قەدیانی: شەپۆلی دووەمی "بزووتنەوەی ژینا "بەڕێوەیە

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئەبولفەزل قەدیانی، یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی پێشتری کۆماری ئیسلامی و کەسایەتییەکی دیاری بزووتنەوەی سەوز و نزیک بە میرحسێن مووسەوی، لە وتارێکدا لە ماڵپەڕی " سحام نیوز" نووسیویەتی :" شەپۆلی دووهەمی بزووتنەوەی گۆڕان خولقێن و پڕخێر و بەرەکەتی ژن، ژیان، ئازادی" بەم زوانە سەر هەڵدەداتەوە.

ئەم کەسایەتییە دیارەی پێشتری کۆماری ئیسلامی دوای ٢٠١٠ و سەرهەڵدانی بزووتنەوەی سەوز، یەکێکە لە رەخنەگرەکانی دەسەڵات دەربارەی رەشنووسی نوێ بۆ داسەپاندنی حیجابی زۆرەملێ لە مەجلیس نووسیویەتی :" ئەم گەڵالە و رەشنووسە هەر لە ئێستاوە شکستی هێناوەو ژنان و پیاوانی ئازادیخواز دژی دەوەستنەوەو عەلی خامنەیی سەرکوتگەر ناتوانێ بە ئامانجەکانی بگات".

دوای چەند مانگ لە بانگەشە و پڕووپاگەندە حکوومەتییەکان دەربارەی شێوە نوێکانی کۆنتڕۆڵی جل پۆشینی ژنان، ئێران رەشنووسی یاسایەکی نوێی ناردۆتە پەڕلەمانی ئێران بۆ پەسەندکردن، کە بە پێی ئەو یاسا نوێیە کۆمەڵێک سزای نوێ بە سەر ئەوانەدا دادەسەپێنرێت کە حیجابی زۆرەملێ رەچاو نەکەن و نەیپارێزن. لەو سزایانەی کە ئاماژەی پێدراون ئەمانەن:" بێبەبەری بوون لە خزمەتگوزاری حکوومەتی، دەست بەسەرداگرتنی سەیارە، داخستنی شوێنی کار و سزای نەختی قورس".

لە رەشنووسی ئەم یاسایەدا کە دراوەتە پەڕلەمان بۆ پەسەندکردن، بە چەندین جۆر دەرکەوتنی قژی ژنان بە بێ حیجابی پێناسە کراوەو سزای قورسی لەسەرە. ژمارەیەک لە نوێنەرەکانی پەڕلەمانی کۆماری ئیسلامی ئەم رەشنووسە یاساییە بە توندڕەوانە ناو دەبەن و لایان وایە زێدەڕۆیی تێدا کراوە.

لەگەڵ نزیکبوونەوە لە سالڕۆژی دەستپێکی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" و مەرگی "ژینا ئەمینی" کچە کوردی سەقزی لە شاری تاران بە هۆی ئەشکەنجەی پۆلیسی ئەخلاقەوە، دەسەڵات هەوڵ دەدات گوشارەکان لە کۆمەڵگا زیاتر بکات و  دوای چەند مانگ بە دانانەوەی "پۆلیسی ئەخلاق" لە سەر شەقامەکان، گوشار بۆ سەر کۆمەڵگا زیاتر ئەکات.

ئەبولفەزل قەدیانی، کەسایەتی دیاری بزووتنەوەی سەوز و یەکێک لە بەرپرسانی پێشتری کۆماری ئیسلامی، لەگەڵ رەخنەگرتن لەم رەشنووسە یاساییە، لای وایە ژنان و پیاوانی ئێرانی بەردەوام ئەبن لەم شۆڕشە و شەپۆلی دووهەمی ئەم شۆڕشە زۆر نزیکە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار