تورکیا چی لە رۆژئاوای کوردستان دەوێت؟
وڵاتانی عەرەبی و رۆڵیان لە دەسەڵاتی داهاتووی سووریا چۆن دەبێت؟
22 كاتژمێر لەمەوپێش
ڕۆڵی ئەمریکا لە پاراستنی رۆژئاوای کوردستان و دانانی سنورێک بۆ دەستدرێژییەکانی تورکیا چییە؟
کردنەدەرەوەی ئێران لە سووریا و دەستوەدانەکانی تورکیا لەو وڵاتەدا چۆن ڕوو دەدات؟
ئامادەکردنی: هاوڵاتی
سەرکەوتنە سەربازی و سیاسیەکانی کوردانی رۆژئاوای کوردستان، تورکیای دوچاری هستریا کردووە و دەیەوێت بەهەر نرخێک بێت سنوی دەسەڵاتیان بەرتەسکبکاتەوە و ئاستێک بۆ ئەو پشتیوانییە دابنێت کە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی بەدەستیان هێناوە، لەرێی نانەوەی ئاژاوە و بۆردومانی بەردەوام و هاندانی بەکرێگیراوان بۆ پیلانگێڕی و تێکدانی ئاسایشی ناوخۆیی و بردنەپێشی حزبە کارتۆنییەکان لە دیمەشق کە لە رۆژئاوای کوردستان هیچ پێگەیەکی جەماوەرییان نییە.
ئەو بیانوانەش کە هەردەم سەرانی تورکیا وەکو چەکێک لە دژی رۆژئاوای کوردستان بەکاریدەهێنێت ئەمانەن:
هێزەکانی سوریای دیموکرات مایەی مەترسین بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا.
بەستنەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە تیرۆر، کە هەموو جیهان دەزانێت ئەم تۆمەتانە ناڕاستن.
بوونی چەکداری بیانی لە ریزەکانی سوپای سووریای دیموکرات.
تەنها ئەم سێ تۆمەتەیە کە بەرپرسانی باڵای تورکیا و راگەیاندنەکانی ئەو وڵاتە بەردەوام دەیڵێنەوە و وەک چەکێک لە دژی رۆژئاوی کوردستان بەکاریدەهێنن، لەدوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەدیش بە ئاشکرا داوای چەکدانان و هەڵوەشانەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکەن و بەروونی دەڵێن یان کوردانی رۆژئاوای کوردستان تەسلیم بوون قبوڵ دەکات یان لەرێی بەکارهێنانی هێزەوە ئامانجەکانیان لە باکوری سووریا بەدیدەهێنن.
لەسەر ئاستی باڵاش، بەردەوام تورکیا داوای راگرتنی هاوکاریە سەربازییەکان دەکات کە ئەمریکا و خۆرئاوا پێشکەشی رۆژئاوای کوردستانی دەکەن، بەجۆرێک کارگەشتوەتە ئاستێک کە شرۆڤەکارێکی تورکی وەک بەکیر ئاتاجان داوای رووبەرووبوونەوەی سەربازی لە دژی ئەمریکا بکات ئەگەر بەردەوامبێت لەسەر هاوکارییەکانی بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات.
ئەو هستریایەش کە دووچاری تورکیا بووە، سەلمێنەری ئەو بۆچوونەیە کە تورکیا کارتەکانی لە سووریای دوای بەشار ئەسەد بەرەو سوتان دەچن و پێدەچێت روداوەکان تەواو پێچەوانەی خواستەکانی سەرانی ئەنقەرە بێت.
لەوبارەیەوە تا ئێستا هاوکاریەنێودەوڵەتییەکان بۆ رۆژئاوای کوردستان بەردەوامن، بەجۆرێک پنتاگۆن ژمارەی سەربازەکانی لە سوریا زیادکردوە و ئاڵای ئەمریکاش لەسەر زۆربەی شوێنە گشتیەکانی شاری کۆبانی هەڵکراون، وەک ئاماژەیەک بۆ تورکیا و بەکرێگیراوانی کە نزیکبوونەوە لەو شارە هێڵی سوورە، بەردەوامیش هەواڵی تێکشکان و هەڵهاتن و تەسلیم بوونی چەکدارە توندڕەوەکان کە تورکیا پشتیوانییان لێدەکات لەبەرکانی شەڕ بە تایبەت لە مەنبج و بەنداوی تشرین روو لە زیادبوون دەکات و خەونی سیاسەتی شەرەنگێزی تورکیا لەو بەشەی کوردستان بەرەو هەڵوەشانەوە دەچێت.
دوای شکستە یەک لە دوای یەکەکانی تورکیاش لەبەرەکانی شەڕ، ئەنقەرە بەردەوام هەوڵ دەدات نوێنەرایەتی کردنی کورد لە دەسەڵاتی داهاتووی سوریا لە دیمەشق کارتۆنی بێت لەرێی ئەو حزبە بەناو کوردیانەی چەند ساڵێکە لە هۆتێلەکانی ئەستەنبوڵ بەخێویان دەکات کە لەناوخۆی ئەو پارچەیەی کوردستان هیچ پێگەیەکی جەماوەرییان نییە، بۆ بەرگرتن لەو پیلانگێرییەش جەنەراڵ مەزڵوم عەدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەگەڵ سەرکردەکانی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد ( ئەکەسە) کۆبویەوە وتەبێژی ئەنەکەسەش کۆبوونەوەکەی بە ئەرێنی لەقەڵم دا لەهەمووی گرنگتر کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی بەرپرسانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا رێکخراوە، ئەوەش بەهەوڵێکی تری ئەمریکا لێکدەدرێتەوە تا ئەنەکەسە لە ژێر رکێفی تورکیا دەربکات و کورد هەڵوێستێکی یەکگرتووی هەبێت لە چوارچێوەی سووریای نوێدا.
ئەوەی تا ئێستا لە سوریای دوای رژێمی ئەسەد غائیبە وڵاتانی عەرەبین، لە کاتێکدا ئەو وڵاتە ئەندامی کۆمکاری عەرەبییە و یەکێکە لە وڵاتە ستراتیجیەکانی ناوچەکە، بەڵام تائێستا هیچکام لەوڵاتە باڵادەستەکانی عەرەب شاندی باڵایان رەوانەی دیمەشق نەکردوو و ئەم خەمساردییەش بەوە لڵکدەدرێتەوە کلیلی دەسڵاتی داهاتووی سوریا رادەستی تورکیا بکرێت کە رۆڵێکی نەرێنی دەبینێت و هەردەم هەوڵدەدات سوریا بۆ بەدیهانیانی ئەجیندا و خواستی خۆی لەناوچەکە بەکاربهێنێت و دوچاری شەرێکی نەبڕاوەی ناوخۆی بکات کە لەداهاتوودا کۆتاییهێنان بەو شەڕە قوربانی زۆری دەوێت و باجەکەشی قورس دەبێت.
هاوکات چاودێران ئەو دوورەپەرێزییەی وڵاتی عەرەبی بەوە لێکدەدەنەوە کە وڵاتی عەرەبی تا ئێستا دانی بە گۆرانکاریەکانی سوریای نوێ نەناوە و خۆیان بۆ قۆناغی داهاتوو ئامادە دەکەن، بەجۆرێک پێشتر هیچ رێکەوتنێک لەنێوان تورکیا و ئەحمەد شەرع فەرماندەی دەستەی تەحریر شام نەبووە و دەکرێت وڵاتانی عەرەبی لەرێی ئەحمەد شەرعەوە سوریا لەژێر رکێفی ئەنقەرە دەربهێنن و بگەرێتەوە بۆ ناو کایەی ئاسایی خۆی لە چوارچێوەی وڵاتانی عەرەبیدا.