مه‌سعود بارزانی بۆ فوئاد حوسێن: کار بۆ گه‌شه‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌کانى عێراق له‌گه‌ڵ وڵاتانى جیهان بکه

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان داوا له فوئاد حسێن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق ده‌کات که کار بۆ گه‌شه‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌کانى عێراق له‌گه‌ڵ جیهان بکات.
ئه‌مڕۆ 8ى حوزه‌یرانى 2020 وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق له راگه‌یه‌ندراوێکدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا که ئه‌مڕۆ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان و نێچیرڤان بارزانی جێگری سه‌رۆکی پارتی په‌یوه‌ندییه‌کى ته‌له‌فۆنییان له‌گه‌ڵ فوئاد حسێن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق ئه‌نجام داوه.
به‌پێى راگه‌یه‌ندراوه‌که سه‌رۆکى پارتى و جێگره‌که‌ی وێڕای پیرۆزبایى ده‌ستبه‌کاربوونی، داوایان له فوئاد حسێن کردووه که له پۆسته نوێیه‌که‌یدا وه‌ک وه‌زیری ده‌ره‌وه کار بۆ گه‌شه‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌کانى عێراق له‌گه‌ڵ وڵاتانی جیهان بکات.
رۆژى شه‌ممه 6ى حوزه‌یران په‌رله‌مانى عێراق متمانه‌ی به فوئاد حسێن کاندیدى پارتى دیموکراتى کوردستانى بۆ پۆستی وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عێراقدا.
دواى ده‌ستبه‌کاربونى فوئاد حسێن رایگه‌یاند که به دڵسۆزی کار بۆ یه‌کپارچه‌یى خاکى عێراق ده‌کات و له خزمه‌تی عێراقدا ده‌بێت.
ئه‌م داواکارییه‌ی بارزانی له فوئاد حسێن دوای رۆژێک دێت له سێیه‌م ساڵیادی بڕیاری ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی هه‌رێمی کوردستان بۆ جیابوونه‌وه له عێراق و راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی.
دوێنێ 7ى حوزه‌یران رێبوار که‌ریم وه‌لى رۆژنامه‌نوسى نزیک له پارتى دیموکراتى کوردستان له لاپه‌رى خۆى له تۆرى کۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبوک نوسیبووى:" خۆزگه ھه‌موو ریفراندۆمچییه‌ک به‌قه‌ده‌ر فوئاد حوسێن شانسى ھه‌بوایه؛ له ماوه‌ى سێ ساڵدا، جارێک کاندیدى سه‌رۆککۆمارى عێراق، دواتر وه‌زیرى دارایى و جێگرى سه‌رۆکوه‌زیران و ، ئێستاش وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق! خوا نه‌یبڕێ. جا رووى ئه‌وانه ره‌ش بێت که ده‌ڵێن بڕیارى ریفراندۆم ھه‌ڵه بوو.!!!".
له 2017دا، فوئاد حسێن سه‌رۆکی وه‌فدی هه‌رێمی کوردستان بوو بۆ وتووێژکردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه عێراقییه‌کان له‌سه‌ر پرسی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی.
