هاوڵاتی دوای نزیکەی هەفتەیەک لەکۆتایی هاتنی حوکمی سزادانی ، ئەمرۆ جارێکی تر بریادرا گۆهدار زێباری بۆ جاری سێ یەم دادگایی بکرێتەوە. زێدان برای گۆهدار زێباری بە هاوڵاتی وت"ئەمرۆ جارێکی تر بریاردرا گۆهدار زێباری دادگایی بکرێتەوە، ئەمە دەبێتە سێیەمجار، بەداخەوە هەرجارە لەسەر چەند تۆمەتێکی بێ بنەما و ناڕاست براکەم دادگایی دەکرێت بەڵام لە کۆتاییا دەنگی ڕاست و حەق سەردەکەوێت". وتیشی،" تائێستا کاتی دادگایکردنەکەی دیاری نەکراوەو چاوەڕوانی بڕیاری دادگاین." هاوکات زێدانی برای گوهدار سەبارەت بە باری تەندروستی براکەی بە هاوڵاتی وت لە رۆژی چوار شەممەی رابردووەوە گوھدار زێباری دەستیبە مانگرتن کردوە، لەئێستاشدا رەوشی تەندروستی زۆر خراپە، چونکە ئامادە نەبووە مانگرتنەکەی بشکێنێت. وتیشی، وەک گوشارێک بۆ شکاندنی مانگرتنەکەی، ئاسایش گوھدار زێباری خستوەتە ژوری تاکەکەسی و بەو شێوەیە سزای دەدات.
هاوڵاتی وەزارەتی کارەبای ھەرێم بڵاویکردەوە، نرخی کارەبا لە گەڕەکەکان ئاساییە و سیستمی پریپەید تایبەتە بە چەند پڕۆژەیەکی وەبەرھێنان و کارەباکەیان بە نرخی تایبەتی خۆیان بەردەوام دەبێت. عەلی ئیسماعیل، ئەندامی لیژنەی باڵای پێوەری زیرەک لە وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاند، لە هەرێمی کوردستان کارەبای 55 هەزار بەشداربوو کراونەتە پریپەید، کە 40 هەزاریان هاوبەشی بەرزەنرخن (های کۆست)، پێنج هەزاریان هاوبەشی نزمەنرخن (لۆوکۆست)، 10 هەزاریشیان هاوبەشی بازرگانیین. دەشڵێت،" ئەم سیستەمە تەنیا لە 19 (سیتیی) شاری هەولێر، بارقورسیی کارەبای لە 34 مێگاواتەوە بۆ 27 مێگاوات دابەزاندووە، لە 25 هەزار بەشداربوو، حەوت هەزار سەرپێچی کارەبا بنبڕ کراون. بە هۆی کارەبای 24 کاتژمێری پریپەیدەوە، لە تەواوی هەرێمی کوردستان 320 موەلیدە لە کارکردن وەستێنراون، ئەمەش کاریگەریی لەسەر پاککردنەوەی ژینگە هەبووە." ئاماژەی بەوەشدا، بەھۆی سیستمی پریپەیدەوە، نرخی کارەبا لەنێوان ٣٠% بۆ ٤٠% لەسەر ھاووڵاتیان ھەرزانتر دەکەوێت. سەبارەت بە گەڕەکەکانیش وتی، بەرزەنرخ تایبەتە بە چەند پڕۆژەیەکی وەبەرھێنان و کارەباکەیان بە نرخی تایبەتی خۆیان بەردەوام دەبێت، بەڵام لە گەڕەکە ئاساییەکان ھەر بە نرخی ئێستا دەبێت و تەنیا شێوازی پارەدانەکەی پێشوەختە دەبێت.
هاوڵاتی لە بەیاننامەیەکى هاوبەشدا، هەردو وەزارەتى نەوتى عێراق و وەزارەتى وزەى تورکیا رایانگەیاند؛ رێککەوتون لەسەر دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێم. دوێنێ سێشەممە 22ی ئابی 2023، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق لەگەڵ ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا لە ئەنقەرە کۆبوونەوە. لە بەیاننامە هاوبەشەکەیاندا هەردو وەزارەت جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە دوای نۆژەنکردنەوەی بەشێک لە هێڵی بۆڕیی گواستنەوەی نەوت کە بەهۆی بوومەلەرزەکەی 6ـی شوباتی 2023 زیانی بەرکەوتووە، "گرنگە لە زووترین کاتدا دووبارە دەست بە هەناردەی نەوت بکرێت." هەروەک لە کۆبونەوەکەدا هەردولا جەختیان لەوە کردوەتەو کە لە بوارەکانى وزە و نەوت و غاز و کارەبادا هاوکارى هاوبەشیان دەبێت و بڕیاریشە کۆبونەوەیەکى دیکەى لیژنەى ئابورى عێراق-تورکیا لە داهاتودا کۆبونەوەیەکى دیکەیش ئەنجام بدەن.
هاوڵاتی تا دێت زیانەکانی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم زیاد دەکات و نزیک دەبێتەوە لە پێنج ملیار دۆلار، وەزیری دەرەوەی عێراقیش دەڵێت، لەگەڵ هاوتا تورکییەکەی باسیان لە کێشەکە کردووە و هیوادارن چارەسەر ببێت. فواد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لەگەڵ هاکان فیدان، هاوتا تورکییەکەی لە بەغدا کۆبووەوەو رایگەیاند، یەکێک لە تەوەرەکانی گفتوگۆکانیان لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بووە لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە و هیوای وایە چارەسەر ببێت. لە 25ی ئازاری 2023ەوە هەناردەی نەوتی هەرێم راگیراوەو زیانی هەناردەنەکردنی نەوتی هەرێم لەو ماوەیەدا دەگاتە چوار ملیار و 758 ملیۆن و 160 هەزار دۆلار.
هاوڵاتی بەپێی تۆڕی هەواڵی CNN دەسەڵاتدارانی ئێران ئەمڕۆ سێشەممە رایانگەیاند، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان دروستکردوە بە ناوی "موهاجیر 10" کە توانای فڕینی هەیە بۆ ماوەی 24 کاتژمێری بەردەوام و مەودای فڕینی دەگاتە دو هەزار کیلۆمەتر (1240 میل). فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە لە مەراسیمێکدا کە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران و فەریق محەمەد رەزا ئاشتیانی، وەزیری بەرگریی ئێران ئامادەی بون، پەردەی لەسەر لادرا، هەروەک تۆمارێكی ڤیدیۆیی درۆنەکە لە میدیای فەرمی وڵاتەکەدا بڵاوکرایەوە و تێیدا گرتە ڤیدیۆییەکانی هەڵفڕین و نیشتنەوەی درۆنەکە، خرانەڕو. وەزارەتی بەرگریی ئێران ئاماژەی بەوەکردووە، درۆنە نوێیەکەیان توانای بڕینی زیاتر لە دوو هەزار کیلۆمەتر و فڕینی بە بەرزایی زیاتر لە حەوت کیلۆمەتر هەیە، خێراییەکەشی 210 کیلۆمەترە لە کاژێرێکدا. هەروەها توانای هەڵگرتنی 300 کیلۆگرام بۆمبی هەیە، لەگەڵ ئەوەش کامێرای چاودێری و تۆمارکردنی لەسەر بەستراوە. سەبارەت بە درۆنە نوێیەکەیان، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، ئەو بەرهەمە نوێیەیان توانا پێشکەوتووەکانی ئێران لە بواری تەکنەلۆژیا و سەربازیدا پیشان دەدات. هەروەها میدیای فەرمیی ئێران، ڤیدیۆی نمایشی درۆنە نوێیەکەی بڵاوکردووەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا تواناکانی ئەو درۆنە لەلایەن لایەنی سەربەخۆوە پشتڕاست نەکراونەتەوە. هەروەها هەتا ئێستاش ئیسرائیل هەڵوێستی لەسەر ئەم پێشهاتە نوێیەی ئێران نەبووە.
هاوڵاتی تەرمی ١٨ کەس لە دارستانەکانی سنووری نێوان تورکیا و یۆنان بە سوتاویی دۆزرانەوە کە ماوەیەکە ئاگری لێکەوتووەتەوە و گوماندەکرێت کۆچبەربن. ئاژانسی ڕۆیتەرز ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویکردەوە، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە ڕایانگەیاندوە هەژدە لاشەی سووتاو لە ناوچەیەکی دوور لە باشوری گوندی ئاڤانتاس لە باکوری یۆنان دۆزراونەتەوە و ئاژانسەکە دەڵێت لەبەر ئەوەی هیچ ڕاپۆرتێک لەسەر ونبوون یان بێسەروشوێنبوونی دانیشتوانی ناوچەکانی دەوروبەری نەبووە، ئەگەری ئەوە هەیە تەرمی کۆچبەر بن. ئەو شوێنەی تەرمەکانی تێدا دۆزراوەتەوە مۆڵگە و شوێنی پەڕینەوەی پەنابەران و کۆچبەرانن و لە مێژە ئەو شوێنە وەک دەرچەیەک لەنێوان تورکیا و یۆنان لەلایەن کۆچبەرانەوە بۆ پەڕینەوە بەرەو خاکی ئەوروپا بەکارهاتووە. ماوەیەکە ئاگرێکی چڕ و فراوان بەشێک لە دارستانەکانی وڵاتی یۆنانی گرتەوەتەوە و بەهۆیەوە زیان بەر چەندین ماڵ و خانووی دانیشتوان کەوتووە و خەڵکانێکی زۆریش ئاوارەبوون.
هاوڵاتی وەزیری نەوتی عێراق لەگەڵ وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا کۆبووەوە. وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت کردووەتەوە. وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، حەیان عەبدولغەنی جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری وزە و وەزیری نەوتی عێراق لە ئەنقەرە لەگەڵ ئالب ئەرسەلان بەیرقدار وەزیری وزە و سامانە سروشتییەكانی توركیا كۆبۆوە. بەپێی راگەیەندراوەکە، هەردولا جەختیان لە گرنگی هێڵی گواستنەوەی نەوتی خاو لە نێوان عێراق و تورکیا کردەوە، لەگەڵ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، بەتایبەت دوای تەواوبوونی رێکارەکانی نۆژەنکردنەوە و پشکنین کە پێویستە لە دوای ڕووداوی بوومەلەرزەکەی 6ی شوباتی 2023 جێبەجێ بکرێن. لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوە كراوە، لیژنەی هاوبەشی ئابوریی عێراق و توركیا كە هەردو وەزیر سەرۆكایەتی دەكەن، بڕیاریانداوە كۆبونەوەی 19ەمینی لیژنەكە لە بەغدا ئەنجامبدرێت و دواتریش وادەیەك بۆ ئەو كۆبونەوەیە دیاری بكرێت.
هاوڵاتی وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر رایگەیاند، پاشنیوەڕۆی ئەمرۆ سێ کەس لە زێی گەورە لە سنووری قەزای خەبات خنکان و تەرمی هەرسێکیان لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانیی قەزای خەباتەوە دەرهێنراون. سەرکەوت کاڕەش، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر لەبارەی رووداوەکە رایگەیاند: "پاشنیوەڕۆی ئەمرۆ لە ئاوی زێی گەورە لە قەزای خەبات و بە دیاریکراوی لە نزیک پردی کۆنی قەزاکە سێ کەس، کە باوکێک و برازاکەی و کوڕێکی پیاوەکە لە ئاودا خنکان." وتیشی، "دوای ئاگادارکردنەوەی تیمەکانمان، تیمی ژێردەریاوانیی قەزای خەبات توانییان هەر سێ تەرمەکە دەربهێنن کە بەپێی زانیارییەکان یەک لەدوای یەکتر خنکاون لەو کاتەی ویستوویانە یەکتر رزگار بکەن." ئەوەشی رونكردەوە، ئەو كەسانەی كە خنكاون (بەختیار كەریم تەمەن 28 ساڵ، بنیامین بەختیار تەمەن شەش ساڵ، كەژاڵ هەژار كەریم تەمەن 17 ساڵ) بون، روداوەكەش بەو جۆرە بوە سەرەتا بنیامین بەختیاری تەمەن شەش ساڵ كەوتۆتە ناو ئاوەكەوە، پاشان ئەوانی دیكە هەوڵیانداوە دەری بهێنن، بەلام هەرسێكیان خنكاون، لەئێستاشدا تەرمەكانیان لە نەخۆشخانەی قەزای خەباتە". بەپێی ئامارەکان لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو رۆژی 10ـی ئەم مانەگە 61 کەس لە سنووری هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان بە ئیدارە سەربەخۆکانییانەوە لە ئاودا خنکاون، زۆرترین خنکان لە ئاو لە پارێزگای هەولێر، پاشان دهۆک، دواتر سلێمانی و هەڵەبجە دێن.
هاوڵاتی حکومەتی ئێران بڕیاری دادگاییکردنی پارێزەرەی بنەماڵەی ژینا ئەمینی بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخست بەهۆکاری هەبوونی کێشەی ئیداری. رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردەوە دانیشتنی دادگایی کردنی ساڵەح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی و پارێزەری ناسراوی کورد رۆژی 29ی ئاب بەڕێوە ئەچێت. بڕیاربوو دادگایی کردنی ساڵەح نیکبەخت بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی و شێواندنی بیروڕای گشتی رۆژی یەکی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت بەڵام بە هۆکاری کێشەی ئیداری دادگاییکردنەکەی دواخرا و بڕیارە رۆژی 29ی ئاب لە لقی 28ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەمووزاد بەڕێوە بچێت. ساڵەح نیکبەخت، پارێزەری ناسراوی کورد بە شێوەی خۆبەخش پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی گرتۆتە ئەستۆ و بەهۆی بەرگریکردن لەم بنەماڵەیە و پشتگیرکردنیان لە دادگا، تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی و شێواندنی بیروڕای گشتی خراوەتە پاڵ.
هاوڵاتی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگەیاند، 11 كەسیان دەستگیرکردووە کە تۆمەتبارن بە کاری قاچاغچێتی دراو لە شاری هەولێر. ئەمڕۆ سێشەممە 22ی ئابی 2023، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت بە "هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێم توانرا 11 تۆمەتبار لە شاری هەولێر دەستگیر بکەن" کە کاریان قاچاغچێتی دراو بووە. هەروەها ئەوەش هاتووە کە هەڵمەتەکە لە چوارچێوەی بەدواداچونەکانی قاچاغچییەتی دراوە و "لەژێر رۆشنایی دانپیدانانی تۆمەتبارانی پێشتر لە بەغدا" ئەو 11 کەسە دەستگیکراون. لە راگەیاندراوەکەدا باس لەوەش کراوە، دانپێدانانی تۆمەتبارەكان تۆماركراون و رەوانەی دەسەڵاتی دادوەری کراون بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست تا نەتوانرێت دەستوەردان لە ئاسایشی ئابوری وڵاتدا بکرێت.
هاوڵاتی بنەماڵەی نیاز دەرگەڵەیی رونکردنەوەیەکیان لەسەر روداوی کوژرانی نیاز دەرگەڵەیی بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، لەسەر روداوەکە هەواڵی ناراست بڵاوکراوەتەوە و بەمەبست رووداوەکە "بەلارێدا براوە"، دەشڵێن، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا هەموو راستییەکان لەسەر روداوەکە دەخەنەڕوو. بنەماڵەی نیاز دەرگەڵەیی باس لەوەش دەکەن هیچ لیدوانێک نادەن تا لێکۆڵینەوەکان لەسەر روداوەکە تەواو نەبێت. دەقی روونکردنەوەکەی بنەماڵەی نیاز دەرگەڵەیی: لەچەند رۆژی رابردوو، سەدان هەواڵی نادروست و داتاشراو، کە پڕن لە زانیاری نادروست لەبارەی شەهیدبوونی کاک نیاز دەرگەڵەییەوە بڵاوکراونەتەوە، کە ئێمە پێمانوایە بەشێک لەو هەواڵە نادروستانە بۆ بەلاڕێدابردنی رەوتی لێکۆڵینەوەکانن و بەمەبەست بەو شێوەیە هەڵسوکەوت لەگەڵ رووداوەکەدا دەکرێت. لێرەوە دووپاتی دەکەینەوە کە سەراپای ئەو هەواڵانە بەتایبەت ئەوەی لە سۆشیال میدیا بڵاو دەکرێنەوە هیچ راستییەکیان تێدا نییە، بەتایبەت کە تێکڕایان زادەی بیرکردنەوەی خۆیانن و هیچ کەسێک لە هێزە ئەمنیەکان و لە بنەماڵەکەشمان هیچ جۆرە زانیارییان پێنەداون، بۆیە پێویستە هەموومان چاوەڕوانی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی دەزگا پەیوەندیدارەکان بکەین بۆ دەرخستن و ئاشکراکردنی ئەو کردە تیرۆریستییە نامرۆڤانەیە. وە بۆ ئاگاداری هەموو لایەک، ئێمە وەکو بنەماڵە هیچ لێدوانێک لەوبارەیەوە نادەین تا گەیشتن بە ڕاستییەکان، ئەوکات لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا تەواوی ڕاستییەکان بە هاووڵاتییانمان دەگەیەنین. بنەماڵەی شەهید نیاز دەرگەڵەیی ٢٠٢٣/٨/٢٢
هاوڵاتی ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا دوانیوەڕی ئەمڕۆ دەگاتە بەغدا و لەگەڵ چەندین بەرپرسی باڵا کۆدەبێتەوە. ئەمڕۆ سێشەممە 22ی ئابی 2023، ئەحمەد سەحاف رایگەیاند، هاکان فیدان بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە بەغدا و ماوەی دوو رۆژ دەمێنێتەوە. بڕیارە وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق، محەممەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، هەروەها فواد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق کۆببێتەوە. بڕیارە رۆژی پێنجشەممەش هاکان فیدان سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و لەگەڵ چەند بەرپرسێکی باڵای حکومی کۆببێتەوە.
هاوڵاتی ئیسرائیل لە رێگەی موشەکەوە هێرشی کردەسەر چەند پێگەیەکی سەربازی لە نزیک دیمەشق و زانیاری جیاواز لەسەری بڵاودەکرێتەوە. بەپێی هەواڵێکی تەلەفزیۆنی ئێران ئینتەرناشناڵ درەنگانی شەوی دووشەممە 21ی ئابی 2023، ئیسرائیل هێرشی کردووەتەسەر چەند بنکەیەکی ئێرانییەکان لە نزیک دیمەشقی پایتەختی سوریا. هاوکات کەناڵی ئەلعەرەبییە لەبارەی هێرشەکەوە نوسیویەتی، "ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر بارێکی چەک و چۆڵی ئێرانییەکان نزیک بە فڕۆکەخانەی دیمەشق." روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لەسەر هێرشەکە رایگەیاندووە کە دوو سەربازی سوری کوژراون و بنکەی سەربازی هێزەکانی نزیک ئێران کراونەتەئامانج. بەڵام ئاژانسی هەواڵی سانا کە سەر بە حکومەتی سوریایە رایگەیاندووە تەنها سەربازێکی سوری برینداربووە.
هاوڵاتی بەهۆی ئەگەری دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، نرخی نەوت لە بازارەکانی جیهان دابەزی و لە ئەگەری دەستپێکردنەوەیەدا خستنەڕوو زیاتر دەبێت بەهۆی رێکارەکانی کەمکردنەوەی هەناردەی نەوت لەلایەن ئۆپیکەوە. ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە ئەمڕۆ دووشەممە 22ی ئابی 2023 نرخی نەوتی خاوی برێنت لە بازارەکانی جیهان هەشت سەنت دابەزی و گەیشتە 84 دۆلار و 65 سەنت، ئەمەش بەهۆی ئەگەری دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان. رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاویکردووەتەوە کە حەیان عەبدولغەنی سەردانی، وەزیری نەوتی عێراق، سەردانی ئەنقەرەی کردووە بۆ تاووتوێکردنی هەندێک بابەت لەوانە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لەرێی بەندەری جەیهانەوە، کە مەبەست لێی نەوتی هەرێمی کوردستانە. هەروەها ئەوەش هاتووە، کە گەیشتنی نەوتی زیاتر لە عێراقەوە رەنگە ببێتە چارەسەرکردنی ئەو کورتهێنانەی خستەنەڕووی نەوت بەهۆی رێکارەکانی رێکخراوی ئۆپیکەوە لە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان. لە 25ی مانگی ئازاری 2023 تورکیا هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان راگرت کە 450 هەزار بەرمیلی رۆژانە بوو، ئەمەش بەهۆی دۆسیەی نێوان ئەقەرە و بەغدا لەسەر نەوت لە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس.
هاوڵاتی وهزارهتی تهندروستی حكومهتی ههرێمی كوردستان رایگهیاند كه ئهو نهخۆشخانه تایبهتهی تیایدا مافی منداڵێكی تازه لهدایكبوو پێشێلكرا و ئازاردرا، ههوڵی شێواندنی ڕاستیهكان و پاساو هێنانهوه بۆ ئهو دیارده قێزهوهنه و بهردهوامی سهرپێچی و كاری نایاسایی دهدات. لە رونکردنەوەیەکدا وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەکردوە، سەبارەت بە ئازاردان و پێشێلكردنی منداڵێكی تازە لە دایكبو دور لە هەمو ڕەوشتێكی پزیشكی و یاسایی و زانستی، وەزارەتی تەندروستی چەندین ڕێكار و سزای یاسایی گرتۆتە بەر دەشڵێت، بەداخەوە لەلایەن نەخۆشخانەكە هەوڵ دراوە بۆ شێواندنی ڕاستیەکان و پاساو هێنانەوە بۆ ئەم دیاردە قێزەوەنە و بەردەوامی سەرپێچی و كاری نایاسایی هەیە بەوەی هەوڵ دەدرێت ڕای گشتی و پرۆسەی لێكۆڵینەوە بەلارێدا ببرێت و بشێوێندرێت لەجیاتی ملكەچ بون بۆ یاسا و داوای لێبوردن كردن بەرامبەر ئەو دیاردەیەی ناخی هەمو کۆمەڵگای هەژاند کە دەبێتە هۆکاری لاوازکردنی متمانەی هاوڵاتیان. وهزارهتی تهندروستی دهڵێت: "دروستكردنی لیژنهی لێكۆڵینهوه كاری نهخۆشخانهی ناوبراو نییه، بهڵكو بهیاسای مافی نهخۆش ژماره 4 ی ساڵی 2020 و پهیڕهوی لێكۆڵینهوهی كارپێكراو، لێكۆڵینهوه كردن تهنها كاری وهزارهتی تهندروستیه بهئامادهبوونی دادوهر و نوێنهری داواكاری گشتی". ئاماژهشی بهوهداوه كه "بهڕێزێك بهناوی سهرپهرشتیار قسهدهكات لهكاتێكدا ئهو بهڕێزه سهرپهرشتیار نییه بهفهرمی و هیچ سیفهتێكی بهڕێوهبردنی نییه، تهنانهت ڕێگهپێدراویش نییه له لیستی وهزارهتی تهندروستی بۆ ئهم نهخۆشخانهیه و هیچ پهیوهندییهكی فهرمی نییه و كارمهندهكانیش ناویان له لیستی ڕێگهپێدراوی فهرمی نییه بۆ كاركردن لهم نهخۆشخانهیه و ئهو بهڕێزهی بهناوی نهخۆشخانه قسهدهكات تهواو نایاساییه، چونكه پزیشكی نیشتهجێی دێرینه و پسپۆڕ نییه، بهڵكو لهژێر ڕاهێنان و مهشقكردندایه و بۆی نییه بهناوی نهخۆشخانه قسه بكات".
