ئەمریکا تۆڕێکی نێودەوڵەتیی و ژمارەیەک بازرگانی بەهۆی بەرنامە موشەکییەکانی ئێرانەوە سزا دەدات و رۆژنامەیەکی ئیسرائیل ئاشکرای دەکات کە واشنتۆن بە نهێنی هەوڵی رێککەوتنی کاتی ئەتۆمیی لەگەڵ تاران دەدات. وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئەمڕۆ سێشەممە سزادانی تۆرێکی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و 10 کەسی راگەیاند کە لە روی تەکنەلۆژییەوە هاوکاریی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان کردوە لە بەرنامە موشەکییەکانی. یەکێک لەو کەسانەی کە لە لایەن وەزارەتەکەوە سزا دراوە بەrپرسێکی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران بە ناوی داود دامغانی بوە. بە پێی بەیاننامەکە کە لە پێگەی ئەلیکترۆنی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بڵاو کراوەتەوە؛ ژمارەیەک کۆمپانیای ئێران، مەکزیک، هۆنگکۆنگ و چین سزا دراون. وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردوە؛ تۆڕی کۆمپانیاکان و ئەو کەسانەی سزا دراون، بە نهێنی کاری کڕین و گواستنەوەی تەکنەلۆژیای سەربازیی تایبەت بە دروستکردنی موشەکیان بۆ کۆماری ئیسلامی کردوە. لە لایەکی دیکەوە رۆژنامەی (جۆرۆسەلیم پۆست)ی ئیسرائیل بڵاوی کردوەتەوە؛ ئیدارەی ئێستای ئەمریکا بە سەرۆکایەتی جۆ بایدن هەوڵی رێککەوتنی کاتیی لەگەڵ ئێران دەدات بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2024ی سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتوەکان روبەڕوی کێشە نەبێتەوە. زانیارییەکانی ئەو رۆژنامەیە دەریخستوە کە ئەمریکا داوای لە ئێران کردوە پیتاندنی یۆرانیۆم لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی کاتیدا رابگرێت و لەبەرامبەردا واشنتۆن چاوپۆشی لە دروستکردنی وێستگەی نوێی ئەتۆمیی لە وڵاتە دەکات. جۆرۆسەلیم پۆست نوسیویەتی: بڵابونەوەی هەواڵی رێککەوتنی کاتیی نێوان واشنتۆن و تاران نیگەرانیی ئیسرائیلی لێکەوتوەتەوە بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا بەڵێنیان داوە بە پابەندبونی وڵاتەکەیان بۆ پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل.

هاوڵاتی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا رایگەیاند تورکیا لە پرۆسەی دادگاییکردنی دەمیرتاش و هاوڕێکانیدا یاساکانی پێشێل کردووە و تورکیای ئیدانە کرد. سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکانی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە حەوت ساڵە لە زینداندان، سکاڵایەکیان لەدژی دادوەری تورکیا تۆمار کرد کە لە پرۆسەی دادگاییکردندا مافەکانیان پێشێل کراوە و هاوکاری یاساییان وەرنەگرتووە. دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا بڕیاری کۆتایی خۆی لەبارەی سکاڵاکەی دەمیرتاش و یوکسەکداغ ئاشکرا کرد. دادگاکە رایگەیاند کە لە پرۆسەی دادگاییکردندا بەگوێرەی یاسا ناوخۆییەکانی تورکیا، مافی دەمیرتاش و یوکسەکداغ پێشێلکراوە و وتی، مافی تانە و سکاڵا بە هەردوو کەسایەتیەکە نەدراوە. پارێزەرنی دەمیرتاشیش رایانگەیاندبوو کە بەرپرسانی زندان چاودێری وردی چاوپێکەوتنی پارێزەران لەگەڵ دەمیرتاش و یوکسەکداغ دەکەن و دەست بەسەر بەڵگەی پارێزەراندا دەگرن. 'پێویستە دەمیرتاش و یوکسەکداغ ئازاد بکرێن' مەراڵ دانش بەشتاش پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوز لەم بارەیەوە تویتێکی بڵاوکردەوە و وتی، جارێکی دیکە دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا بڕیاریدا کە تورکیا مافی یوکسەکداغ و دەمیرتاشی پێشێلکردووە. چونکە تورکیا بە بارمتە هێشتنەوەی یوکسەکداغ و دەمیرتاش لە زینداندا، بە بەردەوامی یاساکان پێشێل دەکات. بەشتاش باسی ئەوەی کرد کە داواکاری ئازادکردنیان بە بەردەوامی پشتگوێ دەخرێت. بڕیارەکەی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا، زەنگی ئاگادارکردنەوەیە بۆ جێبەجێکردنی دەستبەجێی یاساکە. هێشتنەوەی دەمیرتاش و یوکسەکداغ لە زینداندا کە ئیرادەی ملیۆنان هاوڵاتین، رەتکردنەوەی ئیرادەی ئەو هاوڵاتیانەیە. پیویستە بۆ ساتێکیش لەبیر نەکرێت، سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ بە تەنیا نین.

هاوڵاتی فارس عیسا سەرۆکی نوێنەرایەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغداد رایگەیاند، حکومەتی ھەرێم داوای لە حکومەتی فیدڕاڵی کردووە، ئەم مانگەش بۆ مووچەی مانگی پێنج بڕێک پارەی بۆ رەوانە بکات. فارس عیسا لەبارەی ناردنی ٤٠٠ ملیار دینارەکە بە میدیای یەکێتی راگەیاندوە، بە بڕیاری محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، تاکو پەسەندکردنی بودجە پارە بۆ ھەرێم رەوانە دەکرێت. وتیشی، داوایان لە حکومەتی فیدڕاڵی کردووە، بۆ مووچەی مانگی پێنج بڕێک پارە بۆ ھەرێمی کوردستان رەوانە بکات و رەنگە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لە ناردنی ئەو پارەیە دەدات.

لە ورمێ وەرزی چنینەوە توی سپی دەستی پێکرد و بەڕێوبەری کشتوکاڵی ئەو پارێزگایەش رایدەگەیەنێت ورمێ خاوەنی زیاتر لە 112 دۆنم باخی توە. سەرپەرشتیاری باخەکان لە بەڕێوبەرایەتی کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند؛ لە ئەمڕۆوە چینینەوە بەرهەمی توی سپی لە باخەکانی ورمێ دەست پێدەکات کە بەرهەمەکەی دەگاتە زیاتر لە 175 تۆن. بە وتەی ئەو تەنها لە گوندەکانی سەر بە شاری ورمێ زیاتر لە 72 دۆنم باخی تو هەیە و 24 دۆنم باخی توی پارێزگاکەش دەکەوێتە شاری گوندەکانی شاری خۆی و بەوەش ئەو دوو شارە زیاترین بەرهەمی تویان هەیە. ئاماژەی بەوەش کرد بەهۆی پڕۆژەی شوێنێ نیشتەجێبون زیان بە ژمارەیەکی زۆری باخی تو لە نزیک شاری ورمێ گەیشتوە و ئەوەش بوەتە مەترسیی بۆ سەر درەختەکانی تو. ورمێ یەکێکە لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە زیاترین توی سپی هەیە و بەشێکی زۆری ئەو توە دوای وشک کردن رەوانەی دەرەوە دەکرێت.  

هاوڵاتی یەرەکە باڵی سەربازی پژاک باسی ئەوەی کرد کە لە هێرشەکەی ٤ی ئەم مانگەدا بۆ سەر ئاسۆس لەلایەن درۆنەکێکی تورکیاوە، گەریلایەکیان شەهید بووە. ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی یەکینەکانی پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) باڵی سەربازی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لەبارەی هێرشی درۆنێکی تورکیا بۆ سەر هێزەکانیان لە چیای ئاسۆس لە ٤ی ئەم مانگەدا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. لە راگەیەندراوەکەی یەرەکەدا هاتووە، " شەوی ٣ لەسەر ٤ی حوزەیران چیای ئاسۆس لەلایەن درۆنێکی دەوڵەتی تورکیاوە بۆردومان کرا. درۆنەکە کاتژمێر ٨ی ئێوارە لە نزیک گوندی گەڵالە هێرشەکەی ئەنجامداوە." یەرەکە دەڵێت، لە هێرشەکەدا گەریلایەک شەهید بوو و ناسنامەکەی لە چەند رۆژی داهاتووەدا بۆ رای گشتی بڵاو دەکەنەوە.

هاوڵاتی رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، پرۆسەى ئاوەدانکردنەوەى قەزاى شنگال بەهۆى ناکۆکیی سیاسییەوە پەکى کەوتووە، کەرتى خوێندن و تەندروستى و کارەبا لە دۆخێکى خراپدان و تەنیا 96 قوتابخانەى قەزاکە کراونەتەوە. رێکخراوى چاودێرى مافەکانى مرۆڤ (هیومن رایتس وۆچ) ئەمڕۆ سێشەممە راپۆرتێکى لەبارەى دۆخى قەزاى شنگال لە سنوورى پارێزگاى نەینەوا بڵاوکردەوە و ئاماژەى بەوەداوە پرۆژەى ئاوەدانکردنەوەى شنگال وەستاوە، هۆکارەکەشى بۆ ناکۆکی سیاسی لەسەر بەڕێوەبردنى قەزاکە گەڕاندووەتەوە. لە راپۆرتەکەدا ئاماژەى بەوەدراوە کە ڕێکخراوەکە  پرسیاریان لەبارەی نەگەڕانەوەی ئاوارەکان کردووە، باسیان لەوە کردووە کەمى خزمەتگوزارییە گشتییەکان بەربەستى بەردەم گەڕانەوەیانە بۆ شنگال، ئەوە جگە لە ناسەقامیگیریی دۆخى ئەمنی و قەرەبوو نەکردنەوەى خاوەنی ئەو خانووانەى لە سەردەمى دەسەڵاتى داعشدا خاپوور بوون. ساڵى 2014 تاوەکو 2017 قەزاى شنگال لەلایەن رێکخراوى داعش داگیرکرا، بە هۆیەوە هەزاران کوردى ئێزدى ئاوارە بوون، کوژران یانیش لەلایەن ئەو رێکخراوەوە رفێندران. هیومن رایتس وۆچ لە راپۆرتەکەیدا باسی لەوە کردووە خوێندنى گشتى بە ئاسانى دەستەبەر نییە، بەهۆى خاپووربوونى قوتابخانەکان، هەندێک لە قوتابخانەکان قوتابی چەندین گوند پێکەوە لە خۆدەگرن، ئەوە جگە لەوەى هەزاران مامۆستا هێشتا ئاوارەن و نەگەڕاونەتەوە شنگال. لەم بارەیەوە حەسەن ساڵح موراد، بەڕێوەبەرى پەروەردەى شنگال بە رێکخراوەکەی راگەیاندووە: "206 قوتابخانە لە شنگال هەن، بەڵام تەنیا 96یان کراونەتەوە، هەندێک لە قوتابخانەکان 600 بۆ هەزار قوتابى تێیدا دەخوێنن، لەکاتێکدا تواناى 400 قوتابیان هەیە." هەروەها سەبارەت بە بوونی نەخۆشخانەو چاودێری تەندروستی، رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندووە، فەرمانگەى تەندروستیی شنگال کێشەى کەمیی کارمەندى هەیە، ئەوە جگە لە خاپووربوونى ژێرخانى تەندروستى، تەنیا دوو نەخۆشخانەى گشتى لە شنگال و ناحیەى سنوونێ هەن. د. دڵشاد عەلى، بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى گشتیى شنگال دەڵێت: "لە کاتى ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا زیان بەر نەخۆشخانەکان کەوتووە، بەدواى جێگرەوەیەکى بچووکدا دەگەڕێین، 53 قەرەوێڵەمان هەیە، لەکاتێکدا پێشتر 130 قەرەوێڵە بوون". ئەو نەخۆشخانانەى شنگال توانایان بۆ چارەسەرى تەندروستى سنووردارە، بۆ دۆخە لەناکاو و نەخوازراوەکان یان نەخۆشییە قورسەکان، دانیشتووانى قەزاکە دەبێت دوو بۆ سێ کاژێر ببڕن تاوەکو بگەنە پارێزگاى دهۆک یان شارى موسڵ. بەگوێرەى راپۆرتەکە خراپیی کەرتى کارەبا یەکێکى دیکەیە لە کێشەکانى قەزاى شنگال، کە بەگوتەى هەندێک لە ئاوارە گەڕاوەکان، لە شەو و رۆژێکدا تەنیا 10 کاژێر کارەبا هەیە.

هاوڵاتی سەرۆکایەتی بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەرانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە ماوەی حەفتەیەکی رابردوودا لە تورکیا دوو هەزار و ٩٢٠ پەنابەر دەستگیرکراون و هەزار و ٧٦١ پەنابەر دیپۆرت کراونەتەوە. وەزارەتی ناوخۆی تورکیا باسی ئەوەی کرد کە لە ماوەی حەفتەیەکدا، ٧٨٨ هاوڵاتی ئەفغانی، ٩٥ هاوڵاتی پاکستانی و دوو هەزار و ٢٧ کەسیش خەڵکی وڵاتانی دیکەی ناوچەکەن. بەگوێرەی ئامارەکان، لە شەش مانگی رابردوودا، ٤١ هەزار و ٣٣٧ هەزار کۆچبەر دیپۆرتکراون. لەو ژمارەیە ١٣ هەزار و ٢٣٣ کەسیان ئەفغانی و هەزار و ٨٤٨ کەس پاکستانی و ٢٦ هەزار و ٢٥٦ کەسیش خەڵکی وڵاتانی دیکەن. وەزارەتی ناوخۆی تورکیا دەڵێت، لە ئیستادا ١٦ هەزار و ٥٨٩ کۆچبەر لە ناوەندی دیپۆرتکردنەوەدا دەمێننەوە.

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ و سبەی چوارشەممە كەشوهەوای هەرێم ئاسایی دەبێت و پلەكانی گەرماش بەجێگیری دەمێننەوە، لەگەرمیانیش بەرزترین پلەی گەرما دەگاتە 43 پلەی سیلیزی. بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە ئاسمان نیمچە هەور دەبێت پاشان دەگۆرێت بۆ پەڵە هەور و ساماڵ، نزیك دەبێتەوە لە تۆماركراوی رۆژی پێشوو. ئاماژەی بەوەشكردوە، سبەی چوارشەممە بەهەمانشێوە ئاسمان نیمچە هەور دەبێت پاشان دەگۆڕێت بۆ پەڵە هەور و ساماڵ، نزیكدەبێتەوە لە تۆماركراوی ئەمرۆ. بەرزترین پلەکانی پێشبینیکراو بە پلەی سلیزی هەولێر : 37  سلێمانی : 36 دهۆك : 37 كەركوك : 41 هەڵەبجە : 37 زاخۆ : 37 سۆران : 35 گەرمیان : 43

ئێران بۆ یەکەمجار دروستکردنی موشەکی کیشوەربڕ رادەگەیەنێت کە توانای هەڵگرتنی کڵاوی ئەتۆمیی هەیە. ئەمڕۆ سێشەممە بە ئامادەبونی ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران موشەکی بالیستی کیشوەربڕ بە ناوی (فەتاح) نمایش کرا. میدیاکانی کۆماری ئیسلامی ئاماژەیان بەوە کردوە کە فەتاح توانای هەیە پێنج هێندەی خێرایی دەنگ بە دوریی پێنج هەزار و 500 کیلۆمەتر ئامانجەکەی بپێکێت و ئەو جۆرە لە موشەکانە بە مەبەستی هەڵگرتنی کڵاوی ئەتۆمیی بەکاردەهێنرێن. ئەمیر عەلی حاجی زادە، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران رایگەیاندوە؛ ئەو موشەکە بالیستییە دەبێتە هۆی ئەوەی کڕیارانی چەک رو لە ئێران بکەن و چیتر بۆ دابینکردنی ئەو جۆرە لە موشەکانە پەنا بۆ ئەمریکا نەبرێت. بە وتەی حاجیزادە ئێران بە دروستکردنی موشەکی بالیستی (Hypersonic speed) فەتاح بوەتە شەشەم وڵاتی جیهان کە دوای ئەمریکا،روسیا، چین، هندستان و کۆریای باکور بوەتە خاوەنی ئەو جۆرە موشەکەی سەروی دەنگەوە. ساڵی رابردو حاجیزادە لە کاتی نمایشی موشەکێکی دیکەی بالیستی کە توانای بڕینی دوو هەزار کیلۆمەتری هەبو، وتی وەک رێز لە ئەوروپا موشەکی کیشوەربڕمان دروست نەکردوە و هیوادارن ئەو وڵاتانە رێز لە خۆیان بگرن .

هاوڵاتی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ڕایده‌گه‌یه‌نێت تا ئێستا توركیا عێراقی له‌باره‌ی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان ئاگادار نه‌كردووه‌ته‌وه‌. هه‌رچه‌نده‌ نزیكه‌ی 10 هه‌فته‌ به‌سه‌ر ڕاگرتنی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕێگه‌ی توركیاوه‌ تێپه‌ڕ ده‌بێت، به‌ڵام تا ئێستا توركیا گڵۆپی سه‌وزی بۆ عێراق هه‌ڵنه‌كردووه‌ تا ده‌ست به‌ ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم بكاته‌وه‌. له‌وباره‌وه‌، عاسم جیهاد وته‌بێژی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق، به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای ڕاگه‌یاندووه‌: "عێراق ئاماده‌یه‌ بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌وت، به‌ڵام هێشتا توركیا عێراقی ئاگادار نه‌كردووه‌ته‌وه‌ تا ده‌ست به‌ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌وت بكه‌ینه‌وه‌". عاسم جیهاد ڕایشیگه‌یاند: بێگومان عێراق و توركیا ده‌گه‌نه‌ ڕێككه‌وتن، به‌ڵام ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وت له‌سه‌ر كات وه‌ستاوه‌. ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌ ڕۆژی 25 ی مانگی 3 ی ئه‌مساڵ، دوای ئه‌وه‌ی عێراق سكاڵاكه‌ی له‌ژووری ناوبژیوانی پاریسی دادگای نێوده‌وڵه‌تی له‌ توركیا برده‌وه‌، ڕاگیراوه‌.

هاوڵاتی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق رایگه‌یاند، تا ئێستا 140 حاڵه‌تی تووشبووی ئێستا به‌ تای خوێنبه‌ربوون تۆماركراون، له‌و ژماره‌یه‌ش 20 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.  سه‌یف به‌در، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق، رایگەیاند، تا ئێستا 20 کەس گیانیان لەدەستداوە. جه‌ختیشیكرده‌وه‌، دۆخی نه‌خۆشییه‌كه‌ لەژێر كۆنترۆڵدایه‌ و تا ئێستا به‌ سه‌دان كه‌س له‌و په‌تایه‌ چاكبوونه‌ته‌وه‌. وتیشی  "خاڵی هه‌ره‌ گرنگ كه‌ جه‌ختمان له‌سه‌ری كردووه‌ته‌وه‌، ئاگاداربوونه‌ له‌ نیشانه‌كانی نه‌خۆشییه‌كه‌ و سه‌ردانیكردنی بنكه‌كانی ته‌ندروستی به‌زووترین كات". سه‌یف به‌در، دووپاتیشیكرده‌وه‌، ئه‌گه‌ر كه‌سانی تووشبوو له‌كاتێكی زوودا سه‌ردانی پزیشك بكه‌ن، ئه‌وا به‌ئاسانی كۆنترۆڵ ده‌كرێن، به‌پێچه‌وانه‌وه‌، ئه‌گه‌ره‌كانی مردن به‌هێزترن. تای خوێنبەربوون، یه‌كێكه‌ له‌ نه‌خۆشییه‌ ڤایرۆسییه‌ گوازراوه‌كان، كه‌ ده‌بێته‌ هۆی تێكچوونی ته‌ندروستی مرۆڤ و دیواری ده‌مار و موولووله‌ی خوێن له‌ناو ده‌بات، كاریگه‌رییه‌ لاوه‌كییه‌كانی ئه‌و نه‌خۆشییه‌ له‌ ماوه‌ی دوو هه‌فته‌دا ده‌رده‌كه‌ون، له‌ هه‌فته‌ی یه‌كه‌م كه‌سی تووشبوو هه‌ست به‌ نیشانه‌كانی ئه‌نفلۆنزا ده‌كات، كه‌ تووشی تایه‌كی توند، ژانه‌سه‌ر، رشانه‌وه‌، سكچوون، ژانی ماسولكه‌كان و ئێسك و جومگه‌كان ده‌بێت. هاوکات تا ئێستا دوو هاوڵاتی لە هەرێێمی کوردستانیش بەم نەخۆشییە گیاننیان لەدەستداوە. نەخۆشیەکە له‌ ساڵی 1944 له‌ جه‌نگی جیهانی دووه‌مدا سه‌ریهه‌ڵداوه‌ و به‌ گشتی له‌ ئاژه‌ڵه‌وه‌ بۆ مرۆڤ ده‌گوازرێته‌وه‌.

بەڵگەنامە نهێنییەکانی فرۆشتنی چەکی ئێران بە روسیا بڵاو دەکرێنەوە و ئاشکرا بوە جگە لە فرۆکەی بێفڕۆکەوان کەرەستەی دروستکردنی موشەک و تۆپی تانک و زرێپۆش رادەستی مۆسکۆ کراوە. تۆڕی هەواڵی (سکای نیوز) بڵاوی کردەوە 18 لاپەڕە لە بەڵگەنامە و  گرێبەستە نهێنییەکانی فڕۆشتنی چەک و کەرەستەی سەربازیی ئێرانی لە سەرچاوەیەکی ئەمنی و ئاسایشییەوە دەست کەوتوە کە دەریدەخات لە سەرەتای جەنگی ئۆکرانیا جگە لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان  بە های یەک ملیارد دۆلار کەرەستەی سەربازیی ئێران بە روسیا فڕۆشراوە. لەو بەڵگەنامانەدا کە لە مانگی ئەیلولی ساڵی رابردو واژۆی لەسەر کراوە، دەرکەوتوە ئێران کەرەستەی تایبەت بە تۆپ و موشەک و زرێپۆش و تانکی بە روسیا فرۆشتوە کە دژی ئۆکرانیا بەکارهێنراون. بەرپرسانی ئۆکرانیا لە دوای بڵاوبونەوەی هەواڵەکە رایانگەیاندوە لە ئەگەری پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکان هەوڵەکانیان دژی کۆماری ئیسلامی ئێران دەخەنە کار بۆ رێگریی لە فرۆشتنی چەک و کەرەستەی زیاتر لە لایەن ئێرانەوە بۆ روسیا. سکای نیوز بە بێ ئاشکراکردنی سەرچاوەکەی جەختی لەوە کردوەتەوە کە زانیارییەکانی ناو بەڵگەنامە و گرێبەستەکانی فرۆشتنی چەکی ئێران بە روسیا پشتڕاست کراونەتەوە.

ئاژانسی ئەتۆمیی ئاشکرای دەکات ئێران رێژەی یۆرانیۆمی پیێتێنراوی زیاد کردوە و بەرپرسێکی ئەمریکا هۆشداریی دەدات لە هەنگاوە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە. رافایل گروسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی ئەمڕۆ دوشەممە رایگەیاند؛ بڕی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران لە سێ مانگی رابردودا بۆ زیاتر لە 100 کیلۆ گرام زیادی کردوە کە رێژەی پیتاندنەکەی 60% بوە. گروسی ئاماژەی بەوە کردوە؛ دوو ساڵ و سێ مانگە ئاژانسی ئەتۆمیی نەیتوانیوە وەک پێویست چاودێریی بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێران بکات چونکە لە لایەن دەسەڵاتی ئەو وڵاتەوە رێگریی لێکراوە. لە لایەکی دیکەوە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند؛ واشنتۆن رێگە بە کۆماری ئیسلامی ئێران نادات چەکی ئەتۆمیی دروست بکات و لەو چوارچێوەیەشدا هەمو بژاردەکان لەسەر مێزن. بلینکن لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی دەستەی پەیوەندییە گشتییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ هۆشداریی بە ئێران رایگەیاند؛ ئەمریکا بەهەموشێوەیەک پابەندە بە پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل و دانوستان لەسەر ئەو پرسە ناکات. بە وتەی بلینکن سەرەکیترین هەڕەشەی ئێستای سەر ئیسرائیل هەنگاوەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە جیهان و ناوچەکە.

هاوڵاتی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، لە شەڕی نێوان دوو گرووپدا نۆ کەس برینداربوون و 18 کەسیان دەستگیرکردووە.  ئەمڕۆ کاتژمێر 3:00ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، دوو گرووپ کە هەر گرووپە و خزم و کەسی یەکدی بوون، لەنێو شاری سلێمانی بووە بە شەڕیان و نۆ کەس لە هەردوولا برینداربوون.  هێزە ئەمنیەكان گەیشتونەتە شوێنی روداوەكە و چەند كەسێكیان دەستگیركردوە كە لەنێویاندا ژن هەیە، لێكۆڵینەوە و بەدواداچونیشیان بۆ هۆكاری سەرەكی ئەو شەڕە دەستپێكردوە و لە شوێنی رووداوەکە و 18 کەس لە هەردوولا دەستگیرکراون. بەگوێرەی زانیارییەکان، شەڕکەرەکان "قەرەجن" و ماوەیەکە چوونەتە سلێمانی و لەوێ نیشتەجێبوون، کێشە لەنێوان هەردوولادا هەبووە و شەڕەکەش پەیوەندیی بە کێشەیەکی کۆنیانەوە هەبووە. 

هاوڵاتی لە زانکۆی تۆرینۆی ئیتاڵیا، چاپی ئیتاڵی پەرتووکی سۆسیۆلۆژیای ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان، بڵاوکرایەوە. کتێبی سۆسۆلۆژیای ئازاد’ـی عەبدوڵا ئۆجالان – کە بەم دواییە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی ئیتاڵی – لە بەشی کەلتوور و سیاسەت و کۆمەڵگە،ڕۆژی ٣٠ـی ئایار، لە زانکۆی تۆرینۆی ئیتاڵیا لە لایەن چەند پرۆفیسۆرێکەوە سیمینارێکی لەسەر پێشکەشکرا. لە سیمینارەکەدا کورتەیەک لە چەمکی کۆمەڵناسی و کۆمەڵگەی پێشنیارکراوی کتێبی ” سۆسیۆلۆژیای ئازادی”ـی خرایە ڕوو، هەروەها تیشک خرایە سەر ڕەخنەکانی ئۆجەلان لە زانستە کۆمەڵایەتییەکان و تیۆرەکانی “پۆزەتیڤیست” و یۆرۆسەنترییەکان” کە ئەورووپا سەنتەریی بەبنەما وەرگرتووە. ئەوە روون کرایەوە "ڕێبازێکی گشتگیر پێویستە بۆ کێشە هەنووکەییەکانی جیهان کە  تێزەکانی ئۆجالان لەمبارەیەوە پێویستییەکی بایەخدارە". لە کۆتای سیمینارەکەدا وتیان  "بەو هیوایەن، کە هزری عەبدوڵلا ئۆجالان زیاتر لە چوارچێوەی زانکۆکاندا خوێندنەوەی بۆ بکرێت و ببێتە پایەی بیرکردنەوە لە زانستە مرۆییەکان و زانستە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان".