هاوڵاتی رێنمای جێبەجێکردنى بودجەى گشتیى عێراق لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوکرایەوە، بەوەش یاساکە بە تەواوى دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە. ئەمڕۆ دوشەممە رێنماییەکانی جێبەجێکردنی بودجەی گشتی عێراق بڵاوکرایەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە کە نزیکەی دو مانگ بەسەر پەسەندکردنی یاساکەدا لە پەرلەمانی عێراق تێدەپەڕێت. رێنماییەکانی جێبەجێکردنى بودجەى گشتیى عێراق بۆ ساڵانی 2023، 2024 و 2025 لە رۆژنامەى وەقائیعى عێراقى بڵاوکراوەتەوە کە لەلایەن تەیف سامى، وەزیرى داراییەوە واژۆ کراوە، کە لە 36 ماددە پێکهاتوە و بەسەر حەوت بەشدا دابەش بون. یاسای بودجەى گشتی لە 12ى حوزەیران لە پەرلەمان پەسند کرا، لە 26ى هەمان مانگ لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوکرایەوە، پارەکەى 198.9 تریلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە. بڵاوکردنەوەى رێنماییەکانی جێبەجێکردنى بودجەى گشتى لەدواى ئەوە هات کە ئەمڕۆ دووشەممە 7ى ئاب دادگەى باڵاى فیدراڵى سەرجەم سکاڵاکانى لەبارەى یاساى بودجە یەکلاکردەوە.
هاوڵاتی دادگاى فیدڕاڵی عێراق رایگەیاند، خەرجکردنی پشکی هەرێمی کوردستان بە رەزامەندی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق "نادەستورییە"، دەشڵێت، "یەکلایی کردنەوەی کێشەی هەرێم و بەغدا لە پەرلەمان نادەستورییە". دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، ئەمڕۆ لەبارەی ژمارەیەک سکاڵای یاسایی کۆبۆوە، کە دووان لە سکاڵاکان تایبەتبوون بە حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵیی عێراق لە دژی چەند بڕگە و ماددەیەکی یاسای بودجە. لە کۆبونەوەکەدا دادگاکە بڕیاریدا کە کە ئەو دەقەی نوسراوە (بە رەزامەندی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق) کە لە ماددەی (11/یەکەم)دا و بڕگەی (لە کاتێکدا نەگەیشتنە چارەسەر ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری پێویست دەدات) کە لە ماددەی (13/حەوتەم) هاتوە، "نادەستورییە". یەکێک لەو دەستەواژانەى دادگا بە نادەستوریى زانی، تایبەتە بە خەرجکردنى پشکى هەرێمى کوردستان بە رەزامەندیى سەرۆکوەزیرانى عێراق، کە لە بڕگەى یەکى مادەى 11ـی بودجەدا هاتووە، بەوەش وەزارەتى دارایی عێراق لایەنى بەرپرس دەبێت لە ناردنی پشکەکە. دەستەواژەی دووەم لە بڕگەى حەوتى مادەى 13ـدا هاتووە، کە تایبەتە بە بڕیاردانى کۆتایی لەسەر کێشەى نێوان هەولێر و بەغدا لە پەرلەمانی عێراق، ئەگەر ئەو دوو لایەنە نەگەیشتنە رێککەوتن. لە سەر ئەو بنچینەیە، هەر کێشەیەکی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لە بواری بودجەدا لەلایەن لیژنەی هەردوو حکومەتەوە یەکلایی دەبێتەوە، نەوەک ئەوەی پەرلەمانی عێراق بڕیاری لەبارەوە بدات.
هاوڵاتی ئەنجامى لێکۆڵینەوەکان لە کوژرانى موقەدەمێکی وەزارەتى پێشمەرگە لە شارى هەولێر راگەیانرا و بە وتەى پۆلیس،" خۆى خۆى کوشتووە". پۆلیسى هەولێر، ئەنجامى لێکۆڵینەوە لە کوشتنى موقەدەمێکى وەزارەتى پێشمەرگە بڵاوکردەوە و دەڵێت: عەقید فواد زرار، موقەدەمی وەزارەتی پێشمەرگە لەژێر کاریگەریی خواردنەوە کحولییەکان خۆی بە شۆستەی شەقام و بارهەڵگرێکدا داوە و دواتر بە چەکی کڵاشینکۆڤ گولـلەیەکی لە قاچی چەپی خۆی داوە. پۆلیس دەشڵێت: بەڵگەکانی کامێرکانى چاودێرى و پزیشکی داد پشتڕاستی دەکەنەوە کە ئاراستەی گولـلەکە لە ناوەوە بۆ دەرەوەیە و یەک قەوانی بەتاڵی کڵاشینکۆڤ لەنێو ئۆتۆمبێلەکە دۆزراوەتەوە؛ تووشی خوێنبەربوون بووە و گیانی لەدەستداوە
هاوڵاتی رۆژنامەی ساندەی تایمز، لە راپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە، سوەیلا براڤێرمەن، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، سوپای پاسدران بە " گەرەترین هەڕەشە" لەسەر وڵاتەکەی ئەبینێت. لەم راپۆرتەدا کە ڕۆژنامەکە لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە سوەیلا براڤێرمەنەوە بڵاویکردۆتەوە دەڵێت :" وەزیری ناوخۆی بەریتانیا لەوە دەترسێت سوپای پاسداران پەرە بە چالاکییەکانی بدات و سیخوڕە ئێرانییەکان خەریکی بەکارهێنانی تاقم و دەستە تێکدەر و خراپکارەکانن بۆ هێرش بۆ سەر نەیاری کۆماری ئیسلامی. ئەم سەرچاوەیە کە نەیویستووە ناوی ببرێت بە سەندەی تایمزی وتووە:" هەڕەشەکانی ئێران زیاتر لە هەرکاتێک ئێمەی نیگەران کردووە. کێشەیەکی گەورەیە لەبەر ئەوەی ئەوان خەریکن هێرشبەرانەتر هەڵسووکەوەت ئەکەن و ویستی زیاتریان هەیە." چەند مانگ لەوە پێش پۆلیسی دژە تیرۆری بەریتانیا رایگەیاند کە ١٥ پلانی تێکدەرانەی تێک شکاندووە کە سەرچاوەکەیان لە ئێرانەوە بووەو ئێران پلانەکەی داڕشتووە.
هاوڵاتی بە پێی هەواڵێک کە ماڵپەڕی "هەنگاو" بڵاوی کردۆتەوە، رۆژی شەممە ٥ی ئاب، هێزە چەکدارەکانی ئێران، کۆڵبەرێکی ٥٠ ساڵ تەمەنیان بە ئەنقەست کردووە بە ژێر ئۆتۆمبیلەوەو بە هۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لە دەست داوە. ماڵپەڕی هەنگاو ڕایگەیاند، ڕەسووڵ گاگەشی، خەڵکی گوندی "کانی زەرد" ی سەردەشت، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە بە ئەنقەست و بە ئۆتۆمبێل لە سنووری شێڵمان کرایە ژێرەوە و لەکاتی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. بەوتەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕەسووڵ گاگەشی، کۆڵبەری کوژراو، تەمەنی ٥٠ ساڵ و باوکی پێنج منداڵ بووە. تەرمی ڕەسووڵ گاگەشی هێشتا لە نەخۆشخانەی سەلاحەدین ئەیووبی بانە ڕاگیراوە و ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە. هاوکات لەگەڵ تەقەکردن لە کۆڵبەر و کاسبکارەکانی سەرسنوور، رۆژی پێنج شەممە ٤ی ئاب، لە سنووری بانە، کۆڵبەرێک بە ناوی "هوشیار ئەمینی دۆسینە"، کوڕی محەممەد و خەڵکی گوندی "دۆسینە"، سەر بە شاری بانە، بە تەقەی هێزەکانی ئێران گیانی لەدەست دا. سەرچاوەیەک لەم بارەوە بە ماڵپەڕی "کوردپا"ی راگەیاندووە: ئەم کۆڵبەرە لە کاتی گەڕانەوە لە سنووری "هەنگەژاڵ"ی بانە، لە خاڵی پشکنینی "خوریاوا"، کراوەتە ئامانج و تەوەی لێکراوە.
هاوڵاتی سەرۆکى دەستەى دەستپاکى فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ دەستگیرکردنى عەلى عەلاوى، وەزیرى دارایی پێشو و چەند بەرپرسێکى باڵاى حکومەتەکەى کازمى پێکرد و دەڵێت: تۆمەتبارن لە کەیسى "دزى سەدە". حەیدەر حەنون ئەمڕۆ یەکشەممە لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ هەریەکە لە عەلی عەلاوی، وەزیری پێشوی دارایی عێراق و بەڕێوەبەری نوسینگەی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی پێشوی عێراق و بەڕێوەبەری پێشوی هەواڵگری بەتۆمەتی تێوەگلان لە دۆسیەی "دزی سەدە" دەرچوە و داوا لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و بریتانیا دەکات کە ڕادەستیان بکەنەوە. باسى لەوەشکرد کە مانەوەى ئەو تۆمەتبارانە لە دەرەوەى زیندان زۆر ناکێشێت و وتى: "هەریەکە لەو تۆمەتبارانە زیاتر لە 100 ملیار دیناریان بردوە". لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو دەرکەوت بڕی سێ ترلیۆن و ٧٠٠ ملیار دینار لە پارەی باجی بانکی رافیدەین نادیارە و دادگای کەرخی پارێزگای بەغدا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ تۆمەتبارانی ئەو دۆسیەیە دەرکرد.
هاوڵاتی بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی شەپۆلێکی گەرما روو لە کوردستان دەکات و لە هەندێک ناوچە بەرزترین پلەی گەرما دەگاتە سەرووی ٥٠ پلەی سیلیزی. بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، "شەپۆلێکى گەرما ڕو لە ناوچەکەمان دەکات سبەى دوشەممە کاریگەرى ئەم شەپۆلە دەستپێدەکات و تاوەکو هەفتەى داهاتو ئەو بارستە هەوایە گەرمە لەسەر ناوچەکەمان دەمێنێتەوە". ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەم بەرزبونەوەیە لە پلەکانى گەرما رۆژى پێنجشەممە دەگاتە ئەوپەڕى بەهێزى خۆى. پلەی گەرمای شارەکانی باشووری کوردستان بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت: - هەولێر: 47 پلەی سیلیزی - سلێمانی: 45 پلەی سیلیزی - دهۆک: 46 پلەی سیلیزی - کەرکووک: 50 پلەی سیلیزی - هەڵەبجە: 47 پلەی سیلیزی - گەرمیان: 51 پلەی سیلیزی - راپەڕین: 45 پلەی سیلیزی سەبارەت بە پلەی گەرما لە ناوچە شاخاوییەکان کەشناسی ئاماژەی بەوەکردووە، لە ناوچە شاخاوییەکان پلەی گەرما لە سەرووى ٤٢ پلەى سیلیزى دەبێت ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان لە سەرووى ٣٤ پلەى سیلیزى دەبێت. باسی لەوەشکردووە، ئەم شەپۆڵی گەرمایە ماوەی مانەوەی بۆ چەند ڕۆژێک درێژدەبێتەوە بۆیە جیاوازە لە شەپۆڵەکانی تر ئەمەش وا دەکات هەرێمی کوردستان و ناوچەکە لە ژێر شەپۆڵێکی گەرمای چەند ڕۆژە بێت .
هاوڵاتی بەیانى ئەمڕۆ یەکشەممە، بە فڕۆکەى بێفڕۆکەوان گوندى چنارتوو لە سنورى ناحیەى ئاغجەلەر بۆردومانکرا. بەگوێرەی زانیارییەکان لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا، بە ئاسمانی ناوچەکەدا سوڕاونەتەوە، نزیک کاتژمێر هەشتی بەیانی گوندی چنارتوویان بۆردوومان کردووە، لە سنووری شارەدێی ئاغجەلەری سەربە شارۆچکەی چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی. هاوکات بەرێوەبەرى ناحیەى ئاغجەلەر ڕایگەیاند، ئاگر لە سنورەکە کەوتووەتەوە و لەلایەن تیمەکانى بەرگرى شارستانییەوە کۆنتڕۆڵکراوە، بەڵام ئامادەنەبوو هیچ زانیارییەکى دیکە لەبارەى بۆردومانەکەوە ئاشکرا بکات.
هاوڵاتی ئەبولفەزل قەدیانی، یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی پێشتری کۆماری ئیسلامی و کەسایەتییەکی دیاری بزووتنەوەی سەوز و نزیک بە میرحسێن مووسەوی، لە وتارێکدا لە ماڵپەڕی " سحام نیوز" نووسیویەتی :" شەپۆلی دووهەمی بزووتنەوەی گۆڕان خولقێن و پڕخێر و بەرەکەتی ژن، ژیان، ئازادی" بەم زوانە سەر هەڵدەداتەوە. ئەم کەسایەتییە دیارەی پێشتری کۆماری ئیسلامی دوای ٢٠١٠ و سەرهەڵدانی بزووتنەوەی سەوز، یەکێکە لە رەخنەگرەکانی دەسەڵات دەربارەی رەشنووسی نوێ بۆ داسەپاندنی حیجابی زۆرەملێ لە مەجلیس نووسیویەتی :" ئەم گەڵالە و رەشنووسە هەر لە ئێستاوە شکستی هێناوەو ژنان و پیاوانی ئازادیخواز دژی دەوەستنەوەو عەلی خامنەیی سەرکوتگەر ناتوانێ بە ئامانجەکانی بگات". دوای چەند مانگ لە بانگەشە و پڕووپاگەندە حکوومەتییەکان دەربارەی شێوە نوێکانی کۆنتڕۆڵی جل پۆشینی ژنان، ئێران رەشنووسی یاسایەکی نوێی ناردۆتە پەڕلەمانی ئێران بۆ پەسەندکردن، کە بە پێی ئەو یاسا نوێیە کۆمەڵێک سزای نوێ بە سەر ئەوانەدا دادەسەپێنرێت کە حیجابی زۆرەملێ رەچاو نەکەن و نەیپارێزن. لەو سزایانەی کە ئاماژەی پێدراون ئەمانەن:" بێبەبەری بوون لە خزمەتگوزاری حکوومەتی، دەست بەسەرداگرتنی سەیارە، داخستنی شوێنی کار و سزای نەختی قورس". لە رەشنووسی ئەم یاسایەدا کە دراوەتە پەڕلەمان بۆ پەسەندکردن، بە چەندین جۆر دەرکەوتنی قژی ژنان بە بێ حیجابی پێناسە کراوەو سزای قورسی لەسەرە. ژمارەیەک لە نوێنەرەکانی پەڕلەمانی کۆماری ئیسلامی ئەم رەشنووسە یاساییە بە توندڕەوانە ناو دەبەن و لایان وایە زێدەڕۆیی تێدا کراوە. لەگەڵ نزیکبوونەوە لە سالڕۆژی دەستپێکی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" و مەرگی "ژینا ئەمینی" کچە کوردی سەقزی لە شاری تاران بە هۆی ئەشکەنجەی پۆلیسی ئەخلاقەوە، دەسەڵات هەوڵ دەدات گوشارەکان لە کۆمەڵگا زیاتر بکات و دوای چەند مانگ بە دانانەوەی "پۆلیسی ئەخلاق" لە سەر شەقامەکان، گوشار بۆ سەر کۆمەڵگا زیاتر ئەکات. ئەبولفەزل قەدیانی، کەسایەتی دیاری بزووتنەوەی سەوز و یەکێک لە بەرپرسانی پێشتری کۆماری ئیسلامی، لەگەڵ رەخنەگرتن لەم رەشنووسە یاساییە، لای وایە ژنان و پیاوانی ئێرانی بەردەوام ئەبن لەم شۆڕشە و شەپۆلی دووهەمی ئەم شۆڕشە زۆر نزیکە.
هاوڵاتی بەشێک لە چالاکوان و گەنجانی کورد لە وڵاتی ئەڵمانیا بەتایبەت لە شاری میونخ؛ بە چەندین شێوەی جیاواز تاوانەکانی شەڕی دەوڵەتی تورکیا دەخەنەڕوو و بانگەوازیی ئەوەیان کرد گەشتیاریی یەکێکە لە گەورەترین سەرچاوەکانی داهات بۆ دەوڵەتی تورک، بۆیە بایکۆتی گەشتەکان بۆ تورکیا بکەن و مەبنە پشتیوانیی ئەو شەڕە. لە چالاکییەکاندا گەنجان بەشێوەی زارەکی و نووسراو، هۆشیارییان بڵاوکردەوە کە، دەوڵەتی تورکیا هێرشی داگیرکاریی و جینۆساید بە تایبەت بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و باشووری کوردستان ئەنجام دەدات. ئاماژەیان بەوەشکرد، گەشتیاریی یەکێکە لە گەورەترین سەرچاوەکانی داهات بۆ دەوڵەتی تورک، هەربۆیە گەشتەکانتان بۆ تورکیا هەڵبوەشێننەوە و بایکۆتی بکەن و مەبنە لایەنگریی ئەو شەڕە. بە وردەکاریشەوە باسیان لە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا کردووە کە چۆن زیانی گەورەی بە سرووشتی کوردستان گەیاندووە.
هاوڵاتی ئاژانسی هەواڵی ئەسۆسیەتێدپرێس، رۆژی پێنج شەممە ٣ی ئاب، لە راپۆرتێکدا لە دەمی پێنج بەرپرسی پلەباڵای سەربازی ئەمریکاوە رایگەیاند، ئەمریکا خەریکی تاوتوێکردنی جێگیرکردنی سەربازەکانی خۆیەتی لە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە کاتی پەڕینەوە لە گەرووی هۆرمۆز لە کەنداو. ئەم وتەیەی ئەم بەرپرسە باڵا سەربازیانەی ئەمریکا هاوکاتە لەگەڵ ناردنی هەزاری کۆماندۆ و سەربازی هێزی دەریایی و مەلەوان بۆ کەنداو لە کەشتی هێرشبەری ( یو .ئێس. ئێس باتان ) و کەشتی ( یو. ئێس. ئێس. کارتەر هاڵ). ئەم پێنج بەرپرسە سەربازییە نەیانویستووە ناویان بڵاو بێتەوە، بەڵام جەختیان لەسەر ئەوە کردۆتەوە هێشتا بڕیاری کۆتایی لەم بارەوە نەدراوەو بەرپرسانی سەربازی ئەمریکا لە گفتوگۆ و راوێژدان لەگەڵ هاوپەیامنە عەرەبەکانی ئەمریکا لە کەنداو. ئەو بەرپرسە سەربازییانە باسیان لەوە کردووە، مەلەوان و چەکدارە دەریاییەکان، هەرکات لە لایەن کەشتییە بازرگانییەکانەوە داوایان لێ بکرێت، بەهانای کەشتییەکانەوە ئەچن و ئەمنییەتیان دەپارێزن. بەرپرسێکی سەربازی پرۆسەکەی بە پرۆسەیەکی ئاڵۆز ناوبرد و وتی:" جێگیر کردنی سەربازە ئەمریکاییەکان لە سەر هەر کەشتییەکی بازرگانی، پێویستە لە لایەن ئەو وڵاتەوە کە ئاڵاکەی لە سەر کەشتییەکەیە ڕێگە پێدراو بێت و هەروەها ئەو وڵاتەی کە بەناویەوە تۆمار کراوە". ئەم بەرپرسە کە ناوی نەهاتووە ئەڵێت :" تا ئێستە وا نەبوە کە سەربازەکان لە سەر کەشتییەکان جێگیر بن و رەنگە پێویستی بە کات بێت". پێش نیوەڕۆی رۆژی پێنج شەممە، براد کۆپەر، فەرماندەی فەرماندەی یەکەی پێنجەمی هێزی دەریایی جێگیرکراو لە بەحرین لەگەڵ رێبەرانی شەش وڵاتی ئەندامی ئەنجومەنی هاوکاری کەنداو، واتە بەحرەین، کوێت، عوممان، قەتەر، سعوودیە و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی کۆبۆوە. هەرچەن لە راگەیاندنی کۆتایی ئەم دانیشتنەدا ئاماژە بەو بابەتە نەکراوە کە رۆژنامەی ئەسۆشەیتێدپرێس باسی ئەکات، بەڵام لەو راگەیاندنەدا باس لەوە کراوە کە "کۆپەر" لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەم وڵاتانە دەربارەی بەهێزکردنی هاوکارییەکانیان و کارکردن لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان و ناوچەییەکان، ڕاو بۆچوونیان گۆڕیوەتەوە. ئەگەر بێتوو ئەم پرۆسەیە جێبەجێ بکرێت و هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان جێگیر بکرێن، ئەمە دەبێت بە هۆی ئەوەی ئەمریکا بەرپرسایەتییەکی زۆر بکەوێتە سەرشانی بە مەبەستی پاراستنی ئەمنییەتی کەشتییە بارهەڵگرەکان و لە هەمانکاتدا رێگرییە لە هەنگاوەکانی ئێران و رووسیا و چین لەم ناوچە دەریاییە. ئەمریکا تەنانەت لە جەنگی ناسراو بە جەنگی نەوت هەلگرەکان، ساڵی ١٩٨٨ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، هێزە سەربازییەکانی خۆی بەم شێوەیە لەسەر کەشتییە بارهەڵگر و نەوتهەڵگرەکان جێگیر نەکردبوو. لە سەردەمی جەنگی عێراق- ئێران، لە ساڵی ١٩٨٥-١٩٨٨ بە مەبەستی بەرگرتن بە بازرگانیکردن و فرۆشتنی نەوت، هەرکام لە وڵاتانی ئێران و عێراق هێرشیان دەکردە سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی یەکتر و ئەمریکا بە مەبەستی پاراستنی بازرگانی لە کەنداو. دوو پاپۆڕی گەورەی " یو.ئێس. ئێس . باتان" و " یو. ئێس. ئێس. کارتەرهاڵ" رۆژی ١٠ی تەمووز بە مەبەستی پاراستنی ئەمنیەتی بازرگانی ئازاد لە گەرووی هۆرمۆز لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئێران کە هەڕەشەی تێکدان و وەستاندنی بازرگانی ئازاد ئەکات لەم رێگا بازرگانییە نێردراونەتە ناوچەکە. "یو. ئێس. ئێس. باتان" هەفتەی رابردوو لە گەرووی گیبرالتار ( جبل الطارق)ەوە گوزەری کرد بەرەو کەنداو. ئەمریکا لە مانگی رابردوودا بە مەبەستی وەستانەوە بەرامبەر بە هەڕەشەکانی ئێران، فڕۆکەی جەنگی (ئەی-١٠)، ( تاندرلێبت -٢)، ( ئێف-١٦) و ( ئێف- ٣٥) و هەروەها پاپۆڕشکێنی (یو.اس.اس. تۆماس هادنەر) ناردۆتە کەنداو. چەند رۆژ لەوە پێش و رۆژی چوارشەممە ٢ی ئاب، سوپای پاسداران نمایشێکی سەربازی لە کەنداوی فارس و لە سێ دوورگەی ( تونبی گەورە، تونبی بچووک، ئەبوومووسا) بەڕێوەبرد ناوی نابوو " نمایشی هێز و ئامادەیی بۆ بەرگری لە ئەمنیەتی کەنداو و سێ دوورگەکە" حسێن سەلامی فەرماندەی سپای پاسداران دەربارەی ئەم نمایشە سەربازییە وتی :" هیچ پێویستێکمان بە ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی ئەوان نییە لە ناوچەکە". هەڵبژاردنی ئەو سێ دوورگەیە (ئەبوومووسا، تونبی گەورە و تونبی بچووک) بۆ نمایشی سەربازی لەگەڵ ئەوەی پەرچەکردارە بە بوونی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، هاوکات وەڵامدانەوەیە بە دانیشتنی ٦ وڵاتی کەنداو و رووسیا دەربارەی خاوەندارێتی ئەم سێ دوورگەیە کە رۆژی ١١ی تەمووز لە مۆسکۆ بەڕێوەچوو و ناڕەزایەتی گەورەی ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی ئێرانی لێکەوتەوە. ئیمارات خۆی بە خاوەنی ئەو ٣ دوورگەیە ئەزانێت و ئێران هەموو گفتگوگۆ دەربارەی خاوەندارێتی ئەو ٣ دوورگەیە رەت ئەکاتەوە.
هاوڵاتی دوایین كۆبوونەوەی یەكێتی و پارتی لەسەر ئاستی باڵا لەسلێمانی رۆژی یەكشەممە 30-7-2023 ئەنجامدرا، بەڵام تەنها لەسەر ئەوە رێككەوتوون كەهەڵبژاردن ئەنجامبدرێت و ناكۆكیەكانیشیان لەناو حكومەت كەمبكەنەوە، جگە لەوەی لەسەر یەك لیستی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق رێكنەكەوتوون. بڕیاربوو لەكۆبوونەوەی 30-7-2023 پارتیو یەكێتیدا، تەوەرێكی سەرەكی گفتوگۆكان تایبەت بێت بەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق لەناوچە جێناكۆكەكان، لەكاتێكدا هەمان رۆژ دوا وادەی تۆماركردنی ناوی هاوپەیمانێتییەكان بۆ ئەم هەڵبژاردنە كۆتایی هات، بەڵام كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ماوەی هەفتەیەك مۆڵەتی درێژكردەوە. پارتیو یەكێتییو لایەنە سیاسییەكانی تر كەمتر لەهەفتەیەك دەرفەتیان لەبەردەستدا ماوە بۆ ئەوەی خۆیان وەكو هاوپەیمانێتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەدیاریكراویش لەكەركوك تۆمار بكەن، بەڵام وەك مەسعود مەلا پەروێز بەرپرسی پەیوەندیەكانی پارتی لەكەركوك لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی وتی:»تائێستا یەك لیستی كورد لەكەركوك و ناوچە كێشەلەسەرەكان ئەگەرێكی دوورە». وتیشی:»تائێستا هیچ رێككەوتنێك لەنێوان پارتی و یەكێتی نییە بۆ ئەوەی بەیەك لیست لەكەركوك و ئەو ناوچانە بەشداری هەڵبژاردن بكەن». بەڵام وەك ئەو بەرپرسەی پارتی لەكەركوك دەڵێت «ئەگەر دوو لیستی بەهێزیش هەبێت لەكەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكان دەنگی كورد نافەوتێت». هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بڕیارە لە 18ی كانونی یەكەمی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت و كورد كێبڕكێی زۆرترین كورسی دەكات بۆ ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە 16 كورسیە و ئەگەر كورد نۆ كورسیی كەمتر بەدەستبێنێت ناتوانێت پۆستی پارێزگار لەبەرژەوەندی خۆی یەكلایبكاتەوە. بەپێی یاسای ژمارە چواری ساڵی 2023ی هەمواری سێیەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاكانی ژمارە (12)ی ساڵی 2018، ژمارەی كورسی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق كە ژمارەیان (15) پارێزگایە جگە لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان. هیچ پارێزگایەك نابێت كورسییەكانی لە (12) كورسی كەمتربێت و هەر پارێزگایەك ژمارەی دانیشتوانی بۆ هەر كورسییەك زیاتر بوو لە (200 هەزار) كەس ئەوا بەپێی یاساكە كورسییەكانی بۆ زیاد دەكرێت لەسەر بنەمای ئاماری وەزارەتی پلاندانی عێراق لە ساڵی (2019).
هاوڵاتی هەپەگە ڕایگەیاند، لە چالاکییەکی گەریلاکاندا حەوت سەربازی سوپای تورکی داگیرکەر لە زاپ و حەفتانین کوژران. ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانى پاراستنى گەل- هەپەگە ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی چالاکییەکانی گەریلا و هێرشەکانی سوپای تورکیای لە ڕۆژانى ٤ و ٥ی ئاب بڵاوکردەوە. دەقی زانیارییەکانی لە ڕاگەیەندراوەکەدا خراوەتەڕوو: هەرێمی شەهید دەلیل لە ڕۆژئاوای زاپ؛ ٤ی ئاب کاتژمێر٦:٣٠، لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی جودی، بە تاکتیکی نیشانەشکێنی داگیرکەران کران بە ئامانج، لەو چالاکییە، ئەم چالاکییە لەلایەن هێزەکانی یەژاستارەوە گورز لە سەنگەرێک درا. ٤ی ئاب کاتژمێر ١١:١٥، لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی جودی، سەنگەرێکی داگیرکەران کرایە ئامانج، لەم چالاکییەدا گورز لە سەنگەرێک درا، کە لەلایەن هێزەکانی یەژاستارەوە ئەنجامدرا. ٤ی ئاب کاتژمێر ١٥:٠٠، لە دژی داگیرکەران لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی جودی کۆببوونەوە، لەلایەن تیمە گەڕۆکەکانمانەوە چالاکییەکی هەماهەنگی گەریلایی ئەنجامدرا، لە دوو قۆڵەوە لە داگیرکەران درا و لانیکەم سێ داگیرکەر سزا دران، ئەم چالاکییە لەلایەن هێزەکانی یەژاستارەوە ئەنجامدرا. ٤ی ئاب کاتژمێر ١٦:٣٠، لە کاتێکدا کە داگیرکەران لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی جودی لە جموجوڵدا بوون، بە چەکی قورس لێیاندرا و گورز لە داگیرکەران وەشێندرا، بەهۆی ئەوەی داگیرکەران گورزیان بەرکەوت، جموجوڵیان ڕاگیرا. ٤ی ئاب کاتژمێر ١٨:٣٠، لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی جودی، بە چەکی نیمچە ئۆتۆماتیک لە داگیرکەران درا و لە ئەنجامدا ٢ داگیرکەر سزادران. ٤ی ئاب کاتژمێر ١٩:٣٠، لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی جودی، بە تاکتیکی نیشانشکێنی لە داگیرکەران درا و لە ئەنجامدا داگیرکەرێک سزا درا، ئەو چالاکییە لەلایەن هێزەکانی یەژاستارەوە ئەنجامدرا. داگیرکەران بە تاکتیکی نیشانشکێنی تەقەیان لێکرا و لە ئەنجامدا داگیرکەرێک سزا درا، ئەو چالاکییە لەلایەن هێزەکانی یەژاستارەوە ئەنجامدرا. ھەرێمی زاپ: ٥ی ئاب کاتژمێر ٠٨:٣٠، کاتێک حەفارەیەک لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی سیدا هەوڵیدەدا سەنگەرەکانمان بڕوخێنێت، بە چەکی قورس لێیدرا و هێرشی حەفارەکە وەستێنرا، ئەو چالاکییە لەلایەن هێزەکانی یەژاستارەوە ئەنجامدرا. هەرێمی هەفتانین: ٣ی ئاب کاتژمێر ٠٥:٠٠، بە چەکی قورس سەنگەرەکانی داگیرکەران لە گۆڕەپانی شاخی کۆردینەی سەر بە بەکتۆریا کرانە ئامانج. هێرشەکانی سوپای تورکی داگیرکەر: ٤ی ئاب، گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی جودی لە ھەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ ٢ جار، گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئامێدی ٢ جار و گۆڕەپانی گوندی بازێی مەتینا جارێک، بە گشتی ٥ جار لەلایەن فڕۆکەی شەڕ بۆردومان کران. ھەرێمەکانی زاپ، شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ و مەتینا تۆپباران کران.
هاوڵاتی تەرمی ئەو دو برا خنکاوەکەی دوکان دەرهێنرانەوە کە ئێوارەی دوێنێ هەینی گیانیان لەدەستدا، تەرمەکانیشیان دەگەڕێنرێتەوە بۆ کەرکوک. سیروان لالە سەرحەد، قائیمقامی دوکان رایگەیاند، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ تەرمی یەکێک لە براکان لەلایەن تیمە ژێر دەریاییەکانەوە دۆزرایەوە و دەرهێنرا، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆش تەرمی دوەم دۆزرایەوە و دەرهێنرانەوە کە ئێوارەی رۆژی هەینی لە ئاوی دوکاندا گیانیان لەدەستدا. ئێوارەی رۆژی هەینی دو کەس کە لە کەرکوکەوە بۆ گەشتکردن لەگەڵ خێزانەکەیان سەردانی دوکانیان کردوە کەوتونەتە نێو دەریاچەکە و خنکاون، سەرەتا یەکێک لە براکان کەوتوەتە ناو ئاوەکەوە و دواتر براکەی بۆ رزگارکردنی چوە بەڵام هەردوکیان گیانیان لەدەستداوە. ئەو دوو کەسەی لە دەریاچەی دوکان خنکابوون خەڵکی شاری کەرکوک بوون و بە مەبەستی گەشتیاری روویان لە سەیرانگای دوکان کرد و لە کاتەکانی شەو لە نێو ئاوی دەریاچەی دوکان خنکان.
هاوڵاتی بە پێی هەواڵێک کە ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان لە کەناڵی تێلگرامی خۆی بڵاوی کردۆتەوە، ئەمڕۆ شەممە ٥ی ئاب، دوو ژینگەپارێز کە ئەندامی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان و ئەنجومەنی ژیوانی پاوەنن، لە کاتی ئاگرکوژاندنەوە لە دەورووبەری مەریوان بریندار بوونە و بە هۆی برینەکەیانەوە گەیەندراونەتە نەخۆشخانەو ئێستا تەندروستیان جێگیرە. لەم پەیوەندەدا یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی چیا بە هاوڵاتی راگەیاند، ئارمان شاکری ئەندامی ئەنجومەنی سەوزی چیایە، لە کاتی ئاگرکوژاندنەوە قاچی شکاوەو گەیەندراوەتە نەخۆشخانە و چارەسەری وەرگرتووە. هەروەها عەدنان قادری ئەندامی ئەنجومەنی ژیوای پاوە، لە کاتی ئاگرکوژاندنەوەدا خشۆکێکی نەناسراو پێوەی داوەو باری تەندروستی تێکچووەو گەیەندراوەتە نەخۆشخانە و دوای وەرگرتنی چارەسەر لە نەخۆشخانە دەرکراوە. باسی لەوەشکرد" جێگەی ئاماژەیە ٣ رۆژە لە چەن شوێنەوە دارستانەکانی دەورووبەری مەریوان دەسووتێن و تیمە خۆبەخشەکانی ئاگرکوژاندنەوە لە شارەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بۆ یارمەتی ژینگەپارێزانی شاری مەریوان، روویان لەو شوێنانە کردووە کە ئاگری تێدایە بە مەبەستی کوژاندنەوەی ئاگرەکە. بە پێی زانیارییەکانی هاوڵاتی لە شارەکانی، پاوە، سەقز، سنە و بانەوە ژینگە پارێزەکان پەیوەست بوون بە چالاکانی ژینگەپارێزی شاری مەریوانەوە و تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٥١ تیمی خۆبەخش بۆ ئاگرکوژاندنەوە بەرەو شوێنی ئاگرەکان رێکەوتوون. جێگەی ئاماژەیە چەند رۆژێک لەمەو پێش و رۆژی هەینی ٢١ی تەمموز لەكاتی كوژاندنەوەی ئاگر لەنزیك كانی میران حەوت ژینگەپارێز بەهۆی تەقینەوەی مین بریندار بوون.
