حزبەكان لەراستەوە بۆچەپ، ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات، بوونەتە حزبی خێزانیی

8 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرتیپ جەوهەر
لەماوەی زیاتر لە 10 ساڵی رابردوو ژیانی حزبیی لەكوردستان پاشەكشەیەكی ئێجگار گەورەی كردووە. ئەو پاشەكشەیە دەمێكە دەستی پێكردووە، بەڵام لەم چەند ساڵەی دوایی ئەنجامی ئەو پاشەكشەیە روونتر دەركەوت، بەشێوەیەكی گشتیی حزب لەرێكخستنێك یان گردبونەوەیەكی فكریی سیاسی گۆڕاوە بۆ چوارچێوەو گردبونەوەیەكی خێڵەكی لەدەوری خێزانێكی حوكمڕان.
ئەم گۆڕانە، زۆرینەی حزبەكانی گرتۆتەوە. چ ئەوانەی جاران ئەربابی چەپ و ماركسیزم بوون، یاخود ئەوانەی حزبی رادیكاڵی ئیسلامیی و دینین.
پێدەچێت ئەم گۆڕانەی حزب بۆ خێڵ یان بنەماڵەیەكی دیاریكراو ریشەیەكی مێژوویی كۆمەڵایەتیی هەبێت و كۆمەڵگای كوردستان تائێستا نەیتوانیبێت خۆی لێ رزگاربكات یان پێشكەوتن بەخۆیەوە ببینێت.
لەسەرەتای چلەكانی سەدەی رابردوو سۆڤیەت پشتیوانیی لەدروستكردنی حزبێكی چەپڕەوی وەك حزبی (تودەی) لەئێران كرد، بۆ كوردستانەكەی پشتیوانیی دروستكردنی حزبێكی راستڕەوی قەومیان كرد بەناوی حزبی دیموكراتی كوردستان/ ئێران، چونكە پێیانوابوو باری كۆمەڵایەتیی كۆمەڵگای كوردەواریی ئامادە نییە بۆ حزبێكی چەپی شیوعی، بەڵكو پێویستی بەحزبێك یان رێكخستنێكی راستڕەوی نیمچە خێڵەكی هەیە، تابتوانن لەو رێگەیەوە كۆنتڕۆڵی كوردستانەكە بكەن و بیخەنە ژێر هەژموونی خۆیان. بۆیە دەبینین كاتێك پێشەوا قازی محەمەد حكومەت یان (كۆمار)ەكەی دامەزراند بەشێك لەكەسوكارەكەی لەپۆستە باڵاو كاریگەرەكان دامەزراند، ئەمەش لێكەوتەی سروشتیی حوكمڕانیەكەی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بوو.
لەدوای قۆناغی كۆماری مەهاباد، پارتی دیموكراتی كوردستان/ عیراق، لەسەرەتای كاركردنیدا بەتایبەت لەسەرەتای پەنجاكان تاوەكو سەرەتای شەستەكانی سەدەی رابردوو، واتە بەر لەگەڕانەوەی مەلا مستەفا بارزانیی رەحمەتیی، بزوێنەرو سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بریتی بوون لە بژاردە هەرە خوێندەوارەكانی كوردستان و عیراق. لەو سەردەمەدا حزب جگە لەوەی وەك رێكخستنێكی كۆمەڵایەتیی سیاسی خاوەن دیسپلینی حزبیی كاریدەكرد. سەركردایەتی و كۆڕوكۆبونەوەو بڕیاری دەستەجەمعی و كۆنگرەی دەكرد، هاوكات لەهەردوو ئاراستەی قەومیی و كۆمەڵایەتی ئەسپی خۆی تاودەدا. لەكۆڕو كۆبونەوەو دروشمەكانیاندا لەلایەك باسی مافی گەلی كوردو چارەنوسی كوردستانیان لەعیراق دەكرد، لەهەمانكاتدا باسیان لەئازادی ژن و مافی كرێكارو سەعاتی كاركردن و بیمەی كۆمەڵایەتیی و یەكسانیی دەكرد. لەناوەڕاستی شەستەكاندا، رێڕەوی ژیانی حزبی گۆڕانی گەورەی بەسەرهات، چونكە رەحمەتی مەلا مستەفا بڕوای بەحزب نەبوو، ئەویش سەركردایەتی بزوتنەوەی چەكداریی كوردی دەكرد، بۆیە لەوكاتەوە سیماكانی رێكخستن و دیسپلینی حزبیی بەرەو كاڵبوونەوە چوون و شێوەی كاركردنی پارتی گۆڕانی ریشەیی بەسەرداهات.
لەناوەڕاستی حەفتاكانی رابردووش ژمارەیەكی زۆر حزب و گروپ و رێكخستنی نوێ دروستبوون كە زۆربەیان چەپ یاخود مەیلی چەپیان هەبوو، بەشێكیان لەژێر چەتری یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان كۆبونەوە. ژیانی حزبی سەرلەنوێ بەفۆرمێكی نوێ دەستیپێكردەوە كە تێیدا بڕیاردان دەستەجەمعی بوون و جگە لەدروشمیی قەومیی، بیروڕای چەپ لەدروشمەكانیاندا بەڕوونی دیاربوو، تا گەیشتە دوای راپەڕینی 1991. ئیدی لەوە بەدوا جارێكی دیكە ژیانی حزبی لەكوردستان بەگشتیی لەكورتیدا.
زیاتر لە 10 ساڵ دەبێت حزبایەتی و ژیانی حزبی بەتەواوی گۆڕانی بەسەردا هاتووە. دەتوانین بڵیین زۆربەی هەرەزۆری حزبەكان بوونە حزبی خێزانیی و بڕیاری دەستەجەمعی لەحزبدا نەما، هەموو رێكارز سیماكانی ژیانی حزبیی بوونە رووكەش، بۆنمونە: كۆنگرەكردن، سەركردایەتی، ئۆرگانەكان..تد.
ئێستا زۆربەی حزبەكان لەراستەوە بۆچەپ، لەچەپەوە بۆ ئیسلامیی. دەسەڵاتدارو ئۆپۆزسیۆن ..تد لەگوتارو شێوەی ئیشكردن و لەدروشم و كاری حزبیی لەیەكتر دەچن. لەپەیكەربەندیی زۆربەیان بوونەتە حزبی پشتاوپشت و یەك بنەماڵە، لەشێوەی ئیشكردندا بڕیارەكانیان كەوتۆتە دەست كەسێك یان بنەماڵەیەكی دیاریكراو. لەدونیا نەبووە حزبێك خۆی بەئۆپۆزسیۆن بزانێت و باسی چاكسازیی لەحوكمڕانییدا بكات، كەچی پەیكەربەندییەكەی خێزانیی بێت. ئێستا لەناو حزبەكان سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی و ئۆرگانەكانی بڕیاردان هیچ رۆڵێكیان نەماوە، تەنها رووكەشن، جاران خەڵك ئەندامانی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسیان یەك یەك دەناسی چونكە لەبڕیاردان رۆڵیان هەبوو، كەچی ئێستا جگە لەكەسی یەكەمی حزب و یان چەند كەسێكی زۆر دیاریكراو كەس ئەوانی دیكە ناناسێت؟!
لەدروشم و بانگەشەی هەڵبژاردنیش شێواویی و لێكچونێكی زۆر هەیە. زۆربەی حزبەكانی دەسەڵات بۆ داپۆشینی بەشێك لەكەموكوڕیی و گەندەڵییەكانی حوكمڕانی بەردەوام موزایەدەی قەومیی دەكەن، كەچی 12 ساڵ دەبێت لەپێكهێنانی حكومەتی عیراقدا پرسی جێبەجێكردنی دەستورو ماددەی 140یان نەكردۆتە مەرجی بەشداریكردن لەحكومەتەكانی بەغدا، بگرە چەند ساڵێكە پرسی بەكارهێنانی زمانی كوردی كە بەپێی دەستور زمانێكی رەسمییە لەناوچە جێناكۆكەكان گرفتی گەورەی بۆ دروستدەكرێت، كەچی نەحكومەت و نە حزبەكانی هەرێم وەك پێویست دەنگیان لێوەنایەت.
جاران دروشم و بانگەشەی حزبی دەسەڵات لەئۆپۆزسیۆن جیادەكرایەوە، ئێستا ئەوەش نەماوە. هەندێجار لەدروشمەكانی بانگەشەی هەڵبژاردن، حزبی دەسەڵات هاوشێوەی ئۆپۆزسیۆن باسی شەفافیەتی داهات و یەكگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەو چاكسازیی لەحوكمڕانیدا دەكات. حزبەكانی ئۆپۆزسیۆنیش بێئەوەی پرۆژەیەكی ستراتیژیی روون و بەدیلیان هەبێت، تەنها رەخنەدەگرن بێئەوەی هەنگاوی عەمەلیان هەبێت بۆ دروستكردنی فشار، ناچاركردنی دەسەڵات بەگۆڕینی هەڵسوكەوت و بڕیارەكانی.
دەتوانین بڵێین حزب لەكوردستان فكرو ئەجێندای ستراتیژیی و رێبازێكی روونی نییە چ بۆ حوكمڕانیی یاخود داهاتووی كوردستان، لەڕاستیدا ستراتیژییەتی حزب بۆتە رێبازی پاراستنی بەرژەوەندی بنەماڵەیەك یاخود كەمینەیەكی زۆر دیاریكراوی حوكمڕان. ئێستا بڕیاربەدەستانی حزب لەباتی ئیش بۆ ئاوەدانیی و چاكسازیی لەحوكمڕانیی بكەن، دێن تەلفزیۆنێك یان ماكینەیەكی ئیعلامیی گەورە دادەنێن بۆ هەڵگیرانەوەو گۆڕینی راستیەكان. تێچووی پرۆژە ئیعلامییەكە زۆر كەمترە لەتێچووی چاكسازییەكان.
بەدڵنیاییەوە خراپبوونی بارودۆخی حزبیی لەكوردستان، لێكەوتەی هەبووە لەسەر شێوەی حوكمڕانیی هەرێم، دەبینین دامەزراوەكانی حوكمڕانی پەكیان كەوتووەو شەرعیەتیی قانونیان نەماوە، لەلایەك پەرلەمان هیچ ئەرزشی نەماوەو دامەزراوەكانی چاودێریی بەسەر حوكمڕانیی پەكیان كەوتووە، حكومەتیش هیچ پێناسەیەكی قانونیی لەخۆی ناگرێت، هیچ مەنتق و لۆژیكێكی قانونیی و دەستوریی رێ بەوەنادات ساڵێك بەسەر هەڵبژاردندا تێپەڕێت و چارەنوسی حوكمڕانیی دیار نەبێت.
ئەم بارودۆخە بەگشتیی بەسەریەكەوە، نائومیدیی و بێهیواییەكی ئێجگار گەورەی لای هاوڵاتیی دروستكردووە، ئەمە وایكردووە لەماوەی 12 ساڵی رابردوو ژمارەی دەنگدەرانی هەڵبژاردنەكان زۆر كەمتر ببێتەوە، چونكە هەمووان لەوە گەیشتوون سندوقەكانی دەنگدان هیچ لەواقعی ژیانی ئابوریی و سیاسی ناگۆڕێت بەڵكو هەڵبژاردن میكانزمێكە بۆ بەردەوامبوونی حزبەكانی دەسەلاتدارو دابینكردنی بەرژەوەندی كەمینەیەكی دیاریكراو لەپەنای ئۆپۆزسیۆن بوون.

