پەروین بوڵدان: هەموو گوشار و هێرشێک بۆ سەر هەدەپە بەهێزترمان دهکات

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
پەروین بوڵدان رایگەیاند، بەردەوامدەبێت لەسەر هەوڵەکانی خۆی و هەموو گوشار و هێرشێک بۆ سەری بەهێزتری دەکاتەوە و نموونەی ئەمە لە رابردوودا بینراوە.
پارتی دیموکراتی گەلان، پارتێکی سیاسییە لە لە ژێر کاریگەری ئایدیای چەپ و سۆسیالیزمدایە، پارتەکە لە 15ی تشرینی یەکەمی 2021 لە ئهنقهره دامەزراوە.
هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە راشیگهیاندووه" بە بێ هەدەپە هیچ پارتێک توانای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردندا نییە".
لە ساڵڕۆژی هەڵبژاردنی 7ی حوزەیرانی 2015 کە ئەوکاتە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) توانی 13%ی دەنگەکانی تورکیا بەدەستبهێنێت و بە 81 کورسیەوە بچێتە نێو پەرلەمان، پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی پارتەکە لە ئیدر باسی لە هەڵبژاردنی پێشوەخت کرد.
لەکاتێکدا ئێستا باس لە هەڵبژاردنی پێشوەخت دەکرێت و پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ هەدەپە رۆژەڤی وڵاتی سەرقاڵکردووە، بوڵدان وتی:"لە ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە، ئەنتاڵیا و مێرسین بەبێ هەدەپە هیچ کەسێک ناتوانێ هەڵبژاردن بباتەوە. ئەمڕۆش گرەو لەسەر ئەمە دەکەین و دەڵێین لەمەودوا لە هەموو شوێنێکی تورکیادا بەبێ هەدەپە هیچ پارتێک ناتوانێ براوەی هەڵبژاردن بێت".
هاوەسەرۆکی هەدەپە 23ی حوزەیرانی بە سەرکەوتن دژی "فاشیزم" ناوبرد، لەو رۆژەدا هەڵبژاردنی شارەوانیی ئیستەنبووڵ دووبارەکرایەوە و ئاکپارتی بۆ جاری دووەم شارەوانیی ئیستەنبووڵی دۆڕاند.
بوڵدان جەختی لەسەر ئەو گوشارە زۆرە و دەستگیرکردن و ئۆپەراسیۆنانەی دەسەڵات بۆ سەر هەدەپە کردەوە و وتی: "لە 31ی ئاداردا سەرەڕای هەموو ئەو گوشارانە، ئێمە بەشێکی زۆری شارەوانییەکانمان لە دەسەڵات سەندنەوە کە زەوتی کردبوون".
ئەمە لەکاتێکدایە کە قەییوم ئێستاش بەردەوامە و لە کۆی 69 شارەوانی کە هەدەپە بەدەستیهێناون تەنیا 12 شارەوانیی بەدەستەوە ماون و ئەوانی دیکە سەرجەمیان قەیومیان بۆ دانراوە.
هەدەپە لە دوایین هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا، لە هەردوو گەورە شاری ئەنقەرە و ئیستانبووڵ بە هاوپەیمانییەکی رانەگەیەنراو پشتگیری لە بەربژێرانی جەهەپە کرد. هەردوو بەربژێرەکەی جەهەپە بەسەر رکابەرەکانیان لە ئاکپارتیدا سەرکەوتن. لە ئیستانبوول هەڵبژاردنەکە دووبارە کرایەوە، دیسان هەدەپە پشتگیری بەربژێرەکەی جەهەپەی کرد.
دیارترین سەرکردەی ئەو پارتە سەلاحەددین دەمیرتاشە، کە ئێستا لە زیندانە. دەمیرتاش لە 22ی حوزەیرانی 2014 تاوەکو 7ی تەممووزی 2018 هاوسەرۆکی هەدەپە بووە.
