ئایا مارک ساڤایە دەبێتە پۆل بریمەرى دووەم لەعێراق..؟

4 كاتژمێر لەمەوپێش
خەبات کوردە
ئەمڕۆ لە ناو ئەو هەموو کێشە و ئاڵۆزیەکانی وڵاتاندا ، دۆناڵد تڕەمپی سەرۆکی ئەمەریکا ، بە بڕیارێک نێردەیەکی تایبەتی خۆی بۆ عێڕاق تەرخان کرد .
لە دوای دەست بەکاربونی و گەڕانەوەی تڕەمپ بۆ کۆشکی سپی ئەوە سێیەم نێردەیە کە دەست نیشانی دەکا ، دوای ویتکۆڤ و تۆم بەڕاک بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
هەر نێردەیەکیش کۆمەڵێ دیبلۆماسی و موستەشاری بە دواوە دەبێ .
شایانی باسە لە دوای ۷ ی ئۆکتۆبەری ۲٠۲۳ وە شەڕ و کاولکاری تەواوی ئەو دەوڵەتانەی گرتەوە کە شیعە نشینن تەنها عێڕاق نەبێ .!
بە مەرجێ هەرچی گروپە چەکدارە شیعە هەڵاتوەکانی ناو لوبنان و سوریا کە سوپای قودسی ئێران سەرپەرشتی دەکردن لە عێڕاق شاردراونەتەوە .
لە بەرامبەریشدا هێزەکانی ئەمەریکا کشانەوەی خۆیان لە عێڕاق پێش خست و زۆربەی پێگە و بنکە سەربازیەکانی خۆیان چۆڵ کرد .
لە ماوەی پێشوو حکومەتەکەی سودانی هەوڵێکی زۆریدا و کۆمەڵێ کۆمپانیای ناوداری ئینگلیزی و ئەمەریکی و ئەوروپیەکانی گەڕاندەوە عێڕاق و بای دەیان ملیار دۆلار ڕێککەوتنی بازرگانی لە گەڵ ئیمزا کردن ، بە تایبەتیش بی پی ئینگلیزی و ئێکسۆن مۆبیلی ئەمەریکی .
دەبێ ئەوەش لە بیر نەکەین هەتا کوژرانی حەسەن نەسڕوڵا و ڕوخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدیش ، تەواوی گروپە چەکدارە شیعەکانی عێڕاق کە بە پێی دەزگا هەڵگیریەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بێ زیاتر لە ٤۳ گروپ و باندن ، لە بیابانەکانی عێڕاقەوە ڕۆژانە درۆنی دوور مەودایان ئاراستەی پێگە سەربازیەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە و سوریا و ئیسڕائیل دەکرد ، بەڵام دوای هەڕەشەیەکی زۆر بێدەنگ کران .
دەبێ ئەوەش لە یاد نەکەین کە بۆ چەندین جارە ئەمەریکا داوا لە بەغدا دەکات کە هێزەکانی حەشدی شەعبی نادەستوری و ئێکسپایەر بوونە و حەقە نەکرێن بە سێبەری سوپای عێڕاق ، هاوشێوەی حەڕەس خومەینی و سوپای پاسدارانی ئێرانی .
لە ئێستادا عێڕاق لە بەردەم هەڵبژاردنی ئەندام پەرلەمانیەکانیەتی و تەنها سێ هەفتەی لە بەردەمدایە و هیچ کام لە گروپە چەکدارە شیعە توندڕەوەکان و ئەندامانی حەشدی شەعبیشی هەڵنەوەشاندۆتەوە ، بەڵام ئایا دەبێ بۆ دۆناڵد تڕەمپ نێردەیەکی تایبەت بۆ عێڕاق دەست نیشان دەکات .؟
ئایا مارک ساڤایا دەبێتەوە حاکمی فیعلی لە پشت پەردەکانەوە لە عێڕاق .؟
یان هەر وەکو هاوپیشەکانی ( ویتکۆڤ و بەڕاک ) دەورەکە دەبینێ ، بۆ چەککردنی ئەو گروپە توندڕەوە سەرە ڕۆیانە .؟
ئایا لەو ماوە کورتەدا کەش و هەوایەکی شەڕانگێزی ڕوو لە عێڕاق دەکات کە ببێتە هۆی دواخستنی هەڵبژاردنەکان .؟
ئەوە و دەستنیشانکردنی ئەو نێردەیە هەمووی لە چوار چێوەی دەنگۆی شەڕێکی گەورە و چاوەڕوان نەکراودایە کە ڕۆژانە وەزارەتی شەڕی ئەمەریکا دەهۆڵی بۆ دەکوتێ و هیچ کەسێکیش نە ئاشکرای دەکا وە نە دەستنیشانیشی دەکا کە ئەو شەڕە گەورەیە لە چ وڵاتێک و ناوچە و قاڕەیەک ڕوودەدات .!
لە تەواوی دەوڵەتانی ئەوروپاش حکومەتەکان داوا لە خەڵکی دەکەن پارەی نەختینە و خواردنی زیادە لە ماڵەکانیان هەڵبگرن بۆ ڕۆژی تەنگانە ئەگەر ۱٠٠ یۆرۆش بێت .

