ئێران دادگاییکردنی پارێزەرەکەی بنەماڵەی ژینا ئەمینی دواخست
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
حکومەتی ئێران بڕیاری دادگاییکردنی پارێزەرەی بنەماڵەی ژینا ئەمینی بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخست بەهۆکاری هەبوونی کێشەی ئیداری.
رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردەوە دانیشتنی دادگایی کردنی ساڵەح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی و پارێزەری ناسراوی کورد رۆژی 29ی ئاب بەڕێوە ئەچێت.
بڕیاربوو دادگایی کردنی ساڵەح نیکبەخت بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی و شێواندنی بیروڕای گشتی رۆژی یەکی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت بەڵام بە هۆکاری کێشەی ئیداری دادگاییکردنەکەی دواخرا و بڕیارە رۆژی 29ی ئاب لە لقی 28ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەمووزاد بەڕێوە بچێت.
ساڵەح نیکبەخت، پارێزەری ناسراوی کورد بە شێوەی خۆبەخش پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی گرتۆتە ئەستۆ و بەهۆی بەرگریکردن لەم بنەماڵەیە و پشتگیرکردنیان لە دادگا، تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی و شێواندنی بیروڕای گشتی خراوەتە پاڵ.