هاوڵاتی دوای زیاتر لە دوو مانگ کەشتییە نەوتییەکەی ئێران لە ویلایەتی تەکساس بەتاڵ دەکرێت، سەرەڕای هەڕەشەکانی ئێران دژی بەتاڵکردنی کەشتییەکە. بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس، کەشتی نەوتهەڵگری سوێز راجانی ئێرانی کەماوەی دوو مانگ و نیوە دەستی بەسەردا گیراوە  لە نزیک گاڵڤستۆن لەدووری 70 کیلۆمەتر لە شاری هیوستنی ویلایەتی تەکساسی ئەمریکا بەتاڵ دەکرێت. کەشتییە نەوتهەڵگرەکە دوو مانگ و نیو لەمەوبەر لە دەریای چینی باشوور و لە کەنارەکانی باشووری رۆژهەڵاتی سەنگاپوورە راگیرابوو، کتوپڕ بەرەو کەنداوی مەکسیک بەڕێکەوت. میدیاکانی ئەمریکا دەڵێن کە واشنتن دەستی بەسەر کەشتییە ئێرانییەکەدا گرتووە. کەشتییەکە هەڵگری 800 هەزار بەرمیل نەوتی خاوە کە مەزندە دەکرێت بەهاکەی 56 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بێت. بڕیار بووە نەوتی کەشتییەکە لەڕێی کەشتییەکی بچوکتر بەناوی MR Euphrates بەتاڵ بکرێت کە نزیکی کەشتییە ئێرانییەکە کەوتووەتەوە. ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر بەرپرسانی ئێران هەڕەشەیان کردبوو لە داگرتنی بارە نەوتەکەی کەشتییەکە و عەلیرەزا تەنگیسەری، فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران هۆشداریدا کە ئەگەر باری کەشتییەکە دابگیردرێت بێدەنگ نابن و تۆڵە دەکەنەوە.

هاوڵاتی پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم راگەیاندراوێکی لەبارەی قەرزی پێشینەی هاوسەرگیری و خانوبەرە بڵاوکردەوە و دەڵێت، گۆرانکاری لە میکانیزمی دانەوەی قەرزەکان دەکرێت. پێشەوا هەورامانی لە فەیسبووکی خۆی نوسیویەتی، "لەبارەی دانەوەی قەرزی هاوسەرگیری و خانووبەرە، گۆڕانکاری لە میکانیزمی گەڕاندنەوەی قەرزەکان دەکرێت، بەجۆرێک ڕەچاوی دۆخی دارایی هاوڵاتییان بکرێت." وتەبێژی حکومەت دەشڵێت، "حکومەتی هەرێم مەبەستییەتی کە فشارو بارگرانی لەسەر هاونیشتیمانییانی هەرێمی کوردستان دروستنەبێت و میکانیزمی پێشوو لەبەرژەوەندی هاوڵاتیاندا گۆڕانکاری بەسەردا دێت." پێشتر میدیای نزیک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەرگرتنەوەی قەرزەکانی پێشینەی هاوسەرگیریی و خانووبەرەی رادەگرێت، بەڵام توبێژی حکومەت تەنها دەڵێت گۆرابکاری تیدا دەکرێت بۆ کارئاسانی هاوڵاتییان.

هاوڵاتی  حکومەتی  هەرێمی کوردستان هەڵمەتی "لەناوبردنی دەرمانی بەکارنەهاتوو" راگەیاند مەبەستی رێگرتن لە پیسبوونی ژینگە و سەرچاوە ئاوییەکان.  هەڵمەتەکە بەدوو شێواز ئەنجام دەدرێت و بەشێوەیەکی زانستی سەرجەم دەرمانە بەکارنەهاتوو یان بەسەرچووەکان لەناو دەبرێت. رێگەی یەکەم لەرێی هاوڵاتیانەوەیە کە داوایان لیدەرکێت پاساوەکانی دەرمان بخەنە زەرفێکی جیاوە و بدرێتە ژینگەپارێزان لەکاتێکدا رێی دووەم لە نەخۆشخانەکان ئەنجام دەدرێت و سەرجەم پاشماوە و دەرمانە بەسەرچووەکان کۆدەکرێتەوە. هاوکات ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پشتیوانی لە هەڵمەتەکەی وەزارەتی تەندروستی دەکەن و هەریەکە لە تەندروستی، شارەوانی، کوشتارگەی هەولێر بەشێکن لە پڕۆسەکە.  

هاوڵاتی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند تەرمی ئەو کچەی دۆزراوەتەوە لە دەربەندی رانییە شێوێندراوە و بۆ دەستکەوتنی وەڵامی ئەوەی شێوازی مردنەکەی چۆن بووە تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کراوە، کەسوکارەکەشی دەڵێن، "گومانمان لە کەس نییە و کچەکەمان نەخۆشی دەروونی هەبووە."  ئەمڕۆ دووشەممە 21ی ئابی 2023، پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند تەرمێکیان دۆزیەوەتەوە لە دەربەندی رانییە کە ئافرەتە و تەمەنی 26 ساڵە، لە ئێستاشدا تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کراوە بۆ چۆنیەتی شیوازی مردنی، بەهۆی ئەوەی تەرمەکەی "شێواوە" و هۆکاری مردنەکەی نازانرێت.  وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین وتیشی، پزیشکی دادی راپەڕین ناتوانێت هۆکاری مردنەکەی بزانێت کە ئایا کردوەکە "خۆکوژییە یان کوژراوە" بۆیە تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کراوە بۆ لێکۆڵینەوە.  هاوکات کەسوکاری کچەکە رایانگەیاند، لە رۆژی هەیینییەوە کچەکەیان بێسەروشوێن بووە و "نەخۆشی دەروونی هەبووە"، بۆیە ئەوان گومانیان لە کەس نییە.  کەسوکارەکەی دەشڵێن، "هەفتەیەک لەمەوبەر کچەکەمان سەردانی نەخۆشخانەی دەروونی کردووە، دیارە رۆشتووە بۆ دەربەندی رانییە تا خۆی بکوژێت، لە کامێراکانی چاودێری دیارە کە خۆی رۆشتووە."

هاوڵاتی  هونەرمەند عەبدوڵا هەرکی لە روداوێکی هاتوچۆدا لە نزیک دهۆک برینداربوو و لە ئێستادا چارەسەر پێویستی بۆ دەکرێت. ئەمڕۆ دووشەممە 21ی ئابی 2023 هونەرمەند عەبدوڵا هەرکی لە روداوێکی هاتوچۆدا برینداربوو دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلەکەی لەسەر رێگای دهۆک-شێخان لە نزیک کۆمەڵگای چرە وەرگەڕا.  لە روداوەکەدا زیانێکی زۆر بەر ئۆتۆمبێلی هونەرمەندەکە کەوتووە و خۆشی کەمێک بریندارە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە. لەوبارەیەوە نێچیرڤان فەخرەدین، وتەبێژی تەندروستی ئاکرێ بە هاوڵاتیی راگەیاند، عەبدوڵا هەرکی "کەمێک زیان بەر ملی کەوتووە، لە ئێستا دۆخی تەندروستی جێگیرە و چارەسەری پێویست بۆی دەکرێت."

هاوڵاتی روداوێکی سەختی هاتوچۆ لە یەکێک لە شارۆچکەکانی تورکیا رویدا و بووە هۆی گیانلەدەستدانی 12 کەس و برینداربوونی 19 کەسی تر.  میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 21ی ئابی 2023، پاسێک لە شارۆچکەی سۆرگۆن لە پارێزگای یۆزگات کۆنترۆڵی لەدەستداوە و کەتووەتە نێو دۆڵێکەوە، لە ئەنجامی روداوەکەشدا 11 کەس گیانیان لەدەستداوە و بریندارێکیش کە برینەکەی سەخت بووە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.  هاوکات، لە رووداوەکەدا 19 کەسی تریش برینداربوون و دۆخی هەشت لە بریندارەکان ناجێگیرە. بەرپرسانی شارەکە رایانگەیاند، پاسەکە لە سێواسی باکوری کوردستانەوە بەڕێکەوتووە بۆ شاری ئەستەنبوڵ، بەڵام لە رێگای خێرای سێواس-یۆزگات کۆنترۆڵی لەدەستداوە.

هاوڵاتی  پێشەوا هەورامانی، وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاشکرایکرد کە له‌م هه‌فته‌یه‌دا هاكان فیدان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و لەگەڵ مەسرور بارزانی کۆدەبێتەوە. پێشه‌وا هه‌ورامانی له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له  فه‌یسبووك رایگەیاندووە، "لەم هەفتەیەدا بەڕێز وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات و لە هەولێر لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە". پێش سەردانەکەی بۆ هەولێر، هاکان فیدان سەرەتا سەردانی عێراق دەکات و لەگەڵ محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و چەند بەرپرسێکی باڵای تر کۆدەبێتەوە. بەپێی زانیارییەکان، رۆژی پێنجشەممە وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و جگە لە کۆبونەوەی لەگەڵ مەسرور بارزانی، هاکان فیدان بەجیا لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و هەروەها قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێم کۆدەبێتەوە. هاکان فیدان پێشتر بەرپرسی دەزگای هەوڵگری تورکیا (میت) بوو پێش ئەوەی لە 4ی حوزەیرانی 2023 وەک 43یەمین وەزیری دەرەوەی تورکیا دەستنیشان بکرێت. 

هاوڵاتی  هێزە ئەمنییەکانی ئێران لەماوەی سێ رۆژدا بە پاساوی نادیار 15 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیر دەکەن و تا ئێستاش چارەنوسیان دیار نییە. بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی کوردپا لە رۆژانی 14، 15 و 16ی ئاب، 15 هاوڵاتی کورد لە شارەکانی، شنۆ ، مەهاباد، پیرانشار و پاوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکراون. بە پێی زانیارییەکان حەوت کەس لە دەستگیرکراوەکان خەڵکی مەهاباد و چوارکەسیان خەڵکی شنۆ و سێ کەسیان خەڵکی پیرانشار و کەسێکیشیان خەڵکی پاوەیە. هەروەها ئەوەش هاتووە ئەم ١٥ هاوڵاتییە کوردە بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراون و تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە چارەنووسی 13 کەسیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و ناشزانرێت بە چ تۆمەتێک دەستگیرکراون. دەستگیرکردنی ئەم هاوڵاتیانە لەکاتێکدایە کە ساڵیادی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی و خۆپیشاندانەکانی ساڵی رابردووی ئێران کە بە "شۆرشی ژینا" ناسراوە نزیک دەبێتەوە.

هاوڵاتی  فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هۆشدارییەکی توندی دایە حکومەتی هەرێمی کوردستان و رایگەیاند، چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگە نەکرێت ئەوا هاوکارییەکانیان بۆ پێشمەرگە رادەگرن. ئەمڕۆ یەکشەممە، 20ی ئابی 2023، ماتیۆ مەکفارلەن، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی رایگەیاند، وەزارەتی پێشمەرگە پێگەی لاواز بووە چونکە لە ئێستادا بێ وەزیر ماوەتەوە و ئەمەش "پرۆسەیە یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی وەستاندووە." ماکفارلن باس لەوەش دەکات کە لە راپۆرتی مانگی تەمموزدا  ئەوەیان خستووەتەڕوو کە بێهیوابوون  لە بەدەستهێنانی هەندێ ئامانجی یاداشتنامەکەی نیوان وەزارەتی بەرگری ئەمریکا و حکومەتی هەرێم. فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان هۆشداری ئەوەیدا کە"ئەگەر حکومەتی هەرێم  چاکسازیی لە وەزارەتی پێشمەرگە نەکات و هێزەکە رێک نەخاتەوە، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ناتوانێت بەردەوام بێت لە هاوکارییە سەربازی و ئەمنییەکان بۆ وەزارەتەکە." هاوپەیمانی نێودەوڵەتی مانگانە 25 ملیۆن دۆلار وەک هاوکاری بۆ موچەی لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە دەنێرێت. 

هاوڵاتی  بە سەرپەرشتی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە شاری کەرکوک کۆبویەوە و بڕیاردرا رۆژی 27ی مانگی داهاتوو کۆنگرەی پێنجەمی حیزبەکە ببەسترێت. لە کۆبونەوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە "لەپێناو جۆشدانەوەی گیانی یەکێتیبوون، بڕیاردرا رۆژی 27ی 9ی 2023 کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی ببەسترێت."  دەقی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە کەرکوک:  ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠ی ٨ی ٢٠٢٣ بە سەرپەرشتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، مەکتەبی سیاسی لە شاری کەرکوک کۆبووەوە. لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی یەکێتی دەربارەی کۆی کێشە سیاسییەکان بەرچاوڕوونیدا و رایگەیاند، یەکێتی لەسەر هێڵە نیشتمانی و کوردستانییەکان بۆ داکۆکیکردن لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەردەوامە، هەروەها جیاکردنەوەی دۆسیەی ململانێی سیاسیی لایەنەکان و نێوان هەرێم و بەغداد لەپێشینەی کارەکانمانە و ژیان و گوزەرانی خەڵکەکەمان لای یەکێتی هێڵی سوورە و بەهەمووشێوەیەک داکۆکی لێدەکەین. سەرۆک بافڵ بە خۆشحاڵییەوە هەڵوەستەی لەسەر پەیوەندییە گەشەسەندووەکانی یەکێتی لەسەر ئاستی کوردستان، عیراق و نێودەوڵەتی کرد و ئەوەشی بۆ یەکهەڵوێستی و یەکبڕیاریی سەرکردایەتی یەکێتی گەڕاندەوە، هەروەها دەستخۆشی لە هەڤاڵان کرد و جەختی لە پاراستنی ئەو پرەنسیپە گرنگە کردەوە و رایگەیاند، ستراتیژی نەگۆڕمان لەخزمەتی گەلەکەماندایە و کەرکوکیش کە بەشێکە لە جەستەی یەکێتی، وەک قودسی کوردستان دەمێنێتەوە و پارێزگاری لە گیانی پێکەوەژیان دەکەین. کۆبوونەوەکە کە لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە کەرکوک ئەنجامدرا، تەوەرە سیاسییەکان، کاری رێکخراوەیی و ئۆرگانەکان و ئەنجامدانی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی گفتوگۆی چڕ و بەرپرسانەی لەبارەوەکرا و وەک ئیستحقاقی حزبی، دیموکراسی، لەپێناو جۆشدانەوەی گیانی یەکێتیبوون، بڕیاردرا رۆژی ٢٧ی ٩ی ٢٠٢٣ کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی ببەسترێت. هەر لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا چەندین پرسی پەیوەست بە دۆخی گشتیی وڵات گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و بڕیاری پێویست و نیشتمانییانەیان لێدرا.

هاوڵاتی محەمەد سادق موعتەمیدیان، پارێزگاری ورمێ رایگەیاند، ساڵی رابردو دەروازەی سنوریی تەمرچین [حاجی ئۆمەران]، لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانییەوە، لە پلەی یەکەمی دەروازە سنورییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان بوە، کە بڕی ئەو ئاڵوگۆڕییە گەیشتوەتە زیاتر لە یەک ملیار دۆلار. ئەمڕۆ یەکشەممە شاندێکی  ئێران کە پێکهاتبو لە محەمەد میر ئەحمەدی، جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران و محەمەد سادق موعتەمیدیان، پارێزگارى ئازەربایجانى ڕۆژئاوا(ورمێ) و نەسڕوڵا ڕەشنودى، سەرکونسڵى ئێران  سەردانی هەولێریان کرد و لەلایەن شاندێکی حکومەتی هەرێمەوە بە سەرۆکایەتی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ پێشوازیان لێکرا.  پارێزگاری ورمێ، رایگەیاند، "ساڵی رابردو دەروازەی سنوریی تەمرچین [حاجی ئۆمەران]، لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانییەوە، لە پلەی یەکەمی دەروازە سنورییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان بوە، کە بڕی ئەو ئاڵوگۆڕییە گەیشتوەتە زیاتر لە یەک ملیار دۆلار و بەشێک لە رێککەوتنەکەیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، کردنەوەی دەروازەی سنوریی نوێ بوە و لە داهاتویەکی نزیکدا دەروازەی سنوریی سیدەکان-کێلەشین، کە لە قۆناغی کۆتاییدایە، دەکرێتەوە". وتیشی: لەگەڵ هەرێمی کوردستان لێکتێگەیشتنمان لەبارەی زیارەتکاران هەیە و ئەوان هاوکاری باشی زیارەتکاران دەکەن و پێداویستی و شوێنی مانەوەیان بۆ دابین دەکەن.  

هاوڵاتی دوای نیوەروی ئەمرۆ مێرمنداڵێکی تەمەن 15ساڵ لەرووباری خازر لەسنوری ناحیەی زێلکان خنکا . موقەدم ئیبراهیم فەریق، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی ئاکرێ بە هاوڵاتی وت" ئەمرۆ مێرمنداڵێکی تەمەن 15ساڵ بەناوی ئەیاد فەرهاد محەمەد عەلی، لەروباری خازر لەسنوری ناحیەی زێلکان نزیک گوندی قایماوا خنکا" وتیشی"ئەو مێرمنداڵە دانیشتووی گوندی گلەشینە لەسنوری ناحیەی زێلکان سەر بەقەزای شێخان، تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی داد کراوە بەمەبەستی لێکوڵینەوە لەسەر روداوەکە" جێگەیباسە، لەسەرەتای ئەم ساڵەوە تا ئێستا 9 کەس لە ڕوباری خازردا خنکاون و 4 کەسیش لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانی ئاکرێوە رزگارکراون.

هاوڵاتی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی كردەوە، ئەمڕۆ هێزەكانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ لە چەند ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییدا توانیویانە پێنج تیرۆرستی داعش لە پارێزگای دیالە دەستگیر بكەن. لە ڕاگەیاندراوەكەیاندا هاتووە، لە چوارچێوەی زنجیرەیەك ئۆپەراسیۆن هێزەكانیان دژی پاشماوەكانی چەتەكانی داعش، توانیویانە پێنج داعش دەستگیر بكەن، كە لە دوو گرووپ پێكهاتبوون. ئاماژە بەوەش كراوە، ئەو پێنج داعشە  دانیان بەوەدا ناوە كە پەیوەندییان بە گرووپی تیرۆرستی داعشەوە هەیە، هەروەها لە ماوەی ئەمساڵدا چەندین تاوانیان دژی بە هاوڵاتییان و هێزە ئەمنییەكان ئەنجامداوە، لەوانە دانانی تەقەمەنی لە ناوچەكانی پارێزگای دیالە. ئەوەش خراوەتە ڕوو، دانیان بەوەدا ناوە ئامانجیان لە دانانی ئەو تەقەمەنیانە بە ئامانجگرتنی مەفرەزەكانی پۆلیس و كۆنتڕۆڵكردنی خاڵە سەربازییەكان بووە، هەروەها تەقەمەنییەكی دیكەیان داناوە بە مەبەستی بە ئامانج گرتنی دادوەرێكی پارێزگاكە و چەندین بەرپرسی دیکە.

هاوڵاتی بە پێی هەواڵێک کە ماڵپەڕی کوردپا بڵاوی کردۆتەوە، سامان پاشایی، خاوەنی مەدالیای جیهانیی زۆرانبازی و مامۆستای زانکۆ و خەڵکی سەقز، ٥٢ ڕۆژە لە ژووری تاکەکەسیی  ئیتلاعاتی سنەدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، لەژێر گوشاری هێزە ئەمنییەتییەکاندایە. سەرچاوەیەکی نزیک بەم مامۆستای زانکۆی زانکۆیە بە کوردپای راگەیاندووە: بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییە، ڕۆژی یەکشەممە، توانیویەتی بە بوونی دوو کەس لە هێزە ئەمنییەتییەکانیش چاوی بە بنەماڵەکەی بکەوێ؛ سامان پاشایی هەڕەشەی لێکراوە کە لە ئەگەری هاوکارینەکردن بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، لە کارەکەی دەر دەکرێ وڕێگریلێدەکرێت لە کردنی هیچ کارو جالاکییەک و هەروا بە بێ ڕوونکردنەوەی چارەنووسی، ماوەی دەسبەسەرکرانەکەی درێژ دەکەنەوە. بە پێێ زانیارییەکان، سامان پاشایی لە ژووری تاکەسیی ئیتلاعاتی سنەدا، لەژێر گوشاری توندی دەروونیدایە و نیگەرانی دۆخی بنەماڵەکەیەتی. سامان پاشایی پێش لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، تەنیا توانیبووی جارێک پێوەندییەکی تەلەفۆنی ٣٠ چرکەییان لەگەڵ بگرێت، ناوبراو هێشتا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراوە. ڕۆژی یەکشەممە، ١ی تەمووز، سامان پاشایی، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا. سامان پاشایی، دوکتورای فیزیۆلۆژی و خواردنی وەرزشی  هەیە و ئەندامی ئاکادێمیای نەتەوەیی پزیشکیی وەرزشیی ئامریکایە کە لە زانکۆکانی کوردستاندا وانە دەڵێتەوە. هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی سامان پاشایی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

هاوڵاتی به‌تۆمه‌تی‌ ھەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەو ڤیدیۆی تایبەتی له‌ژمارەیەک ژن‌، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی ڕاپه‌ڕین تۆمەتبارێكیان دەستگیرکرد. پۆلیسی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا سەبارەت بە تاوانەکە دەڵێت، " تۆمەتبارەکە له‌ڕێی‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ په‌یوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ قوربانییەکاندا دروست کردووە و دوای‌ ده‌ستكه‌وتنی‌ وێنه ‌و ڤیدیۆی‌ تایبه‌تیان، ھەڕەشەی ئەوەی لێکردوون کە ئه‌گه‌ر بڕێك پاره‌ی پێنه‌ده‌ن وێنە و ڤیدیۆکانیان بڵاودەکاتەوە." ئاماژە بەوەشدراوە، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا لەماوەیەکی کەمدا تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی راپه‌ڕینه‌وە دەستگیربکرێت. بەپێی راگەیەندراوی پۆلیسی سلێمانی، دوای‌ پشكنینی‌ مۆبایلی‌ تۆمه‌تبار چه‌ندین به‌ڵگه‌نامه‌، وێنه ‌و ڤیدیۆی‌ ئه‌و کەسانە دۆزرایه‌وه‌ كه‌ تۆمه‌تبار هه‌ڕه‌شه‌ی‌ لێكردبوون. پۆلیسی سلێمانی راشیگەیاند، تۆمەتبار (م، ج، ع) له‌دایكبووی‌ 2003 دانی بەتاوانەکەیدا ناوە و لە ئێستادا بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی دوو لە یاسای خراپ بەکارھێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن راگیراوه‌و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە.