هاوڵاتی لەبارەی بڕیاری بەشدارینەکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنی پەرلەمان کۆمەڵی دادگەریی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. لە راگەیەندراوەکەی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان هاتووە "تایبەت بەپرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش، ئێمە لە كۆمەڵی دادگەریی كوردستان لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنداین لەو كاتەی كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دیاریكردووە و،  هیوادارین هیچ لەمپەرو ڕێگریەک نەخریتە بەردەم ئەنجام دانی پرۆسەكە". دەقی راگەیەندراوەکەی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان: حوكمڕانی خراپ و پڕ گەندەڵیی  و بێباكیی دەسەڵاتدارەكانی كارێكی كردووە كە ڕۆژ بە ڕۆژ قەیران و گرفتەكان زیاتر و مەینەتییەكانی خەڵكیش زۆرتردەبن. زیاتر لە هەفتەیەكە وەزارەتی دارایی فیدراڵ، پارەی پێویستی بۆ موچەی فەرمانبەران ناردووە، بەڵام بە بڕیارێكی چاوەڕوان نەکراولەلایەن حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێمەوە دەستی بەسەرداگیراوە، لەكاتێكدا دەتوانێت لەگەڵ داهاتی ناوخۆ موچەی هەموو موچەخۆرانی دابەشبكردایە. دەبوو ئەم دەسەڵاتە ئەوەندە هەستی بەرپرسیارێتی هەبوایە كە لەم مانگی ڕەمەزاندا دەستی بەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵكدا نەگرتایە كە تاكە سەرچاوەی ژیانی ئەو موچەیە یە. تایبەت بەپرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش، ئێمە لە كۆمەڵی دادگەریی كوردستان لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنداین لەو كاتەی كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دیاریكردووە و،  هیوادارین هیچ لەمپەرو ڕێگریەک نەخریتە بەردەم ئەنجام دانی پرۆسەكە. هەرجۆرە ئینكاریەک کە وەستان بێ لەبەردەم جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی دا هەرێمی كوردستان ڕوبەڕوی قەیرانی زیاتردەکاتەوە و دوورنیە چوارچێوە دەستوری و یاساییەکەی هەرێم لەدەست  بدەین. کۆمەڵی دادگەری کوردستان  ئەنجومەنی باڵا ۲٠۲٤/۳/۱۹

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی خەلیفان دەستگیرکردنی شەش تۆمەتباری راگەیاند کە فێڵیان لە هاوڵاتییان کردووە و هەژماری بانکییان بەناوی خەڵکەوە کردووەتەوە. لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی خەلیفان رایگەیاند "لە رێکەوتی 17/3/2024 لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی خەلیفان شەش کەس بە تۆمەتی فێلکردن لە هاوڵاتییان دەستگیرکراون، تۆمەتبارەکان لە ڕێگەی بەخشینی سیمکارتی (زین) و پێدانی بڕی 20 هەزار دینار بە هەرکەسێکی وەرگری سیمکارتەکە هەڵساون بە وێنەگرتنی کارتی نیشتیمانی و وێنەی کەسی هاوڵاتیyان، لەو رێگەیەوە هەژماری بانکی نهێنییان دروستکردووە و کە بەو هۆیەوە پارەیەکی زۆریان خستووەتە سەر ئەم  هەژمارە بانکییانە و بەرەو دەرەوەی وڵاتیان بردوون بەمەبەستی کڕینی دۆڵار بە نرخێکی کەمتر لە عێراق و دواتر هێنانەوە بۆ هەرێمی کوردستان بە ئامانجی فرۆشتنی بە نرخێکی زیاتر،بۆ ئەو مەبەستە پەڕاوی لێکۆلینەوەیان بۆ کراوەتەوە و رەوانەی دادگا کراون". ئاسایشی خەلیفان داوا لە هاوڵاتییان دەکات هۆشیاربن بەرامبەر ئەم جۆرە فێڵانە، چونکە لەوانەیە پێدانی کارتی نیشتیمانی و وێنەی خۆیان رەنگە بۆ چەندین کاری مەترسیدارتر بە کاربهێنرێت و ئەگەری هەیە لە داهاتوودا زیانێکی زۆر لەو خاوەن هەژمارە بانکیانە بدات و باج و رسوماتی بانکی بکەوێتە سەر.

هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەممە 19ی ئازاری 2024 حزبی رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی عەلی حەمە ساڵح لە شاری سلێمانی یەکەم کۆنگرەی خۆی بەست. بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی، لە کۆنگرەکەدا عەلی حەمە ساڵح کە بە سەرۆکی رەوتەکە هەڵبژێردراوە بەهۆی ئەوەی سەرجەم بەرنامەکانی گۆڕیوە و هەرچی دەسەڵاتی حزبەکەیە لەناو دەستی خۆیدا کۆیکردووەتەوە، هەتا لە هەڵبژاردنی کەسەکانیش ئەندامانی ستاندارد و کەسە نزیکەکانی د. یوسف محەمەدی پشتگوێ خستووە. هەربەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی، د. یوسف محەمەد هەر لەسەرەتاوە لەگەڵ بەستنی کۆنگرە نەبووە و بەشداریشی نەکردووە، هەروەها ئەمڕۆ لەکاتی کۆنگرەکەدا بەهار مەحمود و مەسعود عەبدولخالق و سەرجەم ئەندامانی ستاندارد لە کۆنگرەکە کشانەوە. دەستەی بەڕێوەبردنی رەوتەکە پێکهاتووە لە دکتۆر رێبوار کەریم مەحمود، بەدەل بەرواری، غالب محەمەد، سەردار قادر، سەلیم کۆیی، خانزاد، مامۆستا فوئاد، کاروان حەمە ساڵح.

هاوڵاتی بەپێی ئاماری سەرەتایی به‌رگریی شارستانیی دهۆك، له‌ لافاوی ئه‌مڕۆی شاره‌كه‌دا جگە لە گیانلەدەستدانی دوو کەس، نزیکەی 100 ماڵ ئاویان تێچووەو ، هەروەها نزیکەی 15 ئۆتۆمبێل بەر لافاو کەوتوون و زیانیان پێگەیشتووە و یان ئاو بردونی .  بێوار عەبدولعەزیز، وتەبێژی‌ پۆلیسی‌ بەرگریی‌ شارستانیی‌ دهۆک  رایگه‌یاند: تیمەکانی بەرگریی شارستانی و شارەوانی و هێزە ئەمنییەکان سەرجەمیان بەنێو ئەو گەڕەکانەدا بڵاوبوونەتەوە کە کەوتوونەتە ژێر لافاوەوە، لە کۆمەڵگەی بەڕۆژکێ بە دوو شۆفڵ هاوڵاتییان لەو ماڵانە هێنراونه‌ته‌ دەرەوە کە کەوتوونەتە ژێر ئاوەوە. هه‌ر له‌ لافاوه‌كه‌ی ئه‌مرۆی دهۆكدا ئۆتۆمبێلێک بە چوار سەرنشینەوە ئاو بردی و تیمه‌كانی به‌رگریی شارستانی توانیان دووان لە سەرنشینەکان رزگاربکەن، به‌پێی زانیارییه‌كان دووانه‌كه‌ی دیکەش گیانیان لەدەستداوه‌ و بێسەروشوێنن و سه‌رجه‌میشان له‌ نه‌ته‌وه‌ عه‌ره‌بن. وتەبێژەکەی بەرگریی شارستانیی دهۆک دەڵێ  ئەو چوار هاوڵآتییەی لە ئوتومبێلەکەدا بوون چوار کەسی عەرەب  بوون و ئەو دوو کەسەی ئاو بردونی و گیانیان لەدەستداوە 35 و 45 ساڵ دەبن. بەپێی سەرچاوەیەکی بەرگریی شارستانیی دهۆک ئەو لافاوەی ئەمڕۆی دهۆک جگە لە زیانی گیانی زیانێکی ماددی زۆری هەبووە لەم بارەیەوە هەکار هروری، بەرپرسی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی موەلیدەکانی شاری دهۆک  بە هاوڵاتی  وت زیاتر لە 10موەلیدە کە هی کۆمەڵگای بەرۆشکێ و گەڕەکی "جزمە" ن لە ناوەندی شاری دهۆک ژێر ئاوکەوتوون و بەوهۆیەوە لە کارکەوتوون . هاوکات زیاتر لە 100 ماڵ ئاوی لافاو چۆتە ناوی و ژمارەیەکی زۆریش ئوتومبێل زیانیان بەرکەوتووەو ئاو بردونی  هه‌ر له‌سه‌ر لافاوەکەی ئەمرۆ عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا داوای لە هاوڵاتیان کرد بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت لە ماڵەکانیان نەچنە دەرەوە.   

هاوڵاتی بزوتنەوەی گۆڕان هه‌ڵوێستی خۆی له‌باره‌ی بایكۆتكردن و دواخستنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌رده‌بڕێت و رایگەیاند، " پێویستمان بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنە". ئەمڕۆ سێشەممە بزوتنەوەی گۆڕان لە ڕاگەیەندراوێکدا سەبارەت بە بەیکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان و دواخستنی هەڵوێستی خۆی دەربڕی و ڕایگەیاند، "ڕەوایەتیدان بە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان، پێویستمان بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنە و باشترین بژاردەش هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردە." لە راگەیەنراوەکەی بزوتنەوەی گۆڕاندا هاتوە، لەپێناو پرۆسەی دیموکراسی، گەڕانەوە بۆ دەنگ و ئیرادەی هاونیشتمانیان، ڕەوایەتیدان بە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان؛ پێویستمان بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنە. ئاماژە بەوەشکراوە، باشترین بژاردە لەبەردەم هەرێمی کوردستان هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردە، بە بەشداری و لێکتێگەیشتنی هەمو لایەنە سیاسییەکان، هەڵبژاردنێک وەڵامگۆی پێداویستیە نیشتمانی، قانونی، دامەزراوەیی و بەپیرەوەچوونی ژیان و گوزەران و دابینکردنی موچەی فەرمانبەران بێت. بزوتنەوەی گۆڕان جەختدەکاتەوە، لەڕێگەی پەرلەمانی هەڵبژێردراوی کوردستانەوە نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستوریەکانی هەرێم بکرێت. ڕاگەیەندراوەکەی بزوتنەوەی گۆڕان لە کاتێکدایە رۆژی دوشەممە مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی بڵاوکردەوەو  رایگەیاند، "بە بەرژەوەندی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین كە پارتی نەچێتە ژێر باری پەسەندکردنی بریاری نادەستوریی و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستورییەکانی و بەشداری هەڵبژاردنێک نەكات کە بە نایاسایی و نادەستوری و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت." دوای ڕاگەیەندراوەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان هەریەک لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و حزبی بەرەی گەل و بزوتنەوەی گۆڕان جەختیان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن کردەوە.

هاوڵاتی سه‌رۆكی دادگای باڵای فیدڕاڵی ئامانجی بڕیارەکەی دادگا بۆ خۆجێیکردنی موچەی هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات و رایده‌گه‌یه‌نێت، پێویسته‌ ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم به‌رده‌وام بێت، تا پرۆسه‌ی به‌نیشتمانیكردن "ته‌وتین"ی ته‌واو ده‌بێت کە ڕەنگە ماوەیەکی زۆری بخایەنێت. دادوەر جاسم عەمیری سەرۆکى دادگاى فیدراڵى لەکۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ د. لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق،ئەمرۆ سێشەممە رایگەیاند، پێویستە ناردنى پارە بۆ مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان بەردەوامبێت تاوەکو پرۆسەى بەبانکیکردن جێبەجێدەکرێت. وتیشی، "بەگوێرەى رێکارەکانى وەزارەتى دارایی عێراق، رێوشوێنەکانى پرۆسەى بەبانکیکردن کاتى پێویستە هەر بۆیە تا تەواو کردنی ئەو پرۆسەیە پارە بەشێوەی کاش دەنێردرێت بۆ مووچەخۆرانی هەرێم". باسی لەوەشکردووە کە لە پەیوەندی بەردەوامدا دەبن لەگەڵ سەرۆککۆمار و وەزارەتى دارایی بۆ چارەسەرکردنى رێگرییەکانى بەردەم بڕیارەکە . ئەمەشلەکاتێکدایە بە بڕیاری دادگای فیدراڵی مووچەی مانگی دووی مووچەخۆران بەپێی لیستی مووچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم نێردراوەو مووچەی مانگی سێش دوای دروستکردنی هەژمار لە بانکێکی حکومی عێراق مانگانە دەنێردرێت بەڵام تا ئێستا لەگەڵ ئەوەی بری 562 ملیار و 500 ملیۆن دینار لە لایەن بەغداوە بۆ مووچەی مانگی دوو نێردراوە بەڵام تا ئێستا حکومەتی هەرێم سەڕەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٥٠ ڕۆژ بەسەر مووچەی مانگی یەکدا هێشتا ئەو بڕە پارەیەوی دابەشنەکردووە و دەستیشی نەکردووە بە دروستکردنی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆران.

هاوڵاتی  وته‌بێژی بەرگریی شارستانی دهۆک رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ له‌ئه‌نجامی دروستبونی لافاو و كۆبونه‌وه‌ی ئاو له‌چه‌ند شوێنێكی پارێزگای دهۆك، تا ئێستا دو كه‌س ئاو بردونی و گه‌ڕان به‌دوای ته‌رمه‌كانیان به‌رده‌وامه‌ و ئاو چۆتە ناو ژمارەیەک ماڵەوە. ئەمڕۆ سێشەممە، 19-03-2024، شەپۆلێکی لێزمەباران ناوەندی شاری دهۆک و دەوروبەری گرتووەتەوە و بەهۆیەوە لافاو لە چەند شوێنێک دروستبووە لەم بارەیەوە بێوار عەبدولعەزیز، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەرگری شارستانی دهۆک لە لێدوانێکدا بە هاوڵاتی وت"بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان زیانەکانی لافاو لەبەیانیەوە تا ئێستا بەم شێوەیە، دوو کەس لەگەڕەکی نزارکێ لەئاو دا خنکاون، هەروەها ئاو چووەتە ناو زیاتر لە 10ماڵ و ژمارەیەکی زۆر ئوتومبلیش ئاو بردونی و لە کارکەوتوون ." وتیشی، "تا ئێستا تیمه‌كانمان سه‌رقاڵن بۆ به‌هاناوه‌چونی ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی ئاو چۆته‌ ماڵه‌كانیان له‌گه‌ڵ دۆزینه‌وه‌ی ته‌رمی ئه‌و دو كه‌سه‌، داواشده‌كه‌ین هه‌ركه‌سێك ئه‌گه‌ر كاری زۆر گرنگی نه‌بێت له‌ماڵه‌كه‌ی نه‌یته‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌كاتی بونی هه‌ر حاڵه‌تێكی نه‌خوازراویش په‌یوه‌ندی به‌ ژماره‌ 115ه‌وه‌ بكه‌ن بۆئه‌وه‌ی تیمه‌كانمان بچن به‌هانایانه‌وه‌". ئه‌وه‌شیخسته‌ڕو، بارانبارین و بای بەهێز لە سنوری شارەکە هه‌یه‌، به‌وهۆیه‌وه‌ مه‌ترسی روداوی نەخوازراو و لافاو و ئاستەنگی هاتوچۆ زۆر بونه‌.

هاوڵاتی وەزارەتی دارایی عێراق بڕی یەک ملیار و 500 ملیۆن دیناری دیکەی خستە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێم و سودانیش لەسەر پرسی ناردنی پارەی زیاتر بۆ هەرێم کۆدەبێتەوە   وەزارەتی دارایی عێراق بری یەک ملیار و 500 ملیۆن دیناری دیکەی خستە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێم، بەمەش کۆی گشتی ئەو بڕە پارەیەی تا ئێستا بەغدا بۆ مووچەی مانگی شوبات ناردویەتی گەیشتوەتە 562 ملیار و 500 ملیۆن دینار. بەپێی زانیارییەکان ئەمڕۆ لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، چاوەڕوان دەکرێت محەمەد شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیران داوایەکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بخاتە ناو بەرنامەی کۆبونەوەکە، ئەویش داوای ناردنی 100 ملیار دیناری دیکەیە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت وەزارەتی دارایی عێراق تەنها نیوەی ئەو بڕە پارەیە بنێرێت بۆ هەرێم ئەو کات دابەشکردنی مووچە دەستپێدەکات. رۆژی 11ـی ئازار، وەزارەتى دارایی عێراق بە چوار لیست، 560 ملیار و 218 ملیۆن و 37 هەزار و 912 دیناری وەکو مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خستە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان. هاوکات هێشتا بەغدا مووچەى وەزارەتى پێشمەرگە و چەند هێزێکی سەر بە وەزارەتى ناوخۆ و هێزەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستانی نەناردووە ، بەهۆی ئەوەی حکومەتی هەرێم لیستی مووچەخۆرانی ئەو وەزارەتانەی نەناردووە بۆ ئەوەی وردبینی تێدا بکرێت. سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان باسی لەوەکردووە  کە لە دواى ناردنى ئەو ملیار و 500 ملیۆن دینارە، هێشتا زیاتر لە 387 ملیار دینار کورتهێنانیان هەیە بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی دووی فەرمانبەران. ئەوەش لەکاتێکدایە، بەهۆی ئەوەی پارەی پێویست لەبەردەستدا نییە، تا ئێستا حکومەتی هەرێم موچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی دابەش نەکردوە، بەوهۆیەوە ماوەی سێ رۆژە بەشێک لە فەرمانگەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی بایکۆتی دەوامیان کردوە.

هاوڵاتی بۆ سێیەم ڕۆژ لەسەر یەک ژمارەیەک فەرمانگەی سلێمانی بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانیانەوە بایکۆتیان ڕاگەیاند و دەرگای فەرمانگەکانیان داخستووە. ئەمڕۆ سێشەممە ١٩ ی ئازار زیاتر لە حەوت فەرمانگەی جیاجیا لە سلێمانی بەهۆ دواکەوتنی مووچە بۆ زیاتر لە ٥٠ ڕۆژ بایکۆتیان ڕاگەیاندووەو مامەڵەی هاوڵاتییانیان وەستاندووە، هاوکات بەشێک لە فەرمانگەکان لە سنووری سلێمانی بەتەواوی بایکۆتی دەوامیان کردووە و ئەو فەرمانگانەشی دەوامیان تێدا دەکرێت بەشێک لە کارمەندەکانیان نەچوونەتەوە سەر کارەکانیان. ئەوەش لە کاتێکدایە، لە دوو رۆژی رابردوودا کارمەندانی پۆلیسی هاتوچۆی سلێمانی، خانەنشینی پێشمەرگە، بەڕێوەبەرایەتی ئاو، بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبا، دادنوسی بەکرەجۆ، بنکەی تەندروستی سەروەری و چەند بەڕێوەبەرایەتییەکی دیکەی سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵ دژی پێنەدانی مووچەکانیان دەوامیان راگرت ،بەیانی ئەمڕۆش بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی گەرمیان بایکۆتی ڕاگەیاند. سەرباری ئەوەی حکومەتی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی ناردووە جگە لە وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ حکومەتی هەرێم ئەو مووچەیە بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشناکات و هاوڵاتییانی هەرێم زیاتر لە ٥٠ ڕۆژە هیچ مووچەیەکیان وەرنەگرتووە هاوکات  لەماوەی شەش مانگی رابردوودا تەنها یەک مووچەیان وەرگرتووە.

هاوڵاتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی بەشداری نەکردنی پارتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە دەڵیت "بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا گرنگە". نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق - یۆنامی پەیامێکی بڵاوکردەوە رایگەیاند "تێبینی بڕیارەکەی ئەمڕۆی پارتی بۆ بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەین". ئاماژەی بەوەشکرد "بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی 10ی حوزەیران زۆر گرنگە و داوا لە لایەنەکان دەکەین بۆ بەرژەوەندیی خەڵک کاربکەن تاکو بەرەو چارەسەر هەنگاوبنێن، نەک بەرەو چەقبەستووییەکی دیکەی درێژخایەن".

هاوڵاتی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستا هۆشداری دەدات و دەڵێت "بەهۆی بارانی زۆر و ئەگەری روودانی لافاو لە درەنگانی ئەمشەو و رۆژی سێشەممە 19ی ئازاری 2024 بارودۆخی كەشوهەوای هەرێمی كوردستان سەخت دەبێت". بەپێی زانیارییەكانی ژووری ئۆپەراسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و كارەسات و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێم، شەپۆلێكی بارانبارین و هەورە تریشقەی بەهێز لە درەنگانی ئەمشەو دووشەممە و سبەی سێشەممە، لە تەواوی كوردستان روودەدات، زۆرترین بڕی بارانبارینیش لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین دەبێت، بەوەش ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە. ئاماژە بەوەشکراوە، بۆ زانیاریی زیاتری هاوڵاتییان، زۆرترین باران لەم كاتانەدا لە شارەكانی هەرێمی كوردستان دەبارێت: هەولێر/ 40 ملیم/ كاتژمێر 11 ی پێشنیوەڕۆی سێشەممە تاكوو كاتژمێر 6 ی ئێوارە. سلێمانی/ 40-55 ملیم/ دواینیوەڕۆی سێشەممە، تاكوو چوارشەممە. دهۆك/ 70 ملیم/ درەنگانی ئەمشەو دووشەممە، تاكوو شەوی سێشەممە. هەڵەبجە/30-35 ملیم/ دواینیوەڕۆی سێشەممە تاكوو چوارشەممە. گەرمیان/30-40 ملیم/ دواینوەڕۆی سێشەممە تاكوو چوارشەممە. زاخۆ/80 ملیم/ درەنگانی ئەمشەو دووشەممە، تاكوو شەوی سێشەممە. سۆران/ 60ملیم/ بەرەبەیانی سێشەممە، تاكوو درەنگانی شەوەكەی. ڕاپەڕین/ 85 ملیم/ دواینیوەڕۆی سێشەممە، تاكوو چوارشەمە. ئەوەشخراوەتەڕوو، لەم رووەوە هۆشداری دەدەینە هاوڵاتییان، پابەندی ئەم ڕێنماییانە بن: ١- لەو ناوچانەی نزمن و ئەگەری کۆبوونەوەی ئاو هەیە، دوور بکەونەوە و ئۆتۆمبێل ڕانەگرن. 2- بۆ دووربوون لە هەورەتریشقە، سەردانی ناوچە شاخاوییەکان نەکرێت. 3- لە ڕێگە سەرەکییەکان هۆشیار بن و گەر زۆر پێویست نەبێ ڕێگەكان بەکار نەهێنرێن. 4- بە ڕێنمایی دەزگە خزمەتگوزارییەکان پابەندبن.

هاوڵاتی سەرۆک وەزیرانی عێراق داوادەکات کارەکانی هەموارکردنەوەی پرۆژە یاسای بودجە خێراتربکرێت و گرنگئ زیاتر پێبدرێت. ئەمڕۆ دووشەممە 18ی ئازاری 2024 محه‌مه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کرد له‌سه‌ر خه‌رجییه‌ گشتییه‌كان و پڕۆژه‌ ستراتیجییه‌كان بە ئامانجی ئەوەی کارەکانی هەموارکردنەوەی پڕۆژەی یاسای بوودجە خێرا بکرێت و گرنگی زیاتر بە پڕۆژەی ئابووری و ژێرخانی بدرێت. لەئێستادا هەمواری بودجەی 2024 لە ئەنجومەنی وەزیرانە و دوای تەواوکردنی هەموارەکە پرۆژە یاساکە دەنێردرێت بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و دوای خوێندنەوەی پرۆژە یاساکە دەنگی لەسەر دەدرێت.

هاوڵاتی ئەمڕۆ پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاریدا بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەکات، ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت "ئامادەکاری کراوە بۆ کشانەوەی پارتی لە بەغدا". شێروان دوبەردانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی بە هاوڵاتی راگەیاند "ئامادەکاری کراوە بۆ کشانەوەی پارتی لە بەغدا، چاوڕێی بڕیاری سەركردایەتی دەكەین بۆ كشانەوە لە بەغدا، لەئێستادا پارتی چاوەریی هەڵویستی دادگای باڵای فیدراڵی و حکومەتی عێراقی دەکات بۆ وەڵامدانەوەی پارتی، ئەگەر هیچ گوڕانکارییەک لەبڕیارەکانی دادگا نەکرا و کێشەکانی بەغدا و هەولێر بەتایبەت مووچە چارەسەرنەکرا ئەوا ئەگەرێکی بەهێزە پارتی لە بەغدا بکشێتەوه". ئاماژەی بەوەشکرد "ئەگەر پارتی لە بەغدا کشایەوە ئەوکات کاریگەری راستەوخۆی لەسەر کابینەی محەمەد شیاع سودانی دەبێت، هاوکات وڵاتانی دەرەوە و نەتەوە یەکگرتووەکان دێنە سەر خەت، چونکە کشانەوەی پارتی کاریگەری لەسەر عێراق دەبێت". ئەوەشی وت "دادگای باڵای فیدراڵی عێراق کۆمەڵێک بڕیاری لە دژی هەرێمی کوردستان داوە دەبێت ئەو بڕیارانە هەڵبوەشێنرێنەوە یان پێداچوونەی پێدا بکرێت، یان بابەتی مووچە بەغدا هەرماوە ماوە بڕێک پارە دەنێرێت ئەوە گاڵتەجارییە بە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تاکەی بەوشێوەیە مامەڵە لەگەڵ کوردستان دەکرێت ،دبێت ئەمانە بە جدی وەربگێرێت و چارەسەر بکرێن". ئەمرۆ دووشەممە 18ی ئازاری 2024 پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاری بایکۆتی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دا، دوای بڕیارەکە دەگۆترێت پارتی لەبەغداش دەکێشەتەوە، ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی یش دەڵێت" ئەگەر پارتی کشایەوە ئەوا کاریگەری زۆر لەسەر کابینەکە سودانی و عێراق بەگشتی دەکات.  

هاوڵاتی سەرۆکی تیمی رۆژنامەوانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیەنێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی خۆیدا دەکرێت. ئەمڕۆ دووشەممە 18ی ئازاری 2024 عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەوانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاندووە "هیچ داواکارییەکی فەرمی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن پێشکەش نەکراوە و ئامادەکارییەکانیان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامن". هەروەها سەرۆکی تیمی رۆژنامەوانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە "پابەندین بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا واتە 10ی حوزەیرانی 2024".  

هاوڵاتی حکومەتی ئێران لە ڕاپۆرتێکی فەرمیدا ڕایگەیاندوە، لە میانی ئەو ناڕەزایەتیانەی کە وڵاته‌كه‌ هەژاند، دوای مردنی ژینا ئه‌مینی، كچه‌ كوردی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان لە مانگی (ئەیلول/9)ی ساڵی 2022، 281 هاوڵاتی ئێرانی کوژراون. ئەو ڕاپۆرتە دوای 10 ڕۆژ لە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێکی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتوەکان دێت، کە پشتڕاستی کردوه‌تەوە کە لە ئەنجامی ئەو هەڵمەتەی دەسەڵاتداران بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان دەستیپێکردوە، "پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ئێران ئەنجامدراوە". هاوکات ئەو ئامارانەی حکومەتی ئێران بڵاویدەکاتەوە بە شێوەیەکی بەرچاو جیاوازن و ژمارەی کوژراو کەمترە وەک لەو ئامارانەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و دەرەوە بڵاویدەکەنەوە  به‌گوێره‌ی رۆژنامه‌ی شەرقلئەوسەت  لە خۆپیشاندانەکاندا  551 خۆپیشاندەر بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژراون، کە لانیکەم 49 ژن و 68 منداڵ بون، لەکاتێکدا زۆربەی گیانلەدەستدان بەهۆی چەکی ئاگرینه‌وه‌ بوە بەڵام حکومەتی ئێران دەڵێن تەنها 281 کەس کوژراون. لە ڕاپۆرتەکەی حکومەتی ئێراندا  کە لە دوو بەش پێکدێت هاتووە،  ڕاپۆرتی یەکەم، کە دوێنێ یەکشەممە لەلایەن لیژنەی بەدواداچونی ڕاستییەکانی حکومەتی ئێرانەوە بڵاوکرایەوە، ئاماژەی بەوەداوه‌، کە تەنها 202 کەسی مەدەنی لە ناڕەزایەتییەکان کوژراون، كه‌ "90 كه‌سیان چه‌كیان هەڵگرتوە و بەکاریان هێناوە لە کردەوە تیرۆریستییەکان و هێرشکردنە سەر بارەگا سەربازی و ئەمنییەکان، ژێرخانی یان هێزەکانی پۆلیس". لە بەسی دووەمیشدا هاتووە  "112 لە قوربانییەکان لەنێو ئەو تەماشاکارانەدا بون کە لەلایەن ئاژاوەگێڕانەوە کوژراون، هاوكات 54 ئەندامی هێزە ئه‌منییه‌كان لە ئەنجامی توندوتیژی بەربڵاوی ئاژاوەگێڕان و تیرۆریستان گیانیان لەدەستداوە". حکومەتی ئێران سەبارەت بە ژمارەی ئەو هاوڵاتییانەی دەستگیریکردون دەڵێت  لە سه‌ره‌تای خۆپیشاندانەکاندا 34 هەزار کەس دەستگیرکراون، کە دواتری زۆرینه‌یان ئازادكراون.