رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، تەواوی بەربەستەکانی پرۆسەی ئاشتییان تێپەڕاندووە، ئەمڕۆ و سبەی پەکەکە چەک دادەنێت و خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە. ئەردۆغان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی پارتەکەی لە حکومەت و پەرلەمان گوتی، قۆناغێکی نوێ لە تورکیا بۆ هەمووان دەستپێدەکات، ئەرکێکی گرنگ دەکەوێتە سەرشانی سیاسییەکان. هەروەها داوایکرد لەم قۆناغەدا بە چاوکراوەییەوە مامەڵە بکەن، لەبەرئەوەی هەندێک لایەنی سیاسی هەوڵدەدەن دۆخەکە بقۆزنەوە. هەر لەو کۆبوونەوەیەدا ئەردۆغان بە وەزیر و پەرلەمانتاری ئاک پارتی گوت، قۆناغێکی ئاسان چاوەڕێمان ناکات، بەڵام متمانەم بە ئێوە هەیە. ئەردۆغان هۆشداری لە بەڕێوەبردنی پرۆسەکە بە بەرپرسانی حیزبەکەی داوە و گوتوویێتی: "کارێکی مەزنتان دەکەوێتە ئەستۆ. دەکرێ کەسانێک بیانەوێت لەڕووی سیاسییەوە ئەم بابەتە بقۆزنەوە، هەر بۆیە دەبێت ئامادە بین. پرۆسەیەکی ئاسان چاوەڕێی ئێمە ناکات. لەم بابەتەدا متمانەم بە ئێوە هەیە". رۆژی 01-10-2024 دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لە پەرلەمان چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارتە کرد.   رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەو هەنگاوەی باخچەلی بە "پەنجەرەی هیوا" ناوبرد و ئومێدی خواست، ئەو دەرفەتە نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی کەسی.   باخچەلی دواتر داوای لە دەم پارتی کرد لەگەڵ ئۆجەلان دیدار ساز بکەن. شاندێک کە لەلایەن دەم پارتییەوە پێکهێنرا دیداری لەگەڵ ئۆجەلان سازکرد و لەگەڵ پارتە سیاسییەکان کۆبووەوە. ئەو شاندە سەردانی هەرێمی کوردستانیش کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا کۆبووەوە.    پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رۆژی 1ی ئاداری 2025 ئاگربەستی راگەیاند. ئەوەش لە دوای بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دێت کە رۆژی 27ی شوبات بە ناونیشانی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی" بڵاوکرایەوە و داوای چەک دانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد. 

رۆژنامەى هارتسى ئیسرائیل، بەپشت بەستن بەچەند سەرچاوەیەک ئاشکرایدەکات، مانگى ڕابردوو کەسایەتییەکی دیاری بەرگری سوریا لەگەڵ بەرپرسانی بەرگری لە ئیسرائیل کۆبونەتەوە. بەوتەى ڕۆژنامەکە کۆبوونەوەکە بە نهێنیی بووەو بەشێوەى ڕاستەوخۆ دانیشتنەکانى سوریا و ئیسرائیل چەند ڕۆژێک لە ناوخۆی ئیسرائیلدا بەردەوام بووە. ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات ئەو شاندە سوورییەی کە سەردانی ئیسرائیلیان کرد، بەرپرسانی پارێزگای قنیترەی سوریایان لەگەڵدابووە. رۆژنامەکە ئەوەشى خستوەتەڕوو بەرپرسانی سوریا لە مانگی نیساندا سەردانی ئیسرائیلیان کردووە، بە کردنەوەی لینکێکى ڕاستەوخۆ بە نێوەندگیری ئیمارات بووە، ئەمەش دوای ئەوەبووە دیمەشق هەڵوێستى گۆراوە بەرامبەر بە ئیسرائیل و ڕایگەیاند سوریا 'مەترسی نییە بۆ سەر ئیسرائیل'. ئیسرائیل کە لە دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدەوە رووبەرێکی فراوانتری سووریای داگیرکردووە، دەڵێت، دەیەوێت پێکهاتەی دروز بپارێزێت.   رۆژی چوارشەممە 07-05-2025 ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە پاریس پێشوازی لە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا کرد. ئەحمەد شەرع گوتی: "سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەم دواییانەی ئیسرائیل دەکەین؛ ئیسرائیل بە بیانووی پاراستنی پێکهاتەکان هێرش دەکات."   سەرۆکی سووریا ئاشکرای کرد کە گفتوگۆی ناڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە و چەند نێوەنگیرێکیشیان لە نێواندایە، "ئەوەش بۆ ئارامکردنەوەی دۆخەکە بۆ ئەوەی نەگاتە خاڵێک کە لە کۆنترۆڵی هەردوولا دەربچێت."   ئەمە یەکەم سەردانی ئەورووپا بوو بۆ شەرع. ماکرۆن گوتی: "فەرەنسا پشتیوانیی لابردنی قۆناخ بە قۆناخی سزاکانی سەر سووریا دەکات و هانی ئەمریکاش دەدات هەمان شت پەیڕەو بکات."

دوای دوو کۆنفرانسی جیا و سەرنەگرتنی هیچیان بە هۆکاری جیا، بەرپرسێک لە بزووتنەوەی گۆڕان لە گەڕەکی کوردسات دەڵێت، وادەیەکی نوێ بۆ کۆنفرانس دیاریکراوە لەم مانگەدا. ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیش لە گردی زەرگەتە بۆ بەشداربوونیان هەڵوێستی ئەو ئاراستەیە دەخاتەڕوو.   دوای ناکۆکییە نێوخۆییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان، 5ـی نیسانی ئەم ساڵ، ئاراستەی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەکە کۆنفرانسی گشتیی بەڕێوەبرد، بەڵام دوای کۆنفرانسەکە رایگەیاند، "بە دەستوەردانی حیزبی، کۆمیسیۆن بەشداریی نەکردووە".   ئاراستەکەی دیکەی بزووتنەوەی گۆڕان کە بە "باڵی کوردسات"یش ناودەبرێن، 26ـی نیسان کۆنفرانسێکیان بەڕێوەبرد و کۆمیسیۆنیش ئامادە بوو، بەڵام بە گوێرەی یاساکانی کۆمیسیۆن، ژمارەی پێویستی ئەندامانی بزووتنەوەکە ئامادە نەبوو، بۆیە هەڵگیرا بۆ کاتێکی دیکە. كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، وادەیەكی نوێ بۆ بەستنی كۆنفرانسی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕان دیاری دەكات و ئەمجارە نیساب بەگوێرەی زۆرینەی رەهای ژمارەی ئامادەبووانی كۆنفرانسەكە دەبێت. دوای ئەوەی رۆژی 26ی مانگی رابردوو بزوتنەوەی گۆڕان نەیتوانی نیسابی یاسایی تەواوبكات بۆ بەستنی كۆنفرانسی نیشتمانی، لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراقەوە كۆنفرانسەكە هەڵوەشێندرایەوەو بڕیاردرا وادەیەكی دیكە بۆ بەستنی كۆفرانسەكە دیاری بكرێت. ئەنجومەنی كۆمسیاران لە كۆبوونەوەی رۆژی 7ی ئەم مانگە، بڕیاریدا رۆژی 24-5-2025 وەك وادەی نوێ بۆ بەستنی كۆنفرانسی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕان دیاری بكات. لە بڕیارەكەی ئەنجومەنی كۆمسیاراندا هاتووە، تەواوبوونی نیسابی كۆنفرانسەكە بەپێی ژمارەی ئامادەبووان دەبێت و بڕیارەكانیش بە زۆرینەی رەهای ئامادەبووانی كۆنفرانسەكە پەسەند دەكرێت.

حەمید واحیدی فەرماندەی هێزی ئاسمانی ئێران ڕایگەیاند، سەرجەم فڕۆکە جەنگییەکان بە تەقەمەنی و ئامێر و مووشەکی دوور مەودای بەرهەمهێنراوی ناوخۆیی تەیارو ئامادەکراون. ئەو بەرپرسەى سوپاى ئێران ڕۆژی پێنجشەممە لە میانەی ڕێوڕەسمی ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی یەکەمین فڕینی تاکەکەسی لەلایەن فڕۆکەوانەکانەوە، وتى: هێزە چەکدارەکانی ئێران بە هەموو توانایانەوە بەرگری لە وڵات دەکەن. ناوبراو هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی بە قۆناغێکی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕێت، ئاماژەی بەوەشکرد کە پێویستی بە ئەفسەرێکە کە خاوەنی هەم پابەندبوون و هەم پسپۆڕی بێت. ئەو وتیشی: زانست لە جیهاندا بە خێرایی ڕووناکی دەجوڵێت و نابێت لە دواوە بین. ئەمەش لە کاتێکدایە کە دانوستانە بەردەوامەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی، لە کاتێکدا هەڕەشەی ئەگەری لێدان لە ئەگەری شکستی دانوستانەکان دەکرێت. لەلایەکى دیکەوە یسڕائیل کاتس وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشداریی دایە ئێران لە بەردەوامی پاڵپشتیکردن بۆ حوسییەکان لە رووی دارایی و چەکەوە و دەڵێت؛ “سەردەمی بریکارەکان” کۆتایی هاتووە و “بەرەی خراپەکاری”ش داڕماوە. کاتس دەشڵێت، “من سەرکردایەتی ئێران ئاگاداردەکەمەوە، کە كۆتایی بهێنن لە پشتیوانیی حوسییەکان و بە پارە و چەک و ئاڕاستەیان مەكەن”. ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ئەوەی ئێمە بەرامبەر حزبوڵا و حەماس و ئەسەد و حوسییەکان كردمان، بە تارانیشی دەیکەین، بۆیە دەبێت ئاگاداربن. هەروەها گوتی: گورزی توندتریش لە حوسییەكان دەدەین، بەتایبەت ئەگەر بەردەوامبن لە هێرشەکانیان بۆ سەر ئێمە، سوپای ئیسرائیلیش ئامادەیە بۆ هەر ئەرکێک. ماوەیەكە ئیسرائیل دەستی بەهێرش بۆ سەر حوسییەكان لە یەمەن كردووە، ئەوەش بەهۆی هێرشی ناوە ناوەی ئەو گرووپە بۆ سەر ناوچە جیاوازەكانی ئیسرائیل لەدوای دەستپێكردنی شەڕی غەزەوە لە ئۆكتۆبەری 2023.

  بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەغداد پارەی مووچەی هەرێمی کوردستان کەمدەکاتەوە و بۆ مووچەی مانگی چوار 700 ملیار دینار دەنێرێت. ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی ڕاگەیاند، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق پەیامی بۆ ناردوون و گوتوویەتی، “هەرێمی کوردستان پابەندی رادەستکردنی تەواوی داهاتی نانەوتی نەبووە، کە دەبوو مانگانە 90 ملیار دینار بنێرێت، بەڵام جگە لە مانگی یەک کە نزیکەی 52 ملیار دیناری ناردووە، مانگەکانی دوو و سێ  کەمتر لە 50 ملیاری رادەستی بەغداد کردووە.” وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئەمساڵ سێ جار داهاتی نانەوتی رادەستی حکومەتی فیدڕاڵ کردووە و بۆ مانگی یەکی ئەمساڵ نزیکەی 52 ملیار دیناری رەوانەی بەغداد کرد، بۆ مانگی دووش بڕی رادەستکراوی داهاتی نانەوتی 48 ملیار و 722 ملیۆن و لە مانگی سێ 48 ملیار و 205 ملیۆن دینار بوو. بەرپرسەکەی وەزارەتی دارایی دەڵێت، تەیف سامی داوایکردووە، دەبێت هەرێمی کوردستان بە زوویی 50 ملیار دیناری دیکەی داهاتی نانەوتی بۆ بەغداد بنێرێت، لە بەرامبەدا 750 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرجدەکات، بەمجۆرەش دەبێت ئەو 200 ملیار دینارەی کورتهێنان هەیە لە داهاتی ناوخۆ پڕبکرێتەوە. بەگوێرەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پێویستی بە زیاتر لە 957 ملیار دینارە. بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو بەرپرسە، چارەسەری کێشەی مووچەی هەرێمی کوردستان پێویستی بە بڕیاری سیاسییە، ئەگەرنا هیچ چارەسەرێکی دیکە نییە و بەمجۆرەش مووچەی مانگی چوار مەترسی لەسەر دەبێت.

  دوابەدوای دەستگیرکردنی ئێرانییەکان لە بەریتانیا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی دژە تیرۆر، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە کە گوایە وڵاتەکەی لە پیلانێک بۆ بەئامانجگرتنی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە لەندەن. ناوبراو ڕۆژی پێنجشەممە لە ڕێگەی پلاتفۆرمی ئێکسەوە وتی: ئێران بە توندی ڕەتیدەکاتەوە هەر جۆرە تێوەگلانێک لەم جۆرە کارانەدا. وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت لە بارەی پیلانی هێرش بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە لەندەن لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسییە فەرمییەکانەوە لە هیچ تۆمەتێک ئاگادارنەکراینەوە. عەباس عێراقچى وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەوەش دەخاتە ڕوو بڵاوبوونەوەی ئەم راپۆرت و دەنگۆیانە لەم كاتەدا گومانەکان دروست دەکات، هاوكاری هەر لێكۆڵینەوەیەك دەكەین كە بەریتانیا لەو بارەوە ئەنجامی بدات. رۆژی یەکشەممە، 4ـی ئایاری 2025، لە دوو ئۆپەراسیۆنی پۆلیس و دژەتیرۆری بەریتانیادا 8 کەس بەتۆمەتی "پیلانی هێرشی تیرۆریستی لەنێو بەریتانیا" دەستگیر کران.   پۆلیسی بەریتانیا رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنی یەکەمدا پێنج گومانلێکراو دەستگیرکران کە چواریان ئێرانی بوون؛ لە ئۆپەراسیۆنی دووەمیشدا سێ ئێرانی دەستگیر کران.   بەگوێرەی زانیارییەکانی پۆلیس، دەستگیرکراوەکان تەمەنیان لەنێوان 29 بۆ 55 ساڵە؛ ئۆپەراسیۆنەکانیش لە شارەکانی لەندەن، مانچستەر و سویندن بوون.

  کۆمپانیاى دانەگازى ئیماراتى دەستپێکردنى قۆناغی یەکەمی پرۆژەى پەرەپێدانى کێڵگەی غازى چەمچەماڵى دەستپێکرد، کە کە یەکێکە لە گەورەترین کێڵگە غازییەکان لەسەر ئاستى عێراق و چاوەڕواندەکرێت بڕى بەرهەمهێنان لەو کێڵگەیە بگەیەنێتە 75 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا. بەپێی راپۆرتێکى کۆمپانیاکە کە رۆژى پێنج شەممە بڵاویکردەوە بودجەى پەرەپێدانى کێڵگەکە بڕەکەى 160 ملیۆن دۆلارە بۆ هەڵکەندنى سێ بیرى نوێ لە کێڵگەکە، بە ئامانجى ئەوەى ئاستى بەرهەمهێنان تا نیوەى دووەمى ساڵى داهاتوو لەو کێڵگەیە بگەیەنێتە 75 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا. سەبارەت بە داهاتەکانی، دانەگاز دەڵێت، لە 3 مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا 91 ملیۆن دۆلار داهاتیان هەبووە، بەڵام لە سێ مانی یەکەمی پار 97 ملیۆن دۆلار بووە. هۆکارەکەشی بۆ کەمبوونەوەی قەبارەی بەرهەمهێنانی گاز و نرخی گاز لە میسر گەڕاندووەتەوە.   جگە لە هەرێمی کوردستان، کۆمپانیای دانەگاز لە میسریش گاز بەرهەم دەهێنێت.   دانەگاز دەڵێت، ئاستی بەرهەمهێنانی گاز لە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵدا لە هەرێمی کوردستان بەهێزە. پێشتریش رایانگەیاندبوو، کۆی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکە لەکاتی دەستپێکردنی کارەکانیان لە هەرێمی کوردستان لە مانگی 3 لە کێڵگەی کۆرمۆر 500 ملیۆن بەرمیل هاوتای نەوتی تێپەڕاند.   ئاستی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە کێڵگەی کۆرمۆر گەیشتووەتە 525 ملیۆن پێی سێجا کە بەراورد بە ساڵی 2017، 75٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.   بەپێی کۆمپانیاکە، لە مانگی نیسان دا ئاستی بەرهەمهێنانیان لە کێڵگەی کۆرمۆر کەمکردووەتەوە بۆ ئەوەی پرۆسەی چاککردنەوە جێبەجێبکەن کە پێویستە بۆ بەردەوامی بەرهەمهێنان لە درێژخایەندا.   دانەگاز دەڵێت، پرۆژەی پەرەپێدانی کێڵگەی گازی کۆرمۆر کە بە KM250 ناسراوە پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە و پێشبینی دەکرێت یەکەم بڕە گازی ئەو پرۆژەیە لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2026دا بەرهەم بێت.   بەپێی دانەگاز، دوای ئەوەی ئەو پڕۆژەیە تەواوکرا، ئاستی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەکە 50٪ بەرز دەکاتەوە.   جگە لە زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی گاز، پڕۆژەکە دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی گازی شلی کۆندێنسەیت بەبڕی رۆژانە 7 هەزار بەرمیل. هەروەها رۆژانە 460 تۆن گازی شلکراوی LPG یش زیاد دەکات.

  لەشەوى ڕابردووەوە ئەکاونتی ئێکسی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو بلۆک کراوە، ناوبراو زیاتر لەدوومانگە دەستگیرکراوەو لە پۆستەکەی وەک سەرۆکی شارەوانیی گەورەی ئەستەنبوڵ دوورخراوەتەوە. ئەوکەسانەی دەچنە ناو ئەکاونتی @ekrem_imamoglu ی İmamoglu کە نزیکەی 10 ملیۆن فۆڵۆوەری هەیە، بەزمانى تورکیی پەیامێک دەبینن کە بەپێی داواکاری یاسایی ئەکاونتەکە بلۆک کراوە. ئەکاونتەکانی سۆشیال میدیا زۆرجار بە ناوی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو کە لە زیندانی مەڕمەڕە لە سیلیڤری دەستبەسەرە، پەیامیان بڵاودەکردەوە. لاپەڕەی ئیمامۆغڵو نزیکەی 10 ملیۆن شوێنکەوتووی هەیە و سنووردارکردنی کاردانەوەی بەربڵاوی لە سۆشیال میدیا بەدوای خۆیدا هێناوە، زۆرێک لە هاووڵاتیان و چالاکانی سیاسی بە کردەوەیەکی دژ بە ئازادیی رادەربڕین ناوی دەبەن. ئیمامۆغڵو دوای ئەوەی دەستگیرکرا و گواسترایەوە بۆ زیندانی سیلیڤری، بووەتە هێمای ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی تورکیا و لەڕێی لاپەڕەی ئێکسەوە پەیامی پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکان بڵاودەکردەوە. چەند ڕۆژى ڕابردووش زانکۆی ئیستانبوڵ کە بە پاساوی یەکسانکردنی کۆنمرەی خوێندن بە شێوەیەکی نایاسایی بڕوانامەی زانکۆ'ی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی لەکارلادراوی شارەوانیی گەورەشاری ئیستانبوڵی هەڵوەشاندەوە، زانیارییەکانی لەسەر بڕوانامەی ناوبراو سڕییەوە و بەم جۆرەش بڕوانامەی زانکۆ لە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەندرایەوە و وەک دەرچووی ئامادەیی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. ڕۆژنامەی سەباح'ی نزیک لە ئاک پارتیی دەسەڵاتدار بڵاوی کردووەتەوە ئەم بڕیارەی ئەمڕۆ سێشەممە شەشی ئایاری 2025 دوای ئەوە دێت، بە هۆی یەکسانکردنی کۆنمرەی خوێندن بە شێوەیەکی نایاسایی لە 18ی ئادارەوە بڕوانامەی زانکۆ'ی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە لایەن دەستەی سەرۆکایەتیی زانکۆی ئیستانبوڵ هەڵوەشێندراوەتەوە. سەرنجیش خراوەتە سەر ئەوەی کە لەگەڵ ئەکرەم ئیمامئۆغڵو بە هەمان پاساو بڕوانامەی 28 کەسی دیکەیش هەڵوەشێندراوەتەوە و زانیارییەکان لەسەر بڕوانامەی نۆ لەوانیش سڕدراوەتەوە.

  پاسەوانی سنوور لە شارباژێڕی سنووری سلێمانی، سەرلەبەیانى ئەمڕۆ پێنجشەممە  تەقەیان لە باوک و کوڕێک کرد، کوڕەکە گیانی لە دەستداوە و باوکەکەش بریندارە. بەوتەى کەسوکارى ئەو کوڕو باوکە رووداوەکە کاتژمێر 5:30ـی خولەکی بەیانی بووە،  باوکێک و کوڕەکەی بە ناوەکانی ئاوات ئیسماعیل و ئارێز ئاوات ئیسماعیل لەلایەن پاسەوانی سنوورەوە تەقەیان لێکرا.   یەکێک لە کەسوکارەکانى ئەو پیاوە دەڵێت لەکاتى گواستنەوەى بارێکدا پاسەوانى سنور تەقەیان کردووە، لەکاتێکدا باری فەرمیان پێبووە ئەو باوک و کوڕە و ویستوویانە بیبەنە ئێران، بارەکەش گومرگ کراوە و ئاسایش ئاگادارەو بەقاچاخ نەبراوە، بەڵام لە گوندی سوورەبان، لە سنووری شارباژێر تەقەیان لێکراوە، بە هۆیەوە کوڕەکە کوژراوە و باوکەکەشی بریندار بووە."   بەپێى زانیاریەکان لەلایەن ئاسایشەوە ئەو دووکەسەى کە تەقەیان کردووە دەستبەسەر کراون، پاسەوانی سنوورن.   ئەو بنەماڵەیە خەڵکی گوندی کانی گوێزن. باوکەکە لە دایکبووی 1982ـە و دوای بریندارکردنی گەیێندراوەتە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی، کوڕەکەشی کە تەمەنی 17 ساڵە، تەرمەکەی براوەتە دادپزیشکیی سلێمانی.   تۆمەتبار سەرەتا لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیرکرا، دواتر رادەستی پۆلیس کراوەو ئێستا پۆلیسی سلێمانی پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکە کردووەتەوە.

یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەڕەشەی لە حووسییەکانی یەمەن کرد و دەڵێت: ئەگەر بەردەوام بن لە هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل، ئەوا گورزی توندیان لە حووسییەکان دەدەین. وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ـی ئایاری 2025، هۆشداریدا لە پشتیوانی ئێران بۆ حووسییەکان لە بواری دارایی و پڕچەککردن. گوتی: من سەرکردایەتی ئێران ئاگادار دەکەمەوە کە پارە و چەک بۆحووسییەکان ئاڕاستە دەکەن، ئەوەی بەرامبەر حووسییەکان کردمان بەرامبەر ئێرانیش دەیکەین. دەشڵێت: سەردەمی بریکاری کۆتایی هاتووە، ئێستا بەرەی خراپەکاری داڕماوە. وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "ئەوەی ئیسرائیل بەرامبەر حووسییەکانی کردی، بە ئێرانیش دەیکات." بە ئاماژەدان بەو لێدانانەی دوو ڕۆژ لەمەوبەر لە دژی شوێنەکانی حووسییەکان لە یەمەن دەستی پێ کرد. هەروەها جەختی لەوە کردەوە ئیسرائیل توانای بەرگریی لەخۆی هەیە، بە هێزەکانی خۆی بەرامبەر بە هەر هەڕەشەیەک و هەر دوژمنێک دەوەستێتەوە بەبێ دوودڵی ڕووبەڕووی دەبێتەوە. بۆ ئەو مەبەستەش ئاماژەی بەوەدا "ئەوەی ئێمە لە بەیروت بەرامبەر حزبوڵلا، حەماس لە غەززە، ئەسەد لە دیمەشق و حووسییەکان لە یەمەنمان کرد - لە تارانیش دەیکەین." لە بەرامبەردا بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دووپاتی کردەوە "وڵاتەکەی ئیسرائیل توانای بەرگریکردن لە خۆی هەیە." بە ئاماژەدان بەو ڕێککەوتنەی ئەمەریکا و حووسییەکان لە ڕێگەی سەڵتەنەتی عومانەوە. بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان، سێشەممەی ڕابردوو ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان حووسییەکان و ئەمەریکای ڕاگەیاند و گوتی "هیچ لایەنێک هێرش ناکاتە سەر لایەنەکەی دیکە، لەنێویاندا کەشتییە ئەمەریکییەکان لە دەریای سوور و گەرووی باب ئەلمەندەب". بەڵام سەرکردەکانی حووسییەکان ئەو ڕێککەوتنەیان بە درۆ خستەوە و دەڵێن، هیچ ڕیککەوتنێک نەکراوە و دوورە لە ڕاستییەوە.

  کەمێک لەمەوبەر محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەرەو ئەنقەرەى پایتەختى تورکیا بەڕێ کەوت، سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا دەڵێت، سوودانی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆدەبێتەوە.  ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ـی ئایاری 2025، لە ڕاگەیەندراوێکدا نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند "محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەرەو ئەنقەرە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی باڵای عێراق و تورکیا بۆ هاوکاریی ستراتیجی بەڕێ کەوت." ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە حەوتی ئایاری 2025، فەخرەدین ئاڵتوون، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەر بە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، سبەی پێنجشەممە هەشتی ئایار، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای وڵاتەکەی بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە ئەنقەرە.    فەخرەدین ئاڵتوون رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە کۆشکی بێشتەپەی سەرۆکایەتی لە ئەنقەرە لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا پێشوازی لە سوودانی و شاندە یاوەرییەکەی دەکات.  ڕۆژی دووشەممە، 5ـی ئایاری 2025، باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە ڕایگەیاند، شاندێکی فەرمی عێراقی گەیشتنە تورکیا وەک ئامادەکاریی بۆ ئیمزاکردنی یاداشتنامەی لێکگەیشتنی دوو قۆڵی. باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، سەردانی شاندەکە لە چوارچێوەی ئامادەکارییە بەردەوامەکاندایە بۆ سەردانەکەی ئەم هەفتەیەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ تورکیا. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، شاندەکە بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی بەشی وڵاتانی دراوسێ لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق 'محەممەد ڕەزا حوسێنی و نوێنەری ژمارەیەک وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی عێراقە، ئامانجی شاندەکە تەواوکردنی گفتوگۆ تەکنیکیەکانە لەسەر یاداشتەکانی لێکگەیشتن کە لەگەڵ تورکیا ئیمزا دەکرێت.  ڕوونیشیکردەوە، یاداشتەکان چەند بوارێکی گرنگ دەگرێتەوە، لەوانە ئەمنی، گواستنەوە، پلاندانان، پەروەردە، پەیوەندییەکان و پیشەسازی. ماجد لەجماوی باڵیۆزی عێراق لە ئەنقەرە ڕایگەیاند، سەردانەکەی محەممەد شیاع سوودانی لەسەردانەکەیدا بۆ تورکیا گفتوگۆ لەسەر چەند پرسێک دەکەن، لەوانە گەشەپێدان، وزە و بازرگانی. عەبدولقادر ئورال ئۆغڵو، وەزیری گواستنەوەی تورکیا پێشتر ڕایگەیاندبوو، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی تورکیا دەکات، هەروەها ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیاش لە نیوەی ئەمساڵدا سەردانی عێراق دەکات

  وەزیری بەرگریی پاکستان ڕایدەگەیەنێت لە هێرشی تۆڵەکردنەوەدا بۆ سەر هیندستان تەنها پێگەی سەربازیی بە ئامانج دەگرین نەک مەدەنی. لەشەوى ڕابردووەوە هیندستان و پاکستان لە لێواری ململانێیەکی فراوانتردان، دوای ئەوەی هیندستان هێرشەکانی بۆ سەر هەردوو پاکستان و کشمیر کە لەلایەن پاکستانەوە بەڕێوەدەبرێت دەستیپێکرد.  هیندستان ڕایگەیاند کە "ژێرخانی تیرۆریستی"ی کردووەتە ئامانج لە دوای کۆمەڵکوژییەکی گەشتیاری لە کشمیر کە لە ژێر کۆنترۆڵی هیندستاندایە لە مانگی ڕابردوودا. بەپێی نوێترین ئامار کە بەرپرسانی هیندستان و پاکستان بۆ میدیاکانیان ئاشکرا کردووە، نزیکەی 50 کوژراو لە هەردوولا بەهۆی پێکدادانەکانی شەوی رابردوو هەن و ژمارەی بریندارانیش نزیکەی 120 کەسن. ئەمڕۆ چوارشەممە 7ی ئایار عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان رایگەیاند، لە هێرشەکانی سوپای هیندستان بۆسەر وڵاتەکەی "26 هاووڵاتیی سڤیل" کوژراون و 46ی دیکەش بریندار بوون. ئاماژەی بەوەش کرد، ئیسلام ئاباد لە کات و شوێن و بە رێگەی تایبەتی خۆی وەڵامی نیودێلهی دەداتەوە. خواجە ئاسیف وەزیری بەرگری پاکستان وتی پاکستان تەنها ئامانجە سەربازییەکان لە هیندستان دەدات نەک ئامانجە مەدەنییەکان. ناوبراو لە چاوپێکەوتنێکدا لە کەناڵی هەواڵیی پاکستانی جیۆ نیوز کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بە لێدانی هیندستان وتی: ئێمە هەرگیز لەخەڵکی مەدەنی نادەین. "پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەبین، ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە نێودەوڵەتییە تەنها بۆ ئامانجە سەربازییەکان لەخۆدەگرێت." ئەحمەد شەریف، وتەبێژی سەربازی پاکستان ڕایگەیاند، کاتێک هیندستان هێرشەکەی بۆ سەر پاکستان و کشمیر کە لەلایەن پاکستانەوە بەڕێوەدەبرێت، بەکاتی ناوخۆیی دەستپێکرد، 57 گەشت لە ئاسماندا هەبوون. وتیشی: "ئەو کاتە چەندین گەشتی ئاسمانی هەبوون کە لە ئاسماندا بوون و ژیانی هەزاران سەرنشینی سەرنشینەکان کەوتە مەترسییەوە". ئەو ئاماژەی بەوەشکرد، گەشتەکان فڕۆکەکانی هێڵە ئاسمانییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئاسیایان لەخۆگرتووە. سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای لە هەردوو دەوڵەتی خاوەن چەکی ئەتۆمی کردووە، واز لە شەڕ بهێنن و گوتی: "جیهان توانای رووبەڕووبوونەوەی شەڕێکی سەربازی لە نێوان پاکستان و هیندستان نییە."   ئەنتۆنیۆ گوتێرێز دووپاتی کردەوە، نابێت هاووڵاتیی سڤیل بکەونە نێوان هەردوولا و دەبێت ناکۆکییەکان کۆتاییان بێت و پێویستە ئەم ئاڵۆزییە لە رێی دانوستاندنەوە چارەسەر بکرێت.

  ڕاپۆرتە میدیاییەکان ئاشکرایان کرد کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا داوای لە ئۆکرانیاو چەند وڵاتێکی دیکە کردووە، ئەو کۆچبەرانە وەربگرێت کە لە ئەمریکا دیپۆرت دەکرێنەوە. ئەم داواکارییە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ترەمپ دێت بۆ ڕاگرتنی قەیرانی کۆچبەران لە سنووری باشوور و ڕاستکردنەوەی ئەوەی کە بە شکستی ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا وەسفی کردووە، ئەوکەسانە دیپۆرت دەکرێنەوە پێشینەی تاوانکارییان هەیە. جگە لە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ چەند وڵاتێکی ئەمریکای لاتین بۆ وەرگرتنی دیپۆرتکراوی غەیرە هاوڵاتی، ئیدارەی ئەمریکا هەوڵی داوە ڕێکەوتن لەگەڵ وڵاتانی دیکە ئەنجام بدات. ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە ڕاپۆرتێکدا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە ئۆکرانیا لە ڕیزی ئەو وڵاتانەدایە کە سەرەتای ئەمساڵ داوایان لێکرا ژمارەیەکی دیارینەکراوی دیپۆرتکراوی ئەمریکا وەربگرێت. ئەو بەڵگەنامانەی ڕۆژنامەکە پێداچوونەوەی بۆ کردوون، نیشانیان نەداوە کە بەرپرسانی حکومەتی ئۆکرانیا چۆن وەڵامی ئەو پێشنیازەیان داوەتەوە، کە لە کۆتایی مانگی یەکدا لەلایەن دیپلۆماتکارێکی باڵای ئەمریکاوە گەیاندراوە. ڕۆژنامەکە بڵاویکردەوە، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لەلایەن دیپلۆماتکارێکی ئۆکرانیەوە ئاگادارکراوەتەوە کە وەڵامی فەرمی نایەتەوە تا هەڵوێستێک لەسەر ئەو پرسە نەگیرێتەبەر.  دوو بەرپرسی ئۆکراینی بە ڕۆژنامەکەیان ڕاگەیاندووە، ئەو پرسە نەگەیشتووەتە ئاستە بەرزەکانی حکومەتەکەیان. یەکێک لە بەرپرسەکان ڕایگەیاند کە ئاگاداری هیچ "داواکارییەکی سیاسی" نییە بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر ئۆکرانیا هەبێت بۆ ئەوەی دیپۆرتکراوان قبوڵ بکات. بەپێچەوانەی زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە ئەمریکا پەیوەندی پێوەکردوون، ئۆکرانیا لەو کاتەوەی ڕووسیا هێرشێکی بێ وێنەى لە مانگی شوباتی ٢٠٢٢ دەستپێکرد، لە دۆخێکی شەڕدا بووە، ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئۆکرانیا هیچ هاووڵاتییەکی وڵاتی سێیەمی لە ئەمریکاوە وەرنەگرتووە.

واشنتۆن بەنیازە حکومەتێکی کاتی لە غەززە بە سەرۆکایەتی بەرپرسێکی ئەمریکی پێکبهێنێت، ئەمەش بەپێى ڕاپۆرتێکى ئاژانسى ڕۆیتەرز ڕۆژی چوارشەممە بڵاویکردەوە. ڕۆیتەرز ئەوەشى زیادکردوە ئەمریکا لە چوارچێوەی ئیدارەی غەززە تەکنۆکراتە فەلەستینییەکان دادەمەزرێنێت. پێنج کەسی ئاگادار لە غەززە ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەمریکا و ئیسرائیل لە دوای جەنگەوە تاوتوێی ئەگەری سەرکردایەتیکردنی ئیدارەیەکی کاتی واشنتۆنیان لە غەززە کردووە. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، چەند ڕاوێژکارێک لەسەر ئاستی باڵا  کاربۆ پێکهێنانی حکومەتێکی ئینتقالی بە سەرۆکایەتیی بەرپرسێکی ئەمریکی دەکەن، ئەمەش بۆ سەرپەرشتیکردنی کەرتى غەززیە تا ئەو کاتەی ئەو کەرتە کارى چەک داماڵینی سەربازی بۆدەکرێت  سەقامگیری ئارامى دروستدەکرێت. ئەو پێنج سەرچاوەیە ڕوونیان کردەوە کە گفتوگۆکان کە تا ئێستاش سەرەتایین، ئاماژە بەوە دەکەن کە هیچ خشتەیەکی کاتی دیاریکراو بۆ ماوەی مانەوەی ئیدارەیەکی لەو شێوەیە بە سەرۆکایەتی ئەمریکا دانەنرێت، چونکە ئەوە بەندە بە بارودۆخەکەوە کەچی ڕودەدات لەداهاتوودا. پێشتریش ڕۆژی چوارشەممە، سەرچاوەکانی کەناڵى ئەلعەرەبییە ئاماژەیان بەوە کردبوو کە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا لەژێر فشاری ئەمریکادا پێشنیارێکی نوێ سەبارەت بە غەززە دادەڕێژرێت.  ئەو سەرچاوانە پشتڕاستیان کردەوە کە پێشنیازەکە بریتییە لە کردنەوەی ڕێڕەوی سەلامەت و دامەزراندنی خاڵە تایبەتەکان بۆ دابەشکردنی یارمەتییەکان لە غەززە. سەرچاوەکانی ئەلعەرەبییە بڵاویانکردەوە کە ناوبژیوانان بە دوای کۆتایی هێنان بە پێشنیازێکی نوێ لە بارەی غەززە بەر لە سەردانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا بۆ ناوچەکە. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ڕاوێژکارییەکان سەبارەت بە بەرپرسیارێتی ئەمریکا لە هاتنە ناوەوە و دابەشکردنی هاوکارییەکان بۆ غەززە لە ئارادایە، ئاماژەیان بەوەشکردووە، ناوبژیوانەکان ئەمریکایان ئاگادارکردووەتەوە لە ڕەتکردنەوەی ئیسرائیل کە بەرپرسیارە لە دابەشکردنی هاوکارییەکان. ئەمەش لە کاتێکدایە کە میسر و قەتەر لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕۆژی چوارشەممە هەوڵەکانی نێوەندگیرییان بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی مرۆیی لە کەرتی غەززە دووپاتکردەوە، بەپێی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز.

  ئەمڕۆ چوارشەممە پەرەسەندنی توندوتیژی نێوان هیندستان و پاکستان بەردەوام بوو، هەردوولا لە تۆپبارانەکانى ناوچە سنوورییەکانى نێوانیان بەردەوام بوون زیانی گیانییان بە یەک گەیاند. بەشێکى زۆر لە وڵاتانى جیهان، هۆشدارییاندا بەوەى ئەم گرژى و پەرەسەندنانە ئەگەر بەردەوام بێت مەترسیی گەورە دروست دەکات، بەتایبەتى بەهۆى ئەوەى هەردوو وڵات خاوەن چەکى ئەتۆمین. لێکۆڵینەوەیەکی پێشووتر، کە زانکۆی (Rutgers) لە ئەمەریکا بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە، شەڕی ئەتۆمی نێوان هیندستان و پاکستان لەماوەی چەند خولەکێکدا 100 ملیۆن کەس دەکوژێت. زانکۆکە لە لێکۆڵینەوەکەى جەختیکردووەتەوە، کە جگە لە گیانلەدەستدانى ئەو سەرچاوە گەورە مرۆییە، لەناوچوونی بەرفراوان و گەورە لە ژێرخانی ئابووری هەردوو وڵات روودەدات، ئەمە جگە لە سەرهەڵدانی ئاگرێکى گەورەى شەڕ لە ناوچەکەدا، ئەوەش دەبێت مەترسى گەورە بۆ سەر جیهان و گرانى روودەدات. لێکۆڵینەوەکە ئاشکرایکردووە، هیندستان خاوەنی نزیکەی 160 کڵاوەى ئەتۆمی و توانایەکى گەورەى مووشەکییە، لەوانەش مووشەکی بالیستیکی دوور مەودا، لە کاتێکدا پاکستان خاوەنی نزیکەی 165 کڵاوەى ئەتۆمییە، ئەمەش واتە هەر هێرشێک لە لایەکیانەوە، وەڵامدانەوە و شەڕى ئەتۆمی دەستبەجێ بە دواوە بێت. بە گوتەى شرۆڤەکاران مەترسیدارترین لایەن، ئەوەیە، هیچکام لە وڵاتان سیستەمی بەرگریی پێشکەوتووی مووشەکییان دڵنیاکەرەوەیان نییە و هەر ئاڵوگۆڕێکی هێرشی ئەتۆمی دەتوانێت کارەسات دروست بکات. شرۆڤەکان بە لەبەرچاوگرتنی ئەو گرژییەی ئێستا لە نێوان هەردوو وڵاتدا دەڵێت، ئەو گرژییانە تەنها پێویستی بە جوڵەیەکى هەڵە، یان پەرەسەندنێکی نەخوازراو هەیە بۆ ئەوەی ململانێی نێوان هەردوو دراوسێکە بگۆڕێت بۆ خراپترین کارەسات لە مێژووى مرۆڤایەتی لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە. پاکستان و هیندستان لە 22ـی نیسانەوە لە لێواری شەڕدان، ئەمەش دوای هێرشێک، کە لە شاری پەهالگام لەکشمیر ئەنجامدراو 26 کەس کوژران. هێرشەکە لەلایەن چەند گرووپێکى چەکدارییەوە ئەنجامدرا، هیندستان پاکستانى تۆمەتبارکرد بە پشتگیرى ئەو گرووپانە، بەڵام ئیسلام ئاباد رەتیکردەوە هیچ پەیوەندییەکى بە هێرشەکە و گرووپەکانەوە هەبێت. لەو کاتەوە رۆژ بە رۆژ گرژییەکانى نێوانیان زیادى کردووە و لە بەرەبەیانى ئەمڕۆ هیندستان هێرشى کردە سەر چەند ناوچەیەکى پاکستان و ئەویش وەڵامى دایەوە، بەو هۆیەوە نزیکەى سەد کەس بوونە قوربانى، کە زۆرینەیان مەدەنى بوون. ئەم گرژییانە دەنگى ناڕەزایی و نیگەرانى لە سەرانسەری جیهان لەسەر ئاستى باڵا دروست کرد و بەرپرسانى ئەو وڵاتانە داوایان کرد هەردوو وڵات دان بەخۆیاندا بگرن و گرژییەکان کەمبکەنەە. چین وەک یەکەم وڵاتى زلهێز “نیگەرانی” خۆی لە دووبارە پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەربڕی و روسیا داوای لە هیندستان و پاکستان کرد “دان بەخۆیاندا بگرن، بۆ ئەوەی گرژییەکان زیاتر نەبن”، جەختیشی لەوە کردەوە، کە هیوادارە “گرژییەکان بە ڕێگەی ئاشتیانە و دیپلۆماسی چارەسەر بکەن”. لای خۆیەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هیوای خواست، شەڕی نێوان هیندستان و پاکستان “زۆر بە خێرایی بوەستێت”. هەروەها مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ هاوتا هیندی و پاکستانییەکانی قسەی کرد و داوای کرد گفتوگۆ بکرێت بۆ “کەمکردنەوەی” دۆخی سەربازیی و هێورکردنەوەى گرژییەکان. هەروەها ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، جیهان بەرگەی یووبەڕووبوونەوەی سەربازی نێوان هیندستان و پاکستان ناگرێت و داوای لە “هەردوو وڵات کرد خۆیان لە پێکدادانى سەربازى بەدووربگرن”.