‌پارتی لەدهۆك 120 هەزار دەنگی لەدەست دا

بەرپرسێكی یەكگرتوو لەدهۆك: ئەندامان‌و لایەنگرانی كۆمەڵ دەنگیان دا بەكاندیدانی یەكگرتوو لەبادینان

3 ساڵ لەمەوپێش



عەمار عەزیز

لەسنوری پارێزگای دهۆك پارتی دەنگ و كورسییەكانی كەمیكردووەو هەشت كورسی بەدەستهێناوە، هاوپەیمانی كوردستان (یەكێتی) و یەكگرتوو دەنگەكانیان زیادی كردووەو  سێ كورسی پارێزگاكەیان مسۆگەر كردووە.

پارێزگای دهۆك 11 كورسی بۆ دانرابوو، بەپێی دەرئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە لەلایەن كۆمسیۆنەوە رۆژی دووشەممەی رابردوو راگەیەندرا تێیدا پارتی هەشت كورسی و یەكگرتووی ئیسلامی دوو كورسی و هاوپەیمانی كوردستان (یەكێتی) كورسییەكی بەدەستهێناوە.

قادر حەسەن، جێگری مەڵبەندی چواری یەكێتی لەبادینان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت»: لە دوو بازنە دەنگەكانمان گەیشتووەتە 26 هەزار، لەبازنەكانی تریش نزیكەی حەوت هەزار دەنگمان هەیە، بەگشتی 33 هەزار دەنگمان بەدەستهێناوە، ئەمە دووەمجارە بادینان دەبێتە خاوەن كورسییەكی پەرلەمانی عێراق».

ناوبراو پێشیوابوو كە لەكاتی بانگەشەدا بەرنامەیەكی زۆر رێكوپێكیان داناوەو هەموو هەوڵێكیان داوە بۆ ئەوەی دوو كورسی بەدەستبهێنن، بەڵام بەپێی راگەیەنراوی كۆمسیۆن تەنیا یەك كاندیدی هاوپەیمانی لەبازنەی (ئاكرێ ، شێخان ، بەردەرەش ) كە سەر بەیەكێتیە دەبێتە ئەندامی پەرلەمانی عێراق.

لەساڵی 2018 پارتی لەبازنەی دهۆك و ئامێدی 132 هەزار و دووسەدو یەك دەنگی هێناوە، لەم هەڵبژاردنە 76 هەزارو دووسەد و نەوەد و شەش دەنگی هێناوە، لەبازنەی ئاكرێ، بەردەرەش، شێخان لەساڵی 2018، 82 هەزارو دووسەدو نەوەدو شەش دەنگی هێناوە، لەم هەڵبژاردنە 67 هەزارو نەوەدو سێ دەنگی هێناوە، لەبازنەی زاخۆ، سێمێل،  103 هەزار دەنگی هێنا، لەم هەڵبژاردنە 52 هەزارو حەوت سەد و هەشتاو حەوت دەنگی هێناوە .

خالد ئەحمەد ، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردن لەلقی 1ی پارتی لەدهۆك لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «لەهەڵبژاردنی 2018 پارتی لەسنوری پارێزگای دهۆك 318 دەنگی هێنا، بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە هێشتا دیار نیە كەچەند دەنگمان هێناوە، هەشت كۆرسیمان هێناوە، بەڵام لە 2018 ژمارەی كۆرسیەكانمان 10 كورسی بووە».

رێژەی بەشداریكردنی خەڵك لەسنوری پارێزگای دهۆك لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان بەراورد بەهەولێرو سلێمانی زیاتر بووەو گەیشتبووە لەسەدا 52و نیو.

خالد ئەحمەد پێیوابوو كە  كەمبوونەوەی دەنگەكانیان بۆ هاوپەیمانی پارتەكان دەگەڕێتەوە كە بەتەنها كێبڕكێی 11 كورسیەكەیان كردووەو  لەبەرامبەردا تەواوی حزبەكان كێبڕكێیان كردوون، وتیشی:» پارتی لەگوڕانكاری ناترسێت، پێش دوو مانگ دوو بەرپرسی لق لەسنوری پارێزگای دهۆك گۆڕدراون ، ئەم پرۆسەیە لەپێش هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردنیش بەردەوام دەبێت، هەركاتێك بەپێویستی بزانێت گوڕانكاری بكات بەبێ دوودڵی دەیكات».

یەكگرتووی ئیسلامی لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆك كورسیەكی زیاد كرد، ئەوەش بەهۆی زیادبوونی دەنگەكانیانەوە لەو پارێزگایەدا كە هەریەك لە جەمال كۆچەرو عومەر كۆچەر بوونە پەرلەمانتاری عێراق.

سەباح عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك سەر بەیەكگرتوو لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «هیچ رێككەوتنێكی فەرمی و ئیمزاكراو لەنێوان ئێمە و لایەنەكانی تر نەبووە، بەڵام سەردان و لێكتێگەیشتنمان هەبوو لەگەڵ كۆمەڵی دادگەری، قسەمان لەگەڵ كۆمەڵ كردووە وتمان ئێوە هیچ كاندیدێكتان نیەو فیكرەی ئێوە نزیكە لەئێمە بۆیە حەزدەكەین دەنگ بەكاندیدانی ئێمە بدەن، ئەندامان و لایەنگرانی كۆمەڵ دەنگیان داوە بەكاندیدانی یەكگرتوو لەبادینان «.

سەباح عەلی پێشیوابوو هۆكاری زیادبوونی دەنگەكانیان بۆ ناڕازیی و توڕەیی خەڵك دەگەڕێتەوە بەرانبەر دەسەڵات كە یەكگرتوو ئەمجارە زیاتر لە 73هەزار دەنگیان هێناوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار