بەندیخانەی سوسێ: هیچ كارمەندێك و بەندكراوێك تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا نهبون

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
بەڕێوەبەری بەندیخانەی سوسێی فیدراڵی رەتیدەكاتەوە هیچ كارمەندێكی بەندیخانەكەو بەندكراوان تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووبێتن.
موئمن ئەبوبەكر، لەروونكردنەوەیەكدا كە ئەمڕۆ سێشەممە 9-6-2020 بڵاویكردووەتەوەو تیایدا وەڵامی هەریەك لە قائمقامی سۆران و بەڕێوەبەری ناحیەی خەلیفان دەداتەوە كە لەلێدوانێكیاندا ئاماژەیان بەوەكردبوو، بەهۆی گەڕانەوەی پاسەوانێكی ئەو بەندیخانەیە بۆسنوورەكەیان، ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاوبووتەوە.
بەڕێوەبەری بەندیخانەی سوسێی فیدراڵی دەڵێت:" لە سنوورەكەی ئێوە وە كە زۆرم پێ ناخۆشە مانگێك زیاترە كۆرۆنا سەری هەڵداوەو هەموو خەڵك دەزانێ ناحیەی خلیفان بە تەواوی قەرەنتین كرابوو . وە ئێستا زۆرم پێ سەیرە كە دەڵێن بە هۆی پێشمەرگەوە كە لە سلێمانیەوە گەڕاونەتەوە ڤایرۆسەكە بڵاو بۆتەوە."
دەقی روونكردنەوەكە:..
بۆ بەڕێزان قائمقامی قەزای سۆران و بەڕێوەبەری ناحیەی خلیفان .
دوای سڵاو و ڕێز
بەڕێزان لە لێدوانتان بۆ كەناڵی كوردستان ٢٤ سەبارەت بە بڵاو بوونەوەی كورۆنا لە سنوورەكەتان وە لە لێدوانەكانتان وەكوو بڵێی تووش بوون بە كۆرۆنا تاوان بێت و پەنجەی تاوانەكەتان بۆ كارمەندانی ئێمەو پێشمەرگەكانی سنووری سلێمانی درێژ كرد. دەمەوێت ئەو ڕوون كردنەوەیە ئاڕاستەی بەڕێزتان بكەم.
١/ كورونا پەتایەكی جیهانیە و هەموو ووڵاتانی دونیای گرتۆتەوە وە تووش بوونی نە عەیبە وە نەتاوانە، وە هیچ كەس حەز بە تووش بوونی ناكات .وە ئەو ڤایرۆسە فەرق و جیاوازی نە بە ڕەگەز نە بە گەورەو بچوك نە بە فەقیر و دەوڵەمەند وە نە بە سەوز و زەرد ناكات .
٢/ لە سنوورەكەی ئێوە وە كە زۆرم پێ ناخۆشە مانگێك زیاترە كۆرۆنا سەری هەڵداوەو هەموو خەڵك دەزانێ ناحیەی خلیفان بە تەواوی قەرەنتین كرابوو . وە ئێستا زۆرم پێ سەیرە كە دەڵێن بە هۆی پێشمەرگەوە كە لە سلێمانیەوە گەڕاونەتەوە ڤایرۆسەكە بڵاو بۆتەوە.
٣/ بە ندیخانەی سوسێی فیدرالی سەر بە وەزارەتی دادی حكومەتی عیراقیە ئەو حكومەتەی كە مووچەی من و ئێوەو هەموو حكومەتی هەرێمیش دەدات . واتە كارمەندانی ئێمە لەگەڵ ئێوە هیچ جیاوازیەكمان نیە تاوەكوو بەو شێوەیە وەكوو تۆمەتبارێك لە میدیا باسمان بكەن و چەواشەی ڕای گشتی بكەن بە مەبەستی خۆ دوور گرتن لە بەرپرسیاریەتی .
٤/ سەبارەت بەو كارمەندەی ئێمە (ج ق م ش )كە خەڵكی خلیفانە . هەموو خزم و كەسی وە خەڵكی خلیفان دەزانن كە ئەو كوڕە چەند ساڵێكە باری دەروونی تێك چوەو چارەسەری دەروونی وەردەگرێت . وە ئێمەش لەبەر ئەو هۆكارەوە بەردەوام هاوكاریمان كردووە وە كاتی لە دەوامیش بووە هیچ ئەركێكی قورسمان پێ نەسپاردووە . وە اخیر جار كە هەفتەیەك لە دەوام بووەو لە بەرواری ٢٠٢٠/٥/١٣ ڕۆشتۆتەوە وە دوو هەفتە لە ماڵ بووە چونكە دەوامی پاسەوانەكانمان هەفتەیەك بە دوو هەفتەیە . دوای ئەوە لە ٥/٢٧ هاتۆتەوە بۆ دەوام و بە لێپرسراوی شەفتەكەی گووتوە باری دەرونیم دیسان تەواو نیەو بەرپرسەكەشی واجبی پێ ناگرێت . وە بۆ ڕۆژی دوایی كارمەندێكی ترمان دەچێتە لای لێپرسراوەكەی دەڵێت ئەو كارمەندە شەو لای باسی كردووە كە دایكی و براژنێكی تووشی كورۆنا بوونەو لەژێر چاودێری چڕدانە و وەزعیان زۆر خەراپە . بۆیە هەر دەم و دەست بانگی دەكەن و پرسیاری لێ دەكەن ئەویش دەڵێ ڕاستە هەر بۆیەش بێ تاقەتم و داوای مۆڵەت دەكەم هەر بۆیە ئەویش ئیزنی دەدات بە مەرجێك كە خۆشی بچێت فەحسی كورونا بكات و دوایی ئاگادارمان بكاتەوە لە نەتیجەكەی . دوای ڕۆیشتنەوەی هەواڵێكمان پێ گەیشت كە ماڵ و مناڵی بە هۆی بەركەوتنیان لەگەڵ دایكی و براژنی تووشی كۆرۆنا بوونە وە خۆشی خۆی شاردۆتەوەو ڕۆیشتووە بۆ هەولێر. تا وەكوو بەرواری ٦/٦ دوای ئەوەی موبایلەكەی كردبوەوە لە لایەن معاونێكمەوە پەیوەندی پێوە كردبوو گووتبوی نەخێر هیچ كورونام نیەو لە ماڵی خۆم دانیشتووم و ئیتر ئەوە تەفاسیلی ئیزن دانەكەیەتی وە ئەو ڕاستیانەش هەموو هاوڕێی كارمەندو خزم و دۆستەكانی دەیزانن وە لێپرسراوانی ئەمنی و تەندروستی خەلیفان دەیزانن.
٥/بەڕێزان من لەسۆنگەی هەست كردنم و بەرپرسیارەتیم بەرامبەر ئەرك و وو ڵات و نەتەوەكەم وە زۆر بەڕێزەوە ئەو ڕوون كردنەوەتان بۆ دەنووسم بە هیوای ئەوەی وەڵامەكەمان ببێتە هاوكاری و یارمەتی دانتان بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی سەرەكی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە لە سنووری شارۆچكە خۆشەویستەكەتان .
وە ئێمەش هەر چەندە تاكوو ئێستا تا بەرواری ئیمڕۆ ٢٠٢٠/٦/٨ هیچ حالەتێكی تووش بوون نە لە بەندكراوان نە لە كارمەندان نەبووە بەڵام لەبەر مانەوەی ئەو كارمەندە بۆ تەنها شەوێك لە ژووری نوستنی خۆی دەم و دەست لە دوای بیستنی هەواڵەكە لە ئێوەی بەڕێز لە كەناڵ ٢٤ كەوتوینەتە گرتنە بەری ڕێكاری تەندروستی زیاتر و چڕ تر و تعقیم كردن و پشكنین و وەرگرتنی سامپڵ لە نێو بەندكراو و كارمەندان وە هەموو كارمەندانمان لە سنووری قەزای سۆران ئاگادار كردۆتەوە كە هەركەسێك بەركەوتەی هەبووە لەگەڵ ئەو كارمەندەی خلیفان پێویستە بچێت پشكنینی كورونا بكات و ئاگادارمان بكاتەوە ..
لەگەڵ ڕێز و خۆشەو یستیمان بۆ ئێوەی بەڕێز و هەموو خەڵكی خۆشەویستی سنووری قەزاكەتان .وە بە هیوای تەندروستیەكی باش بۆ هەمووان و زوو چاك بونەوەی هەموو نەخۆشەكان .
براتان / موئمن ئەبوبەكر
بەڕێوەبەری بەندیخانەی سوسێی فیدرالی
