پێشنیازی دروستکردنی رێڕەوێکی بازرگانی لە نێوان ئیسرائیل و هەرێمی کوردستان دەکرێت

ئەنجامدانی پرۆژەیەکی وەها ستراتیژ بێ رێگریی نییە و پێویستی بە نزیکەی 30 ملیار دۆلار هەیە

6 كاتژمێر لەمەوپێش



لەرێی ئەو پرۆژەیەوە دەتوانرێت نەوتی هەرێم و رۆژئاوای کوردستان لە دەریای ناوەراستەوە رەوانەی بازارەکانی جیهان بکرێت

پڕۆژەکە سوودی بەرچاوی هەیە و دەبێتە ڕێڕەوی بازرگانی نوێ و پشتبەستن بە کەناڵی سوێس کەمدەکاتەوە

ئامادەکردنی: هاوڵاتی

هەموو گۆڕانکارییە سیاسییەکان گۆڕانکاری ئابوری و بازرگانی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، وڵاتان هەردەم بەدوای رێڕەوی نوێی بازرگانیدا دەگەرێن بۆ ئەوەی بە کەمترین تێچوو و بە زووترین کات کاڵا بازرگانییەکان هاوردە و هەناردە بکەن، لەو چوارچێوەیەشدا لە دوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا و کۆتاییهان بە دەسەڵاتی ٥٣ ساڵەی ئەو بنەماڵەیە، ئیسرائیل بیر لە رێگایەک دەکاتەوە ئەو وڵاتە بە هەرێمی کوردستانەوە ببەستێتەوە.

دۆزینەوەی رێگەی دەریایی رەئس رەجا سالح لەلایەن پرتوگالییەکانەوە لە ساڵی 1498 ی زاینی گرنگییەکی زۆری لەرووی بازرگانییەوە هەبوو، تا تەواوبوونی هەڵکەندنی نۆکەندی سوێس لە ساڵی 1869 دا کە دەریای سووری بە دەریای سپی ناوەراست دەبەستێتەوە و رێگای بازرگانی نێوان هەردوو کیشوەری ئەوروپا و ئاسیای بەرێژەیەکی بەرچاو کەمکردەوە، تا ئێستاش بە گرنگترین رێڕەوی بازرگانی لە جیهاندا دادەنرێت.

لە عێراقیش دەست بە پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان کراوە لەرێی راکێشانی هێڵی شەمەندەفەر و چەندین رێگەی نێودەوڵەتی لە بەندەری فاوەوە بۆ سەر سنوری تورکیا کە پرۆژەکە بڕی ١٧ ملیار دۆلاری تێدەچێ و شارەزایان پێیان وایە ئەو رێڕەوە بازرگانییەی عێراق جێگەی نۆکەندی سوێسی میسر دەگرێتەوە.

لە دوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەدیش لە سوریا، ئیسرائیل بیر لە دروستکردنی رێرەوێک دەکاتەوە ئەو وڵاتە بە هەرێمی کوردستانەوە ببەستێتەوە لەوبارەیەوە رۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست بڵاویکردۆتەوە بیرۆکەی دروستکردنی رێڕەوی بازرگانی لە نێوان ئیسرائیل و هەرێمی کوردستان رەنگە وەک خەون دەربکەوێت، بەڵام گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک کەوتنی رژێمەکەی ئەسەد و لاوازبوونی ئێران هەلێکی هێناوەتە کایەوە بۆ جێبەجێ کردنی ئەو خەونە.  لەگەڵ بەهێزکردنی پەیوەندیی لەگەڵ دروزییەکانی سوریا و هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ کوردەکان, ئیسرائیل وا خەریکە بناغەی ئەو رێڕەوە بازگانییە دادەنێت.

دەشڵێت باشوری کوردستان، لەلایەن حکومەتی عێراق و تورکیاوە روبەڕووی چەندین قەیرانی دارایی کراوەتەوە، ئەوەش هۆکارە بۆ سنوردارکردنی توانا ئابوورییەکانی هەرێم و گەشەسەندنی ئابووریەکەی.

رونیشی کردۆتەوە  بڕیاری دادگای پاریس و راگرتنی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جیهان لەلایەن تورکیاوە بووە هۆی لاوازبوونی ئابووری هەرێم، بەڵام کردنەوەی رێڕەوێکی بازرگانی لە هەرێمی کوردستانەوە لە رێگای خاکی سوریاوە بۆ ئیسرائیل، دەبێتە هۆی گەرەنتیکردنی داهاتووی ئابووری هەرێمی کوردستان و گەشەسەندنی ئابوورییەکەی، رێڕەوەکەش دەبێتە دەرچەیەکی مێژوویی بۆ هەرێمی کوردستان و رزگاری دەکات لە تورکیا و عێراق.

سەبارەت بە ڕۆژئاواش کە زۆرینەی گێڵگە نەوتیەکان کەوتونەتە ناوچە کوردییەکان، بەڵام کێشەی سەرەکی ئەوانیش نەبوونی رێرەوێکە تا بتوانن لێوەی نەوتەکەیان بە بازار بکەن، دروستکردنی ئەو پرۆژەیەش سودێکی ئابوری زۆر بە رۆژئاوای کوردستان دەگەیەنێت و دەتوانن لەو رێڕەوەوە نەوتەکەیان هەناردەی بازاڕەکانی جیهان بکەن.

ئۆرشەلیم پۆست نوسیویەتی: بەدڵنیاییەوە ئەنجامدانی پرۆژەیەکی وەها ستراتیژ بێ رێگریی و بەربەست نییە. دروستکردنی رێڕەوێکی وەها گرنگ، پێویستی بە نزیکەی 30 ملیار دۆلار هەیە.

کوردیش لە هەرێمی کودستان ململانێی ناوخۆیی هەیە و ئابووریەکەی کە لەسەر فرۆشی نەوتە، لە ئێستادا  راگیراوە. ئەو کێشانەش پێویستیان بە چارەسەرکردن هەیە.

پێش ئەوەی پرۆژەیەکی وەها گەورە و گرنگیش دروست بکرێت، پێویستە سەرەتا ئاسایشی رێڕەوەکە گەرەنتی بکرێت لەوبایەوە رۆژنامەکە دەڵێت: شارەزایانی پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری ئیسرائیل لەگەڵ توانا سەربازییەکانی سوپای ئیسرائیل دەتوانن سەرکردایەتی دروستکردنی پرۆژەیەکی وەها گرنگ بکەن.

ماوەی سەد ساڵ زیاتریشە دژایەتی تورکیا بۆ کورد  بەردەوامە. هەرچەندە لە ئێستادا تورکیا دژایەتی پرۆژەکە بکات، بەڵام لە داهاتوودا ئەگەری زۆرە بیروڕای بگۆڕێت ئەگەر سودە بازرگانییەکانی زۆربێت و پەیوەندەییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل بەرەوپێشبچێت. هەروەها ئەگەری بەرەپێشچونی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو، رەنگە کاریگەری لەسەر تورکیا و گرووپە سونەکانی سوریا هەبێت بۆ ئاسانکاریکردن بۆ پرۆژەکە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار