سەردانی شاندەکەی هەرێم بۆ بەغدا دواکەوت، تا ئێستاش چارەنووسی مووچەی مانگی ١٢ نادیارە.

بۆ مووچەی فەرمانبەران لە ساڵی ٢٠٢٥دا تا ئێستا هیچ رێکەوتنێک لە نێوان هەولێر و بەغدا نەکراوە.

24 كاتژمێر لەمەوپێش



جارێکی تر لە پارێزگای سلێمانی بانگەواز بۆ بایکۆت دەکرێت لە قوتابخانە و فەرمانگەکان.

ئامادەکردنی: هاوڵاتی

پەیوەندی نێوان حکومەتی هەرێم و عێراق روو لە ئاڵۆزی زیاتر دەکات و مووچە و شایستەی دارایی فەرمانبەران رادەستی چارەنوسێکی نادیار کراوە. تا ئێستا مووچەی مانگی ١٢ی ساڵی رابردوو دابەشنەکراوە و وەزارەتی دارایی عێراقیش دەڵێت ناردوومە، وەزارەتی دارایی هەرێمیش دەڵێت بەغدا مووچەی ئەو مانگەی نەناردووە و کێشەکە بە هەڵپسێردراوی ماوەتەوە. بۆ چارەسەری ئەو پرسە و مووچەی فەرمانبەران لە ساڵی ٢٠٢٥ دا، بڕیاربوو ئەمرۆ شاندێکی باڵای وەزارەتی دارایی هەرێم بە سەرۆکایەتی وەزیری دارایی سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق کۆببێتەوە و چارەنووسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم یەکلایی بکەنەوە، بەڵام سەردانەکە بۆ کۆتایی ئەم هەفتەیە دواکەوت، تا ئێستاش بۆ مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٥ هیچ جۆرە رێکەوتنێک لە نێوان هەولێر و بەغدا نەکراوە.

 سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتی دارایی هەرێمەوە رایگەیاندووە چونی شاندی باڵای هەرێم بۆ بەغدا لەبارەی مووچەوە بەهۆی تەواونەبوونی ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی یەک ‌و لیستی خانەنشینان ‌و تەرازوی پێداچونەوەی مانگی 12ی ساڵی ڕابردوو، دواخراوه‌.

بە پێی زانیارییەکانیش تەیف سامی لە پەیامێکیدا بۆ شاندەکەی هەرێم وتویەتی:"هەموو لیستەکان بێ کێشە ئامادەبکەن‌ و لەگەڵ خۆتان بیهێنن، ئینجا کۆدەبینەوە و بڕیار دەدەین".

ئەوەش لە کاتێکدایە ژمارەیەک پەرلەمانتاری شیعە داوا دەکەن بێ رادەستکردنی نەوت، هیچ پارەیەک بۆ هەرێمی کوردستان خەرج نەکرێت.

ئەو پەرلەمانتارانە لە راگەیێندراوێکدا، رەخنە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگرن و داوا لە حکومەتی عێراقیش دەکەن، بەبێ رادەستکردنی نەوت لەلایەن هەولێرەوە، هیچ بڕە پارەیەک بۆ هەرێم نەنێردرێت.

ئەو پەرلەمانتارانە هەڕەشەی لێپرسینەوە لە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق دەکەن لەسەر ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان.

بەهۆی نەدان و دواکەوتنی مووچەشەوە جارێکی تر مامۆستایان و فەرمانبەرانی سنوری پارێزگای سلێمانی نارەزایی دەردەبڕن و هەڕەشەی بایکۆت دەکەن.

لەوبارەیەوە دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی دەڵێن: لەمەودوا دەوامی بێمووچە ناکەن و بایکۆتى هۆڵەكانی خوێندن دەستپێدەکەنەوە، تا موچەی مانگی 12ى ساڵى ڕابردوو و موچەى مانگی 1ی ئەمساڵ وەرنەگرن ناگەڕێنەوە بۆ سەر كارەكانیان.

ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵە هاتن و نەهاتن و دابەشکردن و دابەشنەکردنی مووچە هەواڵی سەرەکی کۆی میدیاکانی باشووری کوردستانە، بە درێژایی ئەو هەموو ساڵە نەتوانراوە ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکرێن و ڕێچارێک بۆ ئەو گرفتە دابنرێت کە رووبەرووی مووچەخۆرانی هەرێم بووەتەوە و ڕیتمی ژیانی بە تەواوی لێتێکداون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار