دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکردوە ئەگەری هەیە ئەو باجانەى کەلەسەر چین داینابوو کەمى بکاتەوە بۆ 80%، دوای ئەوەی مانگی ڕابردوو بەرزیکردەوە بۆ 145%، ئەمەش جۆرێک لەپەشیمان بوونەوە دەردەخات لەهەڵوێست و بریارەکانى پێشووترى ترەمپ. "بە ڕواڵەت باجی 80% لەسەر چین بڕیارێکی دروستە!" ڕۆژی هەینی لە پۆستێکی کورتدا لە ئەکاونتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئەمەى نووسیویە و ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیارەکە لە ئەستۆی سکۆت بێسنت وەزیری گەنجینەی ئەمریکایە. لە سەرنجێکی دیکەدا ترەمپ داوای لە چین کردووە "بازاڕەکانی بەڕووی ئەمریکادا بکاتەوە"، پێی وایە بڕیارێکی لەو شێوەیە لە بەرژەوەندی ئەو وڵاتەدا دەبێت. جەختیشی لەوە کردەوە کە "بازاڕە داخراوەکان چیتر ناتوانن بەردەوام بن"، وەک خۆی دەڵێت. سەرچاوە ئاگادارە ئەمریکییەکان دوێنێ بڵاویان کردەوە کە ئیدارەی ترەمپ بیر لە پلانێک دەکاتەوە بۆ کەمکردنەوەی باجی 145% لەسەر هاوردەکردنی چین بۆ زیاتر لە نیوە، ئەمەش لە هەفتەی داهاتووەوە دەستپێدەکات، بەپێی ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆست. لە بەرامبەردا سەرۆکی ئەمریکا دوێنێ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپییەوە ڕایگەیاند، ڕەنگە باجەکان کەمبکاتەوە. رۆژی 01-04-2025 حکومەتی ئەمریکا پێناسی گومرگی بۆ وڵاتانی جیهان راگەیاند چەند ڕۆژێک دواتر ترەمپ لە بەرامبەردا چینی بە تێکدانی بازاڕی جیهان تاوانبار کرد و پێناسی گومرگی سەر وڵاتەکەی بۆ 125٪ بەرزکردەوە. رۆژێک دواتریش پێناسی گومرگی سەر وڵاتەکەی بۆ 145٪ بەرزکردەوە. لە وەڵامی پێناسە گومرکییەکانی ئەمریکادا، چین پێناسی گومرکی بەسەر کاڵای هاوردەکراوی ئەمریکیدا بۆ 84٪ بەرزکردەوە.
ڕاپۆرتێکی ئێن بی سی نیوز ئەو بڕە پارەیەی ئاشکرا کردووە کە ئیدارەی ترەمپ بۆ هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر حووسییەکان لە مانگی ئاداری ڕابردووەوە تەرخان کردبوو. ماڵپەڕەکە لە زاری دوو بەرپرسی ئەمەریکییەوە بڵاویکردووەتەوە، هێرشەکانی ئیدارەی ترەمپ لە دژی حووسییەکان لە یەمەن، لە مانگی ئادارەوە زیاتر لە یەک ملیار دۆلاری ئەمەریکی تێچووە. بە وتەی ئەو دوو بەرپرسە، کورتەیەکیان لەبارەی تێچووی هێرشەکانی ئەمەریکا پێدراوە، تێچووی ئەو دوو بەرپرسە بریتی بووە لە هەزاران بۆمب و مووشەکی بەکارهێنراو لە هێرشەکاندا، ئەمە جگە لەوەی زیانی تۆمارکراو. بە وتەی بەرپرسان، وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا لە مانگی ئادارەوە نزیکەی دوو هەزار بۆمب و مووشەکی دژی حووسییەکان بەکارهێناوە، کە تێچووی زیاتر لە 775 ملیۆن دۆلار بووە. لەنێو ئەو زانیارییانەی ئەو دوو بەرپرسە ئاشکرایان کردووە، سوپای ئەمەریکا لانیکەم 75 مووشەکی تۆماهۆکی بەکارهێناوە، هەریەکەیان نزیکەی یەک ملیۆن و 900 هەزار دۆلاری تێچووە. هەروەها ئەو چەکانەی لە دژی حووسییەکان بەکارهێنران، 20 مووشەکی کروز لەخۆگرتبوو هەریەکەیان نزیکەی یەک ملیۆن و 500 هەزار دۆلاری تێچووە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، پێش گەشتەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ ناوچەکە، کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو بۆ ناوچەکە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران سبەی شەممە سەفەری سعوودیە و قەتەر دەکات. لەبەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ هەینى لەسەر ماڵپەرەکەى بڵاویکردوەتەوە، وەزارەتى دەرەوەى ئێران، ئاماژە بۆ ئەوەدەکات عەباس عێراقچى یەکەمجا دەچێتە ڕیازى پایتەختى سعودیە بۆ دیدار و دانوستان له گه ڵ به ڕپرسانی باڵای ئەو وڵاتە. ڕاگەیەندراوەکە ئەوەش دەخاتەڕوو عێراقچى دواتر سەردانی دەوحە دەکات "بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی گفتوگۆی عەرەبی و ئێران. ئەم سەردانانە لەکاتێکدایە، پێدەچێت چوارەمین خولی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا یەکشەممەی داهاتوو لە پایتەختی عومان بەڕێوە بچێت. هەروەها بڕیارە هەفتەی داهاتوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەردانی سعودیە و قەتەر و ئیمارات بکات. لەلایەکى دیکەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بوونی دامەزراوەی نهێنیی ئەتۆمی لە پارێزگای سێمنانی وڵاتەکەی رەتدەکاتەوە، هەواڵەکەش بە کاری ئیسرائیل ناودەبات. کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی رۆژی پێنجشەممە 8ی ئایار لە رێگای چەند وێنەیەکی مانگی دەستکردەوە بڵاویکردەوە، ئێران دامەزارەوەیەکى نهێنیی ئەتۆمی لە پارێزگای سێمنان بە رووبەری دوو هەزارو 500 هێکتار هەیە. عێراقچی، لە پۆستێکدا لە تۆڕى کۆمەڵایەتیی ئێکس،هەواڵەکەی فۆکس نیوزى بە پروپاگەندەی ئیسرائیل ناوبرد و رایگەیاند، ئیسرائیل لە رێگای بەکرێگیراوەکانی وەکو موجاهیدینی خەلق سود لەوە وەردەگرێت.
پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە رایدەگەیێنێت، کۆنگرەی 12ـەمیان لەنێوان رۆژانی 5 بۆ 7ـی ئەم مانگە لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا بەڕێوەچووە. هەروەها زانیاریی کۆنگرەکە لە داهاتوویەکی نزیکدا بڵاودەکەنەوە. دەقی راگەیێندراوەکە: "دوازدەهەمین کۆنگرەی پەکەکە لە رۆژانی 5 تا 7ی ئایار، لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوو. کۆنگرە بە بەشداریی نوێنەرانی هەموو بوارەکانی کارکردن، لە دوو شوێنی جیاوازدا و بە شێوەی هاوتەریب ئەنجامدرا. دوازدەهەمین کۆنگرەی پەکەکە، لەسەر بانگەوازی رێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبووەوە و سەرەتا بە پەرۆش و رێزەوە سڵاوی لە رێبەر ئاپۆ کرد و ئەو دید و پێشنیارانەی رێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە پێشکەشی کۆنگرەی کردبوون، خوێندرانەوە و هەڵسەنگاندنیان بۆ کرا. هەروەها راپۆرتی کورتی کۆمیتەی ناوەندیی پەکەکەش لە کۆنگرەدا خوێندرایەوە و گفتوگۆی لەسەر کرا. لەم چوارچێوەیەدا، دوازدەهەمین کۆنگرەی پەکەکە، لەسەر بنەمای بانگەوازی رێبەر ئاپۆ، بڕیاری گرنگی مێژوویی سەبارەت بە کارەکانی پەکەکە دەرکرد. دوازدەهەمین کۆنگرەی پەکەکە، کە لە مانگی ئایار، مانگی شەهیداندا بەڕێوەچوو، یادی هەموو شەهیدانی قارەمانی 52 ساڵی تێکۆشانی مێژوویی بە رێز و خۆشەویستی و پێزانینەوە کردەوە. بانگەوازی لە گەلی نیشتمانپەروەرمان و هەموو هێزە دیموکراتی و سۆسیالیستەکان کرد کە بە دروستی خاوەندارێتی لە هەموو ئەو بەها نەتەوەیی و دیموکراتییانە بکەن کە لە ئەنجامی 52 ساڵی تێکۆشانی مەزندا، بەتایبەتی لەلایەن شەهیدەکانمانەوە، هاتونەتە ئاراوە و بیانژین و بیانژێنن. دوازدەهەمین کۆنگرەی پەکەکە، یادی شەهید سری سورەیا ئۆندەریشی بە رێز و پێزانینەوە کردەوە، کە یەکێک بوو لەو کەسانەی زۆرترین ماندووبوونی لە ئامادەکارییەکاندا کێشابوو. بانگەوازی لە هەمووان کرد کە بە هاوکاریی یەکتر کار بکەن بۆ سەرخستنی ئامانجەکانی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیی ئەو مرۆڤە بەڕێزە، کە 12 ساڵ هاوڕێیەتیی ڕێبەر ئاپۆی کردبوو. زانیاری و بەڵگەنامەی فراوان و ورد سەبارەت بە ئەنجام و بڕیارەکانی دوازدەهەمین کۆنگرەی پەکەکە، دوای یەکخستنی ئەنجامەکانی هەردوو شوێنەکە، لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا لەگەڵ رای گشتیدا هاوبەش دەکرێت. لەسەر ئەم بنەمایانە، لە کەسایەتیی یەکەمین شەهیدی گەورەمان، هاوڕێ حەقی قەرەردا، جارێکی دیکە یادی هەموو شەهیدە قارەمانەکانمان بە رێز و پێزانینەوە دەکەینەوە و بانگەوازی لە گەلی نیشتمانپەروەرمان و دۆستە دیموکراتەکانمان دەکەین کە لە هەموو بوارەکاندا یادی شەهیدە قارەمانەکانمان بکەنەوە و تێکۆشان بۆ ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆ زیاتر بەرزبکەنەوە!"
هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی قسەکانی ئەمریکا سەبارەت بە ڕێکخراوێکی نوێ بۆ دابەشکردنی یارمەتییەکان بەسەر کەرتی گەمارۆدراوی غەززە، مایک هاکابی باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ئیسرائیل بەشداری لە میکانیزمی نوێی دابەشکردنەکەدا ناکات. بەڵام ئاماژەی بەوەدا کە بەشداری لە دابینکردنی ئاسایشدا دەکات. وتیشی: میکانیزمە نوێیەکە پشت بە کردەوەی سەربازی نابەستێت و هیوادارین بەم نزیکانە دەست پێبکات. هاکابی ڕۆژی هەینی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا جەختی لەوە کردەوە کە گەیاندنی هاوکارییەکان بەندە بە ئاگربەست لە ناوچەی فەلەستین، بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە "پێویستە بەپەلە هاوکاری مرۆیی لە غەززە دابینبکرێت، ئاماژەی بەوەشکرد کە "حەماس ناتوانێت یان ئامادە نییە ئەو یارمەتییە دابین بکات". لەلایەکى دیکەوە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، بەمزووانە دامەزراوەیەکی نوێ ئەرکی دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان لە کەرتی غەزە دەگرێتە ئەستۆ. تامی بروس بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، پێشوازی لە هەر دەستپێشخەرییەک دەکەن کە ببێتەهۆی گەیاندنی خێرای هاوکارییە مرۆییەکان بە غەزە. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هیچ روونکردنەوەیەکی لەبارەی دامەزراوەکە نەدا و تەنها گوتی، بەمزووانە دامەزراوەکە خۆی راگەیەندراوێک لەو بارەیەوە بڵاودەکاتەوە و بەزووترین کات هاوکارییە مرۆییەکان دەگاتە غەزە. هێشتا زانیاریی ئەوتۆ لەبارەی ئەم دامەزراوەیەوە نییە، بەڵام پێشتر لە مانگی شوباتەوە دامەزراوەیەکی قازانج نەویست لەژێر ناوی “دامەزراوەی مرۆیی غەزە” لە سویسرا تۆمارکراوە کە بارەگاکەی لە جنێفە. لە رۆژی 2ـی مانگی ئازاری رابردووەوە کە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر غەزە دەستیان پێکردەوە، رێگە نەدراوە بە چوونەژوورەوەی هیچ هاوکارییەکانی مرۆیی بۆ غەزە لە کاتێکدا دوو ملیۆن و 400 کەس هێشتا لەو کەرتە دەژین.
مەحمود حەبیب، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەڵێت، هاریکاری نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەشێوەیەکی کاریگەر بەردەوامە، باس لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی نێوانیشیان دەكات لەدژی شانەکانی داعش لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا. ئاماژەی بەوەشکردووە، هەردوولا مەشق و راهێنانیانی شەوانە و رۆژانەیان ئەنجامداوە بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی مەیدانی و ئۆپەراسیۆنەكان، هەروەها ئەو شوێنە نوێیانە توندوتۆڵكراوە كە هێزەكانی لێی جێگیركراوە وەک ناوچەی "سیرین"، لەگەڵ پلانی بڵاوكردنەوەی هێز بەمزوانە لە ناوچەی بەنداوی تشرین لە گوندەواری باشوری کۆبانی. ئەو فەرماندەیەی هەسەدە راشیگەیاندووە، هاوپەیمانان هێزی سەربازی و لۆجستی نوێیان بۆ پشتیوانی لە بنکەکانی سوپاكەیان لە باکوری سوریا رەوانەكردووەو، قسەکردن لەبارەی نزیکی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانانيش، تەنها خەیاڵەو هیچ بنەمایەكی نییە. رۆژی شەممەی رابردوو، سەرچاوەیەک لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە ئاژانسی "نۆرس پرێس"ى راگەیاند، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، گەورەترین مانۆڕی سەربازی خۆی ئەنجام دەدات لە دوای هاتنی بۆ ناو سوریاوە، لە هەر دوو بنکەی خۆی لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکردووە، مانۆڕەکان لە بنکەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە کێڵگەی نەوتیی ئەلعومەرو دەوروبەری و، هەروەها لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دەیرزورەوە دەست پێدەکات، تا دەگاتە سنوری عێراق. رونیشیکردەوە، مانۆڕەکانی داهاتوو گەورەترین مانۆڕن كە لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە ئەنجامدەدرێن و رێگە خۆشدەکەن بۆ قۆناغێکی نوێی ئۆپەراسیۆنەکان دژی رێکخراوە خراپەکارەکان.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئێن دی تی ڤی هیندستان، هێزی دەریایی هیندستان بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، 9ـی ئایاری 2025 هێرشی کردە سەر چەند ئامانجێک لە پاکستان. کەناڵەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، دوای ئەوەی پاکستان هەوڵی داوە هێرشی مووشەکی بکاتە سەر جامو و کشمیر، هێزی دەریایی هیندستان هێرشێکی تۆڵەسەندنەوەی دژی چەندان ئامانج دەستپێکرد. بەپێی هەواڵی میدیاکانی هیندستان، گرژیی نێوان هیندستان و پاکستان لە دوای هێرشی چەکداری لە ناوچەی پەهالگام لە جامو و کشمیر بۆ سەر خەڵکی مەدەنی و گەشتیاران لە 22ـی نیساندا پەرەی سەندووە و بەهۆیەوە 26 کەس کوژراون. هیندستان پاکستان تۆمەتبار دەکات بەوەی لە پشت "هێرشە تیرۆریستییەکە" بێت لە ناوچەی پەهالگام، ئیسلام ئابادیش ڕەتیدەکاتەوە دەستی هەبووبێت لەو هێرشەدا. لای خۆیەوە خواجە محەممەد ئاسف، وەزیری بەرگریی پاکستان داوای لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە هێرشەکە کرد.
فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانى ئێران ڕایدەگەیەنێت دوژمنان لە مەزارگەی ئیمام ڕەزا ئاگادار دەکەمەوە کە ئەگەر بەردەوام بن لە هەڵەکردن دەروازەی دۆزەختان بەسەردا دەکەینەوە، یەک مووشەکی ئەنسار اللەتان نەشکاند، کەواتە چۆن بەرگەی ئەو هەمووە مووشەکەی ئێران دەگرن بۆیە بێدەنگ دانیشن. بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، ئەمڕۆ پێنج شەممە حەسەن سەلامی فەرماندەى گشتى سوپای پاسدارانى ئێران لە ڕێوڕەسمی یەکەمین ساڵیادی گیانلەدەستدانى ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری پێشووى ئیران، لە مەشهەدەوە، بە ئاماژەدان بە ساڵیادی کوژرانى ئیبراهیم ڕەئیسی و هاوڕێکانى وتى "ئەوان ئەستێرەی خزمەت بوون کە بە ژیانی هەتاهەتایی گەیشتن". فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران ئاگاداری بەرپسانى ئیسرائیل و ئەمریکا واز لەهەڕەبهێنن، ئەگەر بەردەوام بن لە هەڵەکردن دەروازەکانی دۆزەختان بۆ دەکرێتەوە. ئەمە بە هەڕەشەیەکی جددی بزانن. وتیشى: ئێمە ئامادەکارییەکی بەرفراوانمان بۆ ئێوە کردووە، ئەگەر هەڵەیەکتان کرد، بەڵایەکی وا بەسەرتاندا دەهێنین کە لەبیرتان نەچێتەوە؛ ئێوە نەتتوانی ڕێگری بکەن لە بەرکەوتنی مووشەکێک لە یەمەنەوە لە فڕۆکەخانەکەت، کەواتە چۆن چاوەڕێی بینینی هەزاران مووشەک لە ئاسمانی خۆت دەکەیت؟ بۆیە دانیشە. ژەنەڕاڵ سەلامی ئاماژەى بۆ ئەوەکرد، سەبارەت بە بەرپرسانی ئەمریکی؛ ئێمە یەک شتمان هەیە بۆتان بڵێین، ئەویش ئەوەیە کە لەسەر پرسی ئەتۆمی، هەرچەندە حەز و ئەولەویەتی ئێمە بەدواداچوون و چارەسەرکردنی کێشەکە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، دوور لە کەشوهەوای هەڕەشەکان و لە کایەی دیپلۆماسیدا، ئەگەر هەڕەشە بکەن، ئێمە ئامادەین بۆ شەڕ بە هەر قەبارەیەک بێت. وتیشى: لەم ڕۆژانەدا جارێکی تر خۆتت نیشان دا کە متمانەت پێی نییە بە هەڕەشەی نوێ. ئەمە بزانن و ئاگاداربن کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئیرادەی سیاسی خۆی خۆبەخشانە بەدوای چەکی ئەتۆمیدا ناڕوات و لەسەر بنەمای بیروباوەڕی خۆی لە دوکتورینی بەرگریی خۆی دوورخستووەتەوە. ئەمەش باجێکی گرنگی هەیە و نەتەوەی ئێران دەستبەرداری بەرژەوەندییە ژیانییەکانی نابێت.
لە ئەنقەرە، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی هاریکاریی ستراتیژیی نێوان عێراق و تورکیا دەستیپێکرد، بڕیارە چەندین یاداشتی لێکتێگەیشتن لە بوارە جیاوازەکاندا واژۆ بکەن. محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەکە دەکەن، چوارەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنە ستراتیژییەکەی نێوان هەردوولایە. پێش کۆبوونەوەکە، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵو باسی لە چەند پرسێک کرد، گوتی، لەسەر بنەمای دەستوەرنەدان لە کاروباری وڵاتان مامەڵە دەکەین، بابەتی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر یەکێکە لەو بابەتە گرنگانەی هەردوولا پێوەی پابەندن، دەشیانەوێت پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و بەغداد بەشێک بێت لە هاوکێشەی سەقامیگریی ناوچەکە. سودانی راشیگەیاند، بابەتی ئاو لای عێراق هەستیارە و بەگوێرەی رێککەوتنەکانیان لەگەڵ تورکیا مامەڵەی لەگەڵ دەکەن، دەربارەی رێگەی گەشەپێدانیش گوتوویەتی، رێگەی گەشەپێدان پڕۆژەیەکی ستراتیژییە بۆ وڵاتانی ناوچەکە، بەتایبەت بۆ تورکیا، چونکە خۆبژێویی ئابووری لە ناوچەکە دروست دەکات، بە گرنگترین پڕۆژەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەسفی کردووە. - یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن سەبارەت بە هاوکاری لە بوارەکانی پیشەسازی بەرگری و ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموونەکان. - یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بواری ڕێوشوێنەکانی کارپێکردنی ستاندارد بۆ گەڕانەوەی خۆبەخشانەی هاوڵاتیانی عێراقی لە تورکیا. - ڕەشنووسی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بۆ هاوکاری لە بوارەکانی دادوەری. - یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن تایبەت بە هاوکاری لە بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی نایاسایی بە ماددە هۆشبەرەکان. - پرۆتۆکۆلی هاوکاری سەبارەت کردنەوەی لقی زانکۆکانی تورکیا لە بەغداد و بەسرە. - یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بواری بەڕێوەبردنی فریاگوزاری و کارەساتەکان. - یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بۆ هاوکاری لە بوارەکانی پەیوەندییە گشتییە دیجیتاڵییەکان. - یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بواری چالاکیەکانی ستاندارد و پێوانەکردن. - دوو یاداشتی لێکتێگەیشتن لە بواری هاوکاری ڕاهێنان بۆ وەزارەتی ناوخۆ.
سهرچاوهیهكی ئهمهریكی باس لهوه دهكات، سهرۆكی وڵاتهكهی له سهرۆك وهزیرانی ئیسرائیل بێئومێد بووه؛ دهشڵێت، بهبێ گهڕانهوه بۆ ئیسرائیل ههوڵی بهدیهێنانی ئامانجهكانی له ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست دهدات. پێنجشهممه، 8ـی ئایاری 2025، سهرچاوهیهكی نزیك له جۆو بایدن، سهرۆكی پێشووی ئهمهریكا گوتی: دۆناڵد ترهمپ، سهرۆكی ئهمهریكا تا دێت ههست به بێئومێدی زیاتر دهكات بهرانبهر به بنیامین ناتانیاهۆ، سهرۆك وهزیرانی ئیسرائیل، بۆیه بڕیاری داوه بهبێ پرس و ههماههنگی و گهڕانهوه بۆ بۆچوونهكانی ناتانیاهۆ، جووڵه ستراتیژییهكان له ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست دهست پێ بكات. به پێی ڕۆژنامهی "ئیسرائیل هیوم"، پهیوهندییهكانی نێوان ترهمپ و ناتانیاهۆ ئاڵۆزییان تێ كهوتووه. هاوكات سهرچاوهیهك به ڕۆژنامهكهی گوتووه، ترهمپ چیتر ئاماده نییه چاوهڕوانی ئیسرائیل بكات بۆ بهدیهێنانی ئامانجهكانی، بۆیه بڕیاری داوه تاكلایهنانه دهستهبهری بهرژهوهندییهكانی ئهمهریكا له ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست بكات. به پێی ڕۆژنامهكه، ئهمهریكا ههستی بهوه كردووه، ناتانیاهۆ سستی له بڕیاره یهكلاكهرهوهكان دهكات كه پێویسته دهروازهیهك بن بۆ دۆسیهی ئاساییكردنهوهی پهیوهندییهكانی ئیسرائیل لهگهڵ وڵاتانی ناوچهكه. پێشتریش بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، نیگەرانی خۆی لە رێككەوتنی نێوان ئەمەریكیەكان و حوسییەكانی یەمەن دەربڕى، دەڵێت "یەك بنەما هەیە رێنماییمان دەكات، ئیسرائیل بە تەنها بەرگریی لەخۆی دەكات لە بەرامبەر هەڕەشەكان لەهەر شوێنێك بێت". بڕیاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، بە راگرتنی هێرشی سەر حوسییەكانی یەمەن، كاردانەوەی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێناوە، لە ئیسرائیل دەنگی ناڕەزایی بەرامبەر بڕیارەكەی ئەمەریكا بەرزبووەتەوە سەبارەت بەوەی هیچ هەماهەنگییەك لەنێوان ئیسرائیل و ئەمەریكا نەبووە سەبارەت بەو هەنگاوە. میدیاكانی ئیسرائیل، نەبوونی هەماهەنگی پێشوەختەی نێوان ئەمەریكا و ئیسرائیل لە پرسی حوسیەكان بەوە لێكدەدەنەوە كە ئەمەریكا دەستبەرداری ئیسرائیل بووە. پێشتر ترەمپ رایگەیاند "حوسییەكان لەبەرامبەر هێرشەكان چۆكیان داداوە و داوایان لە ئەمەریكا كردووە هێرشەكان دژیان بوەستێنێت". وتیشی "بەوهۆیەوە دەستبەجێ هێرشی ئەمەریكا وەستاوە". سەرۆكی ئەمەریكا وتی "هەواڵی باشمان پێگەیشتووە، حوسیەكان رایانگەیاندووە كە شەڕیان ناوێت، ئێمەش وەڵاممان دایەوە، هێرشەكان دەوەستێنین، ئەوان رادەست بوون، بەڵینیان داوە كە كەشتییەكان نەكەنە ئامانج، كە ئەوەش لە سەرەتاوە ئامانجی ئێمە بووە، پێموایە ئەو راگەیاندنە شتێكی ئەرێنییە". دەسەڵاتدارێتی میرنشینی عوممان رۆژی سێشەممە هەواڵی رێككەوتنی ئەمەریكا و حوسییەكانی یەمەنی راگەیاند، كە راگرتنی شەڕ و راگرتنی بە ئامانجگرتنی كەشتییە بازرگانییەكان لە دەریای سور و گەرووی بابولمەندەب دەگرێتەوە، ئەمەش دوای چەند هەفتەیەك لە چڕبوونەوەی هێرشی ئاسمانیی ئەمەریكا بۆسەر یەمەن، كە بەمدواییە ئیسرائیلیش بەشداریی تێداكرد.
رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، تەواوی بەربەستەکانی پرۆسەی ئاشتییان تێپەڕاندووە، ئەمڕۆ و سبەی پەکەکە چەک دادەنێت و خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە. ئەردۆغان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی پارتەکەی لە حکومەت و پەرلەمان گوتی، قۆناغێکی نوێ لە تورکیا بۆ هەمووان دەستپێدەکات، ئەرکێکی گرنگ دەکەوێتە سەرشانی سیاسییەکان. هەروەها داوایکرد لەم قۆناغەدا بە چاوکراوەییەوە مامەڵە بکەن، لەبەرئەوەی هەندێک لایەنی سیاسی هەوڵدەدەن دۆخەکە بقۆزنەوە. هەر لەو کۆبوونەوەیەدا ئەردۆغان بە وەزیر و پەرلەمانتاری ئاک پارتی گوت، قۆناغێکی ئاسان چاوەڕێمان ناکات، بەڵام متمانەم بە ئێوە هەیە. ئەردۆغان هۆشداری لە بەڕێوەبردنی پرۆسەکە بە بەرپرسانی حیزبەکەی داوە و گوتوویێتی: "کارێکی مەزنتان دەکەوێتە ئەستۆ. دەکرێ کەسانێک بیانەوێت لەڕووی سیاسییەوە ئەم بابەتە بقۆزنەوە، هەر بۆیە دەبێت ئامادە بین. پرۆسەیەکی ئاسان چاوەڕێی ئێمە ناکات. لەم بابەتەدا متمانەم بە ئێوە هەیە". رۆژی 01-10-2024 دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لە پەرلەمان چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارتە کرد. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەو هەنگاوەی باخچەلی بە "پەنجەرەی هیوا" ناوبرد و ئومێدی خواست، ئەو دەرفەتە نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی کەسی. باخچەلی دواتر داوای لە دەم پارتی کرد لەگەڵ ئۆجەلان دیدار ساز بکەن. شاندێک کە لەلایەن دەم پارتییەوە پێکهێنرا دیداری لەگەڵ ئۆجەلان سازکرد و لەگەڵ پارتە سیاسییەکان کۆبووەوە. ئەو شاندە سەردانی هەرێمی کوردستانیش کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا کۆبووەوە. پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رۆژی 1ی ئاداری 2025 ئاگربەستی راگەیاند. ئەوەش لە دوای بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دێت کە رۆژی 27ی شوبات بە ناونیشانی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی" بڵاوکرایەوە و داوای چەک دانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد.
رۆژنامەى هارتسى ئیسرائیل، بەپشت بەستن بەچەند سەرچاوەیەک ئاشکرایدەکات، مانگى ڕابردوو کەسایەتییەکی دیاری بەرگری سوریا لەگەڵ بەرپرسانی بەرگری لە ئیسرائیل کۆبونەتەوە. بەوتەى ڕۆژنامەکە کۆبوونەوەکە بە نهێنیی بووەو بەشێوەى ڕاستەوخۆ دانیشتنەکانى سوریا و ئیسرائیل چەند ڕۆژێک لە ناوخۆی ئیسرائیلدا بەردەوام بووە. ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات ئەو شاندە سوورییەی کە سەردانی ئیسرائیلیان کرد، بەرپرسانی پارێزگای قنیترەی سوریایان لەگەڵدابووە. رۆژنامەکە ئەوەشى خستوەتەڕوو بەرپرسانی سوریا لە مانگی نیساندا سەردانی ئیسرائیلیان کردووە، بە کردنەوەی لینکێکى ڕاستەوخۆ بە نێوەندگیری ئیمارات بووە، ئەمەش دوای ئەوەبووە دیمەشق هەڵوێستى گۆراوە بەرامبەر بە ئیسرائیل و ڕایگەیاند سوریا 'مەترسی نییە بۆ سەر ئیسرائیل'. ئیسرائیل کە لە دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدەوە رووبەرێکی فراوانتری سووریای داگیرکردووە، دەڵێت، دەیەوێت پێکهاتەی دروز بپارێزێت. رۆژی چوارشەممە 07-05-2025 ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە پاریس پێشوازی لە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا کرد. ئەحمەد شەرع گوتی: "سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەم دواییانەی ئیسرائیل دەکەین؛ ئیسرائیل بە بیانووی پاراستنی پێکهاتەکان هێرش دەکات." سەرۆکی سووریا ئاشکرای کرد کە گفتوگۆی ناڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە و چەند نێوەنگیرێکیشیان لە نێواندایە، "ئەوەش بۆ ئارامکردنەوەی دۆخەکە بۆ ئەوەی نەگاتە خاڵێک کە لە کۆنترۆڵی هەردوولا دەربچێت." ئەمە یەکەم سەردانی ئەورووپا بوو بۆ شەرع. ماکرۆن گوتی: "فەرەنسا پشتیوانیی لابردنی قۆناخ بە قۆناخی سزاکانی سەر سووریا دەکات و هانی ئەمریکاش دەدات هەمان شت پەیڕەو بکات."
دوای دوو کۆنفرانسی جیا و سەرنەگرتنی هیچیان بە هۆکاری جیا، بەرپرسێک لە بزووتنەوەی گۆڕان لە گەڕەکی کوردسات دەڵێت، وادەیەکی نوێ بۆ کۆنفرانس دیاریکراوە لەم مانگەدا. ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیش لە گردی زەرگەتە بۆ بەشداربوونیان هەڵوێستی ئەو ئاراستەیە دەخاتەڕوو. دوای ناکۆکییە نێوخۆییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان، 5ـی نیسانی ئەم ساڵ، ئاراستەی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەکە کۆنفرانسی گشتیی بەڕێوەبرد، بەڵام دوای کۆنفرانسەکە رایگەیاند، "بە دەستوەردانی حیزبی، کۆمیسیۆن بەشداریی نەکردووە". ئاراستەکەی دیکەی بزووتنەوەی گۆڕان کە بە "باڵی کوردسات"یش ناودەبرێن، 26ـی نیسان کۆنفرانسێکیان بەڕێوەبرد و کۆمیسیۆنیش ئامادە بوو، بەڵام بە گوێرەی یاساکانی کۆمیسیۆن، ژمارەی پێویستی ئەندامانی بزووتنەوەکە ئامادە نەبوو، بۆیە هەڵگیرا بۆ کاتێکی دیکە. كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، وادەیەكی نوێ بۆ بەستنی كۆنفرانسی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕان دیاری دەكات و ئەمجارە نیساب بەگوێرەی زۆرینەی رەهای ژمارەی ئامادەبووانی كۆنفرانسەكە دەبێت. دوای ئەوەی رۆژی 26ی مانگی رابردوو بزوتنەوەی گۆڕان نەیتوانی نیسابی یاسایی تەواوبكات بۆ بەستنی كۆنفرانسی نیشتمانی، لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراقەوە كۆنفرانسەكە هەڵوەشێندرایەوەو بڕیاردرا وادەیەكی دیكە بۆ بەستنی كۆفرانسەكە دیاری بكرێت. ئەنجومەنی كۆمسیاران لە كۆبوونەوەی رۆژی 7ی ئەم مانگە، بڕیاریدا رۆژی 24-5-2025 وەك وادەی نوێ بۆ بەستنی كۆنفرانسی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕان دیاری بكات. لە بڕیارەكەی ئەنجومەنی كۆمسیاراندا هاتووە، تەواوبوونی نیسابی كۆنفرانسەكە بەپێی ژمارەی ئامادەبووان دەبێت و بڕیارەكانیش بە زۆرینەی رەهای ئامادەبووانی كۆنفرانسەكە پەسەند دەكرێت.
حەمید واحیدی فەرماندەی هێزی ئاسمانی ئێران ڕایگەیاند، سەرجەم فڕۆکە جەنگییەکان بە تەقەمەنی و ئامێر و مووشەکی دوور مەودای بەرهەمهێنراوی ناوخۆیی تەیارو ئامادەکراون. ئەو بەرپرسەى سوپاى ئێران ڕۆژی پێنجشەممە لە میانەی ڕێوڕەسمی ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی یەکەمین فڕینی تاکەکەسی لەلایەن فڕۆکەوانەکانەوە، وتى: هێزە چەکدارەکانی ئێران بە هەموو توانایانەوە بەرگری لە وڵات دەکەن. ناوبراو هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی بە قۆناغێکی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕێت، ئاماژەی بەوەشکرد کە پێویستی بە ئەفسەرێکە کە خاوەنی هەم پابەندبوون و هەم پسپۆڕی بێت. ئەو وتیشی: زانست لە جیهاندا بە خێرایی ڕووناکی دەجوڵێت و نابێت لە دواوە بین. ئەمەش لە کاتێکدایە کە دانوستانە بەردەوامەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی، لە کاتێکدا هەڕەشەی ئەگەری لێدان لە ئەگەری شکستی دانوستانەکان دەکرێت. لەلایەکى دیکەوە یسڕائیل کاتس وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشداریی دایە ئێران لە بەردەوامی پاڵپشتیکردن بۆ حوسییەکان لە رووی دارایی و چەکەوە و دەڵێت؛ “سەردەمی بریکارەکان” کۆتایی هاتووە و “بەرەی خراپەکاری”ش داڕماوە. کاتس دەشڵێت، “من سەرکردایەتی ئێران ئاگاداردەکەمەوە، کە كۆتایی بهێنن لە پشتیوانیی حوسییەکان و بە پارە و چەک و ئاڕاستەیان مەكەن”. ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ئەوەی ئێمە بەرامبەر حزبوڵا و حەماس و ئەسەد و حوسییەکان كردمان، بە تارانیشی دەیکەین، بۆیە دەبێت ئاگاداربن. هەروەها گوتی: گورزی توندتریش لە حوسییەكان دەدەین، بەتایبەت ئەگەر بەردەوامبن لە هێرشەکانیان بۆ سەر ئێمە، سوپای ئیسرائیلیش ئامادەیە بۆ هەر ئەرکێک. ماوەیەكە ئیسرائیل دەستی بەهێرش بۆ سەر حوسییەكان لە یەمەن كردووە، ئەوەش بەهۆی هێرشی ناوە ناوەی ئەو گرووپە بۆ سەر ناوچە جیاوازەكانی ئیسرائیل لەدوای دەستپێكردنی شەڕی غەزەوە لە ئۆكتۆبەری 2023.
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەغداد پارەی مووچەی هەرێمی کوردستان کەمدەکاتەوە و بۆ مووچەی مانگی چوار 700 ملیار دینار دەنێرێت. ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی ڕاگەیاند، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق پەیامی بۆ ناردوون و گوتوویەتی، “هەرێمی کوردستان پابەندی رادەستکردنی تەواوی داهاتی نانەوتی نەبووە، کە دەبوو مانگانە 90 ملیار دینار بنێرێت، بەڵام جگە لە مانگی یەک کە نزیکەی 52 ملیار دیناری ناردووە، مانگەکانی دوو و سێ کەمتر لە 50 ملیاری رادەستی بەغداد کردووە.” وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئەمساڵ سێ جار داهاتی نانەوتی رادەستی حکومەتی فیدڕاڵ کردووە و بۆ مانگی یەکی ئەمساڵ نزیکەی 52 ملیار دیناری رەوانەی بەغداد کرد، بۆ مانگی دووش بڕی رادەستکراوی داهاتی نانەوتی 48 ملیار و 722 ملیۆن و لە مانگی سێ 48 ملیار و 205 ملیۆن دینار بوو. بەرپرسەکەی وەزارەتی دارایی دەڵێت، تەیف سامی داوایکردووە، دەبێت هەرێمی کوردستان بە زوویی 50 ملیار دیناری دیکەی داهاتی نانەوتی بۆ بەغداد بنێرێت، لە بەرامبەدا 750 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرجدەکات، بەمجۆرەش دەبێت ئەو 200 ملیار دینارەی کورتهێنان هەیە لە داهاتی ناوخۆ پڕبکرێتەوە. بەگوێرەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پێویستی بە زیاتر لە 957 ملیار دینارە. بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو بەرپرسە، چارەسەری کێشەی مووچەی هەرێمی کوردستان پێویستی بە بڕیاری سیاسییە، ئەگەرنا هیچ چارەسەرێکی دیکە نییە و بەمجۆرەش مووچەی مانگی چوار مەترسی لەسەر دەبێت.
