سەروەت و سامانی بەشار و خێزانەکەی بە 12 تا 16 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.

ئایا بەشار ئەسەد سەروەت و سامانەکەی لە چ وڵاتێک داناوە؟

15 كاتژمێر لەمەوپێش



ئایا گەلی سوریا دەتوانێت داهاتی دزراوی خۆی لەو وڵاتانە وەرگرێتەوە؟

ئامادەکردنی: هاوڵاتی

دوای هەڵهاتنی بۆ مۆسکۆ، زۆر قسە و باس لەبارەی سەروەت و سامانی بەشار ئەسەدی سەرۆکی پێشووی سووریا و ئەندامانی خێزانەکەی دەکرێت کە خۆی و باوکی زیاتر لە 53 ساڵ حوکمی سووریایان کرد و لەماوەی دەسەڵاتیشیان هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە لە دۆخێکی نالەباردابوون و ئاستی بژێویان بە شێوەیەک دابەزیبوو کە موچەی فەرمانبەرێکی ئاسایی لە نێوان 10 تا 15 دۆلاردا بوو.

بەلاچونیشی لەدەسەڵاتیش هەوڵەکان بۆ دەستنیشانکردنی بڕ و شوێنی سەروەتەکەی بەشار ئەسەد چڕبووەتەوە، لەوبارەیەوە رۆژنامەی وڵ ستریت جۆرناڵ دەڵێت: "هەوڵێکی جیهانی لەئارادایە بۆ دۆزینەوەی سەروەت و سامانی خێزانی ئەسەد کە کاتێکی زۆریان لەبەردەستدا بووە بۆ شاردنەوەی".

پێگەی "زە بایبر" ی بەریتانیش دەڵێت: " بەشار ئەسەد بڕی 66 ملیۆن یۆرۆی لە بانکی (ئاتش ئێس بی سی) لە لەندەن داناوە و داوا لە حکومەتی بەریتانی دەکرێت رێگەبدات ئەو بڕە پارەیەی ئەسەد کە لەو بانکە دایناوە بۆ پرۆژەکانی ئاوەدانکردنەوەی سوریا تەرخانبکرێت".

هەر سەبارەت بە سەروەت و سامانی ئەسەد و خێزانەکەی رۆژنامەی فاینانشڵ تایمز بڵاویکردەوە، بەشار توانیویەتی سزا نێودەوڵەتییەکان تێپەڕێنێت و بڕی 250 ملیۆن دۆلار رەوانەی هەژماری بانکی خۆی لە رووسیا لە نێوان ساڵەکانی 2018 تا 2019 بکات.

سەبارەت بە کۆی سەروەتو سامانی بەشار ئەسەد و خێزانەکەشی ( سکۆت لۆکاس ) شارەزای بواری رۆژهەڵاتی ناوەراست و باکوری ئەفریقا لە زانکۆی بێرمینگهام لە بەریتانیا دەڵێت سەروەتی بەشار و خێزانەکەی دەگاتە 12 تا 16 ملیار دۆلار ئەوەش جگە لەو زێڕ و خشڵانەی کە بۆ دەرەوەی سووریا گواستویانەتەوە.

چاودێرانیش دەڵێن بازرگانی ماددەهۆشبەرەکان، بە تایبەت کارگەکانی دروستکردنی حەبی کەبتاگۆن پانتاییەکی فراوانی لە سەروەت و سامانی بەشار ئەسەد و خێزان و کەسە نزیکەکانی هەیە، بە تایبەت ماهر ئەسەدی برای کە چەندین ملیار دۆلاریان لەو بازرگانییە دەستکەوتووە و سووریایان کردبووە وڵاتی ماددە هۆشبەرەکان و مەترسی تەواویان بۆ سەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە دروستکردبوو.

چاوەروانیش دەکرێت زۆرینەی سەروەت و سامانی خێزانی ئەسەد لە رووسیا بێت و موڵک و ماڵێکی زۆر و زەوەندیان لەو وڵاتە کڕیبێت ئەوە جگە لە  هەژماری بانکییان کە ملیارەها دۆلاری دزراوی سوریا بە ناوی خۆیان یا کەسانی نزیکیان دانراون، گەڕانەوەی ئەو بڕە پارە زۆرەش لە رووسیاوە بۆ سووریا کارێکی ئاستەمە بەهۆی ئەو پشتیوانییە زۆرەی ڤلادیمێر پۆتن لە بەشار ئەسەد و خێزانەکەی دەیکات.

لە کۆتاییدا بەشار ئەسەد رۆشت و وڵاتێکی وێرانەی بە کۆمەڵێک کێشە و ناکۆکی بەجێهێشت، وڵاتێک کە تا ئێستاش برسێتی باڵیکێشاوە بەسەریدا و زیاتر لە 7 ملیۆن هاوڵاتی سوریا ئاوارەی وڵاتانی دراوسێ و ئەوروپا بوون، وڵاتێک ژێرخانی ئابووی داروخاوە و چەندین ساڵ کاری بەردەوامی دەوێت تا بتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار