ئێران؛ زیاتر لە 100 رۆژنامەنووس لە دەستپێکی خۆپیشاندانەکانەوە دەستگیرکراون

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بە پێی هەواڵێک کە ئەمڕۆ سێ شەممە ٨ی ئاب،  لە ماڵپەڕ و رۆژنامە ناوخۆییەکانی ئێران بڵاو کراوەتەوە، لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانەکانەوە تا ئێستا، زیاتر لە ١٠٠ رۆژنامەنووس دەستگیرکراون و بەشێکیان سزای زیندانیان بەسەردا سەپاوە.

ئەمڕۆ سێشەممە ٨ی ئاب ( ١٧ی گەلاوێژ) لە ئێران بە رۆژی رۆژنامەنووس ناسراوەو بەم بۆنەوەیە رۆژنامەکان باسیان لە دۆخی ئازادی و دۆخی رۆژنامەنووسەکان کردووە رایانگەیاندووە لە ساڵی رابردوودا زیاتر لە ١٠٠ رۆژنامەنووس و  دەستبەسەر کراون و بەشێکیان سزای زیندانیان بۆ بڕاوەتەوە.

رۆژنامەی (هم میهن)، لیستێکی دوور و درێژی بڵاو کردۆتەوە لە ناوی ئەو رۆژنامەنووسانەیی تێدایە کە لە سەردەمی خۆپیشاندانەکانی ئێراندا  گیراون و ئاماژەی بە ناوی ٧٦ رۆژنامەنووس و پەیامنێر کردووە .

هاوکات ئەکبەت مونتەجی، بەڕێوەبەری ئەنجومەنی پیشەیی رۆژنامەنووسەکانی تاران بە جەختکردنەوە لە سەر ئەوەی :" لە ساڵی رابردوودا زیاتر لە ١٠٠ رۆژنامەنووس دەستگیرکراون"، وتشی  :" بەم قۆڵبەستکردن و زیندانیکردنانە رەوتی گەیاندن و بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان ناوەستێت و وەک ئاو رێگای خۆی ئەدۆزێتەوە".

هاوکات بەڕێوەبەری ئەنجومەنی پیشەیی رۆژنامەنووسەکانی تاران، ساڵی رابردووی وەک " سەردەمی رەشی رۆژنامەنووسی" ناوبردو وتی :" سەردەمی رەشی رۆژنامەنووسی کۆتایی نەهاتووەو یەکدەستکردنەوەی سیستەم مانای سڕینەوەو دوورخستنەوەی دەنگە جیاوازەکان و هەروەها زیندانی کردن و دوورخستنەوەی میدیاکار و رۆژنامەنووسەکانە."

لە راپۆرتەکاندا یەکێک لەو رۆژنامەنووسانەی ئاماژەی پێدراوە، نازیلا مەعرووفیان، کچە رۆژنامەنووسی سەقزییە کە لە زیندانی ئێڤین دەستبەسەرەو لە ئێستادا باری تەندروستی ناجێگیرەو چەن رۆژ لەوە پێش گەیەنرایە نەخۆشخانە.

هەروەها ئاماژە دراوە بە ناوی "نیلووفەڕ حامیدی" پەیامنێری رۆژنامەی شەرق و ئیلاهە محەممەدی پەیامنێری رۆژنامەی (هم میهن) کە ٣٢٠ رۆژە لە زیندانن بە هۆی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی سەردەمی خۆپیشاندانەکانی ژن ژیان ئازادی.

ئێران بە گەورەترین زیندانی رۆژنامەنووسەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراوەو یەکێکە لەو وڵاتانەی کە ئازادی راگەیاندن تێیدا زۆر سنووردارە. دوای چین ئێران وەک گەورەترین زیندانی رۆژنامەنووسەکان لە دونیا دەناسرێت.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار