فیلمی لەوەند و جوان
7 ساڵ لەمەوپێش
شوان ئەحمەد
کارل پۆپەر لەگفتوگۆیەکیدا، سەبارەت بەمنداڵان ئاوادەڵێت:(منداڵان خۆشەویسترین و بەنرخترین ئەمانەتی ژیانن، بۆیە دەبێت بەوپەڕی بەرپرسیارێتیەوە، لەو ئەمانەتە بڕوانین).
ئەڵبەتە پۆپەر وەک بیرمەند و فەیلەسوفێکی دیاری سەدەی بیستەم، بەپلەی یەکەم ڕوی دەمی لەدایکان و باوکانە و دوای ئەوانیش، بەرپرسیارێتیەکە ڕووبەڕووی تەواوی کۆمەڵگە دەکاتەوە. بەڵام ئاخۆ لەم سەردەم و زەمانەدا کەخەریکە (هەموو نەزم و عورف و قانونێک) لەبەین دەچێ، خێزان وەک کۆمەڵگەیەکی بچوک و کۆمەڵگەش وەک خێزانێکی گەورە، دەربایسی ئەوشتانە هەن و وەک ئازیزترین و بەهادارترین ئەمانەتی ژیان، سەیری جگەرگۆشەکانیان دەکەن؟
ئەم فیلمە (Jeune&jolie)، ڕویەکی تاریک و لێڵی ئەو مەسەلەیەمان نیشان دەدات. لەمەترسیەک بەئاگامان دێنێتەوە کەڕەنگە، بەرۆکمان پێبگرێت و ژیانی خۆمان و منداڵ و خانەوادەکانمان بشێوێنێ. سەروەختێک منداڵەکانمان بەفەرامۆشی دەسپێرین، ئەوا لەولاوە زەمانە قەپاڵی گەورەمان لێدەگرێت.
ئێزابێل کیژێکی جوان و جەحێلی حەڤدە ساڵانە، لەگەڵ دایک و برایەکی لەخۆی بچوکتر و باوە پیارەکەیدا دەژی. هێشتا خوێندکاری دواناوەندییەو نەچۆتە زانکۆ. هاوینی ئەو ساڵەی تەمەنی دەبێتە هەژدەساڵ، بۆ پشوو لەگەڵ ماڵەوەیان ڕوو لەناوچەیەکی گەشتوگوزاریی فەرەنسا دەکەن.
ڕۆژانە بۆ مەلەکردن و خۆبەخۆردان، لەگەڵ برا بچوکەکەیدا دەچنە کەنار دەریا. لەوێ کوڕێکی گەنجی بلۆندی ئەڵمانی دەناسێت، بەناوی فیلیکس کەدوانزە ساڵێک لەخۆی گەورەترە. شەوێک بەدزی ماڵەوەیان لەگەڵ فیلیکسدا دەچنە شەوە ئاهەنگێکی گەنجانەو هەر لەوشەوەدا لەکەنار دەریا، تێک دەئاڵێن و ئێزابێل پەردەی کچێنی لەدەست دەدات.
لەوکاتەی سەرگەرمی ماچ و موچن و خۆیان لەیەکتر هەڵدەسون، فیلیکس هەستدەکات پەشۆکاوییەک بەسیمای ئێزابێلەوە دیارە، بۆیە بەگوێیدا دەچرپێنێ: (ئەمە یەکەمجارتە؟). ئێزابێل سەرێک ڕادەوەشێنێ و بەڵێیەکی بۆدەکات.
ئەمە تائێرە بۆ کلتوریی خۆرئاوا و پەیوەندی نێوان کوڕ و کچێکی ئەوروپایی، ئاساییە و جێی پرسیارو سڵەمینەو شورەیی نییە.
ئەوەی نائاساییە و وەک مەترسییەک لەم فلیمەدا نیشان دەدرێت، ئەوەیە کەدواتر پاش گەڕانەوەی ئەو خانەوادەیە بۆماڵەوە و دەست پێکردنەوەی ژیانی ئاساییان، لەنێو دنیا جەنجاڵەکەی شاردا ڕوودەدات. لەقوتابخانە ئێزابێل تەنها کچێک هاوڕێیەتی و هاتوچۆ و چونەدەرەوەیان پێکەوەیە.
ڕۆژێک لەکاتی گەڕانەوە لە قوتابخانە، کابرایەک شوێنیان دەکەوێت و بانگ لەئێزابێل دەکات و پێیدەڵێت (ئامادەیت بەبڕێک پارە لەگەڵمدا بخەوی؟).هەرچەندە ئێزابێل نەبە (بەڵێ) و نەبە (نەخێر) وەڵام ناداتەوە، بەڵام کابرا ژمارەتەلەفۆنی خۆی بۆجێدێڵێت. دوای هەفتەیەک پەیوەندی بەکابراوە دەکات و ڕازی دەبێت، بەوەی لەگەڵیدا بخەوێت.
لێرەبەدواوە، ڕۆڵی مەترسیداری تۆڕی ئەنتەرنێت و دنیایی دیجیتاڵی سەردەمی گڵۆبالیزەیشن و گەشەی خێرا و بەپەلەی تەکنۆلۆژیا و ئامرازەکانی پەیوەندی کردن، دێتە پێشێ.کەچۆن گەر ئاگاداری نەبین، دەشێت ژیان و چارەنوسی منداڵەکانمان وێران بکات.
بۆئێزابێل ئەوتۆڕی پەیوەندییە بەرفراوانەی دنیای (نێت) دەبێتە دەروازەیەک، بۆبەستنی جۆرەها پەیوەندی نادروست و بۆنمایشکردنی لەشو لاری خۆی و دۆزینەوەی زۆرترین موشتەری و کڕیار کە لە بۆسەدان بۆکچانی هەرزەکار.
لەفەترەیەکی زەمەنی کەم و کورتخایەندا، ئێزابێل بازاری گەرم دەبێت. زۆرێک لەوانەی سێکسیان لەگەڵدا دەکات و لەشی خۆیان پێدەفرۆشێت، پیاوانی بەتەمەن و بەساڵاچون و لەعومری باوکیدان.
ڕۆژانە ئەم جەستەی وەک کاڵا هەڕاج دەکات و جزدان و جانتای پارەکانیشی تادێت قەبەتردەبێت. یەکێک لەوپیاوە بەتەمەنانەی لەگەڵیدا بە (300) یۆرۆ ڕێک دەکەون، دوای ئەوەی لەناو ئۆتۆمۆبێلی کابرادا سێکسێکی تەڕو بڕدەکەن و لێ دەبنەوە، لەڕێگا دەکەونە دەمەتەقێ:
-تۆ زۆر جوانی تەمنت چەندە؟
-بیست ساڵم.
-ئەمەت کردووە بەپیشە؟
-بەڵێ.
-بۆ پارە دەیکەیت؟
-ئەرێ
کابرا لەوێدا پیێدەڵێت: (بەڵام بزانە کەیەکجار بویت بەلەشفرۆش و سۆزانی تائەبەد لێت نابێتەوە.. لەشفرۆشی قۆناغێک نییە جێی بێڵیت و بڵێی تەواو).
ئێزابێل لەسەر تۆڕی نێت، ناوی خۆی دەگۆڕێت بە (لیا).. مشتەری زۆری هەیە، بەڵام پیاوێکی بەتەمەنی خاوەن ژن و منداڵ (کەکچەکەی بەچەندین ساڵ لەئێزابێل گەورەترە)، زۆرترین کڕیاری ئەوە و ناوی (جۆرج فێرێر)ە و تاڵی ڕەش لەسەریدا نەماوە.هەم نەرم و نیانە لەگەڵیداو هەم بۆپارەدانیش قسوری ناکات.. شوێنی یەکتربینینیان هۆتێلێکی پێنچ ئەستێرەی گەورەدەبێت، لەژوری ژمارە (6095).
ئەو جارەیان کەجۆرج فێرێر ڤیاگرایەکی زۆر دەخوات، باری تەندروستی تێک دەچێت. لەکاتی سێکسکردن کەئێزابێل بەسەریەوەیەتی، گیانی دەردەچێت. مردنی جۆرج فێرێر بەو شێوە و لەو ئوتێلەدا، دەبێتە باعیسی ئاشکرابوونی ئێزابێل لای ماڵەوەیان.کاتێک پۆلیس ڕووداوەکە دەگەیەننە دایکی لەشوێنی کارەکەی و دەست بەپشکنینی ژورەکەی و لاپتۆپەکەی دەکەن، تەواوی سیناریۆو بەسەرهاتەکەیان بۆڕوون دەبێتەوە.
دایکە تێدەگات لەبێئاگایی ئەودا، ئێزابێلی کچی بۆتە (لیا). هاوارو لەخۆدان و لێدانی کچەکەی و سەرکردن بەکۆشی دەرونناساندا بۆ ئەوەیە، جارێکی تر کچەکەی لە (لیا)وە بکاتەوە بەئێزابێل.
پەیامی فیلمەکەی (فرانسوا ئۆزۆن)ی دەرهێنەری ناسراوی فەرەنسی ئەوەیە پێمان بڵێت، گەر بەڕاست منداڵان خۆشەویسترین و بەنرخترین ئەمانەتی ژیانن، ئەوادەبێت بەوپەڕی بەرپرسیارێتیەوە، لەو ئەمانەتە بڕوانین و بەفەرامۆشیان نەسپێرین..
دەبێت نەهێڵین لەناو جەنجاڵیەکانی ژیاندا، جگەرگۆشەکانمان بژاکێن و لەناوتۆڕی پەیوەندییە تەکنۆلۆژییەکانی دنیای مۆدێرن و سەردەمی گڵۆباڵدا، فرزەندەکانمان لەخشتەببرێن و ببنە نێچیری ڕاوچییان. پەیامی ئەو بۆئەوەیە نەهێڵین ئێزابێلەکان ببنە (لیا)، چونکە زەحمەتە کاتێک بوون بە(لیا)، جارێکی ترببنەوە بەئێزابێل.