئێران بڵاو کراوەتەوە، لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانەکانەوە تا ئێستا، زیاتر لە ١٠٠ رۆژنامەنووس دەستگیرکراون و بەشێکیان سزای زیندانیان بەسەردا سەپاوە. ئەمڕۆ سێشەممە ٨ی ئاب ( ١٧ی گەلاوێژ) لە ئێران بە رۆژی رۆژنامەنووس ناسراوەو بەم بۆنەوەیە رۆژنامەکان باسیان لە دۆخی ئازادی و دۆخی رۆژنامەنووسەکان کردووە رایانگەیاندووە لە ساڵی رابردوودا زیاتر لە ١٠٠ رۆژنامەنووس و  دەستبەسەر کراون و بەشێکیان سزای زیندانیان بۆ بڕاوەتەوە. رۆژنامەی (هم میهن)، لیستێکی دوور و درێژی بڵاو کردۆتەوە لە ناوی ئەو رۆژنامەنووسانەیی تێدایە کە لە سەردەمی خۆپیشاندانەکانی ئێراندا  گیراون و ئاماژەی بە ناوی ٧٦ رۆژنامەنووس و پەیامنێر کردووە . هاوکات ئەکبەت مونتەجی، بەڕێوەبەری ئەنجومەنی پیشەیی رۆژنامەنووسەکانی تاران بە جەختکردنەوە لە سەر ئەوەی :" لە ساڵی رابردوودا زیاتر لە ١٠٠ رۆژنامەنووس دەستگیرکراون"، وتشی  :" بەم قۆڵبەستکردن و زیندانیکردنانە رەوتی گەیاندن و بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان ناوەستێت و وەک ئاو رێگای خۆی ئەدۆزێتەوە". هاوکات بەڕێوەبەری ئەنجومەنی پیشەیی رۆژنامەنووسەکانی تاران، ساڵی رابردووی وەک " سەردەمی رەشی رۆژنامەنووسی" ناوبردو وتی :" سەردەمی رەشی رۆژنامەنووسی کۆتایی نەهاتووەو یەکدەستکردنەوەی سیستەم مانای سڕینەوەو دوورخستنەوەی دەنگە جیاوازەکان و هەروەها زیندانی کردن و دوورخستنەوەی میدیاکار و رۆژنامەنووسەکانە." لە راپۆرتەکاندا یەکێک لەو رۆژنامەنووسانەی ئاماژەی پێدراوە، نازیلا مەعرووفیان، کچە رۆژنامەنووسی سەقزییە کە لە زیندانی ئێڤین دەستبەسەرەو لە ئێستادا باری تەندروستی ناجێگیرەو چەن رۆژ لەوە پێش گەیەنرایە نەخۆشخانە. هەروەها ئاماژە دراوە بە ناوی "نیلووفەڕ حامیدی" پەیامنێری رۆژنامەی شەرق و ئیلاهە محەممەدی پەیامنێری رۆژنامەی (هم میهن) کە ٣٢٠ رۆژە لە زیندانن بە هۆی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی سەردەمی خۆپیشاندانەکانی ژن ژیان ئازادی. ئێران بە گەورەترین زیندانی رۆژنامەنووسەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراوەو یەکێکە لەو وڵاتانەی کە ئازادی راگەیاندن تێیدا زۆر سنووردارە. دوای چین ئێران وەک گەورەترین زیندانی رۆژنامەنووسەکان لە دونیا دەناسرێت.  

هاوڵاتی ئێوارەی ئەمڕۆ تەرمی هاوڵاتییەک دوای شەش ڕۆژ لە مردنی لە ماڵەکەی خۆی لەسەنتەری دهۆک دۆزرایەوە. سەرچاوەیەک لە پۆلیسی دهۆک بە هاوڵاتی ڕاگەیاند، "دوای ئەوەی ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی بینایەکی نیشتەجێبوون سکاڵایان لە بوونی بۆنێکی ناخۆش کردووە پۆلیس چۆتە ئەو جێگەیەو تەرمی هاوڵاتییەکیان لەناو شوقەیەکدا دۆزیوەتەوە و بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان زیاتر لە پێنج ڕۆژە مردووە." وتیشی ،" ئەو لاشەی ئەمرۆ دۆزراوەتەوە،هی کەسێکی بووە کەتەمەنی لەنێوان 60 بۆ65 ساڵدا بووە کە بە تەنیا لەو شوقەیەدا ژیاوە". لەئێستادا تەرمی ئەو هاوڵاتییە  رەوانەی پزیشکی دادی دهۆک کراوە و لێکۆڵینەوەکان دەستی پێکردووە.  

هاوڵاتی ئەمشەو لەئەنجامی شەڕی نێوان دو خانەوادە لە ناحیەی شۆڕشی سەر بەقەزای چەمچەماڵ، شەش كەس برینداربون كە پێنج كەسیان بەگوللـە و یەكێكیشیان بەبلۆك برینداركراوە. ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە لە گەڕەکی قادر کەرەمییەکان لە ناحیەی شۆڕشی سەر بە قەزای چەمچەماڵ، بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتیەوە شەڕ لەنێوان دو بنەماڵەدا دروستبوە و شەڕەتەقە رویداوە، لە ئەنجامدا شەش کەس برینداربون بە گوێرەی زانیارییەکان بریندارەكان دو ئافرەت و چوار پیاو بون، سێ لە بریندارەكان كە دو پیاو و ئافرەتێكن بەهۆی دۆخی تەدروستیانەوە رەوانەی نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی كراون هاوکات هێزە ئەمنیەكان گەیشتونەتە شوێنی روداوەكە و دۆخەكەیان كۆنتڕۆڵكردوە، لێكۆڵینەوە و بەدواداچونیش بۆ دەستگیركردنی تۆمەتبارەكان دەستیپێكردوە. 

هاوڵاتی رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤی سووری ئەمرۆ دوو شەممە ٧ی ئاب، لە راپۆرتێکدا باسی لەوە کرد بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو شەممە ئیسرائیل جارێکیتر هێرشی کردۆتەوە سەر بنکە سەربازییەکانی ئێران لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق و لە ئەنجامدا ٦ کەس لە سەربازانی ئێران و ٤ سەربازی ئەرتەشی سووریا کوژراون.  باسی لەوەشکردوە  کۆگای چەک و تەقەمەنیەکانی ئێران لەم ناوچەیە تەقێنراوەتەوە. بە پێی ئاماری  رێکخراوەکە لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئەمە ٢٥ ەمین هێرشی ئیسرائیلە بۆ خاكی سووریا کە ١٧ جار هێرشی ئاسمانی بووەو ٥ جار هێرشی زەمینی. دەشڵێت،  لەم هێرشانەدا " ٥٩ کەس لەوانە ٢٢ سەربازی سەر بە ئێران سووری و نەتەوەکانیتر، ٦ سەربازی سوپای پاسداران و ٤ سەربازی سووری سەر بە ئێران و ٣ ئەندامی حیزبوڵڵای لوبنان کوژراون". کۆماری ئیسلامی بە گەورەترین پارێزەر و لایەنگری ئەسەد لە ناوچەکە دەزانرێت و ژمارەیەکی زۆر سەربازی (ئەفغانستانی و پاکستانی و ئێرانی) لە سووریا جێگیر کردووەو ئیسرائیل بوونی ئەو سەربازانە لە سووریا بە مەترسی ئەزانێت بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی خۆی .  

هاوڵاتی بە پێی ئاژانسەکانی هەواڵی ناوخۆی ئێران، شارەوانی تاران ٤٠٠ کەس وەک " پارێزەری حیجاب" بە مووچەی مانگانە ١٢ میلیۆن تمەن لە مێترۆکان دامەزراندووە. بە پێی ئەو زانیاریانەی لە میدیاکانی ناوخۆی ئیرانەوە بڵاو بوونەتەوە، ئەرکی ئەم هێزی " پارێزەری حیجاب"ە لە مێترۆی تاران، ئاگادار کردنەوەو پێشگرتن و هەروەها دەستگیرکردنی ئەو ژنانەیە کە ئامادە نین حیجابی زۆرەملێ بپۆشن. جێگەیباسە پێش ئەم بڕیارە کۆمەڵێک ڤیدیۆی جیاوازبڵاوکرایەوە کە تیایدا لە وێستگەکانی مێترۆ کۆمەڵێک هێزی جیاواز بۆ داسەپاندنی حیجاب بە سەر ژنان لە مێترۆکان هەڕەشەیان لە ژنان دەکرد. بە پێی ئەو ڤیدیۆیانە، سەرەتا کۆمەڵێک ژنی سەرداپۆشراو و حیجاب، ژنەکان ئاگادار دەکەنەوە ئەبێ حیجاب بکەن، لە هەنگاوی دووهەمدا کۆمەڵێک پیاو بە جل و بەرگی ئاساییەوە دێن و ژنان ئاگادار ئەکەنەوە ئەگەر حیجابیان نەبێت ئیزنیان پێ نادرێت بچنە مێترۆوە. لە هەنگاوی سێهەمدا هێزەەکانی " یەکەی پارێزەر"ی شارەوانی بە جلی تایبەتەوە پێش بەو ژنانە ئەگرن کە سواری مێترۆ ببن. رۆژنامەی  " فەراز" دەربارەی یەکەی نوێی " پارێزەری حیجاب" لە شارەوانی تاران لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە نووسیویەتی :" ئەم هێزانە وەک (پارێزەری حیجاب) لە لایەن یەکەی پارێزەری شارەوانی تارانەوە هەڵبژێردراون و خولی تایبەتیان بینوەو بەم زوانە لە وێستگەکانی مێترۆ جێگیر دەکرێن.

هاوڵاتی رێنمای جێبەجێکردنى بودجەى گشتیى عێراق لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوکرایەوە، بەوەش یاساکە بە تەواوى دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە. ئەمڕۆ دوشەممە رێنماییەکانی جێبەجێکردنی بودجەی گشتی عێراق بڵاوکرایەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە کە نزیکەی دو مانگ بەسەر پەسەندکردنی یاساکەدا لە پەرلەمانی عێراق تێدەپەڕێت. رێنماییەکانی جێبەجێکردنى بودجەى گشتیى عێراق بۆ ساڵانی 2023، 2024 و 2025 لە رۆژنامەى وەقائیعى عێراقى بڵاوکراوەتەوە کە لەلایەن تەیف سامى، وەزیرى داراییەوە واژۆ کراوە، کە لە 36 ماددە پێکهاتوە و بەسەر حەوت بەشدا دابەش بون. یاسای بودجەى گشتی لە 12ى حوزەیران لە پەرلەمان پەسند کرا، لە 26ى هەمان مانگ لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوکرایەوە، پارەکەى 198.9 تریلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە. بڵاوکردنەوەى رێنماییەکانی جێبەجێکردنى بودجەى گشتى لەدواى ئەوە هات کە ئەمڕۆ دووشەممە 7ى ئاب دادگەى باڵاى فیدراڵى سەرجەم سکاڵاکانى لەبارەى یاساى بودجە یەکلاکردەوە.  

هاوڵاتی دادگاى فیدڕاڵی عێراق رایگەیاند، خەرجکردنی پشکی هەرێمی کوردستان بە رەزامەندی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق "نادەستورییە"، دەشڵێت، "یەکلایی کردنەوەی کێشەی هەرێم و بەغدا لە پەرلەمان نادەستورییە". دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، ئەمڕۆ لەبارەی ژمارەیەک سکاڵای یاسایی کۆبۆوە، کە دووان لە سکاڵاکان تایبەتبوون بە حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵیی عێراق لە دژی چەند بڕگە و ماددەیەکی یاسای بودجە. لە کۆبونەوەکەدا دادگاکە بڕیاریدا کە  کە ئەو دەقەی نوسراوە (بە رەزامەندی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق) کە لە ماددەی (11/یەکەم)دا و بڕگەی (لە کاتێکدا نەگەیشتنە چارەسەر ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری پێویست دەدات) کە لە ماددەی (13/حەوتەم) هاتوە، "نادەستورییە". یەکێک لەو دەستەواژانەى دادگا بە نادەستوریى زانی، تایبەتە بە خەرجکردنى پشکى هەرێمى کوردستان بە رەزامەندیى سەرۆکوەزیرانى عێراق، کە لە بڕگەى یەکى مادەى 11ـی بودجەدا هاتووە، بەوەش وەزارەتى دارایی عێراق لایەنى بەرپرس دەبێت لە ناردنی پشکەکە.    دەستەواژەی دووەم لە بڕگەى حەوتى مادەى 13ـدا هاتووە، کە تایبەتە بە بڕیاردانى کۆتایی لەسەر کێشەى نێوان هەولێر و بەغدا لە پەرلەمانی عێراق، ئەگەر ئەو دوو لایەنە نەگەیشتنە رێککەوتن. لە سەر ئەو بنچینەیە، هەر کێشەیەکی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لە بواری بودجەدا لەلایەن لیژنەی هەردوو حکومەتەوە یەکلایی دەبێتەوە، نەوەک ئەوەی پەرلەمانی عێراق بڕیاری لەبارەوە بدات.     

هاوڵاتی ئەنجامى لێکۆڵینەوەکان لە کوژرانى موقەدەمێکی وەزارەتى پێشمەرگە لە شارى هەولێر راگەیانرا و بە وتەى پۆلیس،" خۆى خۆى کوشتووە". پۆلیسى هەولێر، ئەنجامى لێکۆڵینەوە لە کوشتنى موقەدەمێکى وەزارەتى  پێشمەرگە بڵاوکردەوە و دەڵێت: عەقید فواد زرار، موقەدەمی وەزارەتی پێشمەرگە لەژێر کاریگەریی خواردنەوە کحولییەکان خۆی بە شۆستەی شەقام و بارهەڵگرێکدا داوە و دواتر بە چەکی کڵاشینکۆڤ گولـلەیەکی لە قاچی چەپی خۆی داوە. پۆلیس دەشڵێت: بەڵگەکانی  کامێرکانى چاودێرى و پزیشکی داد پشتڕاستی دەکەنەوە کە ئاراستەی گولـلەکە لە ناوەوە بۆ دەرەوەیە و یەک قەوانی بەتاڵی کڵاشینکۆڤ لەنێو ئۆتۆمبێلەکە دۆزراوەتەوە؛ تووشی خوێنبەربوون بووە و گیانی لەدەستداوە  

هاوڵاتی رۆژنامەی ساندەی تایمز، لە راپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە، سوەیلا براڤێرمەن، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، سوپای پاسدران بە " گەرەترین ‌هەڕەشە" لەسەر وڵاتەکەی ئەبینێت. لەم راپۆرتەدا کە ڕۆژنامەکە لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە  سوەیلا براڤێرمەنەوە بڵاویکردۆتەوە دەڵێت :" وەزیری ناوخۆی بەریتانیا لەوە دەترسێت سوپای پاسداران پەرە بە چالاکییەکانی بدات و سیخوڕە ئێرانییەکان خەریکی بەکارهێنانی تاقم و دەستە تێکدەر و خراپکارەکانن بۆ هێرش بۆ سەر نەیاری کۆماری ئیسلامی. ئەم سەرچاوەیە کە نەیویستووە ناوی ببرێت بە سەندەی تایمزی وتووە:" هەڕەشەکانی ئێران زیاتر لە هەرکاتێک ئێمەی نیگەران کردووە. کێشەیەکی گەورەیە لەبەر ئەوەی ئەوان خەریکن هێرشبەرانەتر هەڵسووکەوەت ئەکەن و ویستی زیاتریان هەیە." چەند مانگ لەوە پێش پۆلیسی دژە تیرۆری بەریتانیا رایگەیاند کە ١٥ پلانی تێکدەرانەی  تێک شکاندووە کە سەرچاوەکەیان لە ئێرانەوە بووەو ئێران پلانەکەی داڕشتووە.  

هاوڵاتی بە پێی هەواڵێک کە ماڵپەڕی "هەنگاو" بڵاوی کردۆتەوە، رۆژی شەممە ٥ی ئاب، هێزە چەکدارەکانی ئێران، کۆڵبەرێکی ٥٠ ساڵ تەمەنیان  بە ئەنقەست کردووە بە ژێر ئۆتۆمبیلەوەو بە هۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لە دەست داوە. ماڵپەڕی هەنگاو ڕایگەیاند، ڕەسووڵ گاگەشی، خەڵکی گوندی "کانی زەرد" ی سەردەشت، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە بە ئەنقەست و بە ئۆتۆمبێل لە سنووری شێڵمان کرایە ژێرەوە و لەکاتی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. بەوتەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕەسووڵ گاگەشی، کۆڵبەری کوژراو، تەمەنی ٥٠ ساڵ و باوکی پێنج منداڵ بووە. تەرمی ڕەسووڵ گاگەشی هێشتا لە نەخۆشخانەی سەلاحەدین ئەیووبی بانە ڕاگیراوە و ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە. هاوکات لەگەڵ تەقەکردن لە کۆڵبەر و کاسبکارەکانی سەرسنوور، رۆژی پێنج شەممە ٤ی ئاب، لە سنووری بانە، کۆڵبەرێک بە ناوی "هوشیار ئەمینی دۆسینە"، کوڕی محەممەد و خەڵکی گوندی "دۆسینە"، سەر بە شاری بانە، بە تەقەی هێزەکانی ئێران گیانی لەدەست دا. سەرچاوەیەک لەم بارەوە بە ماڵپەڕی "کوردپا"ی راگەیاندووە: ئەم کۆڵبەرە لە کاتی گەڕانەوە لە سنووری "هەنگەژاڵ"ی بانە، لە خاڵی پشکنینی "خوریاوا"، کراوەتە ئامانج و تەوەی لێکراوە.