عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی گەڕی چوارەمی دانوستانی ئێران و ئەمریكا كە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، ڕایدەگەیەنێت دەتوانین بڵێین بەراورد بە سێ گەڕی پێشوو، دانوستانی ئەمڕۆی نێوان ئێران و ئەمریكا جدیترو راشكاوانە تر بوو. هەروەها وتیشى: تاڕادەیەك لە بوارە گشتییەكان دوركەوتینەوەو چوینە ناو وردەكارییەوە، لەم دۆخەدا دانوستان قورس دەبێت، بابەتی مشتومڕاوی زیاتر تاوتوێ کراوەو هەڵوێستەکان نزیکتر بوونەتەوە، دەتوانرێت ئەم قۆناغە بە هەنگاونان بۆ پێشەوە هەڵسەنگێندرێت. لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا بۆ ڕۆژنامەنوسان، عێراقچی ئەوەى خستەڕوو پێدەچێت گەڕی داهاتووی دانوستانەکان نزیکەی هەفتەیەک تر یەك رۆژ زیاتر یان كەمتر ئەنجام بدرێت. وتیشى: بابەتی پیتاندنی یۆرانیۆم بە هیچ جۆرێك سازشی لەسەر ناكرێت و دەبێت بەردەوام بێت، دەكرێت لە هەندێك رووەوە هەندێك كتۆبەندی سنوردار قبوڵ بكرێت وەكو بڕو ئاست و توانا بۆ ئەوەی لەماوەیەكی زەمەنی دیاریكراودا متمانە دروست ببێت، هاوشێوەی ئەوەی لە رابردوو كراوە، بەڵام بابەتی بنەڕەتیی پیتاندنی یۆرانیۆم قایبلی دانوستان نییە. وەزیرى دەرەوەى ئێران لەبارەی سزاكانی سەر ئێرانەوە هەڵوێستی ئێمە رۆشنە، ئامانجی سەرەكی دانوستان هەڵگرتنی سزاكانەو ئەم بابەتە یەكێك لە پایە سەرەكییەكانی گفتوگۆكانمان بووەو هەیە، خۆشبەختانە ئەم بابەتە لەنێوان هەردوولا رێككەوتنی لەسەر كراوە. ئەمڕؤ خولی چوارەمی دانوستانە ئەتۆمییەکەی نێوان ئەمریکا و ئێران لە عومان بەڕێوەچوو، کۆبوونەوەکان سێ کاتژمێریان خایاندووە و تێیدا رێککەوتن کراوە کە هەنگاوەکانی داهاتوو بە لیژنەی تەکنیکیی هەردوولا بسپێردرێن.
ڕاوێژکارێکی محەممەد سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرای کردووە، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا داوای لێبوردنی کردووە لە بەشداریکردن لە لووتکەی وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی لە بەغدا ئامادە نابێت. لووتکەى وڵاتانی عەرەبی، لە 17ـی ئایاری 2025 لە بەغدا بەڕێوەدەچێت، کە بڕیارە سەرۆک و دەیان بەرپرسی باڵای وڵاتانی عەرەبی تێیدا بەشداربن. عەدنان سەرراج، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنی ڕایگەیاند: شەرع داوای لێبوردنی کردووە کە بەشدار نابێت لە لووتکەکەدا، ئەمەش بەهۆی ئەوەی سووریا لەسەر ڕووداوەکانی ئەم دواییەی نێوان عەلەوی و درووزەکان لە لووتکەکەدا سەرکۆنە دەکرێت. لە لایەکی دیکەوە سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق بە کەناڵی عەرەبیەى ڕاگەیاندووە، کە ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لەجیاتی سەرۆککۆمار ئامادە دەبێت. ئەمڕۆ نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفیزیۆنیدا، ڕایدەگەیەنێت ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوەزری سووریا لە عێراق داواکراوە و نایانەوێت پێشوازیی لێ بکەن لە لووتکەی عەرەبی بەغدا، داواشی لێ دەکەن سەرکێشی نەکات و نەیەتە عێراق. هەروەها وتیشى:هاتنی شەرع بۆ لوتکەی عەرەبی لە بەغداد سەرچڵییە، سەردانی شەرع بۆ بەغداد بە تەواوی رەتدەکەمەوەو لە زیاتر لە بۆنەیەکدا ئەوەم وتووە. بانگهێشتکردنی شەرع کاردانەوەی لایەنە سیاسی و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانی بەدوای خۆیدا هێناوە، چونکە شەرع پێشتر لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریی عێراقەوە فەرمانی دەستگیر کردنی هەبووە، بە تۆمەتی شەڕکردن لە دژی هێزەکانی ئەمریکا و عێراق لە ساڵی 2003 لە سەربەندی هاتنی ئەمریکا بۆ عێراق. ئەحمەد شەرع، پێشتر بە ئەبو محەممەد جۆلانی ناسراو بوو، پێشتر لە ڕیزەکانی ڕێکخراوی قاعیدە لە عێراق شەڕی دژی هێزەکانی ئەمریکا و عێراق کردووە و دواتر پەیوەندی بە ڕێکخراوی داعشەوە کردووە، دوای ئەوەش لەو ڕێکخراوە جیابووەوە و گرووپێکی چەکداریی بە ناوی "جەبهەی نوسرە" دامەزراند.
ڕۆژنامەنووسێكی ئەمهریکی کە لە ساڵی 2012 لە سووریا ڕفێنرا، ڕوفاتهكهی لهنێو گۆڕێكی به كۆمهڵ له باكووری ئهو وڵاته دۆزرایهوه. یهكشهممه، 11ـی ئایاری 2025، ڕۆژنامهی "میرهر"ـی بهریتانی بڵاوی كردهوه، ڕوفاتی ئۆستن تایس، ڕۆژنامهنووسی ئهمهریكی لهگهڵ ڕوفاتی دوو كهسی دیكه له گۆڕێكی به كۆمهڵدا له باكووری سووریا دۆزرایهوه. ڕۆژنامهی میرهری بهریتانی ڕوونیشی كردووهتهوه، ئۆستن تایس له لایهن چهكدارانی ڕێكخراوی داعش له ناوچهی دابق له ڕیفی باكووری حهلهب كوژراوه. هاوكات چهند كهناڵێكی تهلهفزیۆنی ئاماژهیان بهوه كردووه، تیمێكی پسپۆری قهتهری به ههماههنگیی لهگهڵ تیمێكی ئهمهریكی و هێزه ئهمنییهكانی سووریا توانیویانه ڕوفاتی ئهو سێ كهسه كه یهكێكیان ئۆستن تایسه له گۆڕه به كۆمهڵهكهدا بدۆزنهوه. سهرچاوهیهكی سووری لهم بارهوه گوتوویهتی، ئهندامێكی پێشووی داعش ڕێبهری تیمه قهتهری و ئهمهریكی و سوورییهكهی كردووه و شوێنی ناشتنی تهرمی تایس و ژمارهیهك قوربانی دیكهی پێ نیشانداون. تایس كه لهگهڵ چهند كهناڵێكی ههواڵ كاری كردووه لهوانهش تۆڕی ههواڵی (بی بی ئێس)ـی ئهمهریكی و ئاژانسی فرانس پرێس و ڕۆژنامهی واشنتن پۆست، له ئابی 2012ـدا لهلایهن لایهنگرانی ڕژێمی بهشار ئهسهد له دهوروبهری دیمهشق ڕفێنرا و لهو كاتهوه دیار نهمابوو. هەینی، 7ـی كانوونی یهكهمی 2024، دێبرا تایس، دایکی ڕۆژنامەنووسی ئەمریکی ئۆستن تایس لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا پشتڕاستی کردەوە کوڕەکەی باشە، بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر بدات. دێبرا تایس گوتیشی، دەمانەوێت زۆر وریا بین لەوەی کە هاوبەشی دەکەین، چونکە ئۆستن چاودێریی دەکرێت. باسی لهوهش كردبوو، ئۆستن بە ڕێگهی دیپلۆماتی ئازاد دەبێت نەک بە بۆمب و بە چەک. دۆناڵد ترەمپ، سهرۆكی ئهمهریكا لە ساڵی 2020 نامەیەکی تایبەتی له بارهی ڕۆژنامەنووسەکە بۆ بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا نارد. خێزانی تایس هیوایەکی زۆریان پێی هەبوو ، بەڵام بەشار ئەسەد گوتی، نازانێت تایس هێشتا زیندووە یان نا.
چوارەمین خولی وتووێژی ئەتۆمی ئێران و ئەمریکا ئەمڕۆ یەکشەممە لە شاری مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەچوو، دواى سێ کاتژمێر کۆبوونەوە کۆتایی هات، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش ڕایدەگەیەنێت دانوستانی گەڕی چوارەم قورس بوو بەڵام سوودمەند بوو. هاوشێوەى جارەکانى دیکە هەریەکە لە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف، نوێنەرى ترەمپ سەرۆکی شاندی ئیران و ئەمریکا یان کرد، لە عومان بەڕێوەچوو. بەرپرسێکى باڵاى ئەمریکا بە مەرجی ئەوەی ناوی ئاشکرا نەکات، بەئاژانسى ئەی ئێف پى وتووە: ڕێککەوتن کراوە بۆ ئەوەی گفتوگۆکان بەرەو پێشەوە بچن بۆ بەردەوامبوون لە کارکردن لە ڕێگەی گروپە تەکنیکییەکانەوە." ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێمە بە ئەنجامی کۆبونەوەى ئەمڕۆ دڵخۆش بووین چاوەڕێی کۆبوونەوەی داهاتوومان دەکەین، کە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەکرێت. لاى خۆشیەوە، ئیسماعیل ئاقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت دانوستانی گەڕی چوارەم قورس بوو بەڵام سوودمەند بوو، عومانییەکان کات و شوێنی گەڕی داهاتووی دانوستان رادەگەیەنن، گەڕی داهاتووی دانوستان بەمزووانە دەکرێت. چوارەم گەڕی دانوستاندنەکان بڕیاربوو لە 3ی ئایار لە رۆما بکرێت، بەڵام عومانی نێوەندگیر رایگەیاند، لەبەر "هۆکاری لۆجستی" دواخرا. دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی 2018 ئەمریکای لە رێککەوتنێکی ئەتۆمی کشاندەوە کە لە ساڵی 2015 لە لایەن ئێران و زلهێزەکانی جیهان واژۆی لەسەر کرابوو. بە گوتەی ویتکۆف، ئێستا سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێت "رێککەوتنێکی بەهێزتر" لەوە لەگەڵ تاران بکات، بە جۆرێک کە رێگە بە تاران بدات بەرنامە ئەتۆمییەکەی تەنیا بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا بەکاربێنێت و ئەو توانای دروستکردنی یۆرانیۆمی پێویست بۆ بۆمبی ئەتۆمی نەمێنێت.
بەرپرسانی ئەمەریکا بە کەناڵی ئێن بی سییان ڕاگەیاندووە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە ئێستادا هیچ هێزێکی نییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. ئەمرۆ یەکشەممە، لەڕاپپۆرتێکدا کەناڵى ئێن بی سی لەزاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە ڕایگەیاند پەیوەندی ترەمپ و نەتانیاهۆ لەم چەند هەفتەیەی رابردوودا گرژی تێکەوتووە، ناکۆکی نێوان ترەمپ و نەتانیاهۆ لە گەشەسندندایە لەبارەی پرسی غەزە و ئێران. هەروەها ئەو بەرپرسانە، دەڵێن: تەنها لە هەفتەی رابردوو ترەمپ دوو جار لێدوانی داوە کە نەتانیاهۆی بێزار کردووە. بەرپرسانی ئەمەریکا لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا ئەوەشیان زیادیان کرد: ئیسرائیل واشنتۆنی ئاگادار کردەوە کە ئێستا "کاتی ئەوەیە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لەناوببرێت، ناتانیاهۆ چەند جارێک ئەوەى خستوەتەڕوو کە دانوستاندنەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئێران کات بەفیڕۆدانە. لە بەرامبەردا بەرپرسانی ئەمەریکا ئاشکرایان کرد کە ترامپ ئامادەیی خۆی بۆ ئێران دەربڕی کە بەرنامەی ئەتۆمی بپارێزێت. لە کاتێکدا واشنتۆن و تاران گفتوگۆ لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەکەن، گیدۆن ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە جەختی لەسەر ڕەتکردنەوەی وڵاتەکەی کرد کە ئێران خاوەنی "مەترسیدارترین چەکی جیهان" بێت. لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا ساعر لەگەڵ هاوتا ئەڵمانییەکەی، یۆهان وادێفول، وتی: بە هیچ شێوەیەک جێگەی قبوڵکردن نییە بۆ مەترسیدارترین ڕژێم کە مەترسیدارترین چەک لە جیهاندا بەدەستبهێنێت. "دەبێت دامەزراوەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم هەڵبوەشێنرێنەوە". لێدوانەکانی ساعر هاوکات بوو لەگەڵ خولی چوارەمی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە سوڵتانییەتی عومان.
نوسینگەی سەرۆک کۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە ئیمانوێل ماکرۆن هاوتا فەرەنسیەکەی ڕاگەیاندووە، هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا گەیشتوونەتە "خاڵی وەرچەرخانێکی مێژوویی". سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە زاری ئەردۆغانەوە لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ماکرۆن ڕایگەیاندووە، "لە هەوڵەکانی کۆتایی هێنان بە شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا، وەرچەرخانێکی مێژوویی گەیشتە ئەنجام". ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە سود لەم دەرفەتە وەربگیرێت، تورکیاش ئامادەیە بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە پاڵپشتییەک، لەوانەش میوانداریکردنی دانوستانەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و ئاشتییەکی بەردەوام. ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی ڕوسیا بە وردی باسی دەستپێشخەریی خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە ڕاستەوخۆکانی نێوان مۆسکۆ و کێڤ لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کردووە، بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی کرێملین دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان ئەو دوو وڵاتە. لە بەیاننامەکەدا هاتووە: دەستپێشخەریی سەرۆکی ڕووسیا بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانی ڕاستەوخۆی ڕووسیا و ئۆکرانیا، کە پێشنیازکراوە لە 15ی ئایارەوە لە ئەستەنبوڵ بەڕێوەبچێت، بە وردی گفتوگۆی لەسەر کراوە. کرێملین زیادی کرد: ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ ئەم پێشنیازە ڕووسیایە دەربڕی و ئامادەیی خۆی بۆ دابینکردنی سەکۆی ئیستەنبوڵ دووپاتکردەوە. لایەنی تورکیا هەموو هاوکارییەکی مومکین لە ڕێکخستن و ئەنجامدانی دانوستانەکان بە ئامانجی گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام پێشکەش دەکات. کرێملین هەروەها دووپاتی کردەوە کە هەردوو سەرۆک هەروەها بەرژەوەندیی هاوبەشی خۆیان بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی بازرگانی و وەبەرهێنان دەربڕیوە، لەوانە جێبەجێکردنی پرۆژە ستراتیژییەکانی هاوبەش لە کەرتی وزەدا. سەرۆکی رووسیا پێشنیازی کرد، رۆژی 15ی ئەم مانگە، لە شاری ئیستەنبووڵی تورکیا، گفتوگۆی راستەوخۆ لە نێوان وڵاتەکەی و ئۆکراینا بکرێت، ئەمەش دوای چەند کاژێرێک لە داواکاریی سەرکردەی وڵاتانی ئەورووپا، کە داوایان کرد، لە رۆژی دووشەممەوە بۆ ماوەی 30 رۆژ ئاگربەستی بێمەرج دەستپێبکات. رۆژی شەممە 10ـی ئایاری 2025، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، لە گوتارێکدا لەبارەی پێشنیازەکانی سەرکردەکانی وڵاتانی رۆژئاوا، کە سەردانی ئۆکراینایان کردبوو و لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی کۆبوونەوە و داوای ئاگربەستێکی 30 رۆژەیان کردبوو، بە راستەوخۆ بەو پێشنیازەی رۆژئاوا رازی نەبوو، بەڵام رایگەیاند: "پێشنیازەکەم ئەوەیە دەسەڵاتدارانی کیێڤ دەست بەو گفتوگۆیانە بکەنەوە، کە لەساڵی 2022 رایانگرت و جەختیش لەسەر ئەوە دەکەمەوە ئەو گفتوگۆیانە بێمەرج بن." تاوەکو ئێستا ئۆکراینا وەڵامی پێشنیازە نوێیەکەی پووتینی نەداوەتەوە. سەرکردەکانی رۆژئاواش رایانگەیاند، داوکاریی ئاگربەستی 30 رۆژە، پێشنیازێکە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش باسیان کردووە و ئەویش هاوڕایە. کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، ئەو داواکارییەیان بۆ ئاگربەست "دەبێت قبووڵ بکرێت."
رێوڕەسمی هەزاردەف لە گوندی پاڵنگانی هەورامان بەڕێوەدەچێت و ئامانج لێی ئامادەکارییە بۆ تۆمارکردنی گوندەکە لە یونسکۆ وەکو میراتێکی جیهانیی لە بواری مێژوویی و گەشتیاری. بە بەشداری زیاتر لە هەزار دەفژەن، ڕۆژی 13-05-2024 رێوڕەسمی هەزار دەف لە گوندی پاڵنگان سەر بە شاری کامێرانی پارێزگای سنە بەڕێوەدەچێت، ئەوەش وەک یەکێک لە ڕێوڕەسمە بەرزەکانی مۆسیقای عیرفانیی ڕۆژهەڵاتى کوردستان و ئێران دادەنرێت. ئەسعەد فەرهادی، سەرۆکی ناوەندی گەشتوگوزار و هونەریی پارێزگای سنە دەڵێت، دەفژەنانی سنە، دێولان، مەریوان، کامێران، سەقز، دیواندەرە و کرماشان لە رێوڕەسمەکەدا بەشدار دەبن و ژمارەیەک دەفژەن لە تاران، هەمەدان، ئیسفەهان و چەند شاری دیکەی ئێرانیش بانگهێشت کراون. جگە لە دەفژەنی، لە رێوڕەسمەکەدا ژمارەیەک گۆرانیبێژیش مەولوودی دەخوێننەوە و سروودی ئایینی دەڵێنەوە. ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد کە فێستیڤاڵی هەزار دەف یەکێکە لە شایستەترین بۆنە فەرهەنگی و هونەریەکانی پارێزگای کوردستان، کە هەموو ساڵێک بە ئامادەبوونی بە جۆش و خرۆشی گرووپە دەفژەنەکان و ئارەزومەندانی مۆسیقای عیرفانیی لە سەرتاسەری وڵات و هەروەها گەشتیارانی ناوخۆیی و بیانی بەڕێوە دەچێت. بەوتەى ئەو بەرپرسەى پارێزگاى سنە ئەم مەراسیمە کە ڕەگ و ڕیشەی لە بیروباوەڕ و نەریتە کۆنەکانی ناوچەکەدا هەیە، لە کەشێکی ڕۆحی و لە دڵی سروشتی پاکی پاڵانگەدا بەڕێوەدەچێت، بە ئامادەبوونی هونەرمەندە دیارەکانی دەف و گروپەکانی مۆسیقای ڕێوڕەسمی. بەپێى ئامارەکان لەڕێوڕەسمەکەی ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٥٦ هەزار گەشتیاری ناوخۆیی و بیانی گەشتیان کردووە بۆ گوندی پاڵەنگان و بەشدارییان لەم ڕێوڕەسمە ڕۆحییەدا کردووە، و ئەمساڵیش، پێشبینی دەکرێت ئەم ڕێژەیە بە هۆی هەلومەرجی لەبار و ئەو توانایانەی کە پێشکەش کراون زیاد بکات. پاڵنگان لە ناوچەی هەورامان و لەنێوان شارەکانی کامێران و پاوە هەڵکەوتووە. بەپێی دوایین سەرژمێری گشتی، پاڵنگان نزیکەی 200 ماڵە و ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی هەزار کەسە. لە قەدپاڵی چیایەکی بەرز هەڵکەوتووە و خانووەکانی لە بەرزایی و نێو تاشەبەردی چیاکان بە شێوازی پلیکانەیی دروستکراون. رووباری سیروانیش بە داوێنی گوندەکەدا تێدەپەڕێت.
گیدیۆن سار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، وڵاتەکەی پشتیوانی تەواو لە پلانی ئەمریکا بۆ دابەشکردنی هاوکارییەکان لە کەرتی غەززە، کە ئیسرائیل بەشێک نابێت لێی. ساعر لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ هاوتا ئەڵمانییەکەی، یۆهان وادێفول، وتی: ئیسرائیل بە تەواوی پشتگیری لە پلانەکەی ئیدارەی ترەمپ دەکات، ڕۆژى هەینی لەلایەن مایک هاکابی باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل پێشکەشکرا. ترەمپ لەم دواییانەدا بەڵێنێکی ئەمریکای نوێکردەوە بۆ یارمەتیدانی گەیاندنی هاوکارییە خۆراکییەکان بۆ فەلەستینییەکان لە غەززە. هەروەها نوێنەری واشنتۆن لە ئیسرائیل ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە میکانیزمێک کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێت بۆ گەیاندنی یارمەتییەکان بۆ غەززە بەم زووانە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. لە لایەکى دیکەوە، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هۆشداریدا لەوەی وڵاتەکەی "رێوشوێنی تاکلایەنە" دەگرێتەبەر لە بەرامبەر هەر دانپێدانانێک بە دەوڵەتێکی فەلەستین، ئەمەش دوای لێدوانەکانی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە مانگی ڕابردوودا سەبارەت بە ئەگەری ئەنجامدانی ئەو کارە. ساعر وتی: هەر هەوڵێک بۆ دانپێدانانی تاکلایەنە تەنها زیان بە ئاسۆی داهاتووی پرۆسەیەکی دوولایەنە دەگەیەنێت و پاڵمان پێدەنێت بۆ ئەوەی لە بەرامبەردا هەنگاوی تاکلایەنە بگرینەبەر. هاوکات وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەدا کە ناکۆکی لە غەززە بە ڕێگەی سەربازی چارەسەر ناکرێت، پێیوابوو چارەسەری سیاسی دەبێت هەنگاوى یەکەم بێت. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەڵمانیا هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی "ئاسایشی ئیسرائیل مسۆگەر بکات"، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە وڵاتەکەی "ناتوانێت ڕەخنە لە ڕێبازی حکومەتی ئیسرائیل بگرێت".
سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە ڕاگەیاند، گرفتی موچە نزیکە لە چارەسەر و بە ئەگەری زۆرەوە سبەینێ یان دوو سبەی پارەی موچەی مانگی چوار رەوانەی هەرێم دەکرێت. دابەشكردنی دواین مووچە لە هەرێمی كوردستان 43 رۆژی بەسەردا تێپەڕیوە كە مووچەی مانگی ئاداربوو، ئێستا نزیك دەبینەوە لە ناوەڕاستی مانگی ئایار و هێشتا فەرمانبەران چاوەڕێی مووچەی مانگی نیسانن، داهاتی ناوخۆ كێشە سەرەكییەكەی ناردنی پارەیە لەلایەن بەغدادەوە و بووەتە سەرەخۆرەی مووچە. سەرچاوەیەکی تایبەت لە ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقەوە، ئەوەى ئاشکراکرد، گفتوگۆ و رێککەوتن لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق و تەیف سامی وەزیری دارایی کراوە بۆ چارەسەرکردنی پرسی موچەی مانگی چوار. ئاماژەی بەوەشکرد، بە ئەگەرێکی زۆرەوە سبەینێ گرفتەکان چارسەر دەکرێن و پارەی موچەی مانگی چواری فەرمانبەران رەوانەی هەرێم دەکرێت. بەوپێیەش بێت، کە مانگانە حکومەتی هەرێم لەگەڵ ناردنی پارەکەی بەغدا دەست بە دابەشکردنی موچە دەکات، لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا موچەی مانگی چواری موچەخۆران دابەشدەکرێت. بە پشتبەستن بە لیستی مانگەکانی رابردووش، تاوەکو سەرەتای هەفتەی داهاتوو، سەرجەم موچەخۆران موچەی مانگی چوار وەردەگرن. ئەوەش لە کاتێکدایە، نزیکەی 50 رۆژ بەسەر دابەشکردنی موچەی مانگی سێی موچەخۆراندا رۆیشتووە، کە حکومەتی هەرێم لە رۆژی 27ی مانگی ئازاردا موچەی مانگی سێی دابەشکرد. 17 رۆژ لەمەوبەر، وەزارەتی دارایی عێراق رێوشوێنەكانی دابەشكردنی مووچەی دەستپێكرد و هەرێمی كوردستانیش لیستی مووچەی رەوانەی بەغداد كرد، دوای چەند رۆژێكیش شاندێكی تەكنیكی ناردە بەغداد تا وەڵامی تێبینیەكان لەبارەی لیستی مووچە بداتەوە.
سەرۆک وەزیران دووپاتی دەکاتەوە، خەڵكی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەی ڕووناکیدا دەبنە خاوەن کارەبای 24 کاتژمێری و کەمتریش پارە بە کارەبا دەدەن. دەشڵێت, تا کۆتایی ساڵی داهاتوو، پرۆژەکە هەموو گوند و شارەکان دەگرێتەوە. یەکشەممە، 11-05-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کارەبای 24 کاتژمێریی پرۆژەی ڕووناکی، لە گەڕەکی بەڕۆشکێی شاری دهۆکی بەسەر کردەوە. لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا، سەرۆک وەزیران لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا باسی پرۆژەکە و مووچەی مانگی نیسان (چوار)ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی کرد. سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە، بەراورد بە پێشتر، لە پرۆژەی ڕووناکیدا، هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەبنە خاوەن کارەبای 24 کاتژمێری و کەمتر پارە بە کارەبا دەدەن. هاوکات داوای لە هاووڵاتییان کرد، زیادەڕۆیی لە خەرجکردنی کارەبادا نەکەن و لەگەڵ حکوومەت هاوکاربن. لەبارەی فراوانبوونی پرۆژەی ڕووناکی، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە دا "تا کۆتایی ساڵی 2025، ناوەندەکانی شارەکانی دهۆک، هەولێر و سلێمانی بە تەواوی کارەبای 24 کاتژمێریان دەبێت. دواتر تا کۆتایی ساڵی داهاتوو، پرۆژەکە هەموو گوند و شارەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە." هاوکات تیمی پرۆژەی ڕووناکی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "تا ئەمڕۆ 600 هەزار هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان بوون بە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری. لەم مانگەدا زیاتر لە 500 هەزار هاووڵاتی دیکە لە هەولێر و دهۆک و سلێمانی سوودمەند دەبن لە کارەبای بێپچڕان و بەمەش کۆی ژمارەی هاووڵاتییان دەگاتە زیاتر لە یەک ملیۆن کەسی سوودمەند." لەبارەی کوژاندنەوەی مووەلیدە ئەهلییەکانیش، تیمی پرۆژەی ڕووناکی، باسی لەوە کرد، زیاتر لە 700 موەلیدەی ئەهلی کوژێنراونەتەوە، کە هاوتای لابردنی 125 هەزار ئۆتۆمبێل لە شەقامەکان دەکات. تا کۆتایی ساڵی 2027 زیاتر لە 7 هەزار موەلیدەی تایبەت دەکوژێنەوە. بە گوێرەی تیمەکە، بڕیارە لەم هەفتەیەدا ئەنجوومەنی وەزیران دەنگ لەسەر نرخی نوێی کارەبا بدات. بنەماکانی دیاریکردنی نرخ وەک خۆیان دەمێننەوە کە بەم شێوەیەن: ماڵەکان و بازرگانەکان کەمتر پارە دەدەن لە چاو ئێستا، بەتایبەتی ئەوانەی کەمتر بەکاردەهێنن.
تیمەکانی دروستکەری ئاشتی کۆمەڵگە (سی پی تی) دەڵێت، لەدوای پەیامەکەی ئۆجالان و ئاگربەستی تاکلایەنانەی پەکەکە، تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان زیادکردووە و لە مانگی نیساندا 210 هێرش و بۆردومانی کردووە. لە نوێترین ئاماریدا رێکخراوەکەدا دەڵێت، هێرشەکانی تورکیا لە مانگی نیساندا 78% بەراورد بە مانگی رابردوو زیادیکردووە، زۆرترین هێرش و بۆردومانیش لە دهۆک ئەنجامدراوە، بەشێکیشی لە هەولێر و لە سلێمانیش هیچ بۆردوومانێک نەکراوە. بەگوێرەی ئامارەکە، لەکۆی 210 هێرش و بۆردومانی تورکیا، 198یان لە سنووری پارێزگای دهۆک بووە، ئەمەش دەکاتە 98%ـی هێرش و بۆردومانەکان. لە سنووری پارێزگای هەولێریش رێکخراوەکە 12 هێرش و بۆردومانی تۆمارکردووە، واتە 8%ـی کۆی گشتی هێرش و بۆردومانەکان. رۆژی 27ـی شوباتی 2025 عەبدوڵا ئۆجالان لە پەیامێکیدا داوای لە پەکەکە کرد چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. چەند رۆژێک دواتر پەکەکە ئاگربەستی تاکلایەنانەی راگەیاند. سی پی تی دەڵێت، “ئەم زیادبوونە لە هێرش و چالاکیی سەربازی سوپای تورکیا ئاماژەیەکن بۆ گەڕانەوەی ئاستی هێرش و بۆردومانەکان بۆ پێش کاتی ئاگربەستەکە، ئەم زیادبوونە بەتەواوی لە سنووری قەزای ئامێدی تێبینیکراوە کە بە تەنها 92% هەموو هێرش و بۆردومانەکانی مانگی نیسانی تێدا تۆمارکراوە.” لە ئامارەکەدا هاتووە، لەکۆی ئەو 210 هێرش و بۆردومانانەی سوپای تورکیا، 42 هێرشیان ئاسمانی (فڕۆکە و درۆن) بوون، 14 هێرشی هێلیکۆپتەر و 153 هێرشیان تۆپباران بوون، یەک هێرشیش لەرێگەی تەقەکردن بە چەکی سووک بووە و بەهۆی ئەم هێرشانەوە خانووی سێ هاووڵاتی بەتەواوی خاپور بوون و دوو خانووی دیکەش زیانیان بەرکەووتووە. سی پی تی دەڵێت، کۆی هێرشەکانی سویا تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێم لە سەرەتای ئەمساڵەوە گەیشتووەتە 616 هێرش کە بەهۆیەوە سێ هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و شەش هاووڵاتی دیکەش برینداربوون.
نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفیزیۆنیدا، ڕایدەگەیەنێت ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوەزری سووریا لە عێراق داواکراوە و نایانەوێت پێشوازیی لێ بکەن لە لووتکەی عەرەبی بەغدا، داواشی لێ دەکەن سەرکێشی نەکات و نەیەتە عێراق. هەروەها وتیشى:هاتنی شەرع بۆ لوتکەی عەرەبی لە بەغداد سەرچڵییە، سەردانی شەرع بۆ بەغداد بە تەواوی رەتدەکەمەوەو لە زیاتر لە بۆنەیەکدا ئەوەم وتووە. لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا ئاماژەى بۆ ئەوەکرد کە تایفەگەری چەکی دوژمنە بۆ لێدان لە سەقامگیری عێراق، بەعسییەکان دەیانەوێت ئاشوب دروست بکەن و شارەزان لەم بابەتەدا، حزبی بەعس بە رێکخراوێکی پێشکەوتوو لە عێراق چالاکی دەکات، بەشێک لە بەعسییەکان دزەیان کردووەتە ناو پێگە گرنگەکانی دەوڵەت. نورى مالیکى دەشڵێت: هەندێک لە وڵاتانی دەوروبەرمان پڕۆژەی تیرۆریان هەیە بۆ عێراق و راهێنانیان بە تیرۆرستان دەكەن، قەوارەی زایۆنی و تورکیا کۆنترۆڵی دۆخی ئەمنی سوریایان كردووە، ناترسین لە هاتنی گروپی تیرۆرستی لە سوریاوە، بەهۆی بوونى هێزە ئەمنییەکان و هێزەکانی حەدشی شەعبی، هیچ زانیارییەکمان نەبوو لەبارەی دیداری سودانی لەگەڵ جۆلانی لە قەتەر. سەبارەت بەبایەتى هەڵبژاردنیش ئەوەدەخاتەڕوو ئەوان داواكارییەكانیان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن بۆ سەلامەتی و پاك و بێگەردی پرۆسەكەیە. وتیشى: ئەنجومەنی نوێنەران بۆتە ئەنجومەنێكی پەككەوتوو، ئەوەش پرسێكە کە سەرۆکایەتیەكەی لێی بەرپرسیارە، یاسای هەڵبژاردن پێویستی بە هەموارکردنەوەی تەکنیکی هەیە. مالیکى رەخنەش لەسەر پەکخستنى پەرلەمان دەگرێت، دەڵێت: پەرلەمان پەكخرا بەهۆی ئەوەی یاسای حەشدی شەعبی خرایەڕوو بۆ دەنگدان، ئەمریکییەکان پێیان راگەیاندم دەخوازن حەشدی شەعبی هەڵوەشبووەشێتەوە یان تێکەڵ بكرێت، بە ئەمریکییەکانم راگەیاند هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی یان تێکەڵکردنی بە سوپا بە تەواوی رەتدەكەمەوە. لەکۆتایی قسەکانیدا ئەوەش باسدەکات کە کێشەیان لەگەڵ تورکیا هەیە لەبارەی هەژمونی ئاشكرای و تەماحە راگەیەندراوەکانی لە باکوری عێراق، وتیشى: عێراق بەنیازە سیستەمی بەرگری ئاسمانی پێشکەوتوو بکڕێت، حکومەت شکستیهێناوە لە ناردنی خشتەكانی بودجە، منیش بە تەواوی بێ ئومێدم لەم پەرلەمانەی ئێستا.
له سلێمانی ژمارهیهك لایهنی سیاسی دەرەوەى دەسەڵات و كهسایهتی له بارهگای ڕهوتی ههڵوێست لە ئیستادا لە كۆبوونەوەدان، بەمەبەستى تاوتوێیکردنى دروستكردنی بهرهیهك بۆ ههڵبژاردنی داهاتووى پهرلهمانی عێراق. بهگوێرهی زانیاریهكان، نوێنهرانی ههریهكه له لایهنهكانی جوڵانەوەى نەوەی نوێ، یەكگرتوی ئیسلامی، كۆمەڵی دادگهری، بەرەی گەل، ڕهوتی هەڵویست، بزوتنەوەی پەیوەندی و د. یوسف و ژمارهیهك كهسایهتی لهبارهی دروستكردنی بهرهیهك بۆ ههڵبژاردنی پهرلهمانی عێراق گفتوگۆ لەبارەگاى ڕەوتى هەڵوێست کۆبوونەتەوە. لە کۆبونەوەکەی ئەمڕۆدا د.بەختیار شاوەیس، د.فاتیح محەمەد نوێنەرایەتی بەرەی گەل، رێبوار ئەوڕەحمان و فاروق غەفور نوێنەرایەتی نەوەی نوێ دەکەن و هەر یەک لە د. هادی عەلی و محەمەد هاودیانی نوێنەرایەتی یەکگرتوو دەکەن. لە کۆمەڵی دادگەری هەر یەک لە عەبدولستار مەجید، شوان رابەر، رێبوار حەمەد، فاروق عەلی بەشدارن لە کۆبونەوەکە، هەر یەک لە د.رێبوار کەریم و رێباز رزگار بە نوێنەرایەتی ڕەوتی هەڵوێست و محەمەد بازیانیش بە نوێنەرایەتی بزووتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی بەشداری لەو کۆبونەوەیە دەکەن. وەک کەسایەتی سیاسییش هەر یەک لە د.یوسف محەمەد، مەحمود رەزا، د.کاروان حەمەساڵح بەشدارن لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی لایەنە ناڕازییەکان. ئەم کۆبوونەوەیە درێژکراوەى کۆبوونەوەى دوێنییە کە لەبارەگاى یەکگرتوو ڕێکخرابوو، وەک بەشدارانى کۆبوونەوەکە دەڵێن هێشتا زووە بۆ ئەوەى بڕیارى کۆتایی لەبارەى شێوازو چۆنیەتى ئەو بهرهیه یەکلایی بکرێتەوە کە بۆ هەڵبژاردنى داهاتوو پێکدەهێنرێت، کات و کۆبوونەوەو گفتوگۆى دیکەیان پێویستە بۆ بڕیارى کۆتایی. ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕۆژی 11-11-2025 بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دیاریکردووە.
بەگوێرەی کەناڵی 12ی ئیسرائیل، بەرپرسێکی ئەمنی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، شەڕی غەززە ڕەنگە بۆ ماوەی دوو ساڵی دیکە بەردەوام بێت. پێش ئەوەش، ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل بانگهێشتکردنی دوو یەکەی پیادە و زرێپۆشی یەدەگی دیکەی ڕاگەیاند، کە پەیوەندییان بە سێ یەکەی یەدەگەوە کرد کە پێشتر هەفتەی ڕابردوو بانگهێشتکرابوون، بە ئامانجی فراوانکردنی شەڕەکان لە کەرتی غەززە. بەپێی زانیارییەکانی سوپای ئیسرائیل، بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە دوو یەکەی یەدەگی دیکە (پیادە و زرێپۆش) بانگهێشت کراون بۆ فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە غەززە، هەروەها ڕێنمایی دراون کە ڕاپۆرت بدەنە کۆگا سەربازییەکان و بنکە مەشق و ڕاهێنانەکان. سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، "ئەم یەکانە پەیوەستن بە سێ یەکەی یەدەگەوە کە هەفتەی ڕابردوو بانگهێشتکرابوون، بەمەش کۆی گشتیی هێزی ئاسمانی نێودەوڵەتی گەیشتە پێنج یەکەی یەدەگ لەم خولەدا بۆ پشتگیریکردن لە ئۆپەراسیۆنی گیدۆن". ئاماژەی بەوەشکرد، باس لە هەزاران سەربازی یەدەگ دەکەین، بەڵام هێشتا بەشێکی بچووکن لە سیستەمی یەدەگ، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی قۆناغی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکە زۆر پشت بە هێزی ئاسایی دەبەستێت، لەگەڵ فراوانبوونی وردە وردە دواتر. ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لە کۆی ئەو پێنج یەکەیەی کە بانگهێشت کران، تەنیا سێ یەکەی بەشداری ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە ناو کەرتی غەززە دەکەن، دوو یەکەی دیکە لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوو چالاکیی ئۆپەراسیۆنەکانیان لە باکوور دەست پێکردووە.
شەهباز شەریف سەرۆکوەزیرانی پاکستان، ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لە شەڕەکەدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و هیندستانی تۆمەتبارکرد بە ئەنجامدانی شەڕێکی ناڕەوا. هاوکات پیرۆزبایی لە گەلی پاکستان کرد بۆ ئەو سەركەوتنەی بەدەستیانهێنا لە شەڕی چەند رۆژەیان لەگەڵ هیندستان، ئەوەش دوای جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان هەردوو وڵات، بە نێوەندگیری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. شەریف لە وتارێکدا وتی: ئەمە سەرکەوتنێکە نەک تەنها بۆ هێزە چەکدارەکان، بەڵکو بۆ سەركەوتنی تەواوی گەل و مێژوو باسی دەكات كە چۆن هێزە چەکدارەکانی پاکستان و فڕۆکە جەنگیەکانی، لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا، سوپای هیندستانیان بێدەنگ کرد. سەرۆک وەزیرانی پاکستان، جەختی لە گرنگی هەنگاونان بەرەو چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو وڵات كردەوە، كە دیارترینیان، دابەشکردنی سەرچاوە ئاوییەکان و، ناوچەی کشمیری کێشە لەسەرە، داوای دیالۆگی جدیشی لەگەڵ نیودەلهی کرد. گرژییەکانی نێوان پاكستان و هیندستان لە دوای هێرشێکی چەکداری پەرەیسەند كە لە (22)ی نیسانی رابردوو لە ناوچەی کشمیر بەشە هیندیەكە روويدا، بەهۆیەوە (26) کەس کوژران، كە زۆرينەیان گەشتیارانی هیندستان بوون. لە كاردانەوەی هێرشەکەدا، هیندستان مانگی رابردوو بە شێوەیەکی تاکلایەنە هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەی ئاوەکانی سندی راگەیاند، کە رێککەوتننامەی دابەشکردنی سەرچاوە ئاوییەکانی نێوان هەردوو وڵات رێکدەخات. شەریف لە وتارەکەیدا سوپاسی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکای کرد بۆ نێوەندگیرییەکەی، هاوكات سوپاسی بۆ ئەو وڵاتە دۆستانەى كرد بەشدارییان لە رێککەوتنەکەدا کردووە، رۆڵی چین و پاڵپشتی بەردەوامی بۆ پاکستان بەرز نرخاند.
