وەزارەتی دارایی سەرقاڵى کۆکردنەوەى داهاتی نانەوتی مانگی هەشتە

2 كاتژمێر لەمەوپێش
یاریدەدەری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژە بەوەدەدات، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕێکارەکانی کۆکردنەوەی داهاتی دەستپێکردووە، بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا داهاتی نانەوتی مانگی هەشت بۆ بەغدا بنێردرێت.
ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، دوێنێ لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەک لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە بۆ ئەوەی لەم هەفتەیە دەست بە کۆکردنەوەی داهات بکرێت و 120 ملیار دینار ڕەوانەی بەغدا بکرێت، وەک داهاتی نانەوتی مانگی هەشت و مووچەی مانگی هەشتیش ئامادەکاری بۆ بکرێت.
سەبارەت بە مووچەی مانگی حەوت، یاریدەدەری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە وەزیری دارایی عێراق هۆکاری خەرجنەکردنی پارەکەی بۆ نەبوونی سویلە گەڕاندووەتەوە، بەڵام هەوڵەکان بەردەوامن بۆئەوەی ئەمڕۆ یان بەیانی پارەکە خەرج بکرێت.
دوای ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان و دەستپێکردنەوەی پرۆسەکە. حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت مووچەی مانگەکانی دیکەی ئەمساڵ گەرەنتی بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی دارایی ئامادەکارییەکانی چڕکردووەتەوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، سەرچاوەکان لە بەغداد و وەزارەتی دارایی عێراقەوە رایانگەیاند، تەمویلکردنی مووچەی مانگی تەمموزی هەرێمی کوردستان تا رۆژی سێشەممە دوادەکەوێت، هۆکارەکەشی بۆ سەرقاڵبوونیان بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق و کێشەی نەختینە لە بانکەکاندا دەگەڕێننەوە.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، دوو هۆکاری سەرەکی لەپشت دواکەوتنی ناردنی پارەکەوە هەن: سەرقاڵبوونی وەزارەتی دارایی عێراق: وەزارەتەکە سەرقاڵی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلولی فەرمانبەرانی خۆیەتی، کە لە 21ی مانگەوە دەستیپێکردووە.
کەمبوونەوەی پارەی کاش (نەختینە) لە بانکەکاندا، پرۆسەی تەمویلکردنی دوخستووە. سەرچاوەکان پشتڕاستیانکردووەتەوە، کە "تاوەکو رۆژی سێشەممە تەمویلی مووچەی مانگی تەمموزی هەرێمی کوردستان دەکرێت."
