فیلمی پیاوە بێشەرەفەکان -تراژیدیای کامێل کلۆدێل-
7 ساڵ لەمەوپێش
شوان ئەحمەد
(هەمیشە شتێکی نادیار ئازارم دەدات)
-کامیل کلۆدێل-
ژنان کەتوندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت و دەچەوسێنرێنەوەو وەک کارەکتەرێکی پاسیڤ و هیچ لەباردانەبوو سەیردەکرێن، ئۆباڵەکەی تەنها بەئەستۆی خەڵکانێکی عەوام و نەخوێندەوارو بێئاگا نییە.
تراژیدیای ژنان هەر بەرهەمی دەستی پیاوانی نەخوێندەوارو کۆنەپەرست و دەرون نەخۆش نییە، بەڵکو ئەو پیاوانەش بەشدارن لەو پرۆسەیەدا کە ڕۆشنبیرو هونەرمەندو خوێنەوارو لیبراڵ و مۆدێرنن. فیلمی (کامیل کلۆدێل 1915)، زانیاری پێویستمان لەوبارەیەوە بەردەست دەخات.
کامیل کلۆدێل (1864- 1943)، ژنە پەیکەرتاشێکی بەهەرمەندو دەست ڕەنگینی فەرەنسایە. بەسەرهاتی پەیوەندیی ئەوینداری ئەو لەگەڵ پەیکەرتاشی بەناوبانگی فەرەنسی ئۆگست ڕۆدان ( ١٨٤٠ -١٩١٧)، یەکێکە لە بەسەرهاتە بەناوبانگەکانی ناو مێژووی هونەر.
تراژیدیای ئەم خانمە هونەرمەندە، هێندە بەسوێ و تفت و تاڵە، سینەماکارانی والێکردووە لەماوەی کەمتر لەسی ساڵدا (1988-2015)، دوو فلیمی ئاست بەرزی لەسەر بەرهەم بهێنن! یەکەمیان ساڵی 1988 لەدەرهێنانی برۆنۆ نیوتن و نواندنی ژنە ئەکتەری بەناوبانگ ئیزابیل ئەدجانی، دووەمیان ساڵی 2015 لەدەرهێنانی برۆنۆ دومۆنت و نواندنی ژنە ئەکتەری بەناوبانگ جۆلێت بینۆچێ.
وەک خۆم جولێت بیۆچێ یەکێکە لەژنە ئەکتەرە دڵخوازەکانم و دەتوانم بڵێم، زۆربەی زۆری فیلمەکانیم بینیوەو بەڕۆڵ بینینەکانی سەرسامم. لە (کامیل کلۆدێل 1915)یشدا، ڕۆڵگێڕانی بەئاستێکە لەباسکردن نایەت.
فیلمەکە حیکایەتی سی ساڵی وێرانبونی ڕۆحی ژنە هونەرمەندێکمان بۆ دەگێڕێتەوە، کەبەهۆی ناپاکی و خەمساردی دوو پیاوەوە (مامۆستاو خۆشەویست) ئۆگست ڕۆدان و (برایەک) پۆل کلۆدێلی شاعیرو شانۆنامەنوس و دیبلۆماتکاری فەرەنسیەوە، دووچاری دەبێت.
ڕۆدان وەک مامۆستا و خۆشەویستێک، ناپاک دەردەچێت لەگەڵیداو پۆل کلۆدێلی براشی، نامەردانە لەنەخۆشخانەیەکی دەرونی نزیک (ئەفینۆن) گیری دەدات. سەرەتا وەک مامۆستاو قوتابیەک (کەبیست و پێنچ ساڵ جیاوازی تەمەن لەنێوانیاندا دەبێت)، بەهرەو جوانی و نەرم و نیانی کامیل کلۆدێل، وزەیەکی نوێ و گوڕو تینێکی زۆر دەبەخشێتە ڕۆدان و ئەوەش لە پەیکەری (ماچ)دا، بەزەقی ڕەنگ دەداتەوە.
کەچی دواتر ڕۆدان، زۆر خوێن ساردانە کۆتایی بەهەموو شتێک دێنێت و نەک هەر لەکامیل کلۆدێل دوور دەکەوێتەوە، بەڵکو ئەو سکەشی کە بەرهەمی پەیوەندی نێوانیان دەبێت، بەزۆری زۆرداری پێی لەباردەبات. ئەو خانمە هونەرمەندە، بەو هەڵوێستەی مامۆستاو ئەویندارەکەی شۆک دەبێت و دەکەوێتە شکاندنی تەواوی کارە هونەرییەکانی خۆی. ئەوەش لەو باوەڕەوە دەکات کەئەو مرۆڤەی ناپاکی لەگەڵدا کردووە، زۆر بەئاسانیش دەتوانێت بەرهەمە هونەرییەکانی بدزێت و بیانکات بەهی خۆی.
هەر بەڕاستیش کامیل کلۆدێل، ڕۆدان بەدزینی هەندێ ئایدیاو ئیشە هونەرییەکانی تاوانباردەکات و ئەویش بۆ خۆقوتارکردن لەوسکانداڵە، نایکاتە نامەردی و تۆمەتی (شێتی و دەرونشێواویی) دەداتە پاڵ. لەبەرامبەر ئەو ئابڕوچونەدا، خانەوادەکەی و پۆل کلۆدێلی برای لەبری ئەوەی داکۆکی لەکامیل بکەن، بۆ کڕینەوەی حورمەتی خۆیان، وەک بنەماڵەیەکی خواپێداوی کاتۆلیک مەزهەبی پاریس، دەیخەنە نەخۆشخانەیەکی دەرونی بۆ چارەسەرو لەگەڵ ئەو داخڵکردنەشیدا، ئیتر تامردن دەرەوە نابینێتەوە.
فیلمەکە لەڕێی دیمەنگەلێکی بێدەنگەوە، حەسرەت و زام و هەلا هەلابونی ڕۆحی ژنێکمان نیشان دەدات کە پیاوە بێشەرەفەکان، لەوێدا گیریان داوە. پۆل کلۆدێلی برای تەنها چەند جارێکی کەم لەماوەی ئەو سی ساڵەدا، سەری لێدەدات و ئەقڵ شێواوی و مانەوەی لەوێدا، وەک قەدەرێکی ئیلاهی سەیر دەکات.
لەو دەیان نامەیەی کە بۆی دەنێرێت، لێی دەپاڕێتەوە بیباتە دەرەوەی ئەو شوێنە، تا جارێکی تر بەدیداری پاریس و ژوورەکەی خۆی شاد بێتەوە: (تکایە لەدەست ساردو سڕی ئەم شوێنە وەڕس بووم. ئاخر ئیتر هێندە دارو تەختەی لێنیە بەشی گەرم کردنەوەی جەستە لەڕو لاوازەکەم بکات و ڕۆحیشم پەرۆشی فڕینە بەرەو ڕوناکی.. دەزانی بیری دایکم دەکەم، بیری ژوورەکەم دەکەم و دەمەوێت جارێکی دی لەپەنجەرەکەیەوە، بڕوانمە شەقامەکان و سەیرێکی دیکەی ژیان بکەم. تکات لێدەکەم بمبەرەوە).
ئەو ژنە سی ساڵی ڕەبەق بەو جۆرە دەپاڕێتەوەو دادو بێداد دەکات، کەچی نەیاساو نەئاین و نەئەوین و نەئامێزی دایک و نەشاعیربونی براکەی، بەهانایەوە ناچن.
تێکڕای فلیمەکە ناخ هەژێن و تراژیدیە، تراژیدیترین دیمەنیش کۆتا دیمەنی فلیمەکەیە کەکامێرا لەنزیکەوە دەم و چاوێکی ساردو سڕو بێ تروسکایی کامیلیامان پیشاندەدات کەچاوی لە (ناشوێن) بڕیوەو شەرحی عومری بەباچوی خۆی دەکات.