له ساڵیادى کۆچى دوایی پیره‌مێرد دا
6 ساڵ لەمەوپێش
له ئه‌سته‌مبوڵ سوڵتان عەبدولحەمید دواى لێکردووه وه‌ڵامى نامه‌یه‌کى ناسره‌دین شاى ئێران بداته‌وه
هیوا غفور شێخ پاڵەوانی
دوێنێ سێشه‌ممه 19/6/2018، 68 ساڵ به‌سه‌ر کۆچى دوایی شاعیر و نوسه‌ر و رۆژنامه‌نووسى کورد، پیره‌مێردا تێپه‌ڕى. پیره‌مێر ئه‌و شاعیر و رۆژنامه‌س و نووسه‌ره‌ى که هه‌موو ته‌مه‌نى خزمه‌تى گه‌لى کورد و پێشخستنى گه‌له‌که‌ى کردبوو.ئاواتى ئه‌وه‌بوو، کورد پێشبکه‌وێت و به ئاواتى خۆى بگات.
پیره‌مێرد کێ بوو؟ چۆن ژیا؟ چ کاره بوو؟ چى کرد و چى به‌جێهێشت؟ چۆن کوردستانى جێهێشت و چۆن گه‌ڕایه‌وه و بۆچى گه‌ڕایه‌وه؟ ئه‌توانین ژیانى پیره‌مێرد لەماوەی (٨٣)ی تەمەنیدا دابه‌شى سێ قۆناغی بکه‌ین.
قۆناغى یه‌که‌م
له دایکبوونى پیره‌مێرد و چونى بۆ ئه‌سته‌مبووڵ
رۆژێ له رۆژانى ساڵى (1867) ماڵى مه‌حمود ئاغاى حه‌مزه ئاغاى مه‌سره‌ف له‌گه‌ڕه‌کى گۆیژه‌ى شارى سلێمانى، به بۆنه‌ى له دایکبوونى مناڵێک، خۆشى و به‌شاره‌تى تێکه‌وت، گوێزه‌بانه به‌خشرایه‌وه، زه‌رده‌خه‌نه له‌سه‌ر لێوى ئه‌و پیاو ماقوڵانه ده‌نه‌خشا که پیرۆزباییان له مه‌حمود ئاغا ده‌کرد، چونکه خوا کوڕێکى دابویه. مه‌لا بانگى به‌گوێى ئه‌م ساوایه‌دا خوێند و ناونرا (تۆفیق) به‌ناز و خۆشه‌ویستییه‌وه گه‌وره‌کرا تا ته‌مه‌نى بوو به حه‌وت ساڵ. بردیانه حوجره‌ى (مهلاحسێنه گۆج) بۆ خوێندن له‌وێ مایه‌وه، هه‌تا هه‌موو قورئانى ته‌واوکرد، هه‌تا رۆژێک له‌گه‌ڵ مامۆستاکه‌ى له‌سه‌ر شیعرێکى (حافز)ى شیرازى تێکده‌چن، دواتر حه‌سه‌نه فه‌ندى مامى که شاعیرێکى ناودارى ئه‌و سه‌رده‌مه‌بوو، ده‌یباته حوجره‌ى (مه‌لا سه‌عیدى زهڵزهڵهیی). هه‌ر ئه‌و رۆژه مامى پێی وت «رۆڵه تۆفیق، ئومێده‌وارم ده‌م و نفوسى ئه‌م ئه‌م زاته بتکات به شاعیرێکى وه‌ک من» هه‌ر واش ده‌رچوو، نوقڵانهکهى به‌ڕاست گه‌ڕا. دواتر پێره‌مێرد بۆ خوێندن چووه مزگه‌وته‌که‌ى خۆیان مزگه‌وتى (هه‌مزه ئاغا) له‌لاى مه‌لا مه‌حمود، ده‌ستى به‌خوێندنى عه‌ره‌بى کرد. پاشان بۆ خوێندنى زیاتر زۆربه‌ى مزگه‌وته‌کانى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ى سلێمانى کرد، دواتر له‌گه‌ڵ چه‌ند فه‌قێیه‌کى تردا، چونه (بانه)ى کوردستانى ئێران و پاشان گه‌ڕایه‌وه سلێمانى.
له ئه‌یلولى (1882) که هێشتا شانزه ساڵى ته‌واو نه‌کردبوو، بوو به (نووسه‌ر) له (نفوسى سلێمانى)، پاش ماوه‌یه‌ک کرا به نووسه‌ر له دادگا، له ساڵى (1895) به وه‌زیفه‌ى یاریده‌ى دادوه‌رى گشتى گوازرایه‌وه بۆ که‌ربه‌لا، به‌ڵام بڕیاڕى دا نه‌چێت بۆ ئه‌وێ و به‌یه‌کجارى ده‌ستى له‌کارى (میریى) هه‌ڵگرت.
دواى ئه‌وه‌ى ده‌ستى له‌کارى (میریى) هه‌ڵگرت، به‌هۆى زرنگ و زیره‌کییه‌که‌ى، شیخ مسته‌فاى نه‌قیب کردى به نووسه‌رى تایبه‌تى خۆى و له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ى شێخ سه‌عیدى حه‌فید تێکه‌ڵ بوو، هه‌ر ئه‌و زیره‌کى و متمانهییهى پیرهمێردبوو که رۆژێک له رۆژانى ساڵى (1898) له‌ته‌ک شێخ سه‌عیدى حه‌فید و شێخ مسته‌فاى برای و شێخ مه‌حمودى کوڕى و چه‌ند پیاوێکى تر له خزمانى بنه‌ماڵه‌ى شێخ به‌ره‌و تورکیا به‌ڕێکه‌وتن.
قۆناغى دووه‌م: ژیان له غوربه‌ت
پیره‌مێرد کاتێک چووه ئه‌سته‌مبوڵ، ته‌مه‌نى (30) ساڵ بوو، کاتێک وه‌فده‌که‌ى شێخ سه‌عید و شێخ مه‌حمود و ده‌سته‌و دائیره‌که‌ى شێخ ده‌گه‌ڕێنه‌وه، تۆفیقى لاو که عاشقى جوانى و پێشکه‌وتن بوو مایه‌وه. به‌هۆى ئه‌و زیره‌کى و لێ هاتوویى و ره‌وانبێژییه‌وه که هه‌ى بوو، نووسه‌رى ده‌ربارى سه‌ڵته‌نه‌ت له ئه‌سته‌مبوڵ، وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌و نامه‌یه‌ى ناسره‌دین شاى ئێران بۆ سوڵتان عبدالحمیدى ناردبوو، داواى له حاجى تۆفیق(پیره‌مێرد) کرد، وه‌ڵامى سوڵتان بۆ شا بنوسێته‌وه، وه‌ڵامه‌که‌ى هێند جوان و کاریگه‌ر بوو، سه‌رنجى کاربه‌ده‌ستانى سوڵتانى راکێشا، له پاداشتى ئه‌وه‌دا، بوو به ئه‌ندام له ئه‌نجوومه‌نى باڵا له ئه‌سته‌مبوڵ و دواتر پله‌ى (به‌گ)ى پێبه‌خشرا و بوو به که‌سێکى دیار له تورکیا. پیره‌مێرد له‌به‌ر ئه‌وه‌ى هیچ خوێندنێکى ئه‌کادیمى نه‌بوو، داواى کرد له یاسا بخوێنێت، هه‌رچه‌نده هیچ شههادهیهکى نه‌بوو، به‌ڵام له کۆلێژى یاسا وه‌رگیراو به پله‌ى حه‌وته‌م خوێندنى ته‌واوکرد. پیره‌مێرد به ته‌واوى بوویه جێگه‌ى متمانه‌ى بنه‌ماڵه ناسراوه‌کانى تورکیا، تا کچێکى له بنه‌ماڵه‌یه‌کى ناسراوى (ئهدرنهیی) به‌ناوى (سامیه) خواست، له‌و ژنه دوو کووڕى لێ‌بوو به ناوى (نه‌ژاد و وه‌داد).
پیره‌مێرد له تورکیا جگه له کارى پارێزه‌رایه‌تى به کارى رۆژنامه‌نووسیشه‌وه خه‌ریک بوو، سه‌ره‌تا له ساڵى (1908) ئیمتیازى گۆڤارى (رسملى کتاب)ى وه‌رگرت، دواى چوارساڵ، ئه‌م رۆژنامه‌یه داخرا، دواتر رۆژنامه‌ى کوردى به‌ڕێوه‌برد. هه‌روه‌ها جگه له‌و رۆژنامانه‌ى که خۆى سه‌رپه‌رشتى ده‌کرد، له زۆر رۆژنامه‌ى تر‌ى جیهانى نوسین و بڵاوکراوه‌ى هه‌یه‌و له‌و باره‌یه‌وه ده‌نووسێت ((له پایته‌ختدا مه‌به‌ستى (ئه‌سته‌مبوڵه) غه‌زه‌ته‌ى کوردیم ده‌ره‌کرد، له غه‌زه‌ته‌ى (محیت محور)ى میرى دا‌و رۆژنامه‌ى هه‌ره گه‌وره‌ى پاریس (تان) و له (سورخ) و (فه‌رهه‌نگ)ى ئێرانى دا بانگى کوردیم ده‌دا)) جگه له‌و رۆژنامانه، نوسین و شیعر و په‌خشانى تر که هه‌موو به‌رگرى کردن بوو له میله‌تى کورد له رۆژنامه‌و گۆڤاره‌کانى تر‌ى وه‌ک (رۆژى کورد، اقدام شمش، ژین، ژیان) که له‌و رۆژگارانه‌دا له ئه‌سته‌مبوڵ ده‌ره‌چوون، بڵاو ده‌کرده‌وه.
ئه‌و پۆستانه‌ى پیره‌مێرد له تورکیا وه‌رى گرتووه
پیره‌مێرد له‌به‌رئه‌وه‌ى پله‌و پایه‌کى به‌رز و جێگه‌یه‌کى بڵندى هه‌بوو له‌لاى کاربه‌ده‌ستانى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ى عوسمانییه‌کان له تورکیا، چه‌ن
دین پله‌و پۆستى پێ ده‌سپێرن و ئه‌ویش به ئه‌مانه‌ته‌وه کاره‌کانى خۆى راپه‌ڕاندووه. یه‌که‌م پۆست که پیره‌مێرد له ده‌وڵه‌تى عوسمانى وه‌ریگرت له 5/9/1909 بوو کاتێک کرا به قایم مه‌قامى (جوله‌مێرگ) دواتر ساڵى 1917 چه‌ندین پۆستى تر‌ى وه‌کو قایم مه‌قامى (له قهرهموسڵ، بالاوه، بیت الشباب، گوش کوى، ئهتهبازاڕى) وه‌رگرتووه، هه‌ریه‌که‌و به‌چه‌ند ماوه‌یه‌کى جیاواز له‌و پۆستانه‌دا ماوه‌ته‌وه.
پیره‌مێرد له تورکیا له کاروبارى حکومه‌تدا ده‌بێت، هه‌تا کاتى هاتنه‌سه‌ر حوکمى که‌مالییه‌کان که که‌وتنه گیانى کوردان و ئه‌و ساڵانه‌ى دوایی له تورکیا زۆر به‌ناخۆشى برده سه‌ر، به تایبه‌ت کاتێک مسته‌فا که‌مال له ساڵى (1924)وه زمانى کوردى یاساغ کرد. هه‌ر له‌و سه‌ر و به‌نده‌دا پێش ئه‌وه‌ى بێته‌وه، مسته‌فا سائیبى خوشکه‌زاى نامه‌یه‌کى بۆ ناردووه‌و به تورکى نووسیویه‌تى، پیره‌مێردیش ئه‌وه‌ى زۆر پێ‌ناخۆش ده‌بێت که رۆشنبیرێکى کورد به زمانى کوردى نامه نه‌نووسێ، ئه‌مه‌ى به‌لاوه نه‌نگى ده‌بێ و به‌مشێوه‌یه وه‌ڵامى ده‌داته‌وه و بۆى ده‌نووسێت:
مستۆ وادیاره تۆش جل خوار ئه‌که‌ى
ئه‌ستۆت ئه‌خورێ و مه‌یلى بار ئه‌که‌ى
نامه ئه‌نوسیت به‌زمانى تورکى
له میلله‌تدا مائیل به شیرکى
حاجى تۆفیق له‌ورۆژگاره‌دا له ژیانێکى نا ئاسایی دابوو، هاورٍێیانى کۆمه‌ڵى (کورد ته‌عالى) هه‌ندێکیان رایان کردبوو، هه‌ندێکیان له بهندیخانهدابوون، هاوڕێیانى تریشى زۆریان گه‌ڕابوونه‌وه عێراق، ئیتر ئه‌ویش دواى (25) ساڵ له ژیان له ئه‌سته‌مبوڵ بڕیاڕى گه‌ڕانه‌وه بۆ کوردستان ده‌دات و له ساتى گه‌ڕانه‌وه‌شى دا، له‌یه‌که‌م خولانه‌وه‌ى پێچکه ئاسنیینهکانى شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌که‌دا ئه‌م شیعره ده‌ڵێت:
ئه‌وا رووم کرده تۆ ئه‌ى دایکى موشهفیق بیست و پێنج ساڵه
له غوربه‌تدا به یادى تۆ ده‌ژیم خوا شاهیدى حاڵه
به‌مجۆره پیره‌مێرد له ڕێگه‌ى حه‌ڵه‌به‌وه دێته به‌غداو دواى دوو مانگ مانه‌وه‌ى له به‌غدا پیره‌مێرد له ساڵى 1926 گه‌یشته‌وه سلێمانى، رۆژنامه‌ى ژیانه‌وه له‌یه‌که ژماره‌ى دا که له 21/1/1926 ده‌رچووه ئه‌م چه‌ند دێڕهى نوسى بوو ((پیرێ له موعتهبهراتى وڵات، جه‌نابى حاجى تۆفیق، به‌گ ته‌شریفى هێنایه‌وه سلێمانى، عه‌رزى به‌خێرهاتنى ئه‌که‌ین)
قۆناغى سێیه‌م
ژیانى پیره‌مێرد دواى هاتنه‌وه‌ى له ئه‌سته‌مبوڵ
پیره‌مێرد له ساڵى 1926 که گه‌ڕایه‌وه وڵات تا ساڵى 1932 توخنى هیچ وه‌زیفه‌یه‌ک نه‌که‌وت، به ساڵى 1932 دواى کۆچى دوای حسێن نازم، شاره‌وانى سلێمانى کردییه به‌رپرسى چاپخانه‌و رۆژنامه‌ى ژیان، له 9/5/1934 به شێوه‌یه‌کى فه‌رمى و له ته‌مه‌نى (67) ساڵى دا بوو به به‌ڕێوه‌به‌رى چاپخانه‌و سه‌رنووسه‌رى رۆژنامه‌ى ژیان و به هیمه‌تێکى لاوێکى (20) ساڵه نه‌ک (67) ساڵه کهوتهکارى رۆژنامه‌نووسى . ورده ورده قۆڵى لێ هه‌ڵماڵى و تاقانه رۆژنامه‌که‌ى کوردستان له‌و سه‌رده‌مه‌دا (ژیان) بوو به ئاوێنه‌یه‌کى بێگه‌ردى میله‌ت که خواست و ئاره‌زووى خۆى تیا به‌دى ده‌کرد، نوسه‌ران و شاعیران له ده‌ورى گردبوونه‌وه، پیره‌مێردیش به وتار و په‌خشان و شیعر و په‌ندى پێشینان گاڵته‌و گه‌پ مێژووى کورد و وه‌رگێڕان، به‌رده‌وام لاپه‌ڕه‌کانى پێدهڕازاندهوه.
له‌و ماوه‌یه‌دا پیره‌مێرد، وه‌نه‌بێت ته‌نها خه‌ریکى کارى رۆژنامه‌وانى بووبێت، به‌ڵکو هه‌ر له‌و کاته‌وه‌ى هاته‌وه سلێمانى، هه‌موو ساڵێک له گردى (یاره) ئاگرى نه‌ورۆزى ده‌کرده‌وه‌و سه‌رجه‌م خه‌ڵکى شارى سلێمانى له‌و سه‌رده‌مه‌دا له خوێنه‌وار و نه‌خوێنه‌وار و خه‌ڵکى به‌گشتى به جلوبه‌رگى کوردى ده‌چوونه گردى یاره‌و شادى و خۆشى ده‌به‌خشییه‌وه‌و ئاهه‌نگى نه‌ورۆزیان قه‌شه‌نگ تر ده‌کرد. هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا که گه‌ڕایه‌وه سلێمانى، هه‌ستى کرد نه‌خوێنه‌وارى باڵى به‌سه‌ر شاردا کێشابوو، بۆیه بیرى کرده‌وه قوتابخانه‌یه‌ک بکاته‌وه، بۆ ئه‌وکه‌سانه‌ى به رۆژ کاسبى ده‌که‌ن و حه‌ز له خوێندن ئه‌که‌ن، به‌ڵام ناتوانن بخوێنن، بۆیه قوتابخانه‌یه‌کى ئێوارانى کرده‌وه و ناوى نا، قوتابخانه‌ى (زانستى) که تایبه‌ت بوو به‌و که‌سانه‌ى به رۆژ به‌هۆى کار و کاسبى یه‌وه نه‌یانده‌توانى بخوێنن.
به‌مشێوه‌یه پیره‌مێرد به‌رده‌وام بوو له کارى رۆژنامه‌نووسى و خزمه‌تکردنى ئه‌ده‌ب و مێژووى ئه‌ده‌بى کوردى و دواى داخستنى رۆژنامه‌ى ژیان، جارێکى تر له رێگه‌ى رۆژنامه‌ى ژین که له رێکه‌وتى 26/1/1939 یه‌که‌م ژماره‌ى ده‌رچوو، به‌گوڕ و تینێکى گه‌رمتره‌وه هاته مه‌یدان و تا وه‌فاتى کرد هه‌ر به‌رده‌وام بوو له کارى رۆژنامه‌نووسى.
ئه‌و سێ رووداوه ناخۆشه‌ى له ژیانی پیره‌مێردا رووی داوه
پیره‌مێرد، به‌رله‌وه‌ى کۆچى دوایی بکات سێ رووداوى ناخۆش له ژیانى دا رویداوه که برتییه له :
١. داخستنی رۆژنامه‌ی ژیان: رۆژنامه‌ی ژیان که یه‌که‌م ژماره‌ی له 21/6/1926 ده‌رچوو، دوا ژماره‌ی له 10/3/1938 دوای ده‌رچوونی (553) ژماره، خاوه‌نی ئیمتیاز له پیره‌مێرد ده‌سه‌ننه‌وه‌و ڕۆژنامه‌که‌ی پێ دا ئه‌خه‌ن.
٢.داخستنی قوتابخانه‌ی (زانستی) که پاش (12) ساڵ خزمه‌ت داخرا.
٣.قه‌ده‌غه‌کردنی هه‌ڵکردنی ئاگری نه‌ورۆز له رۆژی 21/3/1938 که بڕیاردرا نههێڵێدرێت و نه‌یان هێشت ئیتر پیره‌مێرد یادی نه‌ورۆز بکاته‌وه، که ساڵانی پێشتر هه‌موو 21/3 ئه‌و ئاگری نه‌ورۆزی له‌گردی یاره ده‌کرده‌وه.
دیاره قه‌ده‌غه‌کردنی ئه‌و سێ بابه‌ته، به فیتی کۆمه‌ڵێک خه‌ڵک بوون که پیره‌مێردیان خۆشناویست و چوونه لای (مجید یه‌عقوبی) متهسهڕیفی ئه‌وکاتی سلێمانی و شکاتیان لێکرد، ئه‌ویش بڕیاری قه‌ده‌غه‌کردنی هه‌رسێکی دا.
پیره‌مێرد دواى مردنى غه‌زاله خانى خێزانى، به‌ته‌نیا مایه‌وه‌و جار جار هه‌ستى به ئازارى گورچیله‌ى ده‌کرد، نه‌خۆشى شهکرهشى هه‌بوو، له هه‌فته‌ى دووه‌مى مانگى حوزه‌یرانى ساڵى 1950 له وزه‌ى دا نه‌ما به‌دیار مه‌کینه‌ى چاپهکهوه بوه‌ستێ و له جێگادا که‌وت پزیشکه‌کان ده‌هاتنه سه‌ردانى و ئه‌و له‌و کاته‌دا که نه‌خۆشى بڕستى لێ بڕى بوو، هه‌ر خه‌مى رۆژنامه‌که‌ى بوو ده‌ى وت ((خه‌مى هیچ نییه، ته‌نها رۆژنامهکهم نه‌بێت))
پیره‌مێرد به‌وحاڵه‌وه ماوه‌ى سێ رۆژ له جێگادا مایه‌وه‌و له‌و سێ رۆژه‌دا ئه‌وه‌ى به بیردا هات به‌ناوى (وه‌سێت نامه)وه که بووه وهسێتنامهیهکى میژوویى نوسییه‌وه‌و له رۆژى 19/6/1950 به‌یه‌کجارى ماڵئاوایی کرد‌و له ژیاندا نه‌ما.
(باخێک له وشه). مسته‌فا ساڵح که‌ریم