ناتانیاهۆ هەمووانی بێ منەت کرد، بەڵام نەیگوت نۆرەی کێیە لە داهاتودا؟

6 كاتژمێر لەمەوپێش



نووسین: خەبات کوردە

تڕەمپ، ئەردۆگانی هاوشێوەی باڵۆنێک فوو تێکرد و لە کۆتاییشدا لە بەرچاوی میدیاکان و بە پەنجەیەک ڕووی لە ئەردۆگان کرد و ڕایگەیاند کە ئەو زاتە خەبیرە لە فرتوفێڵ و تەزویر کردنی دەرەنجامی هەڵبژاردنەکان و زۆریشم خۆشدەوێ. 

هەر ئەو ساتەش ئەردۆگان بە نائومێدیەکی زۆرەوە نە فڕۆکەی دەستکەوت و نە عەقدی بۆ کرا و هەڕەشەی دەست هەڵگرتن لە ساغکردنەوەی نەوتی ڕوسیاشی لێکرا و بۆ سێ مانگ بۆڕی نەوتەکەی هەرێمیان بۆ کردەوە و پێیان ڕاگەیاند تا ئەو سێ مانگە مۆڵەتت دەدەینێ کە نابێ هیچ پاپۆڕێکی نەوتی ڕوسیا جارێکی تر لە گەرووی بۆسفۆڕ بپەڕێتەوە .

‎ ئەحمەد شەڕعیش بێ هیوا کرا و بڕیاریاندا یاسای قەیسەر بە شێوازێکی نوێ و بە جلوبەرگێکی تازەوە سزاکانی سەر سوریا درێژ بکەنەوە .

لەگەڵ وتارەکەی ناتانیاهۆش، ئەندامان و سەرکردەکانی زۆربەی دەوڵەتانی عەڕەبی ئیسلامی هۆڵی سەرەکی نەتەوە یەکگرتوەکانیان بەجێهێشت و ناتانیاهۆش بە نەخشەیەکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بە ئامادەبوانی ڕاگەیاند کە لە ماوەی پێشوو چەند سەرکردە و سەرۆک و زانا و دانای ناوچەکەی لە تۆڵەی کارەساتی ۷ ی ئۆکتۆبەری ۲٠۲۳ کوشتوە و ئامادەیە زیاتریش بکوژن ئەگەر بێتوو عاقڵ نەبن و واز لە دژایەتی زیاتری ئیسڕائیل نەهێنن. ئەو هەڕەشەیەی ناتانیاهۆ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە کۆبونەوەی قەتەری دەوڵەتانی عەڕەبی ئیسلامی بڕیاریاندا هەرچی لە دەستیان بێت دژی ئیسڕائیل دەیکەن .

هاوکات لە گەڵ وتارەکەی ناتانیاهۆ لێدوانێکی ڕۆژنامەوانی تۆم بەڕاکی سەفیری ئەمەریکا لە ئەنقەرە و نێردەی تڕەمپ بۆ سوریا بوو ، کە تێیدا دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بە خێڵەکی و گوندەوار وەسف کرد و ڕایگەیاند کە هیچ کام لە دەوڵەتانی ناوچەکە سیمای دەوڵەتدارییان پێوە نیە و جۆرێکن لە عەشیرەت و قەبیلە و بەهۆی زۆری پارەکانیانەوە هیچ سەرۆک و مەلیک و ئەمیرێک ئامادە نیە دەست بەرداری کورسیەکەی بێت و گەلەکەی لە خۆشگوزەرانی و ئازادیدا بژێنێت .

‎بەڵێ چەند ساتێک دوای وتارەکەی ناتانیاهۆ و لە گەڵ بەردەوام بوونی دانوستانی ئیسڕائیلیەکان لە گەڵ سەرانی وەفدی دانوستکاری حکومەتە کاتیەکەی دیمەشق، لە دوا ساتەکاندا ڕاگەیێنرا کە دیمەشق ئامادە نیە کە ڕێ بە ئیسڕائیل بدەن ڕێڕەوێک لە ئیسڕائیلەوە بکرێتەوە بۆ گەیاندنی یارمەتیە مرۆییەکان بۆ پارێزگای سوەیدای دروز نشینەکان .

‎لە ڕاستیدا سوپای ئیسڕائیل لە ئێستادا لە ناوچەی جۆلان و قونەیتەڕە و پارێزگای سوەیدا لە هەوڵی بەردەوامدایە و تەنها پارێزگای دەڕعا ماوە کە بەیەکیان بگەیەنێ .
‎بەڵام کاتێک لە دانوستاندا ئەو داواکاریە دەکەوێتە ناو ڕێککەوتنەکانەوە شەڕعیەت دەدا بە ئیسڕائیل و حکومەتی دیمەشقیش قەت بۆی نابێ پێشێلی ئەو ڕێککەوتنە بکات .

هەر چەندە لە کۆتاییدا ئەحمەد شەڕع و دارو دەستەکەی ناچار دەکرێن، کە دان بە فیدڕاڵیەتی هەر سێ ناوچەی دروز و عەلەوی و کوردەکاندا بنێن و وشەی سوریای عەڕەبیش لاببەن ، ئینجا چی لە دیمەشق ڕوودەدا و کێ دەبێتە سەرۆک کۆماری سوریای داهاتوو و شەڕع و دارودەستەکەشی بە دەردی موحەمەد موڕسی سەرۆکی پێشووی میسڕ دەچن یان نا ، ئەوە باسێکی ترە و گۆڕانکارییەکی ترە، کە دوور نیە لە ساڵی ۲٠۲٦ ئەو گۆڕانکارییەش نەبینین.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار