هاوڵاتی نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو دەست بە خۆپیشاندان دەکەنەوە بەهۆی ئەوەی "هیچ بڕیارێک" دەرنەچووە بۆ دامەزراندنی وانەبێژان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە. عەلی رەئووف، نوێنەری گشتی وانەبێژان لە هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بە هاوڵاتی وت، " بەپێی سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو سەبارەت بە دامەزراندنی هەمیشەیی مامۆستایانی وانەبێژان تاوەکو ئێسـتا هیچ بڕیارێکی یەکلاکەرەوە نەدراوە لەسەر دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ." نوێنەری وانەبێژان دەشڵێت، چارەسەری کێشەی وانەبێژان تەنها "خۆپێشاندانە لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران"  بۆیە رۆژی یەکشەممەیان دیاریکردووە بۆ ئەنجامدانی گردبوونەوەکە و داوا لە مامۆستایانی وانەبێژ دەکەن کاتژمێر 10ی سەرلەبەیانی ئامادەبن. ئەم هەڵوێستەی مامۆستایانی وانەبێژ لەکاتێکدایە کە چەندین جار بەرپرسانی حکومەتی هەرێم بەڵێنی دامەزراندنی هەمیشەییان پێداون بەڵام تا ئێستا ئەو بەڵێنانە جێبەجێنەکراون.

هاوڵاتی شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بەغدا هیچ بیانویەکی لەبەردەم نەماوە کە پشکی هەرێم لە بودجە نەنێرێت چونکە حکومەتی هەرێم سەرجەم زانیارییەکانی لەبارەی داهاتەوە ناردووە. لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەری فەرمی پارتی، شاخەوان عەبدوڵا رایگەیاند، "حکومەتی ھەرێم ھەموو داتاو زانیارییەکانی لەبارەی داھاتی نەوت و نانەوتی رەوانەکردووە و تەنھا وردبینی کردنی ماوە" بۆیە هیچ بیانویەک نەماوە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە لەلایەن بەغداوە نەنێردرێت. بڕیارە ئەمڕۆ شاندی هەرێم سەردانی بەغدا بکاتەوە بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ ناردنی موچە و پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق. لەبارەیەوە شاخەوان عەبدوڵا دەڵێت، "لە ئێستادا بۆچوونێک ھەیە پشکی ھەرێم لە بەغدا بۆ ھەرێمی کوردستان رەوانە بکرێت تاوەکو چاودێری دارایی وردبینی خۆیان تەواو دەکەن."

هاوڵاتی نازیلا مەعرووفیان، رۆژنامەنووسی شاری سەقز بۆ جاری سێیەم لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکرایەوە، ئەمەش دوای ئەوەی بۆ ماوەی رۆژێک ئازادکرا. رۆژی یەکشەممە 13ی ئابی 2023 نازیلا بەشێوەیەکی کاتی ئازادکرا بەڵام دوای تەنها رۆژێک و لە رۆژی دووشەممە دیسان دەستگیرکرایەوە و لە زیندانی قرچک لە ئێستادا دەستبەسەرە. رۆژنامەنوسەکە خوێندکاری زانکۆی تەباتەبایی تارانە و لەکاتی خۆیپیشاندانەکانی ساڵی رابردووی ئێران بەهۆی کوژرانی ژینا ئەمینییەوە لە 30 تشرینی یەکەمی 2022 دەستگیرکرا دوای ئەوەی گفتۆگۆیەکی تایبەتی لەگەڵ ئەمجەد ئەمینی باوکی ژینا بڵاوکردەوە. نازیلا مەعرووفیان رۆژی 11ی تەمموزی 2023 بۆ جاری دووەم لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستگیرکرا و لە زیندانی ئیڤین دەستبەسەربوو. لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا بە هۆکاری کێشەی هەناسەدان و لێدانی دڵ لە نەخۆشخانەی تاڵەقانی لە ژێر چاودێری پزیشکدا بوو. دوای زیاتر لە یەک مانگ دەستبەسەربوون، بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. لەگەڵ ئازادبوونی وێنەیەکی خۆی لە تویتەر بڵاوکردەوە کە گوڵێکی بە دەستەوەیە. لە ماوەی ساڵێکدا، ئەمە سێیەم جارە نازیلا مەعرووفیان دەستگیر دەکرێت. ئەم رۆژنامەنووسە سەقزییە، تۆمەتی هەوڵدان بە تێکدانی ئاسایشی وڵات و بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاستی دراوەتەپاڵ.    

هاوڵاتی دوای ئەوەی پەرلەمانتاریكی ئەڵمانی بە رەگەز کورد لە سەرەتایی ئەم مانگەوە لە تورکیا دەستگیرکرا، سەندیکای رۆژنامەنوسانی ئەڵمانیا هۆشداری بە رۆژنامەنوسان دەدات کە سەردانی تورکیا نەکەن. چەند رۆژێک لەمەوبەر گۆکەی ئاکبوڵوت، پەرلەمانتاری ئەڵمانی بە رەگەز کورد، لە پۆستێکی سۆشیاڵ میدیا رایگەیاند کە لە سەرەتایی ئەم مانگەوە کاتێک سەردانی تورکیای کردووە لە فرۆکەخانەی ئەنتاڵیا بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک دەستگیرکراوە، ئەویش بەهۆکاری چەند پۆستێکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ساڵی 2019 کە دژی حکومەتی تورکیا کردبووی. دوای ئەم روداوە، سەندیکای رۆژنامەنوسانی ئەڵمانیا هۆشداری بە رۆژنامەنوسان داوە کە سەردانی تورکیا نەکەن جا بە هۆکاری تایبەت بێت یان بە مەبەستی ئەنجامدانی کارێک. سەرۆکی سەندیکاکە دەڵێت، "ئەگەر رۆژنامەنووسێک لە هەواڵ و سۆشیال میدیاکانیدا رەخنەی لە تورکیا، ئەردۆغان یان پارتی دەسەڵاتداری ئاکەپە گرتبێت، پێویستە لە تورکیا دوور بکەوێتەوە" چونکە ئەگەر پەرلامنار=تارێک بەهۆی پارێزبەندییەکەیەوە مەترسی لەسەر بێت ئەوان "مەترسی بۆ سەر رۆژنامەنوسان" زۆرترە. دوای دەستگیرکردنی ئاکبوڵوت لە رۆژی سێی ئەم مانگە، حکومەتی ئەڵمانیا بەیاننامایەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تەنها لایکێکی سۆشیاڵ میدیا بەسە بۆ ئەوەی تۆماتبار بکرێیت و تۆمەتی سوکایەتیکردن بە سەرۆککۆماری تورکیات بدرێتە پاڵ. ئاکبوڵوت لە ساڵی 2017ەوە پەرلەمانتارە لە پەرلەمانی ئەڵمانیا لەسەر پارتی چەپی ئەڵمانی. پەرلەمانتارە ئەڵمانییەکە دوای دەستگیرکردنی لە ئەڵمانیا باسی لەوە کرد کە ئەو ناترسێت لە بڕیاری گرتنی و جارێکی تر سەردانی تورکیا دەکاتەوە.  

هاوڵاتی تەقینەوەیەک لە وێستگەیەکی غاز لە باشوری روسیا رویدا و بەهۆیەوە 27 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 60 کەسیش برینداربوون. ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، تەقینەوەیەکی بەهێز لە وێستەگەیەکی غاز لە هەرێمی داغستانی روسیا رویدا و بەهۆی روداوەکەوە تا ئێستا 27 کەس گیانیان لەدەستداوە و 66 کەسی تریش بریندارن. بەپێی زانیارییەکان، تەقینەوەکە لە ناوەندێکی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل لە نزیک وێستگەی غازەکە رویداوە و بەهۆی تەقینەوەکەوە ئاگر لە وێستگەی غازەکە بەربووەوە و بووەتە هۆی رودانی کارەساتەکە. بەپێی زانیارییەکان، لەو 66 کەسەی بریندارن 10 کەسیان دۆخی تەندروستیان جێگیر نییە و 13 برینداریس منداڵن. هاوکات ئاگرەکە سێ کاتژمێر و نیوی ویستووە تا لەلایەن تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە کوژاوەتەوە.

هاوڵاتی دەزگای ئاسایشی هەرێم ئەمڕۆ دوشەممە رایگەیاند"بەڕێوەبەرایەتی ئۆپراسیۆنەكانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی، سێ تیرۆریستی داعشیان دەستگیركرد". دەزگای ئاسایشی هەرێم لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "هێزەكانی ئاسایش لەدوای بەدەستگەیشتنی زانیاری هەواڵگری لەلایەن دەزگا ئەمنیەكانی حكومەتی فیدڕاڵ، لەسەر بونی سێ داواكراو بە ماددەی 4ی تیرۆر، بە مەبەستی دەستگیركردنی داواكراوان هێزەكانی ئاسایش بە بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوە، توانیان لە دو ئۆپراسیۆنی جیادا تیرۆریستان دەستگیربكەن". بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئۆپەراسیۆنی یەکەم، لە رۆژی 2ـی ئابی 2023 بووە و هەردوو بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی، دوو "تیرۆریستی داواکراو" بە ناوەکانی ( م. ع. ع)، ( م. ج. م) دەستگیرکردووە.  ئۆپراسیۆنی دووەمیش، وەکو دەزگای ئاسایش باسی دەکات، رۆژی یەکشەممە، 13ـی ئابی 2013 ئەنجامدراوە و بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی، "تیرۆریستی داواکراو" بە ناوی ( س. ح. ع) دەستگیرکردووە.  بە گوێرەی ڕاگەیاندراوەکە یەکێک لە تیرۆرستەکان لە لە ڕیزەكانی داعشدا كاری بردن و گواستنەوە و دابەشكردنی ماڵ و سامانی كوردانی ئێزیدی بوە لە ناوچەی شەنگال. دەزگای ئاسایشی هەرێم ئەوەشی ئاشكراكردوە، "لەئێستادا هەر سێ تیرۆریستی داواكراو، ڕادەستی یاسا كراون"

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ دوشەممە رایگەیاند، "تۆمەتبارێكی ماددەی هۆشبەر بەرلەوەی تاوانێكی دڕندانە بەرامبەر بە هاوسەر و منداڵەكانی ئەنجامبدات، لەلایەن هێزەكانی ئاسایشی هەولێرەوە دەستگیركرا". ئاسایشی هەولێر لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، تۆمەتبار (ن ،ن ، م) كە بازرگان و بەكارهێنەری ماددەی هۆشبەرە، لەژێر كاریگەری بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر ئەشكەنجەی هاوسەر و منداڵەكانی داوە و بەنیاز بو منداڵێكی خۆی كە تەمەنی تەنها ساڵێك و شەش مانگە بەشێوەیەكی دڕندانە بكوژێت. " بەر لەئەنجامدانی ئەو تاوانە، بە بڕیاڕی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر لەلایەن هێزەکانیانەوە دەستگیرکرا و روبەڕوی یاسا کراوەتەوە." راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی ئاسایش واده‌ڵێت.

هاوڵاتی بەریتانیا و ئەمریکا ئەو هاوڵاتییانەیان ئاگادار کردەوە کە گەشت دەکەن بۆ سوید لە ئەگەری  بوونی هێرشی تیرۆریستی لەو وڵاتە. وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە ڕێنماییەکی نوێیدا بۆ گەشتکردن ڕایگەیاند ،هێزە ئەمنییەکانی سوید توانیویانە چەندین هەوڵی تیرۆرستی پوچەڵبکەنەوە و چەندین کەسیش دەستگیربکەن، هەربۆیە بەریتانیا داوای لە هاوڵاتییانی کرد ئاگادار بن لە کاتی گەشتکردن بۆ ئەو وڵاتە.  لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "پێویستە لەم کاتەدا وریابن، تیرۆریستان ئەگەری زۆریان هەیە هەوڵ بدەن هێرشی تیرۆرستی لە سوید ئەنجام بدەن" بە تایبەت لەو شوێنانەی کە بیانییەکان و گەشتیاران سەردانیان دەکەن." ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی سوید هێنریک لاندهۆڵم لە بەیاننامەیەکدا دانی بە بە گۆڕانکارییەکانی ڕێنماییەکانی گەشتکردنی بەڕیتانیادا نا، دووپاتی کردەوە کە هەڕەشەکان بۆ سەر سوید زیادیان کردووە دوای ئەوەی مانگی ڕابردوو چەند جارێک لەو وڵاتە قورئان سوتێنرا. وتیشی، هێرشەکەی باڵیۆزخانەی سوید لە عێراق لە 19 ی مانگی حەوتدا و هەوڵی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەکەیان لە لوبنان لە 9 ی مانگی هەشتدا و هەروەها تەقەکردن لە کارمەندێکی کونسوڵخانەی سوید لە تورکیا بۆتە جێی نیگەرانیمان و هۆی هەڵسەنگاندنی مەترسییەکان. هاوکات  حکومەتی ئەمەریکاش هۆشداری داوەتە هاوڵاتیانی کە گەشت بۆ ئەو وڵآتە دەکەن ئاگاداربن لە ئەگەری ڕودانی هێرشی تیرۆریستی لە سوید. هەموو ئەمانە دوای ئەوەهات کەپەنابەرێکی عێراقی لە سوید بە ناوی سەلوان مۆمیکای تەمەن 37 ساڵ لە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید  قورئانی سوتاند کە ئەمەش کاردانەوەیەکی جیهانی لێکەوتەوە و موسوڵمانان بێزاری خۆیان لەو کارە دەربڕی، بەڵام ئەو کارەی پەنابەرە بە رەگەز عێراقییەکە کێشەیەکی گەورەی بۆ سوید دروست کردووە هەر لە  بە ئەندام بوونی  لە رێکخراوی ناتۆ بۆ" زیادبونی کردەوەی تیرۆرستی"بە گوێرەی تۆڕە هەواڵییەکانی ئەو وڵاتە .  

هاوڵاتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، سەلمان بن عەبدولعەزیز، پادشای سعودیە بانگهێشتی فەرمی ئاڕاستەی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆکی ئێران کردوە بۆ سەردانکردنی ریاز، بەڵام تائێستا وادەی سەردانەکە دیارینەکراوە. بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئێران ئیرنا، ئەگەری ئەوە هەیە سەرۆکی ئێران سەردانی سعودیە بکات، دوای ئەوەی بانگهێشتنامەیەکی فەرمی لە پادشای سعودیەوە پێگەیشتوە، بەڵام تائێستا وادەی ئەم سەردانە دیارینەکراوە".  ئاماژەی بەوەشکرد، پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئێران هەنگاو بە هەنگاو بەرەوپێش دەچن و ئەم سەردانەش لە کاتێکی گونجاودا، لە چوارچێوەی ئیرادەی سیاسیی هەردو وڵاتدا پلانی بۆ دادەنرێت. کارنامەی سەردانەکەش تاوتوێکردنی پرسە جۆراوجۆرەکان، دۆسییە ناوچەیی، نێودەوڵەتی و ئابورییەکان لەخۆدەگرێت".   مانگی (ئازار/3) ئەمساڵ، شانشینی سعودیە و ئێران بە سەرپەرشتی چین رێککەوتن لەسەر دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دوقۆڵییەکانیان و کردنەوەی باڵیۆزخانە و نێردە دیپلۆماسییەکانیان لە خاکی یەکتریدا.

هاوڵاتی ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە لە راگەیەندراوێكدا كوژرانی چوار سەربازی توركیای لە پێكدادانەكانی چیای جودی راگەیاند. ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە رایگەیاند "لە هەرێمی شەهید دەلیلی رۆژئاوای زاپ لە ١٣ی ئاب لە گۆڕەپانی بەرخودانی شاخی جودی بە چەكی قورس لە سوپای توركیا درا و سەربازێك كوژرا". هەروەها دەڵێت "لە ١٣ی ئاب لە گۆڕەپانی بەرخودانی شاخی جودی بە چەكی قورس لە سوپای توركیا درا و سەربازێك كوژرا". ئاشكراشیكردووە "لە١٣ی ئاب لە گۆڕەپانی بەرخودانی شاخی جودی بە نیشانشكێن لە سوپای توركیا درا‌و لەو چالاكیانەدا كە لەلایەن هێزەكانی یەژاستارەوە ئەنجامدرا ٢ سەرباز كوژران ، یەكێكی دیكەش برینداربوو".    

هاوڵاتی بڕیارە سبەینێ سێشەممە شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر پرسی مووچە و مەسرور بارزانیش  ئەمڕۆ دووشەممە لەگوتاریكدا رایگەیاند گەشبینە بە رێككەوتنەكان لەگەڵ بەغدا و شایستەداراییەكان لە بودجە و مووچە دەنێردرێن. مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لە ڕێوڕەسمێكدا لە شاری زاخۆ، پڕۆژەی گەشتیاری كۆرنیشی دەلالی كردەوە و لەوتارێكیشدا رایگەیاند، "هەتا ڕێگری لە هەناردەكردنی نەوتی كوردستان كرا، حكومەتی هەرێم بە شانازییەوە هەمو مانگێك موچەی خەڵكی كوردستانی دابین كردوە، دەشڵێت، "گەشبینم بەوەی دەگەینە ئەنجامێكی باش لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی، تا بودجە لە كاتی خۆیدا بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان بنێرن". ئاماژەی بەوەشكرد، "ئێمە بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی پارێزگاری لە مافە دەستورییەكانمان بكەین، بەردەوامیش دەبین بۆ ئەوەی لەگەڵ حكومەتی عێراق بگەینە ئەنجامێكی ئاشتییانە و ئەو كێشانەی هەن، چارەسەر بكەین، لە ڕۆژانی داهاتوش جارێكی دیكە شاندی ئێمە دەچێتەوە بەغدا بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن لەسەر بابەتی ناردنی بودجە" هاوکات ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بۆ میدیای نزیك لە حیزبەكەی رایگەیاند "حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو ئەرك و پابەندییەكانی خۆی جێبەجێكردووە و سەردانەكەی سبەی شاندی حكومەتی هەرێم بۆ بەغدا بۆ دڵنیابوونەوەیە لە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكان". لەم پەیوەندەدا، دوێنێ یەك شەممە ئێخلاس دلێمی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندبوو بەغدا مووچەی هەردوو مانگەكانی حەوت و هەشت بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت.  

هاوڵاتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتوە، لە میانی کۆبونەوە لەگەڵ چەند بەرپرسێکی باڵای سەربازیدا ڕایگەیاندوە، وڵاتەکەی پێویستی بە هێزی شەڕکەری بیانی نییە. سەرۆکوەزیرانى عێراق لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانى سەربازیی عێراق کۆبووەوە کە بەشدارییان لە پرۆسەی کۆنترۆڵکردنەوەی پارێزگاى نەینەوا لە دەستى چەکدارانى داعش کردبوو.  بەگوێرەى راگەیێندراوێکی نووسینگەى رۆژنامەوانی سودانی، لەو کۆبوونەیەدا رایگەیاندووە، عێراق پێویستى بە هێزى شەڕکەری بیانی نەماوە و ئاماژەی بەوەشکردووە، گەیشتوونەتە ئاستێکى پێشکەوتووى گفتوگۆ لەبارەى شێوازى پەیوەندى و هاریکاری داهاتوو لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتى دژی داعش بە سەرۆکایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.  لە درێژەی قسەکانیدا سودانی ئاماژەی بەوەکردوە، هێزە چەکدرارەکان پێویستە پابەندی دەستور و یاسابن لە چوارچێوەی بەرەوپێشچون و سەپاندنی ئاسایش و ئاشتی و پارێزگاریکردن لە ژیانی ڕۆڵەکانی وڵات. لە حوزەیرانی 2014 چەکدارانى داعش شارى موسڵیان کۆنترۆڵکرد و دواتریش بەشێکی پارێزگاکانی سەڵاحەدین، کەرکووک و دیالە و ئەنبار، عێراق توانی  لە ساڵى 2017، سەرکەوتن بەسەر ئەو رێکخراوەدا رابگەیێنێت و تا ئێستاش ئۆپراسیۆنەکانیان بەردەوامە بۆ لەناو بردنی پاشماوەکانی ئەو ڕێکخراوە.

  هاوڵاتی چەند چەکدارێک هێرشیان کردەسەر ناوەندێکی ئایینی لە شاری شێراز ئێران و لە روداوەکە کەسێک کوژرا و هەشت کەسی تریش برینداربوون. بەپێی هەواڵی میدیا ئێرانییەکان، هێرشەکە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە ١٣ی ئاب ئەنجامدراوە لە ناوەندی شاهچراغ کە ناوەندێکی ئایینیە لە شاری شیراز و تێیدا کەسێک کوژراوە و هەشتی تریش برینداربوون. میدیا ئێرانییەکان دەڵێن رایگەیاندووە یەکێک لە تەقەکەرەکان دەستبەسەرکراوە و دانی بەکارەکەی خۆیدا ناوە. دەربارەی ناسنامەی کەسەکەش هەر ئەوەندە راگەیەندراوە کە خەڵکی تاجیکستانە. لەسەر روداوەکە میدیاکانی ئێران ئاشکرایان کردووە کە لانیکەم ١٠ کەس دەستگیرکراون کە هەموویان بیانین و هیچیان ئێرانی نین. تا ئێستە هیچ گرووپ و تاقمێک بەرپرسایەتی ئەم کردەوەیەی نەگرتۆتە ئەستۆ، بەڵام بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی، داعش بە بەرپرسی ئەم کردەوەیە ئەزانن. ئەمە دووهەم هێرشی چەکدارانەیە بۆ ئەم ناوەندە ئایینییە و ساڵی رابردوو  ٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، هێرشی چەکداری کرایە سەر (شاهچراغ) و 13 کەس کوژران و 20 کەسی تر بریندار بوون و داعش بەرپرسایەتی کردەوەکەی گرتە ئەستۆ.  لە رۆژی 8ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ ئەنجامدەرانی روداوەکە لەبەرچاوی خەڵک لەسیدارە دران.

هاوڵاتی پۆلیسی ئاکرێ رایگەیاند، ژنێکیان دەستگیرکردووە کە 14 هەزار و 700 دۆلاری لە هاوسەرەکەی دزیووە و بەنیاز بووە بچێتە دەرەوەی وڵات، بەڵام لە هەولێر دەستیگریان کردووە. رائید عیماد حسێن، وتەبێژی پولیسی ئاکرێ لە لێدوانێکدا بە هاوڵاتی راگەیاند، هاوسەری ژنەکە پێش چەند رۆژێک سکاڵای تۆمارکردووە کە 14 هەزار و 700 دۆلاری لێ دزیووە و هەڵهاتووە، بۆیە "دەستبەجی تیمەکانمان دەستیان بە لێکوڵینەوە کرد و هەر زوو لە رێکەوتی 9ی ئەم مانگە لەهوتێلێکی هەولێر توانیمان ژنەکە دەستگیربکەین." وتەبێژی پۆلیسی ئاکرێ وتیشی، ژنەکە تەمەنی 27 ساڵە و دانیشتووی گوندی خلانەیە لە ناحیەی گردەسێن، لەگەڵ تۆمەتبارێکی تر کە تەمەنی 24 ساڵ بووە کارەکەیان ئەنجامداوە و ئەویش دەستگیرکراوە. عیماد حسێن ئەوەشی ئاشکرا کرد کە کەسێکی تریش کە بەنیاز بووە بە قاچاخ ژنەکە بباتە دەرەوەی وڵات لە رۆژی 11ی ئەم مانگە دەستگیرکراوە.

هاوڵاتی پەرلەمانتارێکی ئەڵمانی بە رەگەز کورد رایگەیاند، لەسەر چەند پۆستێکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لە تورکیا دەستگیرکراوە و دەشڵێت، دووبارە سەردانی تورکیا دەکاتەوە و بەردەوام دەبێت لە قسەکانی دژی حکومەتی تورکیا. ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، گۆکەی ئاکبوڵوت، پەرلەمانتارە ئەڵمانییەکە، لەسەر دەستگیرکردنەی رایگەیاندووە، لە رۆژی 3ی ئابی 2023 لە فرۆکەخانەی ئەنتاڵیا لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە بە تۆمەتی دروستکردنی "پروپاگەندەی تیرۆر" دەستگیرکراوە و پاش پەیوەندی کردنی بە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ئازاد کراوە. ئاکبوڵوت بە رەگەز کوردە و لەسەر پشکی پارتی چەپی ئەڵمانیا لەساڵی 2017ەوە پەرلەمانتارە. ئاکبوڵوت نەیوتووە لەسەر چ پۆستێکی تۆرە کۆمەڵایتییەکانی لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستگیرکراوە بەڵام ئەوەی ئاشکرا کردووە کە پۆستەکە هی ساڵی 2019 بووە. بەپێی زانیارییەکانی لە وێبسایتەکەی خۆی، ئاکبوڵوت رەخنەی توند لە حکومەتی تورکیا دەگرێت "لەسەر شەڕ هەڵگیرساندنی بێبەزەییانە بەرامبەر دانیشتوانی کورد لە دەرەوە و ناوەوەی سنوری" تورکیا. دوای ئازادبوونی، پەرلەمانتارەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەر) نوسیویەتی، "لە مانگی تشرینی یەکەم سەردانی تورکیا دەکەمەوە... وەک هەمیشە وشەکانم ناگۆڕم." ئاکبوڵوتی تەمەن 40 ساڵ چەندین جار لە پەرلەمانی ئەڵمانیا داوای کردووە کە قەدەغەی سەر پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ئەڵمانیا هەڵبگیرێت.