ئایشمان و عەجاج ئەندازیارەکەی هۆڵۆکۆست و جەللادەکەی بیابان

5 كاتژمێر لەمەوپێش



ئامادەکردنی: هاوڵاتی – ئەحمەد ڕەسوڵ

با لەم ڕاپۆرتەدا چیرۆکی دڵرەقیی و دڕندەیی ئایشمان و عەجاج ببیستین:
ئەدۆڵف ئایشمان، یەکێک لەو سەرکردە نازییانەی کە ڕۆڵێکی گەورەی هەبوو لە ڕاگواستن و کۆچپێکردنی جووەکان لە سەرانسەری وڵاتانی ئەوروپا کە لە ژێر دەستی نازییەکان بوون، بۆ گیتۆکان و کامپەکان و کۆمەڵگا زۆرەملێیەکاندا. ئایشمان، سەرۆکی بەشی کاروباری جووەکان بوو لە ناو دەستەی پۆلیسی نهێنی ناسراو  بە گستاپۆ کە بەشێکی گرنگ بوو لە دەستەی نهێنی ناسراو بە SS. 

ئایشمان بە ئەندازیاری ڕاگواستنی جووەکان و دابینکار و ئامادەکاری لایەنی لۆجستیکی بۆ پڕۆسەی کۆچپێکردنی جووەکان و نیشتەجێکردنیان لە ئۆردوگا زۆرەملێیەکاندا، دادەنرێت. پلانە ووردەکانی ئایشمان بوون بە هۆی کوشتن و لەناوبردنی سیستماتیکییانەی شەش ملیۆن جولەکە. 

ئایشمان، لە دوای شکستی نازییەکان و کەوتنی ئەڵمانیا، بە نهێنی توانی خۆی بگەیەنێتە وڵاتی ئەرجەنتین بە ناوێکی دیکەی جیاوازەوە. بەڵام لە ساڵی ١٩٦٠ لەلایەن تیمەکانی دەزگای هەواڵگری ئیسڕائیلەوە توانرا بدۆزرێتەوە و دەستگیربکرێت. وەکو تاوانبارێکی گەورەی هۆڵۆکۆست، گوازرایەوە بۆ ئیسڕائیل و دادگایی کرا، کە دادگاییەکەی دەنگدانەوەیەکی جیهانیی لێکەوتەوە و لە ساڵی ١٩٦٢ لە سێدارە درا. 

خانمە فەیلەسووف، هانا ئاڕێنت لە بەرئەنجامی بیرکردنەوە، تێڕامان و تیۆریزەکردنی هۆڵۆکۆستەوە لە پەیوەند بە ئایشمانەوە چەمکی خراپەی ئاسایی، یان خراپەی بە ئاساییکراوی داهێنا "Banality of Evil"  ڕەگی چەمکەکە دەگەڕێتەوە بۆ ووشەی فەڕەنسی banale واتا ئاسایی. 

مەبەست لە خراپەی ئاسایی یان خراپەی بە ئاسایی کراو ئەوەیە کاتێک دەزگاکانی دەوڵەت، پڕۆژەی لەناوبردن و قڕکردنی گروپێک یان پێکهاتەیەکی مرۆیی دەکەن بە ئایدیۆلۆژیا و پلانی بۆ دادەنرێت و دەزگاکانی بۆ بونیاد دەنرێن، لێرەوە ئەو کارمەندانەی لەو دەزگایانەدا کاردەکەن، خۆیان وەکو ئامێرێک بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکان و ئەنجامدانی کارەکان دەبینن. واتا ئەو تاوانانەی کە دەزگاکان لە ڕیی کارمەندەکانەوە ئەنجامیان دەدەن، چیدی وەکو خراپەی تاکەکەسەکان هەژمار ناکرێت بەڵکو وەکو پڕۆسێسێکی فراوان لێکدەدرێتەوە. 

کە ئەمەش دەبێتە ئەو خراپەیەی بە ئاساییکراوە یان ئەو تاوانە گەورانەی بە ئاسایی کراون و کارمەندەکان خۆیان وەکو ئەنجامدەرانی تاوان نابینن بەڵکو وەکو ئامێرێک لە نێو دەزگایەکی گەورە و وەکو جێبەجێکاری فەرمان و ئەنجامدەری کارەکانی دەزگاکە خۆیان دەبیینن و هەستپێدەکەن. لێرەوەیە بە ئاساییکردنی خراپە یان نۆڕمالیزەکردنی تاوان ڕوودەدات. 

ئێستا با بگەڕێینەوە بۆ لای عەجاج، دیوەکەی تری ئایشمان لە کات و شوێنێکی تردا و لە نێو پڕۆسەیەکی دیکەی هاوشێوەی هۆڵۆکۆست، پڕۆسەی ئەنفال و لەنێوبردنی بەکۆمەڵی کوردەکان. 

عەجاج، یەکێک لە جەللادەکانی زیندانی قەڵای نوگرە سەلمان بوو. زیندانی قەڵای نوگرە سەلمان سەر بە قەزای سەلمانە لە پارێزگای موسەننا لە بیابانی باشوری عێراق. دروستکردنی زیندانی نوگرە سەلمان دەگەڕێتەوە بۆ بیستەکانی سەدەی ڕابردوو کە لە بنەمادا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی بادیەی باشور بوو. دواتر کرا بە زیندان، کە کۆنترین زیندانی گەورەی عێراقە. 

زینداانی قەڵای نوگرە سەلمان جگە لە زیندانییکردنی بەشێک لە دەسگیرکراوانی کوردەکان لە میانەی پڕۆسەی لەنێوبردنی بەکۆمەڵ بە ناوی پڕۆسەی ئەنفال، هەروەها شوێنی زیندانییکردنی بەشێکی زۆر لە دەستگیرکراوانی حزبی دەعوەی عێراقیی و حزبی شیوعی عێراق و بەشێک لە دەسگیرکراوانی کوردانی فەیلی و هەروەها گەلێک لە شاعیران و ڕۆشنبیران بووە، لەوانە شاعیری بەناوبانگی عێراقی موزەفەر نواب.

لە کاتی جینۆساید کردنی کوردەکان لە پڕۆسەی ئەنفالدا بە هەشت قۆناغ، بەشێک لە دەستگیرکراوان دەبرانە زیندانی قەڵای نوگرە سەلمان. زیندانەکە ڕووبەرێکی گەورەی هەیە کە بە نزیکەیی تا ٨ هەزار زیندانی جێگەی تیدا دەبێتەوە.

بە گوێرەی گێرانەوەکانی ڕزگاربووان، عەجاج یەکێک لە ناوە هەرە ترسناکەکانی زیندانەکە بوو. زیندانە کەمترین ىڕی خواردن و ئاوی تێدا بەردەست بووە بۆ زیندانییەکان. هەڵبەت کە خواردنی کەم و خراپ لەگەڵ ئاوی گەرم و پیس بۆ خواردنەوە. زیندانییکراوان بە کۆمەڵی گەورە گەورە لە هۆڵەکانی ناو قەڵاکەدا بەبێ هیچ خزمەتگوزارییەکی پاک و خاوێنی، نیشتەجێدەکران و هەندێ جاریش هەندێکیان ئەگەر داواکرییەکیان هەبووایە یان نارەزایەتییەکیان دەربڕیبایە، ڕووبەڕووی لێدان و ئازاردان دەبووەوە، کە ناوە هەرە دیارەکەی ئازار دانی خەڵک، عەجاج بوو. عەجاج کەسێکی دڵڕەق و بێبەزەیی بووە. 

عەجاج لە وێنەیەکیدا کە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای هەشتاکان و لە کاتی مەشقی سەربازییدا، تولە مارێک دەخوا کە وێنەکە لەو کاتەدا گیراوە کە کلکی تولە مارەکە بە دەمیەوە هاتووەتە خوارەوە و چاوەکانی زەق و دەرپەڕیون. تولە مار خواردنی عەجاج کەروێشکی زینوو خواردنی هاوڕێکانی لە هەمان وێنەدا، هێمایە بۆ ئەوەی دەستەیەک لە ئەفسەرانی سوپایەک هەموو ئەوەی دەیزانن و دەتوانن بیکەن، تەنها دڕندایەتییە و هیچیتر. دەستەیەک لە ئەفسەران کە ئەرکیان وێرانکردنی مرۆڤایەتیی و هەموو شتێکە. 

ناوی عەجاج، کە ووشەیەکی بە بنەڕەت عەرەبییە، بە گوێرەی هەردوو ماڵپەڕی "المعانی" و "اسما‌و" ئەم واتایانەی هەیە:
بایەکی تۆزاوی و خۆڵاوی، کەسی گەمژە، کەسێکی هەرە نزم و سووک، کەسێکی هەرە دەم پیس و جنێو لەسەر زار، کەسێکی هاوارکەر و قیژەقیژەکەر. 

بە گوێرەی گێرانەوەی یادەوەرییەکانی کوردە ڕزگاربووەکانی پڕۆسەی ئەنفال، عەجاج دەقاودەق هەموو ئەو تایبەتمەندیی و سیفەتانەی تێدا بووە کە لە ماناکانی ناوەکەیدا هەن. 
عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی، ئەفسەرێکی سەر بە سوپای ڕژێمی بەعسی لەناوچووی سەردەمی سەدام حسین بوو. ئەفسەرێکی بەشدار و کاریگەر بوو لە جینۆسایدکردنی کوردەکان لە پڕۆسەی ئەنفالدا. 

لە دوای کەوتنی ڕژێمەکەی سەدام لە ساڵی ٢٠٠٣ وە لە خۆ شاردنەوەیەکی بەردەوامدا بووە و تەنانەت چەندین نەشتەرگەریی جوانکارییشی بۆ ڕوخساری ئەنجام دابوو بۆ ئەوەی نەناسرێتەوە. لە مانگی تەمووزی ٢٠٢٥ دوای ماوەیەک لە سووسەکردن و شوێنپێهەڵگرتن، بە تەواوی و دڵنیاییەوە ناسرایەوە و دەستگیرکرا کە لە گوندێک سەرقاڵی کاری ئەژەڵداریی بوو. 

بەشێک لە نووسەران و چالاکوانانی بواری ئەنفال و جینۆسایکردنی کوردەکان، داوا دەکەن عەجاج لە دادگاییەکی ڕستەوخۆ و ئاشکرای پەخشکراودا، بە ئامادەبوونی قوربانییە ڕزگاربووەکان و نووسەران و چالاکوانانی ئەو بوارە، لە کوردستان ئەنجام بدرێت. 

هەوڵ بدرێت وێنەیەکی ڕوون بۆ بەشێک لە کۆی دیمەنی جینۆسایدی کوردەکان، کە زیندنییەکەی نوگرە سەلمانە، لە ڕێگای ئەو دادگاییەوە، بکێشرێت. 
بەڵام هاوکات، ئەو ترس و نیگەرانییەش ناشارنەوە کە هەیانە لە ئەزموونی ڕابردووی دەربازبوونی هەندێک لە تاوانبارە گەورە و سەرەکییەکانی پڕۆسەی ئەنفال و تاوانی دژ  بە مرۆڤایەتیی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا.

ئایا داواکاری تۆ لە شێواز و چۆنییەتی دادگاییکردن و چارەنووسی عەجاج، جەللادەکەی دۆزەخەکەی بیابان و ئایشمانەکەی ئەنفال، چییە؟

یان ئەگەر بەدەر لە هەموو ئەوە بۆچوونێکی دیکەت هەیە، بفەرموو بۆ کۆمێنت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار