هاوڵاتی کەشناسى هەرێم بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ و سبەى ئاسمان ساماڵ دەبێت و پلەکانى گەرما یەک تا دوو پلە بەرز دەبنەوە. کەشناسى هەرێم بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ دەبێت و خێرای با لەنێوان پێنج بۆ ١٥ کیلۆمەتر دەبێت لە کاتژمێرێکدا و مەوداى بینین لە نێوان هەشت بۆ ١٠ کیلۆمەتر دەبێت . پلەکانی گەرما بۆ ئەمڕۆ بەەم شێوەیە دەبن: لە بەشێکى دیکەى ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، سبەى ئاسمان ساماڵ دەبێت و بەراورد بە ئەمڕۆ پلەکانى گەرما یەک تا دوو پلە بەرز دەبنەوە. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی : هەولێر : 43 پلەى سیلیزى سلێمانی : 42پلەى سیلیزى دهۆک : 42 پلەى سیلیزى کەرکوک : 45 پلەى سیلیزى هەڵەبجە : 44 پلەى سیلیزى حاجی ئۆمەران : 34 پلەى سیلیزى زاخۆ : 43 پلەى سیلیزى سۆران : 41 پلەى سیلیزى گەرمیان : 45 پلەى سیلیزى
هاوڵاتی بە پێی هەواڵێک کە ماڵپەڕی هەنگاو بڵاوی کردۆتەوە، لە رۆژانی رابردوودا سێ چالاکوانی مەدەنی شاری سنە بە ناوەکانی مەسعوود میرزایی، ئیبراهیم میرزایی و هۆزان باباکەرەمی لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستگیرکراون و بۆ شوێنێکی نادیار گوێزراونەتەوە. بە پێی ئەم هەواڵەی ماڵپەڕی هەنگاو، مەسعوود میرزایی و ئیبراهیم میرزایی کە دوو بران رۆژی ٢٤ی تەمووز دەستبەسەر کراون. مەسعوود میرزایی ٥٣ ساڵی تەمەنە و نەخۆشی شەکرەی هەیە و دەستی بە دەرمانەکانی راناگات. هەر لەو رۆژەدا، هۆزان باباکەرەمی، چالاکی مەدەنی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوەو بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە. بە پێی زانیارییەکانی هەنگاو، تا ئێستە هۆکاری دەستگیرکردن و هەروەها شوێنی دەستبەسەربونی ئەم ٣ چالاکوانە نەزانراوە.
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی ئۆپراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایش، بەهاوکاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی بکەرانی تاوانی کوشتنی هاوڵاتیەکی گەڕەکی سەرچناری سلێمانی دەستگیرکرد. هێزەکانی ئاسایش دوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و بەدەستهێنانی زانیاری وورد، بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، ئەنجامدەرانی تاوانی کوشتنی هاوڵاتی ( صمد عارف محمد )ی تەمەن ٤١ ساڵیان دەستگیرکرد، کە لەشەوی ٢٠٢٣/٦/٦ لەماڵەکەی خۆی لە گەڕەکی گردەبڕاوەکە بە چوار فیشەک کوژرا. دوای لێکۆڵینەوەی هێزەکانی ئاسایش، دەرکەوت خێزانی (صمد) بەرنامە داڕێژەری ئەم تاوانە بووە و بە هاوکاری دوو کەس ئەم تاوانەیان ئەنجامداوە، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کێشەی کۆمەڵایەتی. لەئێستادا تۆمەتباران بە ماددەی ( ٤٠٦ )لەیاسای سزادان بەفەرمانی دادوەر ڕاگیراون.
هاوڵاتی وەزیری فەرهەنگ و ئیرشادی ئێران لەوتارێکدا لە مەشهەد دەڵێت،" کەسایەتییە دیارە هونەری و کەلتوورییەکان لە پێشەوەی خۆپیشاندانەکان بوون دژی کۆماری ئیسلامی" محەممەد مەهدی ئیسماعیلی، وەزیری "فەرهەنگ و ئیرشاد"ی کۆماری ئیسلامی چەند ڕۆژێک لەمەوپێش لە وتارێکیدا لە مەشهەد رایگەیاندووە:" کەسایەتییە دیارە هونەری و کەلتوورییەکان لە پێشەوەی خۆپیشاندانەکان بوون دژی کۆماری ئیسلامی". دەشڵێت، هەربۆیە "وەزارەتی ئیرشاد" چالاکی و هەڵسووڕانی ئەوانی لە بواری کەلتوور و هونەردا قەدەغە کردووە. وەزیری " فەرهەنگ و ئیرشاد"ی کۆماری ئیسلامی، جارێکیتر خۆپیشاندانەکانی "ژن،ژیان، ئازادی" بە " فیتنە" ناوبرد و قەدەغەکردنی چالاکی هونەری و کەلتووری ژمارەیەک لە کەسایەتییە هونەری و رۆشنبیرییەکانی بە کارێکی باش ناوبرد و جەختی کردەوە کە بەردەوام ئەبێت لەو کارە. لە ڕۆژانی خۆپیشاندانەکانی ئێراندا، ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندە دیارەکانی ئێران پشتیوانی خۆیان بۆ خەڵک دەربڕی و ئامادە نەبوون بەشداری رێ و رەسمە حکوومییەکان بکەن ،هەروەها لە پێشانگای کتێبی تاران لە بەهاری ئەمساڵدا، ژمارەیەکی زۆر لە ناوەندەکانی چاپ و بڵاوکردنەوەکان ئامادە نەبوون بەشداری بکەن لە فێستیڤاڵی شانۆی فەجر، کە هەموو ساڵێک لە ئێران بەڕێوە ئەچێت ئەفسانە بایگان، یەکێک بوو لەو هونەرمەندە ژنە دیارانەی مێژووی سینەمای ئێران کە دوای دەستپێکردنی شۆڕشی ژینا، لە کۆڕ و کۆمەڵەکان و لەبەردەم کامێران بێ حیجاب و لەچکە دەرکەوت و وازی لە کاری هونەری هێناوە وەک پشتیوانیکردنی شۆڕشی ژیان و ژینا وەزیری فەرهەنگ و ئیرشادی ئێران، لە وتاری رۆژی ٢٦ی تەمووز لە مەشهەد کە رۆژی ٣٠ تەموز دەقی وتارەکەی لە ماڵپەڕە حکوومییەکان بڵاو کراوەتەوە، جارێکیتر هەڕەشە لەو هونەرمەندانە ئەکات کە پشتیوانیان لە شۆڕشی ژینا کردووەو ئەڵێت :" سینەما و هونەری ئێران جێگەی فیتنەچییەکان نییە".
هاوڵاتی دوای ئەوەی 22ـی تەممووز دوایین مۆڵەت بوو بۆ پێدانی مۆڵەتی چەک و نوێ نەکرایەوە، وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، یاسای چەک دەخەنە بواری جێبەجێکردنەوە. بەگوێرەی یاسای چەک،هەر کەسێک مۆڵەتی بۆ چەکەکەی وەرنەگرتبێت، دەتوانێت لە ماوەی دوو مانگدا مۆڵەت وەربگرێت. وەزارەتی ناوخۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، دوای ئەوەی لە رێگەی کردنەوەی 90 بنکەی تۆمارکردنی چەکەوە زیاتر لە 17 هەزار چەکی هاووڵاتییانیان تۆمار کردووە و پسوولەی تۆماریان بە هاووڵاتی داوە، لە 22ـی تەممووزی 2023ـەوە یاسای چەک، بە ژمارە 2ی ساڵی 2023 کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە لە بڕگەی یەکەم لە مادەی 12ـی یاسای چەکدا هاتووە: هەرکەسێک لە ماوەی (60) رۆژ لە دوای بەرکاربوونی ئەم یاسایە، هەواڵ بدات لەسەر دەستداریی چەکێکی بێ مۆڵەت، لە سزا دەبووردرێت و دەسەڵاتی مۆڵەتدان دەتوانێت بە پێی حوکمەکانی ئەم یاسایە مۆڵەتی پێ بدات." بە گوێرەی ڕێوشوێنەکانی وەزارەتی ناوخۆ هاوڵاتیان دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ناوخۆ لە دیوانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە؛ یان سەردانی دیوانی ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان، راپەڕین، سۆران و زاخۆ بکەن و داوای مۆڵەت بکەن بۆ چەکەکانیان
هاوڵاتی یەكێتی و پارتی ئەمرۆ لەسلێمانی كۆبوونەوە و لەڕاگەیەندراوێكی چەند خاڵیدا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان ڕاگەیاند. نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە شاندی پارتی گەشتە سلێمانی و لە دەباشان لەگەڵ یەکێتی کۆبوونەوە، شاندەکەی یەکێتی بەسەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی و شاندی پارتیش بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی. دوای کۆبونەوەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕێکەوتنیان لەسەر چەند خاڵێک ڕاگەیاند دەقی راگەیاندراوی کۆتایی کۆبونەوەی هاوبەشی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان : کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە دەباشان ئەنجام درا. دوای تاووتوێی بارودۆخی ناوچەکە بە گشتی و عیراق و کوردستان بە تایبەتی، هەردوولا تەئکیدمان لە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و مافە دەستوورییەکانی کردەوە و تەواوی تواناکانمان دەخەینەگەڕ بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵەنگارییەکان لە پێناو بژێوی هاوڵاتیان و چارەسەرکردنی کێشەکان. بە ئاڕاستەی زیاتر چڕکردنەوەی هەوڵەکانمان هەردوولامان لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە رێککەوتین: ١: هەردوولا پشتیوانی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەین لەو کاتەی لەلایەن سەرۆکی هەرێم دیاریدەکرێت لە دوای راوێژ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان. ٢: بۆ زیاتر خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان لە هەموو روویەکەوە کێشە و جیاوازییە بچووکەکان بەلاوە بخرێن و روو لە پێکەوە چارەسەرکردنی کێشەکان بکەین. ٣:بڕیارماندا پرۆسەی رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام بێت. ٤: هەردوولا بڕیارماندا پشتیوانی لە رێککەوتنەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین. ٥: لە پێناو زیاتر لێکنزیکبوونەوە و بەرەنگاربوونەوەی ئاڵەنگاری و سەرکەوتن بەسەر کۆسپەکاندا بڕیارماندا بە رۆحیەتی کوردستانیانە و نیشتمانپەروەرانە بەردەوامی بدەین بە کۆبوونەوە دوو قۆڵییەکان و هەماهەنگیمان لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان.
هاوڵاتی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، بۆ پێدانی کاتی زیاتر بە لایەنە سیاسیەکان وادەی تۆمارکردنی هاوپەیمانێتییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزکان تاوەکو 6ی (ئاب/8) درێژکرایەوە. کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، ئەمڕۆ وادەی تۆمارکردنی ناوی حزب و هاوپەیمانێتییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان کۆتایی دێت و بڕیاردراوە وادەکە درێژبکرێتەوە. تا ئێستا نزیکەی 280 حزبی سیاسی و 24 هاوپەیمانێتی ناوی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق تۆمارکردوە کە 15 هاوپەیمانێتییان نوێن. هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بڕیارە رۆژی، 18-12-2023 لە هەموو پارێزگاکانی عێراق جگە لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان بکرێت. هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بۆ یەکەمجار لە ساڵى 2005ـەوە لە کەرکووک دەکرێت بەڵام تا ئێستە هیچ هاوپەیمانییەکی کوردستانی پێکنەهێنراوە . دوایین هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق کرابێت لە ساڵى 2013 بوو.
هاوڵاتی کۆبوونەوەی شاندەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان لە سلێمانی دەستیپێکرد، شاندی پارتی بە سەرۆکایەتیی فازڵ میرانی و شاندی یەکێتی بە سەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانییە، ئێستا لە کۆبوونەوەدان. پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە شاندێکی باڵای مەکتەبی سیاسی پارتی گەیشتە دەباشان و لەلایەن شاندێکی باڵای یەکێتی بەسەرۆکایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێم، قوباد تاڵەبانی، شاڵاو عەلی عەسکەری، شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پێشوازی لێکرا. شاندی پارتیش پێکهاتوە لە فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی، مەحمود محەمەد، پشتیوان سادق، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و عەلی حسێن، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە و راپەڕین. کۆبونەوەکە سێیەمین کۆبونەوەی نێوان ئەو دو حزبەیە دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق یاسای بودجەی بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025 پەسەندکرد، پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و کێشەکانی نێوانیان تاوتوێ دەکەن.
هاوڵاتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئەو تۆمەتبارەیان دەستگیر کرد کە بەیانی ئەمڕۆ هاوڵاتییەکی بە چەقۆ لە مەیدانی ئاژەڵان کوشت لە ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیسدا هاتووە: دوای ئەوەی کاتژمێر 9ی بەیانی ئەمڕۆ لەمەیدانی ئاژەڵانی شاری سلێمانی شەڕو دەمەقاڵێ لەنێوان دوو كەسدا دروستبوو، لەئەنجامدا كەسێك بەچەقۆ كوژراو تۆمەتباری ڕوداوەكە هەڵات. دەشڵێت: دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیس بۆ شوێنی ڕووداوەکەو وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەر، كەشف و هێڵكاری بۆ شوێنی ڕووداوەكە كراو دوای لێكۆڵینەوەكان توانرا لەلایەن مەفرەزەکانی بنكەی پۆلیسی چوارچراو نەهێشتنی تاوانی سلێمانییەوە تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو دەستگیربكرێت كە بەنیاز بوو بەرەو شاری هەولێر هەڵبێت. پۆلیس دەڵێت، لەئێستادا تۆمەتبار (خ،ح،ح ) بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی 406 لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوەو لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە. هاوکات بەگوێرەی ئامارەکانی پۆلیس، ساڵی رابردوو 455 رووداوی کوشتنی ئەنقەست، بە هەڵە و خۆکوشتن لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون. هەروەها لە ماوەی 48 کاتژمێری رابردودا لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێم و لە ڕوداوی جیاجیادا شەش کەس کوژراون و سێ کەسی دیکەیش بریندار بون.
هاوڵاتی ماوەی پێنج رۆژە سپلێت و فێنککەرەوەکانی دیکە لەناو نەخۆشخانەی ئامێدی لەکارکەوتوون، کەس وکاری نەخۆشەکان ئامێری فێنککەرەوەی وەک پانکە لە ماڵەوە لەگەڵ خۆیان دەهێنن. مێڤان ئامێدی، چالاکوانێکی ئامێدی بە هاوڵاتی وت"پێنج رۆژە فێنککەرەوەکانی نەخۆشخانەی گشتی ئامێدی لەکارکەوتوون و تا ئێستاش چاکنەکراون". مێڤان ئامێدی دەشڵێت " پلەکانی گەرمی بەرزن و نەخۆشەکان لە گەرمایەکی زۆردا دەمێننەوە کە کاریگەری لەسەر تەندروستییان هەیە ". ئەو چالاکوانە داوای چاککردنەوەی فێنککەرەوەکان دەکات و دەڵێت، " داواکارین بەرپرسانی تەندروستی شارەکە و دهۆک چارەسەری ئەم بابەتە بکەن" نەخۆشخانەی گشتی ئامێدی حکومییەو تاکە نەخۆشخانەیە لە ناوچەکەدا بەوهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر نەخۆش سەردانی دەکەن . هاوکات بەگوێرەی زانیارییەکانی هاوڵاتی تەندروستی ئامێدی ئاگاداری بابەتەکەن بەڵام تا ئێستا چارەسەرنەکراوه. ڤیدیۆکە هاوڵاتییەک تایبەت بۆ هاوڵاتی ناردووە:
هاوڵاتی بڵاوبوونەوەی نامەیەکی ڕەسمی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران، بۆ پەرلەمانی ئێران کە سکاڵای لە کۆریای باشوور کردووە کە ئامادە نییە ٧ میلیارد دۆلار قەرزی ئەم وڵاتە بداتەوە لە میدیاکانی ناوخۆی ئێران دەنگدانەوەی زۆری هەبووە. ئەم نامەیە هەفتەی رابردوو نووسراوەو داوای لە محەممەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کراوە رەشنووسێک ئامادە بکات بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی نێوان بانکی ناوەندی ئێران و کۆریای باشوور. بڵاوبوونەوەی ئەم نامەیە لە کاتێکدایە بەرپرسانی ئێران لە مانگەکانی رابردوودا زۆرجار بانگەشەی ئەوەیان ئەکرد لەگەڵ کۆریا رێککەوتوون بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پارەیەی کە لای ئەو وڵاتەیە و بڵاوبوونەوەی ئەم نامەیە ناڕاستبوونی بانگەشەکانیان ئەخاتەڕوو. دوای چوونەدەرەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ناسراو بە (بەرجام) و توندترکردنەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و کۆریای باشوور بە هۆی ئەو بڕە پارەیەی ئێران کە لە بانکەکانی ئەم وڵاتەدایە و ناتوانن دەستیان پێی بگات، تێکچووە. حەوت میلیارد دۆلار، پارەی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانە بۆ کۆریای باشوور، کە کۆریا بە هۆی گەمارۆکانەوە ئامادە نییە ئەم پارەیە بۆ کۆماری ئیسلامی بنێریتەوەو ئێرانیش رێگای جیاوازی تاقی کردۆتەوە بۆ ئەوەی ببێتەوە بە خاوەنی پارەکەی. جێگەی ئاماژەیە تا بەر لە چوونە دەرەوەی ئەمرکیا لە بەرجام، کۆریای باشوور یەکێک بوو لە کڕیارە هەمیشەییەکانی نەوتی ئێران. مانگی دەی ساڵی رابردوو، راگەیاندنە حکوومییەکان لە ئێران باسیان لە رێکەوتن کرد بۆ ئازاد کردنی "حەوت میلیارد دۆلار" پارەی ئێران کە لە کۆریای باشوور کە دەستی بە سەردا گیراوە، لە بەرامبەر ئازادکردنی "باقر نەمازی" هاوڵاتی ئێرانی – ئەمریکایی. بەڵام چەند رۆژ دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا ئەم رێککەوتنەی بە ناراست ناوبرد. لە کۆتاییەکانی مانگی ئایاری ئەمساڵدا، محەممەد موخەبر، جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران بە میدیاکانی راگەیاند :" ئەو سەرمایە و پارە بلۆک کراوەکانی ئێران لە هەندێ لە وڵاتەکان ئازاد بووەو لە هەندێ لە وڵاتەکانیش لەوەدایە کە ئازاد بێت و دەستمان پێی بگات". جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران باسی هیچ وڵاتێکی نەکرد، بەڵام رۆژێک پێشتر سەرچاوە دیپلۆماتیکەکانی کۆریای باشوور بە رۆژنامەیەکی ئابووری ئەو وڵاتەیان وتبوو، کۆریا و ئەمریکا بە شوێن مێکانیزمێکدا ئەگەڕێن بۆ ئەوەی ٧ میلیارد دۆلاری ئێران کە لە بانکەکانی کۆریا دەستی بە سەردا گیراوە ئازاد بکەن. دوو هەفتە دوای ئەو هەواڵەی رۆژنامە ئابوورییەکەی کۆریای باشوور، وەزیری دارایی کۆماری ئیسلامی بە گەشبینییەوە باسی لەوە کرد لە داهاتوویەکی نزیکدا و " لە رۆژانی داهاتوو رێگایەک ئەدۆزنەوە بۆ ئەوەی ئەم پارانەی ئێران کە دەستی بە سەردا گیراوە ئازاد بکرێت". بانگەشەکانی بەرپرسانی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی دەربارەی وەرگرتنەوەی ئەم ٧ میلیارد دۆلارە لە کۆریایی باشوور ئەوەندە بڵاو کرایەوە تا وای لێهاتووە میدیاکانی ناوخۆی وڵات وەک "هەواڵی دووبارە" یان " هەواڵ دەرمانی" ناوی دەبەن و بە بێ بنەمای دەزانن. بۆ وێنە مانگی ئەیاری رابردوو رۆژنامەی "تجارت نیوز"لەم بارەوە نووسیبووی :" هەواڵی وەرگرتنەوەی ئەو بڕە پارەیە لە کۆریای باشوور، هەموو مانگێک جارێ بڵاو دەکرێتەوەو دەبێ بە مانشێتی راگەیاندنەکان، بە تایبەت ئەو کاتانەی کە بەهای دراوەکان بەرزی و نزمیان هەیە میدیاکانی سەر بە دەوڵەت دەیانهەوێ بە دووبارە کردنەوەی ئەم بابەتە "هەواڵ دەرمانی" بکەن. جێگەی ئاماژەیە مانگێک لەوە پێش ئەمریکا بڕی ٣ میلیارد دۆلار پارەی ئێران لە بانکەکانی عێراقی ئازاد کرد بەو مەرجەی ئەو پارانە تەنها بۆ بوارە مرۆییەکان و ئەو بوارانەی سزاکانی ئەمریکا نەیگرتوونەتەوە بەکار بهێنرێت.
سەرکۆ جەمال مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی کۆدەبنەوە، بڕیارە سبەی وەفدێکی باڵای مەکتەبی سیاسی پارتی سەردانی یەکێتی بکات و لە دەباشان کۆبوونەوەیەکی دیکە بکەن کە تەوەری سەرەکی پرسی هەڵبژاردنە لە عیراق و هەرێم. د. سۆران جەمال تاهیر وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەهاوڵاتی وت: "بڕیارە سبەی یەک شەممە ٣٠-٧-٢٠٢٣، هەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لە دەباشان لەسەر چەند پرسێکی گرنگ کە درێژەپێدەری کۆبوونەوەکانی رابردووە کۆببنەوە". وتیشی: "پرسی هەڵبژاردنەکانی هەرێم و عیراق و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا و بارودۆخی هەرێمی کوردستان و عیراق، لەگەڵ چەند پرسێکی دیکە تەوەری کۆبوونەوەکەی نێوان مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی دەبێت". پێشتریش چەند جارێک یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی کۆبوونەتەوە، دواکۆبوونەوەیان رۆژی ٩-٧-٢٠٢٣ بوو لە پیرمام، پێش کۆبوونەوەکەی پیرمامیش هەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی رۆژی ٢٥-٦-٢٠٢٣، لە هەولێر کۆبوونەوە. بەوتەی سەرچاوەیەکیش لەمەکتەبی سیاسی یەکێتی بۆ هاوڵاتی پرسی سەرەکی کۆبوونەوەکە هەڵبژاردنە و تیایدا هەردوولا بڕیاری کۆتایی خۆیان دەدەن لەبارەی کاتی هەڵبژاردنی هەرێم و چۆنیەتی بەشداریکردنیان لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لەناوچە جێناکۆکەکان. هاوکات دڵشاد شەهاب وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بەهاوڵاتی وت:"سەردانی هەموو لایەنەکانمان دەستپێکردووە و دوای کۆبوونەوەکانیش سەرۆکایەتی هەرێم کاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریدەکات.
هاوڵاتی داوادەکرێت کەرتى سامانى ماسى لە هەرێمى کوردستان پەرەى زیاترى پێبدرێت و بکرێتە سەرچاوەیەکى داهات وسەرۆکی کۆمەڵەی گەشەپێدانی سامانی ماسی لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەپێی ئامارەکان چوار هەزار حەوزی بەخێوکردنی ماسی لە هەرێمى کوردستاندا هەیە. سەڵاح مەجید رەسوڵ، سەرۆکی کۆمەڵەی گەشەپێدانی سامانی ماسی لە هەرێمی کوردستان رایگەیاندوە کە پڕۆژەکانی بەخێوکردنی ماسی بەهۆى ئەوەى زەمینەى گونجاوى بۆ رەخساوە لەم چەند ساڵەی دوایدا زیادیان کردوە و بەردەوامیش لەزیادبوندان و لە ئێستادا بەپێی ئامارە نافەرمیەکان 4000 حەوزی بەخێوکردنی ماسی هەیە لە هەرێمى کوردستاندا. ئەوەشى خستووەتەڕوو، حەوزەکانى ماسى لەباشورو ناوەڕاستی عێراق بەهۆی جێبەجێ کردنی بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی فیدڕاڵەوە پڕ کراونەتەوە بەبیانوی نەبوونی ئاو، ئەوەش دەرفەتێکی باشە بۆ ئەوەی هەرێم ببێتە بازاڕێکی گەرم و پێشەنگ لەبارەى دابینکردنى بەرهەمی ماسی بۆ تەواوی ناوچەکانی عێراق بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە ڕێکخستنەوەی تەواو لەم کەرتەدا لە هەرێم ئەنجام بدرێت. لەبارەی ڕێکخستنەوەی سامانی ماسی لەکوردستان ، سەڵاح مەجید رەسوڵ وتی: “پێویستە ڕوپێویەکی تەواو بۆ سەرجەم پڕۆژەکانی بەخیوکردن لە هەرێمی کوردستاندا ئەنجامبدرێت، هەروەها بۆ زانینی ئاستی بەرهەمهێنان و هانی سەرمایەداران بدرێت روبکەنە ئەم کەرتە و پڕۆژەی گەورە و ستراتیجی دروستبکەن کاریش بۆ دۆزینەوەى بازاڕ لە دەرەوەى هەرێم بکرێت. جێگەى ئاماژەیە، بەپێی ئامارەکان پێشتر حەوزى ماسیەکانى ناوەڕاست و باشوری عێراق ساڵانە نزیکەى یەک ملیۆن تۆن بەرهەمى ماسییان هەبووە، بەڵام ئێستا بەهۆى ڕێکارەکانى وەزارەتى سەرچاوەکانى ئاوەوە، بۆ ٤٠٠ هەزار تۆن کەمبووەتەوە.
هاوڵاتی بەگوێرەی راپۆرتێکی دەستەی ئاماری تورکیا، عێراق لە ریزبەندی پێنجەمی وڵاتانی هاوردەکاری کاڵای تورکییە . دەستەی ئاماری تورکیا ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە لەسەر ئەو وڵاتانەی کاڵای تورکی هاوردە دەکەن و تیایدا عێراق لە ڕیزبەندی پێنجەمدایە کە تەنها لە مانگی حوزەیراندا بە بڕی ٩٨٦ ملیۆن دۆلار کاڵای لەو وڵاتەوە هاوردەکردووە. بە گوێڕەی ڕاپۆرتەکە، قەبارەی هەناردەکردنی کاڵای تورکی لە مانگی حوزەیراندا ٢٠ ملیار و ٩٠٤ ملیۆن دۆلار بووە بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو بە رێژەی ١٠.٥٪ کەمیکردووە. ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەڵمانیا لە ریزبەندی یەکەمە لە هاوردەکردنی کاڵای تورکی بە بڕی یەک ملیار و ٧٤٨ ملیۆن دۆلار و لە دوای ئەویش ئەمریکا دێت بە بڕی یەک ملیار و ٣٣١ ملیۆن دۆلار و لە ریزبەندی سێیەمیش بەریتانیا دێت بە بڕی یەک ملیار و ١٢ ملیۆن دۆلار.
هاوڵاتی سەرۆکی رووسیا ئاماژەی بەوە کرد دوای دابەشبوونی یەکێتیی سۆڤیەت ئۆکرانیا وەک "دەوڵەتێکی سەربەخۆ" ناسێندراوە، لەبەرئەوە هەوڵدان بۆ بەئەندام بوونی ئەم وڵاتە بۆ ناو ناتۆ، هەڕەشەی سەرەکيیە بۆ سەر ئاسایشی رووسیا. لە چوارچێوەی لووتکەی رووسیا-ئەفریقا کە لە سانت پیتەرسبۆرگ بەڕێوەدەچێت، پوتین کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ سەرکردەکانی ئەفریقا لەبارەی ئۆکرانیاوە ئەنجام دا. لەو بەشەی کۆبوونەوەکە کە بەرووی راگەیاندندا کراوە بوو، پوتین ئاماژەی بەوە کرد کە شیکاریان بۆ ئەو پێشنیارانە کردووە کە سەرکۆماری باشووری ئەفریقا، کیریل رامافۆسا مانگی حوزەیران لەبارەی ئۆکرانیا خستیەڕوو. سەرۆکی رووسیا، ئەوەیشی خستەڕوو کێشەی ئۆکرانیا لەلایەن هەندێک هێزەوە وروژێنراوە کە ساڵانێکی زۆرە لە رۆژئاوا خۆیان بۆ جەنگی دژ بە رووسیا ئامادە دەکەن و گوتی: "هەموو شتێکیان کرد بۆ ئەوەی ئۆکرانیا بکەنە ئامڕازێک بەمەبەستی تێکدانی بنەما ئەمنییەکانی رووسیا، زیانگەیاندن بە پێگەی رووسیا لە جیهان و تێکدانی سەقامگیری دەوڵەتەکەمانە. ئەمە کێشەی یەکەمە". هاوکات سەرۆکی روسیا لە بەرامبەر ئەو تۆمەتانەی پەیوەستن بە پەیماننامەی نەتەوەیەکگرتوەکان رایگەیاند، ھەنگاوەکانیان پێچەوانەی نییە، چونکە تەئکید لەسەر رێزگرتن لە وڵاتانی تر دەکات و ئەوانیش ھەر ئەوەیان کردوە، دووپاتیشی کردەوە، کە نابێت پەنا بۆ پێودانگی دژ بە یەک و سزای تاکلایەنە لەسەر حسابی ئەوانی تر ببرێت. لە دوای ھێرشە وێرانکەرەکانی ئەم دواییەی رووسیا بۆسەر خاکی ئۆکراین، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی رەخنەی توند ئاراستەی رووسیا کرا و داوای راگرتنی ھێرشەکانی کرا.
