سەرچاوەیەکى ئاگادار ئەوەى ڕاگەیاند لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆى ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا هیچ بڕیارێک لەبارەی مووچە نەدراوە، لە کۆبوونەوەکەدا زیاتر گفتوگۆ لەسەر نەوت و کۆمپانیا نەوتییەکان و داواکارییەکانی بەغدادکراوە. بۆ موچەش هیچ بڕیارێک نەرداو چاوەڕێی بەغدادن بڕیار بدات بۆ موچە، ئاسۆیەکی روون و هەڵوێستێکی روون و دیار لەلایەن بەغدادەوە نیە. ئەمەش لەکاتێکدایە، دوێنێ لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقیشدا باسی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان نەكرا، بە پێی زانیاریەکان نە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق باسی رێككەوتنی هەرێم و بەغداد و موچەموچەخۆرانی هەرێم كردووەو نە وەزیرە كوردەكانیش ئەو بابەتەیان لە كۆبوونەوەكە باسكردووە. وەزیرێکى کوردى بەشداربووى کۆبونەوەکە، ڕایدەگەیەنێت لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیراندا باسی مووچە نەکرا، چاوەڕوان بووین لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیراندا باسی مووچە بکرێت، وتیشى: نازانین سودانى خۆى بڕیارى ناردنى مووچە دەدات یان نا. هەرچەندە نازانرێت سودانی تاك لایەنە موچە دەنێرێت یان نا، بەڵام لە كۆبوونەوەكە ئەو پرسە نەوروژێندراوەو دوای كۆبوونەوەكەش وەزیرە كوردەكان لەگەڵ سودانی كۆنەبوونەتەوە. پێش کۆبوونەوەکە، فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاوی کردەوە ئەمڕۆ چوارشەممە، 2ی تەممووزی 2025، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەنجوومەنی وەزیران كۆدەبێتەوە و دوو بڕگە تاوتوێ دەكات. لە بڕگەی یەكەمدا دەرەنجامی كۆبوونەوەكانی ئەم دواییەی ڕۆژانی 29ی حوزەیرانی 2025 تاكوو 1ی تەممووزی 2025 لە نێوان شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و شاندی حكوومەتی فیدراڵی بە ئامادەبوونی نوێنەری كۆمپانیا نەوتییەكان سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی كۆمپانیا سۆمۆ و بەدواداچوونی خەرجكردنی مووچەكانی هەردوو مانگی ئايار و حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان تاوتوێ دەكات. لە بڕگەی دووەمدا ڕاپۆرتی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی سەبارەت بە خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتیی كرێكاران لە هەرێمی كوردستان و پێشكەشكردنی ئامار و زانیاریی بەرەوپێشچوونەكان لەمبارەیەوە و پێشكەشكردنی ڕاسپاردە و پێشنیارەكان تاوتوێ دەكات.

  لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا میدیاکانی ئێران و هەندێک لە بەرپرسانی ئێران چەندین ڕاپۆرتیان بڵاو کردووەتەوە سەبارەت بە "ئامانجکردنی چەند فڕۆکەیەکی جەنگی ئێف ٣٥ی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل".  ئەم ڕاپۆرتانە لە کاتی شەڕی ١٢ ڕۆژەی لەگەڵ ئیسرائیل دەستیان پێکردووە و تا ئەمڕۆش بەردەوامن، ئیسرائیل ئەم هەواڵانەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە هەموو فڕۆکەکان و فڕۆکەوانەکانیان بە سەلامەتی گەڕاونەتەوە بنکەکانیان. ڕاپۆرتەکانی بەشێک لە میدیاکان و بەرپرسانی ئێران سەبارەت بە بەئامانجکردنی ئەم فڕۆکەیە - کە بە مۆدێرنترین فڕۆکەی جەنگی ڕۆژئاوایی ناسراوە - تەنانەت باس لەو "شوێنەی کە تێیدا کەوتوونەتە خوارەوە" بە "نزیک فۆردۆ و تەبرێز و کرماشان" و تەنانەت بانگەشەی ئەوە دەکەن کە "فڕۆکەوانێکی ژنی ئیسرائیلی دوای دەرچوونێکی بەپەلە دەستگیرکراوە". ئەکاونتی فارسی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل گاڵتە بە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی ئێرانی کرد کە ئەو قسانەیان کردبوو و کەوتنەخوارەوەی ئەو فڕۆکانەی بە کارەسات ناوبرد و نووسیبووی "بۆچی تا ئێستا وێنەی فڕۆکەوانە دیلەکانمان بڵاونەکردۆتەوە؟ ئێمە زۆر نیگەرانین". لە وتووێژێکدا کە لە تەلەفزیۆنی ئێرانەوە پەخشکرا، چاوپێکەوتوو لە وەڵامی پرسیاری پێشکەشکار سەبارەت بە هۆکاری نیشان نەدانی "وێنەی فڕۆکە جەنگییە کەوتووەکە"، گرێدایەوە بە پرسە ئەمنی و سەربازییەکان و ئامادە نەبوو وەڵامی ڕاستەوخۆ بداتەوە. بانگەشەى کاربەدەستان و میدیاکانی ئێران، سەرنجی ئەوتۆی لە میدیاکانی جیهان و شرۆڤەکارانی بەرگریدا ڕاکێشاوە.  پرۆفیسۆر جەستن برانک، لێکۆڵەری هێزی ئاسمانی و تەکنەلۆجیا لە دامەزراوەی بیرکردنەوەی بەریتانیی ئینستیتیوتی ڕۆیاڵ یونایتد سێرڤیس (RUSI) بە بی بی سی دەڵێت کە ئەم جۆرە بانگەشانە بە لەبەرچاوگرتنی توانا سەربازییەکانی ئێران هیچ ئیعتبارێکیان نییە. ناوبراو بە ئاماژەدان بە توانا ناسراوەکانی ئێران لە بواری بەرگری ئاسمانیدا، دەڵێت: "هەرچەندە ئێران هەندێک ڕادار وەک سیستەمی نێبۆ ئێمی ڕووسی بەکارهێنابوو، بۆ زیادکردنی ئەگەری دۆزینەوەی فڕۆکەی جەنگی ئێف ٣٥ و فڕۆکە دزێوەکانی دیکە، بەڵام توانای تەکنیکی نەبوو بۆ شوێنپێهەڵگرتنی فڕۆکە جەنگییەکانی وەک ئێف ٣٥، چ جای بەشداریکردنیان ئەمە لە دۆخێکدا بوو کە زۆربەی ڕادارەکانی بەرگری ئاسمانی و سیستەمی مووشەکی مەودای دوور لە سەرەتای شەڕەکەدا بە خێرایی لەناوچوون”. جگە لە خەمڵاندنە تەکنیکی و سەربازییەکان، بەڵگەیەک کە دەتوانێت پشتگیری لە ئیدیعای ئێران بکات، بڵاوکردنەوەی وێنەی داروپەردووی فڕۆکەکە بە ژمارەی زنجیرەیی لەسەر باڵەکانى کە دەتوانرێت بە ئاسانی پشتڕاست بکرێتەوە.  بەڵام تا ئێستا جگە لە چەند وێنەیەکی دروستکراوی زیرەکی دەستکرد یان داروپەردووی فڕۆکە جەنگییەکانی دیکە کە پەیوەندییان بە ململانێی ئەم دواییە نییە، هەروەها وێنەی فڕۆکە جەنگییەکانی ڕووسیا کە لە ئۆکرانیا کەوتوونەتە خوارەوە، هیچ وێنەیەکی دیکە بڵاونەکراوەتەوە کە سەرنجی میدیای بێلایەن یان توێژەرانی سەربازیی بۆ لای خۆی ڕابکێشێت. ئەم هەڵسوکەوتە پێچەوانەی خستنەخوارەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئیسرائیلە. میدیاکانی ئێران وێنەی ڕوونی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیلیان بڵاوکردووەتەوە کە لەکاتی جەنگدا لەلایەن بەرگرییەکانەوە کراونەتە ئامانج و ئیسرائیلیش خستنەخوارەوەی ئەو دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەی پشتڕاستکردووەتەوە.  هەرچەندە میدیاکان ژمارەی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی ئیسرائیلیان ڕاگەیاندووە کە دەگاتە ١٧ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە کەوتوونەتە خوارەوە، بەڵام هێشتا هیچ بەڵگەیەکی باوەڕپێکراو نییە لەسەر داروپەردووی هەموو ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە. سەرەڕای ئەو بانگەشانەی ئێران سەبارەت بە گرتنی فڕۆکەوان یان فڕۆکەوانێکی ئیسرائیلی، کە ئیسرائیل ڕەتیکردۆتەوە، تا ئێستا هیچ وێنەیەکی هیچ دیلێک بڵاونەکراوەتەوە، هەروەها باس لە ناسنامەی ئەو "فڕۆکەوان یان فڕۆکەوانە" نەکراوە کە ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات "دەستگیری کردووە". ساڵانی ململانێی سەربازیی نێوان سوپای ئیسرائیل و حەماس و حزبوڵڵای لوبنان و دۆسیەی دیل گرتنی هێزەکانی ئیسرائیل لە ساڵانی پێشوودا، ئەوە دەردەخات کە کۆمەڵگای ئیسرائیل هەستیارە بەرامبەر بە گرتنی هێزە سەربازییەکان و کردەوەیەکی لەو شێوەیە ناتوانێت بە شاراوەیی بمێنێتەوە. بۆ نموونه ڕفاندنی دوو سه ڕبازی ئیسرائیلی به ناوه کانی ئه لداد ڕیجب و ئیهود گۆڵدواسه ڕ له لایه ن حزبوڵای لوبنانییه وه بووه هۆی شه ڕی ئیسرائیل و حزبوڵای لوبنان له ساڵی 2006 و ڕفاندنی گیلاد شالیت له لایه ن حه ماسه وه له هه مان ساڵدا بووه هۆی ململانێی سه ڕبازی و قه یرانی سیاسی له ئیسرائیل. هەروەها میدیاکانی ئیسرائیل کە سەربەخۆ لە حکومەت کاردەکەن، بە شێوەیەکی ئازادانە هەواڵیان لەسەر گرتن و ڕفاندنی کارمەندانی سەربازی لە ساڵانی ڕابردوودا بڵاوکردووەتەوە. هەروەها هێزە سیاسییەکانی دژایەتی حکومەتەکەی بنیامین ناتانیاهۆ، چەندین جار تەحەدای کارەکانی حکومەت و قوربانییەکانی سوپای ئیسرائیلیان کردووە لە دوو ساڵی ڕابردوودا. بەڵام تا ئێستا میدیاکانی ئیسرائیل هیچ هەواڵێکیان لەبارەی گرتن یان خستنەخوارەوەی فڕۆکەکانی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل بڵاونەکردۆتەوە و ڕاپۆرتەکانی میدیاکانی ئێرانیان بە "پڕوپاگەندەی حکومەت" ناوبردووە. لە کاتێکدا ژمارەی وردی فڕۆکە جەنگییەکان لە هێزی ئاسمانی ئیسرائیلدا پۆلێنکراون، ڕاپۆرتە میدیاییەکان و لێدوانەکانی بەرپرسانی ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکەن کە ئیسرائیل نزیکەی 40 فڕۆکەی ئێف 35 و نزیکەی 75 فڕۆکەی ئێف 15 و زیاتر لە 190 فڕۆکەی ئێف 16ی هەیە. تا ئێستا هیچ زانیارییەک نییە کە چەند لەو فڕۆکانە کاردەکەن. ئەو وێنانەی کە لەلایەن هێزی ئاسمانی ئیسرائیلەوە بڵاوکراونەتەوە لە هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر ئێران، فڕۆکەکانی ئێف ١٥ و ئێف ١٦ بە بۆمبی ڕێنمایی قورس چەکدار کراون. هەروەها هەواڵی هاتنە ناوەوەی فڕۆکەی جەنگی ئێف-35 بۆ ئێران بڵاوبووەتەوە. بەڵام ڕەنگە هۆکاری گرنگیدان بە میدیاکان و بەرپرسانی ئێران بەم فڕۆکە شەڕکەرە، تایبەتمەندییە ناوازەکانی و مێژووی ئەو فڕۆکەیە بێت، کە چەندین جار لە میدیاکاندا باسی لێوە کراوە و بووەتە مانشێتی ڕۆژنامەکان. فڕۆکەی جەنگی ئێف ٣٥ پێوەرێکی جیهانییە بۆ فڕۆکە جەنگییەکانی نەوەی پێنجەم. دیزاینی فۆسێلاجی F-35 و ئەو کەرەستانەی کە بۆ دروستکردنی بەکارهێنراون، وا دەکات نزیک بێت لە نەبینراوی بۆ ڕاداری دوژمن. بەڵام ئەوە تاکە تایبەتمەندی فڕۆکەکە نییە.

  ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست ئاشکرای کرد کە تیمی ملیاردێر ئیلۆن مەسک لە سەردەمی سەرکردایەتیکردنی وەزارەتی کارامەیی حکومەتدا دەستڕاگەیشتنێکی بێ وێنەیان بە زانیارییە هەستیارەکانی حەوت دەزگای ئەمریکی بەدەستهێناوە. داتاکان بریتی بوون لە گرێبەستی حکومەت و نهێنی بازرگانی و سکاڵا لەسەر کۆمپانیاکانی مەسک. سەرەڕای نەبوونی بەڵگەی خراپ بەکارهێنانی، ئەم دەستڕاگەیشتنە نیگەرانییەکی بەرفراوانی لە بازنەکانی پیشەسازی و ڕێکخستندا دروستکردووە، ئەمەش بووەتە هۆی بەردەوامبوونی داوای یاسایی و گرژی یاسایی بۆ هەوڵدان بۆ سنووردارکردنی ئەم کاریگەرییە. ئەمەش لەکاتێکدایە جارێکی دیکە شەڕی نێوان دۆناڵد ترەمپ و ئیلۆن مەسک دەستی پێکردەوە. ڕۆژی دووشەممەى ڕابردوو مەسک هێرشی کردە سەر ئەو یاسایەی دۆناڵد ترەمپ و پارتی کۆمارییەکان ئامادەیان کردووە و براوەتە کۆنگرێس بۆ پەسەندکردنی.  مەسک ئەو یاسایە- کە ترەمپ و کۆمارییەکان بە پرۆژە "یاسا گەورە و جوانەکە" ناوی دەبەن- بە مەترسی دادەنێت و هۆشداری دەدات، کە ئەگەر پەسەند بکرێت، ئابووریی ئەمریکا بەرەو هەڵدێر دەبات. سێشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا وەڵامی مەسکی دایەوە و لە ترووس سۆشیاڵ نووسیوویەتی: "ئەگەر پشتیووانی و هاوکاریی فیدراڵیت لێببڕم، ناچاریت دووکانەکەت دابخەیت و بگەڕێیتەوە بۆ ئەفریقای باشوور." مەسک بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا پشتگیریی لە بەربژێری کۆمارییەکان کرد، 270 ملیۆنی دۆلاریشی بەخشییە هەڵمەتەکەی. لەبەرامبەردا ترەمپ بۆ 130 رۆژی یەکەمی سەرۆکایەتی، کردیە راوێژکاری خۆی و سەرپەرشتیاری فەرمانگەی کارامەیی حکومەت، کە تایبەت بوو بە کەمکردنەوەی قەبارەی ژمارەی فەرمانبەرە فیدراڵییەکانی ئەمریکا و کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەت.   دوای کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی لە کۆشکی سپی لە کۆتایی مانگی ئایار، مەسک دەستی بە رەخنەگرتن لە پرۆژە یاسای خەرجییەکانی ترەمپ گرت و دواتر ناکۆکییەکان تەقینەوە و گەیشتە ئەو ئاستەی مەسک لە تۆڕی ئێکس داوای دامەزراندنی پارتێکی سیاسیی نوێ لە ئەمریکا بەناوی "پارتی ئەمریکا" بکات.  وەزارەتی کارامەیی حکومەت کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە دروستکراوە و بە سەرۆکایەتی مەسک دەسەڵاتی ئەوەی هەبووە بچێتە ناو سیستەمی حەوت دەزگای فیدراڵی، لەوانە وەزارەتی بەرگری، ناسا، وەزارەتی کار و نووسینگەی پاراستنی دارایی بەکاربەران. جێسیکا تیلیپمان، ڕاگری یاریدەدەر بۆ توێژینەوەکانی یاسای تەداروکاتەکانی حکومەت لە قوتابخانەی یاسای زانکۆی جۆرج واشنتۆن دەڵێت: "ئەم زانیاریانە تێڕوانینەکان دەدەن، یارمەتیدەرن بۆ پێشبینیکردنی تەداروکاتەکانی داهاتوو، وردەکارییەکان دەخاتە ڕوو کە دەزگایەک پێویستی بە چییە، و تێڕوانینەکان لەبارەی کارکردنی ناوخۆیی خۆیەوە دەدات." "لە بنەڕەتدا، تۆ وردەکارییەک لە پرۆسەکانی بیرکردنەوەی ناوخۆیی دەزگایەکدا دەبینیت. نەک تەنها ئەوە، بەڵکو کێ بیریان لێدەکاتەوە."

  دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا رایگەیاند: ئیسرائیل رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر مەرجەکانی ئاگربەست بۆ ماوەی (60) رۆژ لە کەرتی غەززەو، هەموو لایەنەکان کاردەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لەو ماوەیەدا. ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد: رەزامەندی تەلئەبیب دوای ئەوە هاتووە، تیمەکەی رۆژی سێشەممە كۆبونەوەیەکی درێژو بەرهەمداریان لەگەڵ ئیسرائیلییەکان ئەنجامداوە، هیواشی خواست حەماس ئەو پێشنیازە قبوڵ بکات، وەك خۆی وتی، بۆ چاکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ترەمپ پێیوابوو، دۆخی ناوچەكە باشتر نابێت، بەڵکو خراپتر دەبێت، ئەگەر حەماس رەتی بکاتەوە، وتیشی: قەتەرییەکان و میسرییەکان کە هەوڵی زۆریان داوە بۆ یارمەتیدانی گەیشتن بە ئاشتی، ئەم پێشنیازە کۆتاییە پێشکەش دەکەن. ترامپ ڕۆژی سێشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندبوو کە هیوادارە هەفتەی داهاتوو لە نێوان ئیسرائیل و حەماسدا "ڕێککەوتنی ئاگربەست بۆ بارمتەکان" بکرێت. بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە ترەمپ لە کۆشکی سپی لەگەڵ نەتانیاهۆ کۆببێتەوە. نەتەنیاهوو لە سەردانێکیدا بۆ دەزگای ئاسایشی گشتی (شاباک) لە باشووری ئیسرائیل گوتی، "ژمارەیەکی زۆر دەرفەت هەن. یەکەم و پێش هەموویان، رزگارکردنی بارمتەکانە. بێگومان پێویستە پرسی غەززەش چارەسەر بکەین و حەماس لەنێوببەین، بەڵام بڕوام وایە دەتوانین هەردوو ئامانجەکە بەدەست بهێنین."   کۆمەڵەی خێزانی بارمتەکان پێشوازییان لە "گۆڕان"ی هەڵوێستی نەتەنیاهوو کرد، ستایشی بڕیارەکەیان کرد بۆ گەڕاندنەوەی بارمتەکان وەک کاری لەپێشینەی حکومەت.   نەتەنیاهوو لە قسەکانیدا وشەی "رزگارکردن"ی لەبری "ئازادکردن" بەکارهێنا و خۆی لە وشەی "رێککەوتن" بەدوور گرت.   شەڕی غەززە کاتێک سەریهەڵدا چەکدارانی حەماس لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل و ئامارە ئیسرائیلییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بووەتە هۆی کوژرانی ١٢٠٠ کەس و گرتنی ٢٥١ کەس لە غەززە.

تۆڕی هاوپەیمانی 19 ئامارو پوختەی راپۆرتی ناڕەزایەتییەكانی مانگی حوزەیرانی 2025 خستەڕوو لەمانگی حوزەیرانی 2025 لە شارەكانی هەرێمی كوردستان هاوڵاتیان (32) چالاكی ناڕەزایی، خۆپیشاندان، بایكۆت، گردبوونەوەیان رێكخستووە.  •    (18) چالاكی لە سلێمانی، (8) چالاكی لە هەولێر، (1) چالاكی لە هەڵەبجە، (1) چالاكی لە ئیدارەی راپەرین، (4) چالاكیش لە ئیدارەی گەرمیان. •    (16) چالاكی بۆ مووچە، (9) چالاكی بۆ داواكاری دامەزراندن، (3) چالاكی بۆ خزمەتگوزاری، (1) چالاكی بۆ ئیدانەكردنی جەنگ، (3) چالاكی داخوازی جیاجیا بوون. •    لە میانەی چالاكییەكاندا لە سلێمانی 81 مامۆستا و چالاكوان و كادری سیاسی و میدیاكار دەستگیركراون، پاشان ئازاد كراون، یەك ررودای رفاندیش لەلایەن هێزێكی دەمامكدار لە دهۆك تۆمار كراوە، پاش ئەشكەنجەدان ئازاد كراوە. •    هەندێك لە دەستگیركراوانی شاری سلێمانی، بەهۆی تدووتیژی هێزە ئەمنییەكان لەكاتی دەستگیركردنیان ئاسەواری لێدان بە گیانیانەوە دیاربووە. •    دوو حاڵەتی پەشیمانكردنەوە (ئەوەی لە ئاستی میللی پێدەوترێت رادیۆ) لە دهۆك تۆماركراوە، هەدوو هاوڵاتییەكە لێدوانی رەخنەگرانەیان بڵاوكرایەوە، دواتر لێدوانی پەشیمانبوونەوەیان بڵاوكرایەوە. •    بەهۆی هەڵمەتەكانی رێگری و دەستگیركردن، مانگی حوزەیران خراپترین بووە بۆ ئازادی رادەربڕین. •    بۆ یەكەمین جار بوو، دەزگای ئاسایشی هەرێم داوای لێبووردنی لە دەستگیركراونی سلێمانی كرد.  •    حوزەیران مانگێكی خراپ بوو بۆ پارێزبەندنی پەرلەمانتاران،  (سیپان ئامێدی) ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی نەوەی لە دهۆك رفێندرا، عەلی حمە ساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی هەڵوێست لە پەرلەمانی كوردستان، لە سلێمانی دەستگیركرا. تۆڕی 19 بۆ چاودێری ئازادی رادەربڕین لە كۆمەڵێك رێكخراوی داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ، پێكهاتووە، سەنتەری میترۆ سەرپەرشتی دەكات، داكۆكی لە پرنسیپەكانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و بەڵگەنامە نێودەوڵتەییەكانی تری تایبەت بە ماف و ئازادییەكان دەكات، بە تایبەتیش بەندی 19ی جاڕنامەكە.  

مەسعود پزشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، گشتاندنی بۆ یاسای راگرتنی هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی كرد، کە لەلایەن پەرلەمانی ئێرانەوە پەسەند کرابوو.  ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم" بڵاویكردەوە: ئەم یاسایە لە دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل  بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران هاتە ئاراوە، پەرلەمانتاران پرۆژە یاسایەکیان لەژێر ناوی هەڵپەساردنی هاوکاری نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە پەرلەمان  پێشكەشكرد و پەسەند کرا. پێنجشەممەى ڕابردوو 26ـی حوزەیرانی 2025 ئەنجوومەنی هەموارکردنەوەی دەستووری ئێران، ڕەزامەندییان لەسەر پلانی حکوومەتدا بۆ هەڵپەساردنی هاوکاریکردنی ئاژانسی وزەی ئەتۆم. وتەبێژی ئەنجوومەنی هەموارکردنەوەی دەستوور  ڕایگەیاند: بەپێی ئەم بڕیارە، حکوومەت پابەندە بە هەڵپەساردنی هەر هاوکارییەک بە ئاژانسی  نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، لە پێناو پاراستنی سەروەریی وڵاتەکە و ناوەندە ئەتۆمییەکان. پەرلەمانی ئێران پرۆژە یاسای هەڵپەساردنی هاوکارییەکانی بۆ ئاژانسی نێودەڵەتی وزەی ئەتۆمی پەسەند کرد. ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران، ڕایگەیاند: ئەو پرۆژە یاسایەیان پەسەند کردووە کە حکوومەت پابەند دەکات بە هەڵپەساردنی هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم. ئاماژەی بەوەش کرد، ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی وزەی ئەتۆم، لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت. گوتەبێژی ئەنجوومەنە ئاشکرای کردووە، ئەو پرۆژە یاسایەی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران پەسەندی کرد، بەندێکی تێدایە، کە ڕافایل گرۆسی تۆمەتبار دەکات بە نووسینی ڕاپۆرتی نادروست و پڕ لە سیخوڕی بەسەر پرۆژە ئەتۆمییەکانی ئێراندا.

  راوێژكارێكی حكومەتی عێراق، دەڵێت: ئەمریكا لەبارەی حەشدی شەعبیەوە فشار لە حكومەت دەكات، واشنتۆن دان بە حەشدی شەعەبیدا نانێت وەك بەشێك لە سیستمی ئەمنیی عێراق، بەڵكو وەك چەتری كۆكەرەوەی گروپە لایەنگرو پاڵپشتیكراراوەكان لەلایەن ئێرانەوە تەماشایان دەكات. ئەو بەرپرسە حكومەتی عێراق، كە قسەی بۆ رۆژنامەی "العربي الجدید" كردووە، لەبارەی راگرتنی مووچەكانیانەوە رایگەیاندووە:  ئەگەری پێدانی پارەی ئەندامانی حەشد بەشێوەی كاش هەیە لەناو بارەگاكانیان، لەحاڵێكدا ئەگەر گواستنەوەی داتاكانیان بۆ كۆمپانیایەكی تری ناوخۆیی دواكەوت، جەختیشكردووە لەوەی، ئەم فشارانەی ئەمریكا تەنها سەرەتایە. هاوكات، موعین كازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق  رایگەیاندووە: دواکەوتنی پێدانی مووچەی حەشدی شەعبی بەهۆی فشاری ئەمریکاوە بووە لەسەر بانکی رافیدەین و ئەو کۆمپانیایەى کە بەرپرسیارە لە دابەشکردنی مووچە بە شێوەیەکی مانگانە. راگرتنەكەش دوای ئەوە هاتووە، كە هەڕەشە لە کۆمپانیاکە كرابوو  ئەگەر مووچەكانیان خەرج بکات ئەوا سزای بەسەردا دەسەپێنرێت. بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە ئامانجی واشنتۆن ئەوەیە حەشد دووچاری قەیران و كێشەی ناوخۆیی بكات.

بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆببێتەوە و پرسی موچەی مانگەکانی پێنج و شەش تاوتوێ بکات، هەروەها پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەیە. پەیامنێری هاوڵاتى باسی لەوەکرد، بڕیارە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران تاوتوێی ئەنجامی کۆبوونەوەکانی وەفدی حکومەتی هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بکرێت. هاوکات، بڕیاریشە بەدواداچوون بۆ موچەی مانگەکانی پێنج و شەشی موچەخۆرانی هەرێم بکرێت. حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاندووە، کاتژمێر 10ـى پێش نیوەڕۆى ئەمڕۆ، ئەنجومەنی وەزیران لەسەر خستنەڕووى دەرئەنجامى کۆبوونەوەکانى ئەمدواییەى نێوان شاندى هەرێمى کوردستان و شاندى حکومەتى فیدراڵ بە ئامادەبوونى نوێنەرى کۆمپانیا نەوتییەکان سەبارەت بە هەناردنەکردنەوەى نەوتى هەرێمی کورستان لەڕێى کۆمیانیاى سۆمۆوە کۆدەبێتەوە. لە کارنامەکەی حکومەتى هەرێمی کوردستاندا هاتووە، بەدواداچوون بۆ مووچەى مانگەکانى ئایار و حوزەیرانى مووچەخۆران دەکرێت. دەشڵێ، دەرئەنجامى کۆبووەنەوەکان لەلایەن وەزیرى سامانە سروشتییەکان و سەرۆکى ئەنجومەنى دیوان و سکرتێرى ئەنجومەنى وەزیرانەوە دەخرێتەڕوو. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، چاوەڕوان دەکرێت بەغداد موچەی مانگی پێنج رەوانە بکات تا هەردوو حکومەتی هەرێم و عیراق دەگەنە رێککەوتن سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوت و رادەستکردنی نیوەی داهاتی نانەوتی. ئەوەش لە کاتێکدایە، بەپێی زانیارییەکان، ئەو کۆبوونەوانەی لە چەند رۆژی رابردوو لەنێوان وەفدی حکومەتی هەرێم و فیدراڵ ئەنجامدران، هیچ رێککەوتنێکی تێدا نەکراوە.  

  کریملین لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، ئێوارەى ئەمڕۆ سێ شەممە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەنێوان ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ئەنجامدراوە، ئەمەش یەکەم پەیوەندی تەلەفۆنیانە لە دوای ساڵی ٢٠٢٢ەوە. لە میانەی گفتوگۆکەدا، سەرۆکی ڕووسیا جەختی لەوە کردەوە کە ململانێی ئۆکرانیا "ئەنجامی ڕاستەوخۆی" سیاسەتەکانی ڕۆژئاوایە، ئاماژەی بەوەشکرد، ڕۆژئاوا ساڵانێکە کاریان کردووە بۆ ئەوەی ئۆکرانیا بکەن بە پلاتفۆرمێکی دژە ڕووسیا، ئەمەش دوژمنایەتییەکانی ئێستا درێژدەکاتەوە. کریملین لە زاری پوتینەوە نووسیویەتی، ململانێی ئۆکرانیا دەرئەنجامێکی سروشتی سیاسەتەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوایە کە ساڵانێکە بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ڕووسیایان پشتگوێ خستووە و ئۆکرانیایان کردووە بە گۆڕەپانی هەستی دژە ڕووسیا و چاویان لە پێشێلکردنی مافەکانی دانیشتوانی ڕووسی زمان کوێر کردووە. سەرۆکی ڕووسیا جەختی لەوە کردەوە کە هەر چارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکرانیا دەبێت هەمەلایەنێک بێت و ڕەگ و ڕیشەی هۆکارەکانی بخاتە ڕوو و لەسەر بنەمای ئەو ڕاستییانەی کە ئێستا ڕوودەدەن. هەروەها لە دیدارەکەدا باسیان لە پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد، بەتایبەت لەبەر ڕۆشنایی پەرەسەندنی نێوان ئێران و ئیسرائیل و هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئامانجە ئێرانیەکان.  هەردوولا جەختیان لە گرنگی ڕێزگرتن لە مافی ئێران بۆ وزەی ئەتۆمی ئاشتیانە کردەوە، هاوکات جەختیان لەسەر پێویستی پابەندبوونی تەواوەتی ئێران بە پەیماننامەی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی لەوان هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی کردەوە. پوتین و ماکرۆن ئاماژەیان بە "بەرپرسیارێتی تایبەتی" ڕووسیا و فەرەنسا وەک ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی. هەردوولا پابەندبوونیان دووپاتکردەوە بۆ کارکردن بەیەکەوە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان، سەرەڕای جیاوازییە بنەڕەتییەکان لە هەڵوێستەکانیاندا.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی میزۆپۆتامیا، لەلایەک ئامادەکاریی دەکرێت بۆ پێکهێنانی کۆمیسیۆنێک لەژێر چەتری پەرلەماندا لەپێناو چارەسەری پرسی کورد، لەلایەکی تریشەوە، چاوەڕوان دەکرێت پەکەکە هەنگاوی کرداریی بنێت پەیوەست بە چەکدانان. بەگوێرەی هەواڵەکە، چاوەڕێ دەکرێت کەعەبدوڵا ئۆجەلان ڕاستەوخۆ بانگەواز لە هێزەکانی گەریلا بکات. لە چوارچێوەی ئەم بانگەوازەدا ژمارەیەک گەریلای پەکەکە لە مەراسیمێکی سیمبولیکدا چەک دادەنێن و چاوەڕێ دەکرێت لەنێویاندا بەڕێوەبەری پلەباڵاش هەبن. سەرۆکی پەرلەمان نوعمان کورتولموش هەفتەی ڕابردوو دەربارەی پێکهێنانی کۆمیسیۆنێک لەگەڵ نوێنەری پارتە سیاسییەکان کۆبووەوە. چاوەڕێ دەکرێت کە هەموو پارتەکان ئەم هەفتەیە پێشنیارە نووسراوەکانیان پێشکەش بکەن. ئامانجی "کۆمیسیۆنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و دیموکراتیکبوون" ئەوەیە کە ئەم بناغەی یاسایی بۆ پرۆسەی "چەکدانان" دابمەزرێنێت و هەمیش هەنگاوی دیموکراتیکبوون بنێت. پلان وایە، بۆ نیشاندانی نیازپاکی، ژمارەیەک گەریلای پەکەکە، لە هەرێمی کوردستان مەراسیمی چەکدانان ئەنجام بدەن، ئەم مەراسیمە لە بەرچاوی ڕای گشتی و بەشێوەی ڕاستەوخۆ پەخش دەکرێت. دووپاتکرایەوە کە نوێنەری پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بانگهێشت بکرێن بۆ مەراسیمەکە. هەروەها لە مەراسیمەکەدا پەیامی "ئێمە ئامادەین بۆ  بەشداریکردن لە سیاسەتی دیموکراتیک" دەدرێت. قۆناغێکی تری یەکلاکەرەوەی پرۆسەکە، کۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتییە لەگەڵ سەرۆککۆمار ئەردۆغان، کە چاوەڕوان دەکرێت لەم ڕۆژانەدا بەڕێوەبچێت. لە کۆبوونەوەکەدا ڕەوشی هەنوکەیی و ئایندەی پرۆسەکە تاوتوێ دەکرێت. بناغەی پرۆسەکە پشت دەبەستێت بە "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ـی ڕێبەر ئاپۆ کە ٢٧ ی شوبات ڕاگەیاندرا و پێشنیاری کردووە بۆ کۆتاییهێنان بە تێکۆشانی چەکداریی پەکەکە. پەکەکە لەسەر بناغەی ئەم بانگەوازە لە مانگی ئایار کۆنگرەی خۆی ئەنجامدا، بڕیاری دا بە کۆتاییهێنان بە هەموو کار و خەباتێک لەژێر ناوی پەکەکەدا و چەکدانان. لەبەرئەوەی حکومەت هەنگاوی ڕوونی نەهاویشت، ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەوە. دەم پارتی دەستنیشانی کرد، دەبێت کۆمیسیۆنەکە لەسەر بناغەی ڕێککەوتنی بەرفراوانی کۆمەڵایەتی کاربکات، جەختی کردبووەوە کە پرۆسەکە بە پێشەنگایەتی بەڕێوەدەبرێت. جەهەپە هەڵوێستێکی ئەرێنی سەبارەت بە پرۆسەکە نیشانداوە. پشتگیری ئۆپۆزیسیۆن بۆ ئەوەی پرۆسەکە لە پەرلەمان بەڕێوەببرێت، بە هەنگاوێکی ئومێدبەخش شرۆڤە دەکرێت. لە ڕۆژانی ئایندەدا، بە بانگەوازە چاوەڕوانکراوەکەی ڕێبەر ئاپۆ و هەنگاوە کردەییەکانی پەکەکە، پێدەچێت پرۆسەکە ببرێتە قۆناغێکی نوێوە. وەڵامی ئەم هەنگاوەش گرێدراوە بە هەنگاوی ڕوونی یاسایی و سیاسیی حکومەتەوە.

  پلەکانی گەرما لە بەشێک لە ئینگلتەرا بەردەوامن لە بەرزبوونەوە، ئەمڕۆ سێشەممە دەبێتە گەرمترین ڕۆژی ساڵ دوای ئەوەی لەچەند ناوچەیەکى ئەو وڵاتە پلەى گەرما  ٣٣.٥ تۆمارکرد، هێشتا پلەکانى گەرما زیاتر بەرەو بەرزبوونەوە دەڕۆن بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە باشووردا پلەی گەرم دەگاتە ٣٥ پلە. هەروەها پلەی گەرمی میدلەندز لە سەرووی مامناوەندەوە دەبینرێت - بەڵام جیاوازییەکی گەورە لە بارودۆخەکاندا هەیە بۆ باقی بەریتانیا، کە پێشبینی دەکرێت فێنک و هەور بێت. ئەمەش لەکاتێکدایە کە پلەکانی گەرما بەرزە لە سەرانسەری ئەوروپا بەردەوامە و فەرەنسا، ئیسپانیا، پورتوگال، ئیتاڵیا، ئەڵمانیا و باڵکان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گەرماییەکی سووتێنەریان بەخۆوە بینیوە. دەزگای ئاسایشی تەندروستی بەریتانیا (UKHSA) ئاگادارکردنەوەکانی تەندروستی گەرمای بۆ بەشێکی زۆری ناوچەکانی ئینگلتەرا تا بەیانی چوارشەممە درێژکردەوە. ئەو ناوچانەی کە دەگرێتەوە بریتین لە: یۆرکشایر و هامبەر، ئیست میدلەندز، وێست میدلەندز، ڕۆژهەڵاتی ئینگلتەرا، لەندەن و هەردوو ناوچەی باشووری ئینگلتەرا. هۆشدارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە خزمەتگوزارییە گشتییەکانی وەک نەخۆشخانە و گواستنەوە کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر دروست دەبێت. لەلایەکی دیکەوە، خزمەتگوزاری ئەمبولانسی لەندەن داوای لە خەڵک کردووە، ڕێوشوێنی خۆپارێزی زیاتر بگرنەبەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەرما. دەکرێت لە کاتی کەشوهەوای گەرمدا گەرمبوونی زۆر ئاسان بێت، لەگەڵ مەترسی ماندووبوونی گەرما یان جەڵتەی گەرما، کە ئەمەش جددیترە. ڕێکخراوی NHS ئامۆژگاری خەڵک دەکات کە کڵاو لەسەر بکەن، کرێمی دژەخۆر بەکاربهێنن، ئاوی زۆر بخۆنەوە و دوور بکەونەوە لە بەرکەوتنى ڕاستەوخۆى تیشکى خۆر.

  كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كۆتاییهات، لە كۆبوونەوەكەدا باسی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان نەكرا، بە پێی زانیاریەکان نە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق باسی رێككەوتنی هەرێم و بەغداد و موچەموچەخۆرانی هەرێم كردووەو نە وەزیرە كوردەكانیش ئەو بابەتەیان لە كۆبوونەوەكە باسكردووە. وەزیرێکى کوردى بەشداربووى کۆبونەوەکە، ڕایدەگەیەنێت لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیراندا باسی مووچە نەکرا، چاوەڕوان بووین لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیراندا باسی مووچە بکرێت، وتیشى: نازانین سودانى خۆى بڕیارى ناردنى مووچە دەدات یان نا. هەرچەندە نازانرێت سودانی تاك لایەنە موچە دەنێرێت یان نا، بەڵام لە كۆبوونەوەكە ئەو پرسە نەوروژێندراوەو دوای كۆبوونەوەكەش وەزیرە كوردەكان لەگەڵ سودانی كۆنەبوونەتەوە. چاوەڕوان دەكرا لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا پرسی رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد لەسەر نەوت و شایستە داراییەكانی هەرێم بڕیاری لەسەر بدرێت. لە رۆژى شەممەى رابردووەوە شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغدادە و رۆژى یەکشەممە ژمارەیەک کۆبوونەوەیان لەگەڵ کۆمپانیاى سۆمۆ، نوێنەرى وەزارەتى نەوت، نووسینگەى سەرۆکوەزیرانى عێراق ئەنجامداوە. دوێنێش شاندەکە لەگەڵ ئەنجوومەنى ئابووریى عێراق و وەزارەتى نەوتى عێراق کۆبووەوە، بەگوێرەى بەدواداچوونەکان، کە لە چەند سەرچاوەیەکى عێراقەوە دەستکەوتووە، شاندەکە نزیکن لە رێککەوتن، بەجۆرێک 280 هەزار بەرمیل نەوت لەلایەن هەرێمى کوردستانەوە رادەستى سۆمۆ دەکرێت و 16 دۆلاریش بۆ تێچووى بەرهەمهێنانى هەر بەرمیلێک دیاریکراوە. رۆژى 26ـى حوزەیرانى 2025، شاندى تەکنیکیى حکومەتى عێراق گەیشتە هەولێر و لەگەڵ شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان زنجیرەیەک کۆبوونەوەیان لەبارەى نەوت، داهاتى نانەوتی و شایستە داراییەکانى هەرێمى کوردستان ئەنجامدا.

ئەمڕۆ ئەنجومەنی دادوەری عێراق بەسەرۆكایەتی فایەق زێدان كۆبووەوە، كۆبوونەوەكە بە ئامادەبوونی دادوەرانی دادگای تەمیزو داواكاری گشتی و دادگای فیدراڵی كۆبوونەوە. لە كۆبوونەوەكەدا پیرۆزبایی لە مونتەزر ئیبراهیم كرا، وەك سەرۆكی نوێی دادگای فیدراڵی عێراق و سوپاسی ئەندامانی دادگای فیدراڵیان كرد كە داواكارییان بۆ خانەنشینی كشاندەوە دوای ئەوەی بیانووەكانیان بۆ خانەنیشین بوون كۆتایی هات. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "ئەوانەی ئامادەبوون دەستخۆشییان لە سەرۆکی دادوەری نوێ، دادوەر مونته‌زڕ ئیبراهیم کردووە، بەبۆنەی دەستبەکاربوونی بۆ ئەو پۆستە و سوپاسی ئەندامانی دادگاشیان کردووە بۆ کشانەوەی داواکارییەکەیان بۆ ڕەوانەکردنیان بۆ خانەنشینی دوای ئەوەی هۆکارەکانی ڕەوانەکردنیان چیتر کارپێنەکراوە". ڕوونیشیکردەوە، "کۆبوونەوەکە بریتی بوو لە گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزمەکانی کاری دادوەری دروست، پابەندبوون بە دەسەڵاتی دادوەری، بەپێی بڕگەکانی دەستوور و یاسا کارپێکراوەکان، هەروەها گرنگی پاراستنی سەربەخۆیی و بێلایەنی دەسەڵاتی دادوەری و دوورکەوتنەوە لە هەر ڕەفتارێک یان پراکتیزەیەک کە ئەم کارە تێکبدات". هەفتەی رابردوو 9 ئەندامی دادگای فیدراڵی دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەشی سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری كرد  بەهۆی ناڕەزاییان بەرامبەر جاسم عمێری سەرۆكی دادگای فیدراڵی، دواتر جاسم عێمری داوای خانەنشینبوونی كرد و سەرۆكی نوێی دادگای فیدراڵی دانرا.

  سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە هۆشدارییدا کە بەرنامەی ئەتۆمی و توانای مووشەکی ئێران هێشتا هەڕەشەو مەترسى گەورە بۆ ئیسرائیل دروستدەکات. بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیل ئەمڕۆ ڕایگەیاند: هەڕەشەی ئێران گەورەترە لە هەڕەشەی ناسیۆنالیزمی عەرەبی، کە هەمیشە بەردەوام بووە لەسەرمان. ئەو وتیشى: ئێران لە رێگەی هێزی ئەتۆمی و توانای مووشەکییەوە هەڕەشەیەکی گەورەی بۆ سەر ئێمە دروست کردووە نەتەنیاهۆ جەختیکردەوە مەرج نییە ئەمریکا بەشداربێت لە وەستاندنی هەڕەشەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ کۆتایی هێنان بەو هەڕەشەیە. لەلایەکى دیکەوە، پێگەى واڵا نیوزى ئیسرائیل بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ نەتانیاهۆ لەگەڵ وەزیری بەرگریی و سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل کۆدەبێتەوە، کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێکردنی بیرۆکەکانە سەبارەت بە سەربازە رفێنراوەکان لە کەرتى غەزە و پلانى داهاتووی شەڕەکان لەو کەرتە. بەپێی ئەو ماڵپەڕە، دواتر ئەو پێشنیازانە دەخرێنە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران بۆ پەسەندکردنی. لەلایەکى دیکەوە، عەباس عراقچی، لە چاوپێکەوتنێکدا بە کەناڵی 'سی بی ئێس'ـی ئەمەریکی ڕاگەیاند "تەکنۆلۆجیا و زانستی پیتاندنی یۆرانیۆم بە بۆمباران لەناو ناچن." ئەم قسەیەی ئاماژەدان بوو بە هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران لە هەفتەی ڕابردوودا. ئاماژەی بەوەش کرد، ئێران دەتوانێت بەخێرایی زیانەکانی هێرشەکان چاک بکاتەوە، هەروەها  ئەگەر ئیرادەمان هەبێت بۆ پێشکەوتنی نوێ لەم پیشەسازییەدا، دەتوانین قەرەبووی کاتە لەدەستچووەکان بکەینەوە.  وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی: پێم وانییە دانوستانەکان بەو خێراییە دەست پێ بکەنەوە، پێش ئەوەی بڕیاری دووبارە بەشداریکردنەوە بدەین، پێویستە سەرەتا دڵنیابین لەوەی ئەمەریکا لە کاتی دانوستانەکاندا هێرشی سەربازی ناکاتە سەر ئێمە.

هەرچەندە حەوت مانگە بەهۆی دۆخی سیاسییەوە هیچ کۆبوونەوەیەکى نەکردوە، بەڵام  لە ئەمڕۆوە پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوەی دوو مانگ دەکەوێتە پشووی هاوینەوە. لە 20-10-2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو؛ 2-12-2024، یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کرا و تاوەکو ئەمڕۆ کۆبوونەوەی دیکە نەکراوە.   ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان سوێندی یاساییان خواردووەو موچەی مانگانەیان بۆ بەستراوە كە هەر پەرلەمانتارێك موچەیەكی (8 ملیۆن و 180 هەزار) دیناری و شوقە یاخود خانوویەكی لە سیتیەكان پێدەدرێت، بەڵام تا ئێستا لیژنەكانی پەرلەمان پێكنەهاتووەو سەرۆك  و جێگرو سكرتێری پەرلەمان هەڵنەبژێردراوە. چاوەڕێی كردنەوەی گرێكوێرەی ناكۆكییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی دەكات لەسەر رێككەوتن بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی پەرلەمان (سەرۆك و جێگر و سكرتێر) و سەرۆكی هەرێم و جێگرەكانی و سەرۆكی حكومەت و وەزیرەكانی بەیەك پاكێج كراوە.  ڕووپاک ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، دەلێت: پشووی هاوینەی پەرلەمان لە ئەمڕۆ 01ـی تەمموز دەستپێدەکات و بۆ ماوەی دوو مانگ بەردەوام دەبێت".   ناوبراو ئاماژە بۆ ئەوەدەکات لە کاتی ئاساییدا دەبێت کۆبوونەوەکانی پەرلەمان  لە1ـی 9 دەستپێبکەنەوە تاوەکو 31ـی مانگی یەکی ساڵی نوێ و دواتر جارێکی دیکە دەکەونەوە پشووی زستانەوە بۆ ماوەی دوو مانگ.   لەکاتی وەرزەکانی پشووی پەرلەمانی کوردستاندا، لیژنەکانی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەکانیان دەکەن، بەڵام کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمان ناکرێت.   تاوەکو ئەمڕۆ لیژنەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ خولی شەشەم پێکنەهێندراون، بۆیە لەم پشووەدا لیژنەکانیش کۆبوونەوەیان نابێت.   لە کاتی ئاساییدا، بەگوێرەی بڕگەی سێیەمی مادەی 51ـی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی کوردستان "رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە تایبەت دەبێت بە دانیشتنی پەرلەمان"، بەڵام لە حەوت مانگی رابردوودا پەرلەمان هیچ کۆبوونەوەیەکی نەکردووە. ئەنجامی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان: - پارتی دیموكراتی كوردستان: 812 هەزارو 794 دەنگ و (39) كوردسی - یەكێتی نیشتمانی كوردستان: 409 هەزارو 548 دەنگ و (23) كوردسی  - جوڵانەوەی نەوەی نوێ: 292 هەزارو 32 دەنگ و (15) كوردسی  - یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان: 117 هەزارو 444 دەنگ و (7) كوردسی  - كۆمەڵی دادگەری كوردستان: 64 هەزارو 864 دەنگ و (3) كوردسی (بایكۆتی پەرلەمانی كرد) - رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی: 56 هەزارو 8 دەنگ و (4) كوردسی  - بەرەی گەل: 33 هەزارو 461 دەنگ و (39) كوردسی  - هاوپەیمانی هەرێمی كوردستان: 13 هەزارو 226 دەنگ و (1) كوردسی  - بزووتنەوەی گۆڕان : 11 هەزارو 636 دەنگ و (1) كوردسی - پێكهاتەكان: 31 هەزارو 188 دەنگ و (5) كوردسی